چۆن سیمینار دەکەیت؟

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2023-08-29-13:53:00 - کۆدی بابەت: 11134
چۆن سیمینار دەکەیت؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن سیمینار دەکەیت؟ (بە ئینگلیزی: ?How do you present seminar، بە عەرەبی: كيف تکتب سیمنار؟)، ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان داوای نووسینی سیمینارێکت لێکرا دەربارەی بابەتێک کە زۆر پێویست بوو، کەچی تووشی زەحمەتی زۆر بوویتەوە لە کاتی ئامادەکردنی بابەتی سیمنارەکەتدا،  چ لە خوێندنی قۆناغەکانی ئامادەیی یان خوێندنی زانکۆیی و خوێندنی باڵا بێت. 
لە سەردەمی هاوچەرخدا نووسینی و ئامادەکردنی سیمینار پێویستی بە خۆئامادەکردن و تەکنیک و پلاندانان و ڕاهێنان هەیە،

نووسینی سیمینارێکی سەرکەوتوو

بۆ نووسینی سیمینارێکی سەرکەوتوو دەبێت ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەیت:

١ـ دیاریکردنی بابەت و کێشەکان

لە سەرەتادا دەبێت بابەتی پێشبینیکراو بە تەواوی سەیر بکەیت، ئەم پرسیارانە بکەی:

  • ئایا بابەتەکەت لە چی کێشەیەک دەدوێت؟
  • ئایا دەربارەی پرسیارێک دەدوێت؟
  • ئایا بابەتەکە باسێکی دیاریکراوە؟ چونکە هەندێک بابەت زۆر فراوان و گشتگیرن.
  • کێ سەرپەرشتی بابەتەکە دەکات؟
  • ئایا مامۆستاکەت یان مامۆستای زانکۆکەت چاوەڕوانی چی لە بابەتەکەی تۆ دەکات؟ 

٢ـ کۆکردنەوەی زانیاری بابەتەکان

گەڕان بە دوای سەرچاوە و کتێب بۆ ئەو زانیارییانەی لە نووسینی بابەتەکەتدا پێویستت پێی دەبێت، باشتر وایە بزانی بابەتەکەت چی لە خۆ دەگرێت وەکو: بەڵگە، نموونە، زاراوەکان، کامە باس پەیوەندی بە بابەتەکەتەوە هەیە، سەرەتا لە کتێبەکانی خوێندنگە و زانکۆ و فەرهەنگی ناو کتێبی تر لە بڵاوکراوە و گۆڤار و بڵاوکراوەکانی کتێبخانە گشتییەکان بە دوای کۆکردنەوەی زانیاریدا بگەڕێ. 

٣ــ دیاریکردنی بەشەکان

دوای ئەوەی بابەتی زانیارییەکانت پەیدا کرد، زانیارییەکانت ڕێکبخە، باسەکان لە چوارچێوەیەک دابڕێژە، باشتر وایە بۆ ئەم مەبەستە هێڵکاری یادێک دروست بکەیت کە زۆر یارمەتیدەرە، بیر لە خاڵ و بیرۆکە زۆر گرنگەکان بکەرەوە، بابەتەکان ڕیزبەندی بکە، بەپێی کاتی یەک لە دوا یەکتر هاتنی بابەتەکان، یان بە گوێرەی گرنگی خاڵەکانی بابەتەکان یان بە گوێرەی پەیوەندی لۆژیکییانەی هەر باسێک بە ئەوانی ترەوە ڕیزبەندییان بکە. ئەم ڕیزبەندی و بەش بەشکردنەی بابەتەکان بە شێوەیەکی ڕوون و ئاشکرا لە لاپەڕەیەک یان بە شێوەی خشتەیەک بیانووسە. 

سیمینار نووسین

١- پێشەکی

پێشەکی گرنگییەکی بایەخداری هەیە، سەرەتا پردێک لە نێوان قسەکەر و گوێگر دروست دەکات، لە سەرەتادا پێویستە سەرنجی گوێگر بەرەو لای خۆت ڕابکێشیت، کورتەیەک لە بابەتەکە باس بکە یان وتەی کەسێک یان ڕۆژنامە و هەواڵێکی نوێ لەگەڵ بابەتەکەتدا بگونجێت یان پیشاندانی شتی سەیر، تا بابەتەکەت سەرنجڕاکێشتر بکات، گرنگ ئەوەیە سەرنج و ئارەزووی بەشداربووان بۆ لای بابەتەکە بجوڵێت، هەروەها دەکرێت لە سەرەتای دەستپێکردنی سیمینارەکەتدا سوپاسی ئامادەبووانی میوان بکەیت و سۆز و هاوڕێیەتی ئامادەبووان بۆ لای خۆت ڕابکێشیت، تا کەش و هەوای شوێنەکە هاوڕێیانە بێت. 

٢- بەشە سەرەکییەکان 

لە کاتی کارکردن لەگەڵ بەشە سەرەکییەکانی بابەتەکەدا ڕیزبەندی خاڵبەخاڵی بەشەکان بکە، بە کورتی بنووسە، کامە دەستەواژەت زۆر بە دڵە دیاری بکە، زاراوە پسپۆڕییەکان و ئەو وشانەی کە بیانین بە دروستی ڕاڤەیان بکە، ئەم جۆرە زاراوە و وشانە دەبێت زۆر کەم بێت، چونکە ڕوونکردنەوە و ڕاڤەی ئەم زاراوانە زنجیرەی بیرکردنەوەی گوێگر دەشێوێنێت، زۆر جار سەرنجی گوێگر ناهێڵێت. هیچ زاراوە و وشەیەک بەکارمەهێنە، ئەگەر واتاکەی و ڕوونکردنەوەکەی بە تەواوی نازانیت، چونکە ئەمەش لە دوای تەواو بوونی زۆر گرنگە بۆ گفتوگۆکردن و لێدوان لەسەر بابەتەکە. ئەگەر تۆ لە باسکردنی خاڵێکی تایبەتدا بیت و بیری گوێگرانیش لە لایەکی دیکەی باسەکە بێت، ئەمە زۆر ترسناکە و زەحمەتە جارێکی دیکە گوێگر بگەڕێتەوە لای باسەکە و لە مەبەستت تێبگات. هەوڵبدە لایەنە زەحمەتەکانی سیمینارەکە بەهۆی نموونە هێنانەوە و حاڵەتی جیاجیا ڕوونبکەیتەوە، باشترین کاریش بۆ ئەم مەبەستە هۆیەکانی ڕوونکردنەوەیە وەکو وێنە و هێڵکاری. 

٣ـ کارتی ڕوونکردنەوە

بۆ پیشاندانی بابەتەکەت لەسەر کارت و فایل لە ژووری سیمینار و هەڵواسینیان بۆ ڕوونکردنەوە، هەوڵبدە ڕەنگ زۆر بەکارنەهێنیت، تا شەش ڕەنگ بەکاربهێنە. تێکست و نووسینی زۆر کورت بنووسە، نووسینەکان بە پیتی گەورە و دیار بنووسە تا بە ئاسانی بخوێندرێتەوە. هێڵکاری و وێنەکێشانەکەت بە سادەیی بێت، خۆت لە هەڵواسین و نیشاندانی زانیاری سادە بپارێزە. 

٤ــ کۆتایی

لە بەشی کۆتاییدا زۆر ئاگاداری ئەوە بە کە دوا وشە بەباشی لە یادی مرۆڤدا دەمێنێتەوە، بۆیە دەبێت بایەخ بە بەشی کۆتایی نووسینەکەت بدەیت. لە کۆتاییدا بە کورتی کورتەیەکی باسەکەت باس بکە و بە خێرایی بە بابەتە گرنگەکانی سیمینارەکەتدا بچۆرەوە.

ڕاهێنان 

سیمینارەکەت بۆ ڕاهێنان بخوێنەرەوە، بە دەنگێکی بەرز و ساف بخوێنەرەوە، کات دابنێ بۆ ئەوەی بزانیت چەند کاتت دەوێت بۆ پێشکەشکردنی سیمینارەکەت، کاتەکەت لەگەڵ ئەو کاتەی بۆت دیاریکراوە بەراورد بکە، بەپێی کاتەکە دیاریکراوەکەت بابەتەکە کورت یان درێژ بکەرەوە. 

تاقیکردنەوەی سیمینارەکە

ئەو کەسەی سیمینارەکە پێشکەش دەکات، نابێت زۆر ڕوو لە دیوارەکان بکات یان بە تەنیا سەیری یەک ئاڕاستەی هۆڵەکە بکات، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆڕەکە دەبێت، ئەو کەسەی کە سیمینارەکە دەکات ناتوانێت سەرنجی گوێگرەکان بە لای خۆیدا ڕابکێشێت. نابێت ئەو کەسە خۆی بێ توانا نیشان بدات، وەکو ئەوەی بڵێت" من هێندە ئەزموونی زۆرم نییە بتوانم بابەتەکە بە دروستی پێشکەش بکەم یان هیوادارم بتوانم کەمێک لە باسەکەمتان پێشکەش بکەم. ئەمجۆرە وتنانە دەبێتە جێگای گومان و پرسیاری گوێگران، کەواتە بۆ دەبێت گوێی لێ بگرین؟ 
هەموو کەس هەڵە دەکات، ئەمەش شتێکی زۆر ئاسایی و سروشتییە، گرنگ ئەوەیە بە ئارامی بمێنیتەوە، زۆر داوای لێبوردن نەکەی، بەمە هەڵەکە دەبێتە شتێکی سادە و لاوەکی گرنگی زۆری پێنادرێت، لە کۆتاییدا سوپاس پێ وتن باشە، بەڵام زیادەڕۆیی زۆر دەبێتە خۆ بەکەمزانین، باشتر وایە ڕۆژێک پێش پێشکەشکردنی سیمنارەکە هۆڵەکە بپشکنی و دڵنیا ببیتەوە لە ڕووناکی و گەرمی و ساردی هۆڵەکە. هەندێک لەو خاڵانەی کە دەبێت جێبەجێیان بکەیت:

  • خۆت و ئەو تیمەی لەگەڵدایە بە ئامادەبووانی دەناسێنیت.
  • کورتەیەک لە ناوەڕۆکی بابەتەکە باس بکە، تا گوێگر بزانێت گوێ لە چی دەگرێت.
  • بە دەنگێکی بەرز قسە بکە تا ئەو کەسانەی لە ڕیزی دواوە دانیشتوون گوێبیستت بن.
  • بە ڕوونی قسە بکە.
  • بە زمانی شارەزایان و پسپۆڕان قسە بکە.
  • بەکارهێنانی زمانی جەستە.
  • زۆر بەخێرای قسەنەکردن.
  • جار جار پشوویەک بدە تا گوێگران بواریان هەبێ بۆ بیرکردنەوە.
  • لە کاتی پێشکەشکردنی بابەتەکەتدا جل و بەرگێکی شیاو بپۆشە.
  • لە کاتی پێشکەشکردنی سیمنارەکە ئەگەر پرسیارێک کرا بە کورتی وەڵام دەدرێتەوە.
  • پێویستە چاوت کۆنتڕۆڵی هەموو ئامادەبووان بکات. 


سەرچاوەکان



1914 بینین