کامیان باشترە یاری تایبەت یان بڵاوکردنەوەی بۆ خزمەتگوزاری؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-08-30-13:09:00 - کۆدی بابەت: 11163
کامیان باشترە یاری تایبەت یان بڵاوکردنەوەی بۆ خزمەتگوزاری؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاری تایبەت یان بڵاوکردنەوەی بۆ خزمەتگوزاری کامیان باشترە؟ (بە عەرەبی: أيهما أفضل الألعاب الخاصة أم النشر للخدمات؟، بە ئینگلیزی: ?Which is better, exclusive games or publishing for services) کۆمپانیاکان و ستۆدیۆکانی یاری ڤیدیۆیی لەم سەردەمەدا بە دوو ڕێگە یاری ڤیدیۆیی بڵاو دەکەنەوە بەتایبەتی لایەنی کەسی یەکەم کە خودی خاوەن کۆنسوڵەکانی یاری ڤیدیۆیین ڕێگاکانیش یەکەمیان شێوەی تایبەت کردنی یاری بۆ کونسوڵێکی دیاریکراو بڵاو دەکەنەوە، یاخود ڕێگای دووەم یارییەکە لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەی لە خزمەتگوزاری مانگانە و ساڵانەی تایبەت بە خۆیان بڵاو دەکەنەوە کە یاریزانن تەنها دوای بەشداری کردنیان لە خزمەتگوزارییەکە بە پێدانی بڕە پارەیەک ئەوا دەتوانن یارییەکە داونلۆد بکەنە سەر کۆنسوڵەکانیان و یاری پێ بکەن بێ ئەوەی پارە بدەن بۆ کڕینی یارییەکە.

ناوەڕۆک

بازاڕی پیشەسازی یارییە ڤیدیۆییەکان لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانەوە، بەسەر دوو شێوازی ڕاکێشانی کڕیار بۆ خۆیان دابەشکراوە. دانەیەکیان شێوازی تایبەتکردنی یارییە بە کونسڵێکی دیاری کراو. دووەم هێنانی یارییە بۆ خزمەتگوزاری لە یەکەم ڕۆژی بڵاوبوونەوەیدا.

تایبەتکردنی یاری ئەو شێوازە کە هەردوو کۆمپانیا گەورەکەی یابان نێنتێندۆ، سۆنی جێبەجێی دەکەن. ئەم شێوازە تایبەتکردنی یارییە بە کونسڵێکی دیاری کراو، تا وا لە یاریکەر بکات بە ناچاری ئەم کونسڵە بکڕێت. بۆ ئەوەی ئەم یارییانە تاقیبکاتەوە کە تایبەتن بەم کونسڵە. بۆ نموونە نێنتێندۆ یاری (سوپەر ماریۆ)ـی هەیە تایبەتی کردووە بە کونسڵی خۆی لە هیچ شوێنێکی تر بەردەست نییە. سۆنی بۆ نموونە یاری (گاد ئۆف وار) تایبەت کردووە بە کونسڵی خۆی لە هیچ شوێنێکی تر بەردەست نییە. لە ڕاستیدا ئەم شێوازی ڕاکێشانەی کڕیار کاریگەر و بە سوودە بۆ خودی کۆمپانیایەکە، وەک دەبینرێت پلەیستەیشن و نێنتێندۆ پلەی یەکەم و دووەمیان هەیە لە بازاڕی کونسڵەکان بەهۆی ئەم سیاسەتەوە. سەرەتا مایکرۆسۆفت دەیویست پەیڕەوی ئەم شێوازەی ڕاکێشانی کریار نەکات. هەر وەک دەبینرێت لە ماوەی پێشوو (نادیا) بەڕێوەبەری گشتی مایکرۆسۆفت گووتی کە حەزمان لە یاری تایبەت نییە، بەڵام چونکە ڕکابەرەکانمان لە بازاڕدا دەیکەن، ئێمەش ناچارین بیکەین. بۆیە لە ئێستادا مایکرۆسۆفت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـدا دەستی کردووە بەتایبەت کردنی یارییەکان و ئەنجامی باشیشی بەدەست هێناوە لێی، چونکە یاریکەر بە ناچاری لە پێناو یارییەکە دەبێت کونسڵەکە بکڕێت.

شێوازی دووەم، کە بەردەست خستنی یارییە یەکەم ڕۆژ لەسەر خزمەتگوزارییەکان شێوازێکی تری ڕاکێشانی کڕیارە. ئەمە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە بۆ ڕاکێشانی یاریکەر بەکاردێت، بەڵام بەس نەبوو بۆی و ناچار دەستی کردووە بە تایبەت کردنی یارییەکانیش. کۆمپانیای نێنتێندۆ ئەم شێوازەش بەکاردەهێنێت واتا دوو شێواز بە یەکەوە بەکاردەهێنێت، بۆیە لە بازاڕی کونسڵەکان ئەگەر چی توانای کونسڵەکەی سنووردارە، بەڵام سەرکەوتنێکی باشی بەدەستهێناوە. کۆمپانیای سۆنیش کە لە ماوەی ڕابردوو خزمەتگوزارییەکی لەم شێوەی دروست کرد، بەڵام ئەوەندە بەهێز نییە وەک گەیم پاس و نێنتێندۆ بۆ یاری یەکەم ڕۆژ، لە ڕاستیدا گەیم پاس لەم لایەنەوە بەهێزترینە. سۆنی پێناچێت تا ماوەیەکی زۆر پەنا بۆ ئەم شێوازە ببات، مەگەر ڕکابەری بازاڕ ناچاری بکەن واز لە قازانجی زۆر بهێنێت و بیری لێبکاتەوە. 

کام شێواز باشترینە؟ 

وەڵامی ئەم پرسیارە دوو لایەن لە خۆ دەگرێت. لایەنی یەکەم کۆمپانیاکانی دروستکردنی کونسڵ، لایەنی دووەم یاریکەران. بۆ کۆمپانیاکانی کونسڵ بێگومان جێبەجێکردنی هەردوو شێوازەکە کاریگەرە. وەک  نێنتێندۆ چی جۆرە قازانجێکی کردووە لە بەکارهێنانی هەردوو شێواز. دوای ئەو تایبەت کردنی یارییە، بێگومان کاریگەرییەکی زۆری دەبێت بۆ ڕاکێشانی یاریکەر. ئەگەر یارییەکان بەهێزبن ئەوە یاریکەر ناچار دەکەن لە پێناو یارییەکان کونسڵی کۆمپانیایەکە بکڕێت. شێوازی هێنانی یاری یەکەم ڕۆژ بۆ ڕاکێشانی یاریکەر لە بازاڕدا وا کاریگەر نەبووە، مایکرۆسۆفت لە پەیڕەوکردنیدا سەرکەوتوو نەبووە لە بازاڕەکەدا و پلەی سێیەمی هەیە، بۆیە تا پێگەی خۆی لە بازاڕدا جێگیر بکات و پێش بکەوێت مایکرۆسۆفت لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـدا دەستی کردووە بە تایبەت کردنی یاری و لە هەمان کاتیشدا بەردەست خستنی لە خزمەتگوزاری گەیم پاس لە یەکەم ڕۆژدا.

لایەنی دووەم یاریکەر، بێگومان بەردەست خستنی یارییەکان یەکەم ڕۆژ لەسەر خزمەتگوزارییەکان باشترینە بۆیان، بەبێ تایبەت کردنی یارییەکە، چونکە ئەگەر کونسڵەکەی ئەو یەکەم ڕۆژیش یارییەکەی لەسەر خزمەتگوزاری بۆ نەیەت ئەوە هەر هیچ نەبێت خۆ دەتوانێت بیکڕێت. تاکە لایەنی خراپی ئەم شێوازە بۆ یاریکەر ئەوەیە، ڕەنگە یارییە زۆرباش دروست نەکرێن، کە ئەمەش ئەگەری زۆر کەمە.

شێوازی تایبەتکردنی یاری بۆ یاریکەر زۆر خراپە، چونکە یاریکەر ناچار دەکات زیاتر لە کونسڵێک بکڕێت. بەمەش یاریکەر ناچار دەبێت پارەیەکی زۆر تەرخان بکات بۆ کڕینی کونسڵ، بۆ ئەوەی چێژ لە یارییە تایبەتەکانی هەموو کونسڵەکان ببینێت. بەداخەوە ئەم شێوازە لە بازاڕی کونسڵەکان دەستی باڵای هەیە و پێدەچێت تا ١٠ ساڵی تریش هەر خۆی باڵادەست بێت بەپێی بۆچوونی شارەزاکانی بواری بازاڕی یاری ڤیدیۆیی و پێگەی بڵومبێرگ. کە لە سوودی یاریکەران نییە. لە ماوەی پێشوو نەک یارییەکانی کۆمپانیای خودی کونسڵەکە تایبەت دەکرێن، بگرە هی لایەنی دووەم و سێیەمیش بەرەو ئەو هەنگاوە دەبردرێن، کە بەتەواوی لە زیانی یاریکەرە، چونکە دەبێت زیاتر لە کونسڵێک بکڕێت بۆ چێژ بینین لە یارییە جیاوازەکان. ئەم دوو شێوازە لەم سەردەمەدا دەستیان بەسەر تەواوی بازاڕی کونسڵەکان و یارییە ڤیدیۆییەکاندا گرتووە.


سەرچاوەکان



161 بینین