مالاوی

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-08-30-17:24:00 - کۆدی بابەت: 11169
مالاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مالاوی (بە ئینگلیزی: Malawi، بە عەرەبی: مالاوي، بە چیوای: maláβi یان maláwi، بە تومبوکای: Malaŵi)، بە فەرمی کۆماری مالاوی (Republic of Malawi)، وڵاتێکی بەزەوی دەورەدراوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و پێشتر بە نیاسالاند ناسرابوو. ئەم کۆمارە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ زامبیا، لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ تانزانیا، لە ڕۆژهەڵات، باشوور و باشووری ڕۆژئاواوە لەگەڵ مۆزەمبیقدا هاوسنوورە. ڕووبەری مالاوی زیاتر لە 118,484 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە کانوونی دووەمی 2021ـدا بە 19,431,566 کەس مەزەندەکرا. پایتەختی مالاوی و گەورەترین شاری بریتییە لە لیلۆنگوی. وشەی مالاوی (Malawi) لە وشەی ماراڤی (Maravi)ـەوە هاتووە، ناوێکی کۆنی گەلی چێوایە کە لە ناوچەکەدا نیشتەجێن. مالاوی بەهۆی دڵسۆزی گەلەکەیەوە نازناوی "دڵی گەرمی ئەفریقا"ـی لێنراوە. وڵاتەکە دانیشتووانێکی هەمەچەشنی هەیە کە خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە، ئاسیاییەکان و ئەورووپییەکان لەخۆ دەگرێت. چەند زمانێک قسەیان پێ دەکرێت و کۆمەڵێک ئایینیش پەیڕەو دەکرێن.

زانیاری گشتی

ناو مالاوی، بە فەرمی کۆماری مالاوی
پایتەخت و گەورەترین شار لیلۆنگوی
سەربەخۆیی لە بەریتانیا 6ـی تەممووزی 1964
ئەنجومەنی یاسادانان ئەنجومەنی نیشتیمانی
حکوومەت کۆماری سەرۆکایەتی یەکگرتوو
سەرۆکی وڵات لازارۆس چاکوێرا
زمانی فەرمی ئینگلیزی
ڕووبەری گشتی 118,484 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2020 20,091,635
چڕیی دانیشتووان لە ساڵی 2018 153.1/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین چەپ
کۆدی تەلەفۆن +265
ئایینی زۆرینەی دانیشتووان مەسیحی
یەکەی دراو کواچای مالاوی (MWK)
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە خەمڵاندنی ساڵی 2022 35.0 ملیار دۆلار

مێژوو و گرنگی وڵاتەکە

ئەو بەشەی ئەفریقا کە ئێستا بە مالاوی ناسراوە، لە دەوروبەری سەدەی دەیەمدا گرووپەکانی گەلی بانتوی لێ نیشتەجێبوو. چەند سەدەیەک دواتر و لە ساڵی 1891ـدا بەریتانییەکان هاتنە ناوچەکەوە و ناوچەکە بوو بە وڵاتێکی ژێردەستەی شانشینی یەکگرتوو کە بە نیاسالاند (Nyasaland) ناسرا. لە ساڵی 1953 و لە ماوەی فیدراسیۆنی نیمچە سەربەخۆی ڕۆدێسیا و نیاسالانددا بوو بە وڵاتێکی پشتیوانی‌کراو، فیدراسیۆنەکە لە ساڵی 1963 هەڵوەشایەوە، لە ساڵی 1964ـدا کۆتایی بە ژێردەستەیی وڵاتەکە هات. نیاسالاند لە ماوەی حکوومڕانی شاژنە ئەلیزابێسی دووەمدا بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ و ناوەکەی گۆڕدرا بۆ مالاوی. دوای دوو ساڵ بوو بە کۆمار. لە ئێستادا مالاوی کۆمارێکی دیموکرات و فرە حزبی هەیە کە سەرۆکێکی هەڵبژێردراو سەرۆکایەتی دەکات. هێزی چەکداری وڵات، هێزی بەرگری مالاوی، سوپایەك، هێزێکی دەریایی و یەکەیەکی ئاسمانی لەخۆ دەگرێت. سیاسەتی دەرەوەی مالاوی پشتگیری لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات. کۆمارەکە پەیوەندییە دیپلۆماسییە ئەرێنییەکان لەگەڵ زۆربەی وڵاتان دەپارێزێت و بەشداری لە چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەکات، لەوانە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمۆنوێڵتی نەتەوەکان، کۆمەڵگەی گەشەپێدانی ئەفریقای باشوور (SADC)، بازاڕی هاوبەش بۆ ڕۆژهەڵات و ئەفریقای باشوور (COMESA) و یەکێتیی ئەفریقا (AU). مالاوی یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە کەمترین گەشە بەخۆیەوە دەبینێت و بە شێوەیەکی گشتی ئابوورییەکەی پشت بە کەرتی کشتوکاڵ دەبەستێت، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی گوندنشینە. سەرەڕای ئەوانەش، تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووانی وڵاتەکە کەمە و ڕێژەی مردنی مناڵی کۆرپە بەرزە. نەخۆشی ئایدز، ڤایرۆسی HIV، زۆر بەربڵاوە لە وڵاتەکەدا کە کاریگەری لەسەر هێزی کار ناوچەکەدا هەیە و پێویستیشی بە خەرجییەکی زۆری حکوومەتە.

لەڕووی جوگرافییەوە

لەڕووی جوگرافییەوە، مالاوی وڵاتێکی ئەفریقییە و دەکەوێتە باشووری هێڵی یەکسانبوونی گۆی زەوی، لە نێوان هێڵی پانی 9 و 18ـی باشوور و هێڵی درێژی 32 و 36ـی ڕۆژهەڵات، زۆربەی زۆری ڕووبەری وڵاتەکە لە گرد و شاخەکان پێکهاتوون. ڕووبەری گشتی وڵاتەکە 118,484 کیلۆمەتر دووجایە و 20.6%ـی ئاوییە. لەڕووی ڕووبەرەوە 99ـەم گەورەترین وڵاتی جیهان، لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە 62ـەم گەورەترین وڵاتی جیهان و لەڕووی چڕی دانیشتووانەوە 56ـەم چڕترین وڵاتی جیهانە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای مالاوی خولگەییە، بەڵام لە ناوچە بەرزەکاندا نیمچە خولگەییە. لەم وڵاتەدا دوو وەرز هەیە، یەکێکیان گەرم و باراناوییە و ئەوەکەیان وەرزێکی وەرزێکی تاڕادەیەک فێنک و وشکە، وەرزی یەکەم لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی نیسان دەخایەنێت، وەرزی دووەمیان لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە دەست پێ دەکات و تا ناوەڕاستی مانگی ئاب بەردەوام دەبێت. پێش وەرزی باراناوی، لە مانگی ئەیلوولەوە تا مانگی تشرینی دووەم، پلەی گەرمی بەرز دەبێتەوە بە شێوەیەک کە دەگاتە بەرزترین ئاستی ساڵ.

پلەی گەرمی

پلەکانی گەرما بەپێی بەرزی ناوچەکان لە مالاویدا دەگۆڕێت و کەشی وڵاتەکە لە سەرووی هەزار مەترەوە خۆشە. بەڵام لە بەشی ئەوپەڕی باشووری وڵات ناوچەیەکی دەشتایی هەیە، کە بەهۆی نزمییەکەیەوە کەشوهەواکەی گەرم و شێدارە. پلەی گەرمی لە لیلۆنگویی پایتەختدا مامناوەندە و لەنێوان 23 پلەی سەدی لە مانگی تشرینی دووەم (گەرمترین مانگی ساڵ) بۆ 14 پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. لە ماوەی نێوان مانگی کانوونی یەکەم تا نیسان بەدەگمەن پلەی گەرمی لە کاتەکانی ڕۆژدا 32 پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت و پلەی گەرمی لە مانگی ئایار تا ئاب لە دەوروبەری 23/25 پلەی سەدیدایە. بەڵام، لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئاب، لەوانەیە کەش بە شەودا سارد بکات و ڕەنگە سووکە شەختەش دروست ببێت. لە گەرمترین کاتی ساڵدا، واتە لە مانگی تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم، پێش بارانبارین، دەشێت پلەی گەرمی بگاتە 35 پلەی سەدی.

بارانبارین

لە زۆربەی زۆری ناوچەکانی وڵاتدا بڕی بارانبارینی ساڵانە لە نێوان 800 بۆ 1,300 مللیمەتر دایە، بەڵام لە ناوچەکانی بەشی باکووری وڵات ڕێژەی دابارینی باران بەرزتره، بە تەیبەتی لە مانگەکانی ئازار و نیساندا، هەروەها لە ناوچە نشێوەکانی باشووری چیای مولانجی ساڵانە 2,000 مللیمەتر باران دەبارێت. بارانبارین لە شاری لیلۆنگویدا لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی نیساندا باران دەبارێت و بڕی دابارینی ساڵانە 850 مللیمەترە، زۆرترین بڕی دابارین لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا دەبارێت کە 200 مللیمەترە، لە کاتێکدا لە مانگی ئایار تا مانگی تشرینی یەکەم بەدەگمەن باران دەبارێت. لە زستاندا، باشووری وڵاتەکە و دەریاچەی مالاوی، ڕەنگە کاریگەری بایەکی فێنک و شێداری لەسەر بێت کە پێی دەوترێت چیپێرۆنی (Chiperoni)، لە ئەنجامدا ئاسمان هەوراوی دەبێت و نمەباران بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.

گێژه‌لووکەی خولگەیی

هەندێک جار، دەشێت مالاوی کاریگەری گێژه‌لووکە خولگەییەکانی لەسەر بێت، کە لە زەریای هیندییەوە هەڵ دەکەن و دێنە نێو وڵاتەوە، ئەم گێژەلووکانە کاریگەریان لەسەر بەشی باشووری وڵاتەکە دەبێت و با و بارانی بەخوڕ لەگەڵ خۆی دەهێنێت. وەرزی گێژه‌لووکەی باشووری ڕۆژئاوای زەریای هیندی لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا ناوەڕاستی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، بەڵام لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم تا ناوەڕاستی مانگی نیسان ئەگەری هەڵکردنیان زیاترە. هەریەک لە گێژەلووکەکانی ساڵی 2012، 2015 و 2019 بووە هۆی دروستبوونی لافاو لە باشووری وڵاتەکەدا.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی کۆماری مالاوی ناوەڕاستی مانگی ئایار تا مانگی ئابە، لەم ماوەیەدا کەشی وڵات خۆشترینە. بەڵام ئەبێ ئەوەشمان لەبیر بێت کە کەشی وڵات لەناوچە بەرزەکاندا جیاوازە، لەوانەیە لە ماوەی ناوەڕاستی مانگی ئایار تا مانگی ئاب و لە کاتەکانی شەودا کەش سارد بکات و ئەگەری دروستبوونی شەختەش هەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت لە گەرمییە پەنگخواردووەکە و بارانی ماوەی کانوونی یەکەم تا نیسان، گەرمییە زۆر توندەکەی مانگی ئەیلوول تا تشرینی دووەم و هەروەها گێژەلووکەی تشرینی دووەم بۆ ناوەڕاستی ئایار بەدووریت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

1950 2.9 ملیۆن کەس
2000 11.3 ملیۆن کەس
2021 19.9 ملیۆن کەس

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2021، ژمارەی دانیشتووانی کۆماری مالاوی زیاتر لە 19 ملیۆن کەسە و ڕێژەی گەشەی دانیشتووانەکەی 3.32%ـەیە. پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە تا ساڵی 2050 بۆ زیاتر لە 45 ملیۆن کەس گەشە بکات، بگاتە نزیکەی سێ ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی خەمڵێندراوی ساڵی 2010 کە 16 ملیۆن کەس بوو. بەپێی زانیارییەکانی ساڵی 2023، 19.3%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە کە 4,029,578 کەس دەکات لە ناوچە شارستانییەکانی وڵاتدا دەژین. جگە لەوەش، بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2019، لە هەر 48 چرکەیەکدا منداڵێک لەدایک دەبێت و لە هەر چوار خولەکێکدا کەسێک گیان لەدەست دەدات، ڕێژەی مردنی کۆرپە لە مالاویدا بەرزە و لە هەر هەزار کۆرپەیەکی لەدایکبوودا 28.1 ـیان دەمرن.

تەمەن

لە ساڵی 2010ـدا 45.8%ـی دانیشتووانی مالاوی لەخوار تەمەنی 15 ساڵی، 51.1%ـی دانیشتووان لە نێوان 15 بۆ 65 ساڵی و 3.1%ـی دانیشتووان 65 ساڵ یان سەروو 65  ساڵ بوون. هەروەها، لە ساڵی 2023ـدا تەمەنی مامناوەندی دانیشتووانی وڵات 17.2 ساڵی بوو، هەروەها تەمەنی چاوەڕوانکراوی دانیشتووەکانی 63.7 ساڵیە، مێیەکان 67.2 ساڵ و نێرەکان 60.2 ساڵی.

لەڕووی نەتەوەییەوە

دانیشتووانی مالاوی لە گەلانی چیوا، تومبوکا، یاو، لۆموی، سەینا، تۆنگا، نگۆنی و نگۆندی پێکهاتووە، هەروەها دانیشتووانی چینی و ئەورووپشی هەیە. گرووپە نەتەوەییەکانی دانیشتووانی مالاوی بەپێی سەرژمێری ساڵی 2018 بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

چیوا 34.4%
لۆموی 18.9%
یاو 14.3%
تومبوکا 22.2%
سەینا 3.8%
مانگانجا 3.2%
نیانجا 1.9%
تۆنگا 1.8%
نگۆندی‌ 1%
لامبیا 0.6%
سوکوا 0.5%
نەتەوەکانی تر 1.1%

زمان

زمانی فەرمیی دانیشتووانی مالاوی ئینگلیزییە و زمانە سەرەکییەکانی تری دانیشتووانی وڵاتەکە بریتین لە چیچیوا، کە زمانێکی بانتوییە و لەلایەن زیاتر لە 41%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت، چیتومبوکا لەلایەن 28.2%ـی دانیشتووان، چینیانجا لەلایەن 12.8%ـی دانیشتووان و چییاو لەلایەن 16.1% دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت. زمانە خۆماڵییەکانی تری دانیشتووانی وڵاتەکە بریتین لە لۆموی مالاوی، کە نزیکەی 250 هەزار کەس لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە قسەی پێ دەکەن؛ کۆکۆلا، کە نزیکەی 200 هەزار قسەپێکەری لە باشووری ڕۆژهەڵات هەیە؛ لامبیا، نزیکەی 45 هەزار کەس لە ناوچەی کۆتایی باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە‌ قسەی پێ دەکات؛ ندالی، لەلایەن نزیکەی 70 هەزار دانیشتووەوە بەکار دێت‌؛ نياكيوسا-نگۆندی، نزیکەی 300 هەزار ڤسەپێکەری لە باکووری مالاوی هەیە؛ سەینای مالاوی، لەلایەن نزیکەی 270 هەزار کەس لە باشووری مالاوی قسەی پێ دەکرێت و نزیکەی 170 هەزار کەس لە باکووری مالاوی بە زمانی تۆنگا دەدوێن. چیچیوا بە زمانی نیشتمانی نافەرمی مالاوی وەسف دەکرێت و لە قوتابخانە سەرەتاییە حکوومییەکاندا خوێندکاران بەم زمانە وانەیان پێ دەوترێتەوە. بەڵام، لە قوتابخانە ناحکوومییەکاندا بە زمانی ئینگلیزی وانە بە خوێندکاران دەوترێتەوە.

ئایین

ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی وڵاتی مالاوی مەسیحییە و وڵاتەکە خاوەنی کەمینەیەکی بەرچاوی موسوڵمانیشە. ڕاپرسییەکانی حکوومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە 87%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین و 11.6%ـی دانیشتووان موسوڵمانن. گەورەترین گرووپە مەسیحییەکان لە مالاوی بریتین لە کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمانی، کە 19%ـی خەڵکی مالاوی لایەنگری دەکەنە و کڵێسای پریسبەتێریی ئەفریقای ناوەڕاست (CCAP) کە 18%ـی دانیشتووانی وڵات سەر بەم لقەی کڵێسای پرۆتستانتن. CCAP گەورەترین گرووپی پرۆتستانتیە لە مالاوی و 1.3 ملیۆن ئەندامی هەیە. گرووپە ئایینییە بچووکەکانی پریسبەتێری وەک کڵێسای پریسبەتێریی چاککراوی مالاوی و کڵێسای پریسبەتێریی ئینجیلی مالاوی لە وڵاتەکەدا هەن. ئەمە جگە لەوەی ژمارەیەکی کەمتر لە ئەنگلیکانەکان، باپتیستەکان، ئینجیلییەکان، ئەدڤێنتیستەکانی ڕۆژی حەوتەم و لوتێرییەکان لە ناوچەکەدا نیشتەجێن. زۆربەی دانیشتووە مسوڵمانەکانی مالاوی سوننە مەزهەبن، لە گرووپەکانی قادری یان سوکوتون و ژمارەیەکی کەمیان ئەحمەدیین.

لە کۆتایی ساڵی 2015ـدا، گرووپە ئایینییەکانی دیکەی دانیشتووان بریتی بوون لە گەواهی یهوا کە زیاتر لە 95,000 پەیڕەوکەر، کڵێسای مۆرمۆن کە کەمێک زیاتر لە 2,000 ئەندامی لە وڵاتەکەدا هەبوو. هەروەها، ڕاستافارییەکان (ئەوانەی بڕوایان بە گەڕانەوەی ڕۆژە ڕەشەکانی ئەفریقا هەیە)، هیندۆسەکان، بەهاییەکان 0.2%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێک دەهێنن و نزیکەی 300 جوولەکەش لە ناچەکەدا نیشتەجێن. بێ ئایینەکانی مالاوی نزیکەی 4%ـی کۆی دانیشتووان پێک دەهێنن، بەڵام لەوانەیە ئەم ڕێژەیە ئەو کەسانەش لەخۆ بگرێت کە ئایینە نەریتییە ئەفریقییەکان پەیڕەو دەکەن کە هیچ خودایەکیان نییە.

ئابووری وڵاتەکە

مالاوی یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە کەمترین گەشە بەخۆیەوە دەبینێت و نزیکەی 85%ـی دانیشتووانەکەی لە گوندەکاندا دەژین. ئابووریی مالاوی پشت بە کەرتی کشتوکاڵ دەبەستێت و زیاتر لە یەک لەسەر سێی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) و 90%ـی داهاتی هەناردە پێک دەهێنێت. بەرهەمە کشتوکاڵییە سەرەکییەکانی مالاوی بریتین لە تووتن، قامیشی شەکر، پەموو، چا، گەنمەشامی، پەتاتە، هەرزن، ئاژەڵ و بزن. لە ڕابردوودا، ئابووریی وڵاتەکە پشتی بە یارمەتی ئابووریی بانکی نێودەوڵەتی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) و وڵاتانی دیکە بەستبوو. لە مانگی ئازاری 2011ـدا مالاوی 119ـیەم سەلامەتترین شوێنی وەبەرهێنان بوو لە جیهاندا. کەرتی کشتوکاڵ 35%، پیشەسازی 19% و خزمەتگوزارییەکانی تر باقی 46%ـی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی وڵات پێک دەهێنن. سەرەڕای ئەوەی گەشەی ئابووریی مالاوی لە ساڵی 2008ـدا بە 9.7% خەمڵێندرا، بەڵام یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان که داهاتی تاکەکانی کەمترینە. بەهۆی پشتیوانی ڕێکخراوەکان و ئەو ڕێکار و کارانەی کە حکوومەتی وڵاتەکە بۆ هاوڵاتیانی خۆیی کردووە ڕێژەی هەژاری دانیشتووان لەکەمبوونەوەدایە، لە ساڵی 1990ـدا ڕێژەی هەژاری دانیشتووانی وڵات 54% بوو، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی 2006ـدا بۆ 40% دابەزی. زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە پێشکەوتنی ئابووری مالاوی پشت بە توانای کۆنتڕۆڵکردنی گەشەی دانیشتووان دەبەستێت.


سەرچاوەکان



198 بینین