چپسی لەیز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-23-20:46:00 - کۆدی بابەت: 11091
چپسی لەیز

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چپسی پەتاتەی لەیز (بە عەرەبی: ليز، بە ئینگلیزی: Lay's) براندێکی بازرگانی تایبەت و سەرەکی سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆیە و ناوەندی بەرهەمهێنانی لە وڵاتی ئەمریکایە. لە ساڵی ١٩٦٥ـەوە براندی لەیز کە لقێکی سەرەکییە لە فریتۆ لای (Frito-Lay)ـی تایبەت بە بەرهەمهێنانی ژەمی سووکە و سەر بە کۆمپانیای پیپسیکۆیە.

مێژووەکەی

لەساڵی ١٩٣٢ بازرگان و فرۆشیارێکی ناوداری ئەمریکی بە ناوی (هێرمان لای، بە ئینگلیزی: Herman Lay) لە ویلایەتی تێنیسی شوێنێکی کردەوە و تایبەتی کرد بە فرۆشتنی خواردنی سووکە ژەم نموونەی چپسی پەتاتەی هەمەجۆر و پسکیت، شوێنەکەی زۆر ناودار بوو و بۆیە داخوازی زۆر لەسەر بەرهەمی چپسەکانی هەبوون. لە ساڵی ١٩٣٨ کۆمپانیایەکی تایبەت بە دروستکردنی چپسی پەتاتە بە ناوی (Barrett Food Company) شوێنەکەی کڕییەوە و ناوەکەی نەگۆڕی بەڵکوو پەیوەستی کرد بە ناوی کۆمپانیاکەی خۆیەوە تاکوو خەڵکی بیناسنەوە، بۆیە ناوی کۆمپانیاکە کرا بە (H.W. Lay Lingo & Company). 

بەهۆی درێژی ناوەکەی لە ساڵی ١٩٤٤ ناوەکەی کورتکرایەوە بۆ کۆمپانیای (Lay's Lay Lingo) بووە یەکەم کۆمپانیای تایبەت بە بەرهەمهێنانی سووکە ژەم لە وڵاتی ئەمریکا. لە ساڵی ١٩٦٥ بە فەرمی کۆمپانیاکە لەگەڵ کۆمپانیای پیپسیکۆ یەکیان گرت و بووە بەشێک لە کۆمپانیای پیپسیکۆ. لە ساڵی ١٩٩١ نوێکاری کرا لە چپسی پەتاتەکان و چپسی پەتاتەی لەیز زۆر ناودار بوو، چونکە بۆ ماوەیەکی زۆر دەمایەوە و تامی هەمەجۆری لێ بەرهەمهێنرا و بۆیە داخوازی زۆری لەسەر هەبوو.

تام و جۆرەکانی

چپسی پەتاتەی لەیز بە چەندان جۆر ناودارە و بەرهەم و تامەکانی هەمەجۆرن نموونەی جۆرەکانی بریتین لە:

-چپسی پەتاتەی لەیز بە تامی سروشتی: ئەم جۆرەی چپسی لەیز بە تامی سروشتی هەمەجۆر بەردەستە نموونەی تامی خوێ، تامی کەچەپ و تەماتە، تامی پەنیری فەڕەنسی، تامی خوێ و سرکە، تامی بیبەری توون، تامی پیتزا، تامی باربیکیۆ، تامی لیمۆ.

-چپسی پەتاتەی لەیزی ماکس(Lay's MAX): ئەم جۆرەی چپسی لەیز تامەکان تیژترە و بڕەکەی زیاترە نوونەی تامەکانی بریتیین لە: تامی بیبەری توونی مەکسیکی، تامی پەنیری شێدەر و پەنیری کرێمی، تامی پەنیر و پیاز، تامی باربیکیۆی تێکساس، تامی باڵی مریشکی تفتی شیکاگۆ.

-چپسی پەتاتەی لەیزی برژاو (Lay's Forno): ئەم جۆرەی چپسی لەیز زیاتر برژێنراوە و ئەستووری پەتاتەکان زیاترە بە تامی پەنیر، تامی بیبەر، تامی ماست و نەعنا، تامی لیمۆ و پیاز لەگەڵ تامی باربیکیۆ بەردەستە.

ـچپسی پەتاتەی لەیزی وەیڤی (Lay's Wavy): ئەم جۆرەی چپسی لەیز شێوەکەی جیاوازە و بە تامی شیرین بەردەستە نموونەی تامی شەکر و تامی شوکۆلاتە و تامی کەرامێڵ.

-چپسی پەتاتەی لەیزی تەندروست: ئەم جۆرەی چپسی لەیز هەندێکیان بڕی کالۆری و زەیت و چەوری و خوێیان کەمە و گونجاون بۆ ئەو کەسانەی کە پەیڕەوی جۆرێکی ڕیجیمی تەندروست دەکەن، هاوکات بەشێک لە چپسی پەتاتەی لەیزی تەندروست خاڵیین لە ماددەی گلۆتین و لە ماددەی لاکتۆز و گونجاون بۆ ئەو کەسانەی هەستیاری و بەرگەنەگرتنیان بەو ماددانە هەیە.

پێکهاتەی خۆراکی

چپسی لەیز لەو بەرهەم و سووکە ژەمانەیە کە پێکهاتەی خۆراکی تەندروستی نزمە و خاڵییە لە ڤیتامین و کانزاکان، بە پێچەوانەوە بڕێکی زۆر سۆدیۆم و چەوری و خوێ لەخۆدەگرێت کە تەنانەت بە جۆرێکە لە هەندێک جۆری چپسی پەتاتەی لەیز تەنها لە یەک کیسدا ٣٨٠ میلیگرام سۆدیۆمی تێدایە. ٢٨ گرام لە چپسی لەیزی ئاسایی نزیکەی ١٦٠ کالۆری لەخۆگرتووە و دە گرام چەوری تێدایە. پارچە پەتاتەکان تەنکن و لە زەیتی گوڵەبەڕۆژە یان زەیتی کانۆلا سووردەکرێنەوە. جۆری پەنیرەکان کە لە هەندێک جۆری چپسی لەیز بەکاردەهێنرێن بریتین لە پەنیری شێدەر و پەنیری کرێمی. پەتاتە پێکهاتەی سەرەکی چپسی لەیزە و لە کێڵگەی تایبەتی پەتاتەکان بەرهەم دەهێنرێت و بە فرێشی بەکاردەهێنرێن.


سەرچاوەکان



395 بینین