ئەندامەکانی جەستە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-10-22:28:00 - کۆدی بابەت: 11269
ئەندامەکانی جەستە

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ئەندامەکانی جەستە (بە ئینگلیزی: The organs of the body، بە عەرەبی: أعضاء الجسم) بریتییە لە کۆمەڵە شانەیەکی جیاواز و خۆبەڕێوەبەر کە ئەرکێکی تایبەت لە جەستەدا ئەنجام دەدەن. دڵ و جگەر و گەدە نموونەی ئەندامەکانی مرۆڤن. وشەی ئەندام لە ئۆرگانۆمی لاتینییەوە هاتووە، کە بە واتای ئامراز دێت. ئەمە لە وشەی یۆنانی (ὄργανν) وەرگیراوە، کە ئاماژە بە ئامێرێکی مۆسیقا یان "ئۆرگانی لەش" دەکات. لە زۆربەی ئاژەڵ و ڕووەکەکان ئەندامەکان هەن. 

نموونەی ئەندامەکان

هەموو ئاژەڵەکان جگە لەو ئاژەڵانەی کە کەمتر تایبەتمەندن (تاک خانەن) وەک ئەوانەی لە ئیسفەنجی دەریایی پۆلێنی پۆریفێرا (phylum Porifera)، شانەی تایبەتمەندیان هەیە کە کۆکراونەتەوە و ئەندامەکانیان پێکهێناوە. لەشی مرۆڤ ٧٨ ئەندامی جیاوازی هەیە. گەورەترین ئەندام پێستە، لە کاتێکدا بچووکترین ئەندام بریتییە لە ڕژێنی کاژی کە هۆرمۆنی میلاتۆنین بەرهەم دەهێنێت. هەندێک ئەندام پێویستن بۆ مانەوەی مرۆڤ، هەر بۆیەش پێیان دەوترێت ئەندامە گرنگەکان. مرۆڤ پێنج ئەندامی گرنگی هەیە کە ناتوانێت بەبێ ئەوان بژیت ئەوانیش بریتین لە: مێشک، دڵ، جگەر، گورچیلە و سییەکان (کەسێک دەتوانێت یەک گورچیلەی هەبێت لەجیاتی دوو، یان یەک سی، بەڵام دەبێت یەک گورچیلە یان سیی هەبێت بۆ ئەوەی بژی).

ئەندامەکانی تر کاری گرنگ ئەنجام دەدەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش مرۆڤەکان دەتوانن بەبێ ئەو ئەندامانە بژین. بۆ نموونە، ئەگەر کەسێک شێرپەنجەی گەدەی هەبێت و بە تەواوی نەشتەرکاری گەدەی بۆ بکرێت، ئەوا تەواوی گەدەکەی لادەبرێت و سورێنچکی بە نەشتەرکاری دەبەسترێتەوە بە ڕیخۆڵەیەوە. لەوانەیە ئەو کەسانە تووشی هەندێک سەختی ببن و لەوانەیە پێویست بکات شێوازی خۆراکیان بگۆڕن بە خواردنی ژەمی بچووکتر و خواردنی پاڵپشتە خۆراکی، بەڵام ئەم کەسانە هێشتا دەتوانن خواردن لە ڕیخۆڵەکانیاندا هەرس بکەن، بۆیە دەتوانن بەبێ گەدە بەردەوام بن لە هەرسی خۆراک و لە ژیانیان بەردەوام بکەن. نموونەکانی دیکەی ئەندامە نا پێویستەکان بریتین لە میزڵدان، زراو و سپڵ.

هەندێک لە ئەندامەکان بە ئەندامە پاشماوەکان ناودەنرێن، ئەمە لەبەر ئەوەیە کە کەمێک یان هیچ کارێک لە جەستەدا ئەنجام نادەن. بە تێپەڕبوونی کات، ئەو ئەندامانە پێویست نامێننەوە. پاشکۆ یان ئەپێندیکس، ئەو بۆرییە بچووکەی کە بە ڕیخۆڵە ئەستوورەوە بەستراوەتەوە دەکرێت هەندێک جار تووشی هەوکردن ببێت و پێویست بە لابردنی بکات، بە شێوەیەکی بەربڵاو وا بیرکراوەتەوە کە ئەم ئەندامە پاشماوەیە چیتر ڕۆڵێکی گرنگی نییە لە هەرسکردندا. لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا ڕۆڵی هەیە لە کارکردنی بەرگری و پاراستنی بەکتریا باشەکانی ڕیخۆڵە.

هەرچەندە ڕووەکەکان سادەترن لە ئاژەڵەکان، بەڵام ڕووەکەکانیش بە هەمان شێوەی ئاژەڵان ئەندامیان هەیە. ئەمە ئەندامەکانی زۆربوون دەگرێتەوە وەک دەنکە هەڵاڵە و ئەندامی مێینەی گوڵ (کە لە گوڵەکاندا هەیە)، ڕەگ و گەڵاکان هەریەک لەم ئەندامانە ئەرکی تایبەت ئەنجام دەدەن وەک زۆربوون، هەڵمژینی خۆراک لە خاکەوە و ئەنجامدانی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن.

ئاستەکانی ڕێکخستن

چوار ئاستی جیاوازی ڕێکخستن هەیە لە زیندەوەرە فرەخانەکاندا، ئەندامەکان یەکێک لەم ئاستانە پێکدەهێنن. لە سادەترینەوە بۆ ئاڵۆزترینیان، زیندەوەرێک لە خانەکان، شانەکان، ئەندامەکان و کۆئەندامەکان پێکهاتووە. خانەکان گەورەترین ئاستی ڕێکخراوەیی پێکدەهێنن، خانەکان بەردی بناغەی زیندەوەرێکی زیندوون. ئەمەش بە دوای شانەکاندا دێت. شانەکان گروپێکن لە خانەی لێكچوو کە پێکەوە کار دەکەن و پێکهاتە و فرمانێکی هاوشێوەیان هەیە. چوار جۆرە شانەکەی لەشی مرۆڤ بریتین لە ماسولکە شانە، ڕووپۆشە شانە، بەستەرە شانە، و شانەی دەمار. ئەندامەکان، وەک ئاماژەی پێکراوە، کۆمەڵە شانەیەکی جیاوازن کە پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراو. کۆئەندامەکان بەرزترین ئاستی ڕێکخراوی جەستەن، کە لە کۆمەڵە ئەندامێک پێکهاتوون و پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراو. بۆ نموونە، کۆئەندامی هەرس ئەندامەکانی وەک گەدە، گەروو، سورێنچک، پەنکریاس، ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورە دەگرێتەوە و هەموو ئەم ئەندامانە ڕۆڵیان هەیە لە هەرسکردنی خۆراک و بەیەکەوە ئەرکی هەرسکردنی خۆراک جێبەجێدەکەن.

جۆرەکانی ئەندام

ئەندامەکانی لەش کۆدەکرێنەوە لە کۆئەندامە جیاوازەکاندا بەپێی کارەکانیان. هەروەها دەکرێت ئەندامێک لە دوو کۆئەندام هەبێت بۆ نموونە پەنکریاس، لە بەر ئەوەی پەنکریاس ڕۆڵی لە هەرسکردنی خۆراک هەیە بە بەشێک لە کۆئەندامی هەرس دادەنرێت، هەروەها ڕۆڵی لە دروستکردن و دەردانی هۆرمۆنیش هەیە بۆیە بەشێکیشە لە کوێرە ڕژێنە کۆئەندام ( بۆنموونە هۆرمۆنی ئەنسۆلین دەردەدات بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن). واتا لەسەر بنەمای ئەو ئەرکانەی کە ئەنجامی دەدات سەر بە هەردوو کۆئەندامەکەیە. مرۆڤ یانزە کۆئەندامی جیاوازی هەیە. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لەو ئەندامانەی کە لە هەر کۆئەندامێکدا هەن:

دەستەواژە بایۆلۆژیە پەیوەندیدارەکان

  • شانە (بە ئینگلیزی: Body tissue) کۆمەڵەیەکی تایبەتە لە خانەکان کە لەیەک دەچن و ئەرکێکی تایبەت ئەنجام دەدەن. شانە هاوشێوەکان ئەندامەکانیان پێکهێناوە.
  • کۆئەندامەکان (بە ئینگلیزی: Organ system) کۆمەڵە ئەندامێکن و پێکەوە کار دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیاریکراو. مرۆڤ ١١ کۆئەندامی هەیە.
  • ئەندامی پاشماوە (بە ئینگلیزی: Vestigial organ) ئەندامێکە کە بە تێپەڕبوونی کات کاری ڕەسەنی خۆی لەدەستداوە، و لە دوای تێپەڕبوونی کات هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە زیندەوەرەکەدا نامێنێت یان ئەسڵەن کاریگەری نامێنێت و پێویستە لاببرێت. وەک پاشکۆی ڕیخۆڵە یان ئاڵووەکان (لەوزە) هەر چەندە ئەم ئەندامانە ڕۆڵی گرنگی بەرگریان هەیە بەڵام کاتێک تووشی هەوکردن دەبن پێویست دەکات لاببرێن.


سەرچاوەکان



1280 بینین