پەستانی چاو

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-09-09-01:25:00 - کۆدی بابەت: 11253
پەستانی چاو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەستانی چاو (بە عەرەبی: ضغط العين، بە ئینگلیزی: eye pressure)، هەروەها پێی دەوترێت پەستانی ناو چاو یان (IOP- intraocular pressure) بریتییە لە پێوانی پەستانی شلەی ناو چاو، چاو ماددەیەکی هاوشێوەی جەلی هەیە پێی دەوترێت (vitreous humor) کە زۆربەی بەشی پشتەوەی چاو داگیردەکات. هەروەها بەشێکی تری چاو کە شلترە پێی دەوترێت (aqueous humor) شلەیەکی ڕوونی ئاوییە هەر وەکوو پلازمای خوێن وایە بەڵام بڕێکی کەمتر پڕۆتینی تێدایە. بەشێکی زۆری ئەم شلەیە دەکەوێتە بەشی پێشەوەی چاو لە نێوان کۆڕنیە و گلێنە. لە چاوێکی تەندروستدا، بڕێکی کەم لەم شلە ڕوونە هەیە، هەرکاتێک شلەی نوێ بچێتە ناو چاوەوە هەمیشە بڕێکی یەکسان بەو شلەیە دەکرێتە دەرەوە. زۆربەی شلەی چاو لە ڕێگەی گۆشەی دەردانەوە دەکرێتە دەرەوە کە دەکەوێتە پێشەوەی گلێنە. ئەم کردارە وا دەکات پەستانی چاو بە جێگیری بمێنێتەوە.

مەترسیەکان بەرزبوونەوەی پەستانی چاو

بەرزبوونی پەستانی چاو دەبێتە هۆی چەندین کێشەی پەیوەندیدار بە چاو و حاڵەتی توندی وەک گلوکۆما. ئەم زیادبوونی فشارە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە دەماری بینین و دەبێتە هۆی کێشەی بینین و کوێربوونی هەمیشەیی. هەر لەبەر ئەمەشە پێویستە پەستانی چاو لە مەودای ئاسایی خۆیدا بمێنێتەوە.

ڕێژەی ئاسایی پەستانی چاو

پەستانی چاو بە ملیمەتر جیوە دەپێورێت، پەستانی ئاسایی چاو بە گشتی لە نێوان ١٠ بۆ ٢١ ملیمەتر جیوە (mmHg) دادەنرێت. هەبوونی پەستانی چاو کە زۆر نزم بێت یان زۆر بەرز بێت دەتوانێت زیان بە بینایی بگەیەنێت. دەکرێت هەندێک کەس فشاری چاویان بەرزتر بێت و هیچ زیانێکی نەبێت. لە کاتێکدا لەوانەیە کەسانی تر بینایی لەدەست بدەن تەنانەت ئەگەر پەستانەکە ئاسایش بێت.

باوترین هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو

١- بەرزە پەستانی چاو بەهۆی ناهاوسەنگی لە بەرهەمهێنان و دەرکردنی شلە لە چاودا دروست دەبێت. زیاد بەرهەمهێنانی شلە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو، لە بەشی پێشەوەی چاودا شلەی زیاتر دروست دەکرێت بەڵام ناتوانرێت بەباشی بکرێتە دەرەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی شلە لەناو چاودا و بەرزبوونی پەستانی چاو.

٢- ئەو کەناڵانەی کە پێویستە بە شێوەیەکی ئاسایی شلەی زیادەی چاو دەربکەن بە خاوی کاردەکەن کە ئەمەش هۆکارێکی ترە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی چاو، چونکە کارنەکردنی کەناڵەکان بە شێوەیەکی دروست و دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی شلەکە لە چاودا.

٣- بەرکەوتنی زەبری دەرەکی بە چاو حاڵەتێکی ترە کە دەبێتە هۆی ناهاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و کردنە دەرەوەی شلەدا.

٤- هەروەها هەندێک دەرمانی وەک ستیرۆید و قەترەی چاوی ستیرۆیدی دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری چاو.

٥- حاڵەتەکانی تری چاو وەکو corneal arcus (دروستبوونی ئەڵەقەیەکی چەورییە لە دەرەوەی بیلبیلەدا)، pigment dispersion syndrome و چەندانی تر، پەیوەندییان بە زیادبوونی پەستانی چاوەوە هەیە.

نیشانەکانی بەرزبوونەوەی پەستانی چاو

  • ئازاری ناوەوە و دەوروبەری چاو
  • لێڵبوونی بینایی چاو
  • سووربوونەوەی چاو
  • خوران و ناڕەحەتی چاو
  • سەرئێشە

چارەسەری بەرزی پەستانی چاو

چارەسەری بەرزی پەستانی چاو دەرمان و نەشتەرگەری لەخۆدەگرێت. پزیشکی چاو بە پلەی یەکەم قەترەی چاو و دەرمانی پێدەدات کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی پەستانی چاو. ئەگەر دەرمان و قەترەی چاو یارمەتیدەر نەبوون بۆ کەمکردنەوەی پەستانی بەرز، لەوانەیە پزیشکەکەت پێشنیاری نەشتەرگەری بکات. لەیزەر یەکێکە لە بەناوبانگترین ڕێکارەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرزی پەستانی چاو.


سەرچاوەکان



430 بینین