چاندنی کاهوو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-02-20-19:50:00 - کۆدی بابەت: 11058
چاندنی کاهوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی کاهوو (بە ئینگلیزی: Planting lettuce، بە عەرەبی: زراعة الخس)، جۆرێکی سەوزەیە کە تامێکی خۆشی هەیە و ڕێژەیەکی زۆر ماددەی خۆراکی تێدایە، چەندین جۆری هەیە کە جیاوازن لە تایبەتمەندییەکانیاندا، بۆ نموونە هەندێکیان توانای بەرگەگرتنی نەخۆشییان باشترە، هەندێکی تریان توانای بەرگەگرتنی کەشوهەوای گەرمییان کەمترە.

هاوشێوەی جۆرەکانی تری سەوزەکان کاهوش ڕووبەڕووی نەخۆشی جیاواز دەبێتەوە، بۆ نموونە نەخۆشی مێروویی، کەڕوویی، ڤایرۆسی یاخود تەنانەت نەرمۆکەکانیش هێرشی بۆ دەکەن، نیشانەکان بەگوێرەی هۆکارەکان جیاوازن دەکرێت کونی قەبارە جیاواز لەسەر گەڵاکان دروستببن یاخود تۆوەکان نەمێنن، دەکرێت ڕەنگی گەڵاکانی بگۆڕێت بۆ زەرد یاخود پەڵە و نیشانەی ڕەنگ جیاوازی لەسەر دروست ببێت، هەندێکجاریش گەڵاکان بەجۆرێک لوولدەبن کە شێوە و دەرکەوتنە ئاساییەکەیان لەدەستدەدەن.

چارەسەری جیاواز هەیە و بە گوێرەی جۆری هۆکاری نەخۆشییەکە هەڵدەبژێردرێت، سەرەتا پێویستە جۆرێک کاهوو بچێنرێت کە توانای هەبێت بەرگەی نەخۆشی بگرێت، دواتر بە بەردەوامی چاودێری بکرێت و هەلومەرجی گونجاوی گەشەکردنی بۆ دابین بکرێت، پاشان هەر کاهویەک زیانی پێگەشت لێبکرێتەوە، یاخود دەرمانی قڕپێکەری بۆ بەکاربهێنرێت، دڵنیابوونەوە لە هەبوونی هەواگۆڕکێی تەواو و لابردنی هەر بوونەوەرێک کە بەچاو ببینرێت.   

هەنگاوەکانی چاندن

  • کاتێک پلەی گەرمی خاک بەڕادەیەک بێت کە کاری تێدابکرێت و بگاتە ٧-١٨ پلەی سەدی، ئەوا دەکرێت تۆوی کاهوو بچێنرێت.
  • پێویستە سەرەتا خاکەکەی خاوێن بکرێتەوە لە هەموو بەرد و ڕێگرییەکان، چونکە تۆوەکەی بچووکە.
  • تۆوەکان لە قووڵایی کەمتر لە سانتیمەترێکدا دەچێنرێن، نابێت بخرێنە قوڵاییەوە چونکە پێویستییان بە ڕووناکییە بۆ ئەوەی چەکەرە بکەن.
  • مەودای نێوان تۆوێک بۆ دانەیەکی بە گوێرەی جۆری کاهووەکە دەگۆڕێت، بە گشتی مەودایەک لە نێوان ١٠-٤١ سانتیمەتریان پێویستە.
  • هەروەها مەودای نێوان ڕیزەکانیش لە نێوان ٣٠-٣٨ سانتیمەتر ببێت.
  • دوای چاندنی تۆوەکەی دەبێت ئاوێکی زۆری پێبدرێت، دواتریش پێویستی بە ئاودانی ڕێکخراو هەیە، ئەگەر بە شێوەیەکی گونجاو ئاوبدرێت ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر بەرهەمی دەبێت.

شێوازی گرنگیپێدان

پێویستی بە خاکێکە کە پلەی ترشێتییەکەی لە نێوان کەمێک ترش بۆ هاوکێشبێت، جێگەکەی ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆی هەبێت یاخود لە سێبەریشدا دەتوانێت گەشەبکات، بەڵام کاهو خۆی پێویستی بە ٥-٦ کاتژمێر لە ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆ هەیە، خاکەکەی دەبێت شیبووەوە بێت و بەتەواوی ئاوی وشک ببێتەوە، لەهەمان کاتدا بە شێداری بهێڵرێتەوە بەڵام نەبێت بە قوڕ و لیتاو.

یەکێکە لە ئەو جۆرە سەوزانەی کە تایبەتە بە وەرزە فێنکەکان و گەشەی تەواوی لە بەهار و پاییزدا دەکات، کاهو بە خێرایی گەشە دەکات بۆیە باشترە بڕێکی کەمی تۆو لە یەکجاردا بچێنرێت، واتە چاندنی تۆوەکەی بە چەند جارێک بێت کە کات لە نێوانیاندا هەبێت، بۆ نموونە مەودای نێوان چاندنەکان دوو هەفتە ببێت، کاتێک گەشە دەکەن و دەگەنە درێژی نزیکەی ٢-٥ سانتیمەتر دەبێت تەنکبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بنجەکان بواریان هەبێت هەتاکوو گەشەی تەواوەتی بکەن.

دەکرێت لە نێوان ڕیزەکاندا سیر بچێنرێت کە ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی سن بەناو کاهووەکەدا، هەروەها پێویستە بژار بکرێت بەڵام بە وریاییەوە بۆ ئەوەی لەکاتی ڕاکێشانی گژوگیا زیانبەخشەکاندا جێگەی ڕەگی کاهووەکان تێکنەچێت، جگە لە ئەمانەش کاتی پێگەیشتنی دەبێت بەخێرایی لێبکرێتەوە چونکە ئەگەر زۆر گەورە ببێت ئەوا تامی تاڵدەبێت و بەخێرایی خراپ دەبێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە پێگەیشتن پێویستە چاودێری بکرێت، کە کاتێک گەڵاکان تەواو گەورە بوون و لە گەشە وەستان ئەوا لێدەکرێتەوە.


سەرچاوەکان



428 بینین