بەکتریای ئیکۆلای

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2023-09-06-16:12:00 - کۆدی بابەت: 11231
بەکتریای ئیکۆلای

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئیشریشیا کۆلای کورتکراوەکەی ئی.کۆلای (بە عەرەبی: الإشريكية القولونية، بە ئینگلیزی: Escherichia coli) بەکتریایەکە بە ئاسایی لە ڕیخۆڵەی مرۆڤ و ئاژەڵی تەندروستدا دەژی. لە زۆربەی دۆخەکاندا ئەم بەکتریایە بێ زیانە و نەخۆشخەر نییە. یارمەتی هەرسکردنی خۆراک دەدات. سەرەڕای ئەمەش چەند سترەینێکی دیاریکراوی هەیە کە لەوانەیە ببێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی نەخۆشخەر وەکوو سكچوون، ئازار و گرژبوونی گەدە و تای نزم. هەندێکجار نەخۆشکەوتن بەم بەکتریایە دەکرێت مەترسیدار بێت.

شێوەی بەکتریای ئی. کۆلای

ئی. کۆلای بەکتریایەکی شێوە چیلکەیییە سەر بە خێزانی Enterobacteriaceaeیە. دەتوانێت لە بوون و نەبوونی هەوادا بژی. لەناو ڕیخۆڵەی مرۆڤ و ئاژەڵە خوێن گەرمە تەندروستەکاندا دەژی.

جۆرەکانی بەکتریای ئی. کۆلای کە دەبنە هۆی سکچوون

شەش سترەینی جیاوازی ناسراوی بەکتریای ئی. کۆلای هەن کە دەبنە هۆی سکچوون. بریتین لە:

  • Shiga toxin- producing E.coli : ئەم جۆرەیان بە زۆری بەو ئی. کۆلایە ناسراوە کە لە ڕێگەی خواردنی پیسەوە مرۆڤ تووش دەکات.
  • Enterotoxigenic E. coli: ئەم جۆرەیان دەبێتە هۆی ئەو سكچوونەی تووشی گەشتیار دەبێت.
  • Enteroaggregative E. coli
  • Enteroinvasive E. coli
  • Enteropathogenic E. coli
  • Diffusely adherent E.coli

چۆن بەکتریای ئی. کۆلای دەبێتە هۆی نەخۆشی؟

ناسراوترین سترەینی ئی. کۆلای کە دەتوانێت مرۆڤ تووشی نەخۆشی بکات، بە هۆی دروستکردنی ژەهرێکەوەیە پێی دەوترێت ژەهری شیگا. ئەم ژەهرە زیان بە ناوپۆشی ڕیخۆڵە باریکە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی سکچوون. ئەم سترەینە بە Shiga toxin-producing E. coli ناودەبرێت و زیاتر لە باکووری ئەمریکا بڵاوە و زۆرجاریش بە E.coli O157:H7  ناودەبرێت.

کێ لەبەردەم مەترسی تووشبووندایە؟

هەر کەسێک بەرکەوتەی هەبێت لەگەڵ ئەو سترەینەی ئی. کۆلای کە نەخۆشخەرە، ئەگەری تووشبوونی هەیە. ئەو کەسانەی کە مەترسی تووشبوونیان زیاترە ئەمانەن:

نیشانەکان

نیشانەکانی تووشبوون بەم بەکتریایە بریتین لە:

نیشانەکان بە نزیکەیی دوو بۆ پێنج ڕۆژ دوای بەرکەوتن بە بەکتریاکە دەردەکەون و پێنج بۆ حەوت ڕۆژ دەخایەنێت تا چاکبوونەوە.

لێکەوتەکان

زۆربەی کەیسەکانی تووشبوون بە بەکتریای ئی. کۆلای ئاساییین و نابنە هۆی مەترسی زۆر بۆ سەر تەندروستی کەسەکە. کەیسەکان بە پشوودان و خواردنەوەی شلەمەنی زۆر، خۆیان چاک دەبنەوە. سەرەڕای ئەمەش، هەندێک سترەین دەتوانن ببنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەی تووند و لێکەوتی مەترسیداریان لێ بکەوێتەوە وەکوو کۆنیشانەی شیبوونەوەی خوێنی یوریمی، کە دەکرێت ببێتە هۆی وەستانی گورچیلەکان و پاشان مردن.

هەندێک کەس، بە تایبەتی منداڵی تەمەن پێنج ساڵان و بچووکتریش، کە تووشی سترەینی O157:H7 دەبن تووشی حاڵەتێک دەبن پێی دەوترێت کۆنیشانەی شیبوونەوەی خوێنی یوریمی. لەم حاڵەتەدا ژەهری ناو ڕیخۆڵە دەبێتە هۆی سكچوون، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ ڕێڕەوی خوێن، خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەناو دەبات و زیان بە گورچیلەکان دەگەیەنێت. ئەم حاڵەتە مەترسیدارە تەنها لە ٥٪ بۆ ١٠٪ی ئەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە تووشی ئەم تووشبوونە بەکتریایییە دەبن.

چی دەبێتە هۆی تووشبوون

تووشبوون بەم بەکتریایە بە هۆی خواردنی (لە ڕێگەی دەمەوە) ئەو سترەینەی بەکتریایە کە نەخۆشخەرە. بەکتریاکە بە ڕێڕەوەی هەرسدا دەڕوات، ژەهرێکی لەناوبەر بەرهەم دەهێنێت کە پێی دەوترێت ژەهری شیگا و زیان بە ناوپۆشی ڕیخۆڵە باریکە دەگەیەنێت. بەرکەوتن و خواردنی ئەم بەکتریایە لە ڕێگەی خواردنی پیسبوو و ئاوی پیسبووە بەم بەکتریایە، یاخوود دەست دان لە دەم لە کاتێکدا دەستی کەسەکە بەم بەکتریایە پیسبووە، دەبێت.

خواردنی پیسبوو

گۆشتی سوور: لە کاتی سەربڕیندا دەکرێت گۆشتەکە بە بەکتریاکە پیس ببێت کاتێک ڕیخۆڵەی ئاژەڵەکە دەبڕدرێت. ئەمە لە کاتێکدا ئەگەری زۆرترە کە زیاتر لە ئاژەڵێک پێکەوە لە شوێنێکدا سەرببڕدرێن. هەروەها گۆشتی نەکوڵاوی پیس بوو بەم بەکتریایە دووبارە دەکرێت نەخۆشخەر بێت، بۆیە وا باشترە گۆشتەکە بەباشی بکوڵێنرێت.

شیری خاو: بەکتریای ئی. کۆلای لەناو گوانی مانگادا یان لەناو ئامێری دۆشیندا دەکرێت بچێتە ناو شیرە پاستورایز نەکراوەکە و بە خواردنەوەی شیرەکە، کەسەکە تووشی نەخۆشی دەبێت.

میوە و سەوزە: ئەو بەرهەمانەی لە نزیک کێڵگەی ئاژەڵدا دەچێنرێن دەکرێت بەم بەکتریایە پیس ببن، بۆیە دەبێت بەباشی بشۆردرێنەوە.

ئاوی پیسبوو

بەکتریای ئی. کۆلای لەناو پیسایی ئاژەڵ و مرۆڤیشدا دەکرێت بکەوێتە ناو هەر سەرچاوەیەکی ئاوییەوە وەکوو جۆگە، ڕووبار، دەریاچە، بیر و مەلەوانگەکان یاخوود تەنانەت سەرچاوە ئاوییەکانی شارەکانیش ئەگەر پاک نەکرێنەوە. لە کاتی قوتدانی ئاوی پیسبوو دەکرێت کەسەکە تووش ببێت. بۆیە گرنگە ئەوە بزانرێت تا دڵنیا نەبیت لە پاکوخاوێنی سەرچاوەی ئاوەکە، لێی نەخۆیتەوە.

دەستی پیسبوو

لە کاتی بەرکەوتنی دەست بە هەر سەرچاوەیەکی پیسبوو بەم بەکتریایە و پاشان بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی بە دەم، ئەگەری هەیە ئەم بەکتریایە بچێتە جەستەی کەسەکەوە. لە کاتی دەستدان لە پیسایی، دوای گۆڕینی دایبی منداڵی ساوا، نەشۆردنی دەستەکان لە دوای پیسایی کردن، دەستدان لە ئاژەڵ لە باخچەی ئاژەڵان و کێڵگەکان یان دەستدان لە پیسایی کەسی تووشبوو ئەگەری تووشبوون زیاد دەکات. گرنگە لە دوای هەریەکە لەمانە دەستەکان جوان بە ئاو و سابوون بشۆردرێت.

ئی. کۆلای لە ڕێگەی (دەمی- پیسایی)یەوە دەگوێزرێتەوە لە کەسەکەوە بۆ خۆی و بۆ کەسێکی تریش.

دەستنیشانکردن و پشکنینەکان

تووشبوونەکان بەم بەکتریایە دەکرێت لە ڕێگەی پشکنینی نموونەی پیسایییەوە دەستنیشان بکرێت.

چارەسەر

خۆشبەختانە، زۆربەی کەسانی تووشبوو بەم نەخۆشییە خۆیان چاک دەبنەوە. دەبێت نەخۆشەکە لە ماوەی تووشبووندا بڕێکی زۆر شلەمەنی بخواتەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەوە بکات کە لە ڕێگەی سكچوون و ڕشانەوەوە لە دەستی دەدات، هەروەها دەبێت تا دەتوانێت پشوو بدات.

ئاسایی دەرمانە دژەزیندەیییەکان بەکارناهێنرێت بۆ تووشبوونی تووند بە O157 چونکە دەبنە هۆی خراپترکردنی تووشبوونەکە و مەترسی تووشبوون بە کۆنیشانەی شیبوونەوەی خوێنی یوریمی زیادتر دەکەن. هەروەها نابێت هیچ دەرمانێکیش بەکاربهێنرێت بۆ وەستاندنی سکچوونەکە، چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەکتریاکە لە جەستەی کەسەکەدا بمێنێتەوە و دەیکات بە تووشبوونی درێژخایەن. پێنج بۆ حەوت ڕۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکان، کەسەکە هەست بە باشتر بوون دەکات.


سەرچاوەکان



758 بینین