کۆمپانیای تۆشیبا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-08-31-11:46:00 - کۆدی بابەت: 11173
کۆمپانیای تۆشیبا

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

کۆمپانیای تۆشیبا (بە عەرەبی: توشيبا، بە ئینگلیزی: Toshiba) کۆمپانیایەکی ژاپۆنی تایبەتە بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئامێری تەکنەلۆجی و ئەلیکترۆنی و کارەبایی ناوماڵ، بەرهەمەکانی فرەچەشن و جیاواز و تایبەتن، کوالێتیان زۆر بەرزە و نرخیان لە مامناوەندەوە بۆ زۆر گران دەست پێدەکات. ناوەندی کۆمپانیاکە دەکەوێتە شاری تۆکیوی پایتەختی وڵاتی ژاپۆن. تۆشیبا لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە بەرهەمهێنانی بەرهەمەکانی فرەچەشن و زیاتر کرد، لە ساڵی ٢٠٢٠ قازانجی فرۆشییەکانی تۆشیبا لە جیهاندا گەیشتە نزیکەی ٣٣٨ ترلیۆن یەنی ژاپۆنی کە دەکاتە نزیکەی ٣١ ملیار دۆلاری ئەمریکی. لە هەموو لقەکانی کۆمپانیا و کارگەکانی تۆشیبا لە جیهاندا نزیکەی ١٢٥٫٦٤٨ کارمەند و کرێکاری هەیە.

مێژووی کۆمپانیاکە

لە ڕابردوودا ئەندازیارێکی ژاپونی بە ناوی "تاناکا هیساشیجی" کۆمپانیایەکی لە تۆکیو دامەزراند و لە ساڵی ١٨٧٥ بووە یەکەم کۆمپانیای ژاپۆنی کە پێکهاتەی ئامێری تەلەگرافی دروست دەکرد. دوای مردنی کوڕەکەی بووە میراتگری کۆمپانیا و کۆمپانیاکەی دابەش کردە سەر دوو لق لقێکیان بووە کۆمپانیای تۆشیبا. کۆمپانیای تۆشیبا لە ساڵی ١٩٣٩ بە ناوی "تۆکیۆ شیبۆرا" لەدوای یەکگرتنی دوو براندی بازرگانی ناوداری ئەو سەردەمەی وڵاتی ژاپۆن دامەزرا. لە ساڵانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم لەڕووی بەرهەمهێنانی ئامێری کارەبایی و تەلەگراف و گڵۆپی کارەبایی کۆمپانیاکە بە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ژاپۆن دادەنرا.
لە ساڵی ١٩٥٠ بە فەرمی ناوی کۆمپانیاکە کرا بە تۆشیبا. گرووپەکانی کۆمپانیاکە لە ساڵانی چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا زیاتر پەرەی سەند و لقەکانی کۆمپانیاکە جیاکرانەوە، لە ساڵی ١٩٦٠ تۆشیبا میوزیک کرایەوە کە تایبەت بوو بە بەرهەمهێنانی سی دی میوزیک. لە ساڵی١٩٧٠ کۆمپانیای نێودەوڵەتی تۆشیبا دامەزرێنرا، لە ساڵی ١٩٧٤ لقی تۆشیبا بۆ ئامێرە کارەبایی و کیمییاییەکان جیاکرایەوە، لە ساڵی ١٩٨٩ کۆمپانیاکە لە بواری سیستمەکانی تەکنەلۆجیا لەگەڵ چەند لق و کۆمپانیایەکی ئەمریکی ئەو بوارە یەکیان گرت، لە ساڵی ١٩٩٩ سیستمی گشتی کۆمپانیای تۆشیبا دامەزرا.
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە تۆشیبا بەرهەمهێنانی بەشێک لەو ئامێر و بەرهەمانەی ڕاگرت کە چیتر لە بازاڕەکان ڕەواجیان نەما نموونەی چەند جۆرێک تەلڤزیۆن، سی دی، تەلەگراف و چەندانی تر. ئابڕووچوون و قەیرانەکانی ساڵی ٢٠١٥ـی تۆشیبا لەو سەردەمەدا ڕووداوێکی گرنگی ئابووری ژاپۆن و جیهان بوو، چەند بەڕێوبەرێکی جێبەجێکار و چەند ژمێریارێکی دەستڕۆیشتووی کۆمپانیاکە داهاتی ساڵانەیان لە حەوت ساڵی ڕابردوودا بە بڕی١٫٢ ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاد کردبوو، بەهۆی ئەم کێشەیەوە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەو کاتە "هێساو تانکا" دەستی لەکارەکەی کێشایەوە و کۆمپانیاکە زیانی ئابووری زۆری کرد.

بەرهەمەکانی کۆمپانیا

  • ئامێرەکانی ناوماڵ

    تۆشیبا بە بەرهەمهێنان و دروستکردنی ئامێرە تەکنەلۆجی و ئەلیکترۆنییەکانی ناوماڵ ناسراوە، نموونەی ئامێری ساردکەرەوە، بەفرگر، جلشۆر، قاپشۆر، فڕن و مایکرۆوەیڤ، ئامێری فێنککەرەوە، ئامێری ڕووناکی ئەلیکترۆنی و گڵۆپی کارەبایی و چەندانی تر.
  • تەلەڤزیۆن

  • کۆمپانیای تۆشیبا لە پێشەنگترینی ئەو کۆمپانیایانە بوو کە تەلەڤزیۆنی سێ ڕەهەندی لە ساڵی ٢٠١٠ بە ئەستووری ٢١ ئینجی بەرهەم هێنا، پاشان کۆمپانیاکە گرنگی دا بە بەرهەمهێنانی شاشەی ئەو تەلەڤزیۆنانەی کە کوالێتی شاشەکەیان زۆر بەرزە.
  • کۆمپیوتەر و لاپتۆپ


    تۆشیبا لە ساڵی ١٩٨٥ یەکەمین ئامێری کۆمپیوتەری بە ناوی T1110 خستە بازاڕەکانی جیهانەوە، کۆمپانیاکە شێوازی دیزاینی تایبەت بەخۆی هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠ تۆشیبا بە تەواوی لە بەرهەمهێنان و دروستکردنی لاپتۆپ و کۆمپیوتەر وەستا و چیتر لەو بوارەدا بەرهەمهێنانی نەکرد.
  • نموونەی بەرهەمەکانی تری


    کۆمپانیای تۆشیبا لە زۆر بواری ئەلیکترۆنی و کارەبایی و تەکنەلۆجی بەرهەمی تایبەتی و جیاواز و فرەچەشنی هەیە نموونەی ئامێرە پزیشکییەکان، ئامێر و پێکهاتەکانی ئەو بەرهەمانەی کە بە شەپۆلی دەنگی و تیشکی ئێکس کار دەکەن، ئامێر و پێکهاتەی تۆربینەکانی وزە و چەندان ئامێری تر.


سەرچاوەکان



383 بینین