هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە خۆشەویستی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-02-14:49:00 - کۆدی بابەت: 11185
هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە خۆشەویستی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن 

هونەری پەروەردەکردنی منداڵ بە خۆشەویستی (بە ئینگلیزی: The art of educating children from birth to two years, بە عەرەبی: فن تربية الأطفال على الحبخۆشەویستی نهێنیی ژیان و کۆدی بەختیارییە، خۆشەویستی نهێنیی دەروونێکی تەندروستە بۆ منداڵ و هەرزەکاران، بۆ لاوە و تازەپێگەشتووان، بۆ پیر و بەساڵاچووان.

واتای وشەی خۆشەویستی 

خۆشەویستی وشەیەکی لێکدراوە، لە (خۆش) (ویستی) پێکهاتووە، بە چەندەها وشەی لەسەر نووسراوە، خۆشەویستی ڕاستەقینە هەموو واتا جوانەکان کۆ دەکاتەوە، وەک: لێبووردن، بەخشندەیی، خۆبەخشی، وەفاداری، جوانی. خاڵی هاوبەشی زۆربەی گرفتە دەروونییەکان نەمانی خۆشەویستی ڕاستەقینەیە. 

جۆرەکانی خۆشەویستی بۆ منداڵ 

خۆشەویستی منداڵ لەلایەن دایک و باوکییەوە، زۆر شێوە و جۆری هەیە، بەشێکیان دەروونێکی باش و تەندروست بۆ منداڵ پێکدەهێنن، ئەو جۆرەیان منداڵ ئاسوودە دەکات و بناغەیەکی پتەوی بۆ دادەنێت. چەند جۆرێکی دیکەی خۆشەویستی هەیە، تێکدەر و وێرانەکەرن، وەک:
١- خۆشەویستی مەرجدار: دایک و باوک بە مەرج کوڕەکەیان یان کچەکەیان خۆشدەوێت، ئەگەر باش نەجووڵایەوە، یان گوێڕایەڵ نەبوو، یان سەرکەوتوو نەبوو، ئەوە خۆشیان ناوێت، یاخود ئەگەر کارێکیان پێ سپێردرا و نەیان کرد، خۆشیان ناوێت. هەندێک جار دایک و باوک بە منداڵەکانیان دەڵێن: ئەگەر ئەو کارەت کرد خۆشمان دەوێیت، خۆشەویستی ساغ و تەواو نابێت لە بەرانبەر هیچ مەرج و پاساوێکدا بێت، بە تایبەتی کە هێشتا بچووکە و لە واتای کینە تێ ناگات. 
٢- خۆشەویستی خۆپەرستانە: دایک و باوک لەبەر خاتری خۆیان منداڵەکانیان خۆش دەوێت، حەز دەکەن کوڕ و کچەکانیان لەبەرگیراوەی ئەوان بێت، هەموو شتێکی ئەوان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جۆرەشیان دەروونی منداڵ دەشێوێنێ و تووشی لادانی کۆمەڵایەتی دەکات. 
٣- زێدەڕۆیی لە خۆشەویستیدا: دیارە زێدەڕۆیی لە هیچ شتێکدا باش نییە، بە تایبەتی لە خۆشویستنی منداڵدا، لە جیاتی باشکردنی خراپی دەکات، خۆشەویستی بێ سنوور ئەوەیە کە منداڵ هەرچییەک داوا بکات بۆی جێبەجێ بکەیت، هەموو خواستەکانی بەدی بێنیت، نازی بدەیتێ و هەمیشە بە دوایەوە بیت. خۆشەویستی دەبێت هاوسەنگ بێت، نە کەم بێت نە زۆر. 
٤- خۆشەویستی منداڵ بەشێوەی نەخۆشی: دایک و باوک بە بێسنوور هۆگری منداڵەکانیان دەبن، بۆ چرکەیەکیش لێیان دانەبڕێن، تەنانەت لەسەر جێگای خەوتنیش لێیان جیا نابنەوە، ئەمەش دواتر بەسەر دایک و باوکی منداڵ خراپ دەشکێتەوە.
٥- خۆشەویستی خنکێنەر: دەستگرتن بەسەر هەموو جووڵە و ڕەفتارێکی منداڵدا، دەستگرتن بەسەر ئازادی و سەربەخۆیی و داهێنانی منداڵ، وتراوە هەندێک خۆشەویستی مرۆڤ دەکوژن.

هونەری دەربڕینی خۆشەویستی 

خۆشەویستی لە قوڵایی دڵی هەر دایک و باوکێکدا هەیە، ئەوە گرنگە کە چۆن ئەم خۆشەویستییە بۆ منداڵەکانیان دەردەبڕن، زۆر ئەوانەی کە دڵیان پڕە لە خۆشەویستی، بەڵام ڕۆژێک لە ڕۆژان دەریان نەبڕیووە. دەبڕینی خۆشەویستی بۆ منداڵ چەند هەنگاوێک لە خۆ دەگرێت: 
١- بە چاوی خۆشەویستی لە منداڵەکانتان بڕوانن: منداڵ دڵ گەرم دەکات و هەست بە بوونی دایک و باوکی دەکات. 
٢- بزەی خۆشەویستی: بزە یان خەندە کلیلی ئەفسوناوی دڵن. 
٣- ماچی خۆشەویستی: ماچ لە نێوان دایک و باوک و منداڵدا پەیامنێری خۆشەویستییە، ماچ گوزارشتە بە شێوەیەکی کردەیی، ماچی دایک و باوک بۆ منداڵ کاریگەرییەکی زۆری هەیە، هەست و نەستی منداڵ دەبزوێنێ، تووڕەییان کەم دەکاتەوە و دڵ و دەروونیان ئاسوودە دەبێت. 
٤- باوەشی خۆشەویستی: باوەشی دایک و باوک بۆ منداڵ بەهێزترین و ناسکترین گوزارشتی خۆشەویستییە.
٥- دیاری: دیاری با هەرچەند بچووکیش بێت بەڵام واتایەکی گەورەی هەیە، سادەترین واتای دیاری، گرنگی و بایەخ پێدانێتی، پێوەندی نێوان مرۆڤ بەهێز دەکات، دیاری پڕ لە پەیامی خۆشەویستی. 
٦- یاری کردن لەگەڵ منداڵ: منداڵ حەز دەکات دایک باوک یاری لەگەڵ بکەن ئەوە هیوای سەرەکی منداڵەکەیە. 
٧- سەیران و دەرچوون لەگەڵ منداڵان: خۆشترین کاتەکانی منداڵ ئەو کاتەیە کە دایک و باوک پێیان دەڵێن وەرن با بچینە دەرەوە، منداڵ بە لە کەش و هەوای خوێندن و ماڵەوە بە بەردەوامی بێزار دەبێت، ناو بە ناو پێویستیان بە دەرچوون و سەیرانە. 

بەرهەمی پەروەردەکردنی منداڵ بە خۆشەویستی

پەروەردەکردنی منداڵ بە خۆشەویستی، چەندان شوێنەواری باشی لێ دەکەوێتەوە، وەک:

  • منداڵێک بەرهەم دەهنێت دەروون ئارام و تەندروست دەبن. 
  • منداڵێک دروست دەبێت بناغەی ویژدانیان ئاسوودە دەبێت. 
  • منداڵێک بە خۆشەویستی پەرەەردە کرابێت گوێڕایەڵ دەبێت.
  • پاراستنی منداڵ لە تێکچوونی ڕەفتاری، وەک: توندوتیژی، درۆ، تووڕەبوون
  • پاراستنی منداڵ لە نەخۆشییە دەروونییەکان، وەک: دڵەڕاوکێ، ترس
  • دوورکەوتنەوەی منداڵ لە لادانە ڕەفتارییەکان، وەک: ڕاکردن لە کەش و هەوای ماڵەوە، جگەرەکێشان، گرفتە جنسییەکان، تاوانەکان بە هەموو شێوازەکانیەوە. 
  • ڕێگرتن لە ئاڵوودەبوون و خووی خراپ.
  • خۆشەویستی توانای بەخشندەیی لە منداڵدا دروست دەکات. 
  • خۆشەویستی باشترین دەرمانی لادانە ڕەفتاری و گرفتە دەروونییەکانە. 
  • باشترین میرات کە بۆ منداڵەکەتی جێ بهێڵییت، خۆشەویستییە. 
  • بە خۆشەویستی خێزانێکی بەختەوەر دروست دەبێت. 


سەرچاوەکان



613 بینین