هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسڕ و سووریا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-14-22:41:00 - کۆدی بابەت: 11283
هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسڕ و سووریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێرشی ناپلیۆن بۆ سەر میسڕ و سووریا (بە عەرەبی: غزو ​​نابليون لمصر وسوريا، بە ئینگلیزی: Napoleon's invasion of Egypt and Syria) هێرشی ناپلیۆن بۆناپارت کونسوڵی یەکەمی فەڕەنسا لە نێوان ١٧٩٨ بۆ ١٨٠٠ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتیش بۆ میسڕ بە یەکێک لە گرنگترین داگیرکارییەکانی ناپلیۆن هەژماردەکرێت کە بووەتە هۆی گۆڕانکارییەکی بەرفراوان لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەموو ڕوانگەیەکەوە. ئەم جەنگە لە ڕوانگەی مێژوونووسان لە مێژووی نوێدا گرنگی خۆی هەیە بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە بارەی پەیامی شۆڕش و ویستی داگیرکەرانە و چۆن شۆڕشێک کە لە وڵاتێکی ئەورووپی ڕوویداوە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە ژیان و کولتووری گەلانی ڕۆژهەڵاتی. 

زانیارییە گشتییەکان

بەرواری شەڕەکە: ڕۆژی ١ی مانگی تەموزی ساڵح ١٧٩٨ تاکو ڕۆژی ٢ی مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٨٠١. ماوەی جەنگەکە سێ ساڵ و دوو مانگ و یەک ڕۆژ بووە. 

شوێن: ئیمپراتۆری عوسمانی کۆن. 

ئەنجام و لێکەوتەی هێرشەکە: سەرکەوتنی عوسمانیەکان و بەریتانییەکان، کۆتایی هاتن بە دەسەڵاتی ماملوکەکان لە میسر، نەهێشتنی هاوپەیمانی نێوان فەڕەنسا و عوسمانییەکان، سەرنەکەوتنی فەرەنسا لە درێژەدان بە داگیرکاریەکەی لە سووریا و لە کۆتاییدا خۆ بەدەستەوەدانی فەرەنسا لە میسر بە مەرج. 

لایەکانی جەنگەکە: فەرەنسا کە هێزی (ئاڕمی دی ئۆریێنت) ناردبوو بۆ هێرشەکە دژی هێزەکانی عوسمانییەکان کە پێکهاتبوون لە ( هێزەکانی عوسمانی لە ویلایەتی میسڕ و جەزائیر، پاشا بوزرگەکانی ئەلبانیا، ماملوکەکان)، وە هێزەکانی سوپای بەریتانیا کە هاوپەیمانی عوسمانییەکان بوون لەم شەڕە. 

فەرماندە و سەرکردەکانی هێزی فەڕەنسا: ناپلیۆن بۆناپارت، ژان کلێبەر، تۆماس دوماس، ژاکوز مینۆ، ژان لانێس، لویز دیسێ، خواکیم مورات، لویز نیکۆلاس داڤۆت، ژان راپ، رینێ سەڤارێ، ژان ئەنتوان ڤێردیەر، ژان رێینیەر، لویز ئەندری بۆن،ژان باپتیەست بێسیەرس، کازین دی دمارتن، ماکسیلمیان کافارێلی، ژان باپتیەست پێرێ، چارلس دوگوا، مارتن دوپای، بروس دایەگالیەرس، چارلس ڤێلەنویڤ، هۆراس سباستیان، چارلز لویز لاسێل، رۆزێ د، لویز بۆناپارت، شێرۆ دۆراک، جۆزێف سولکۆڤسکی، لویز فریانت.

فەرماندە و سەرکردەکانی عوسمانییەکان و بەریتانییەکان: سەلیمی سێیەم، یوسف پاشا، موستەفا پاشا، محمد عەلی پاشا،جێزار پاشا، عەبدوڵا پاشا، مورارد بێک، ئیبراهیم بێک، عەبدوڵا بێک، حاتەم فەرحی، رالف ئەبراکرامبی، گۆردن درامند، ساموێل گراهام، جۆن مور، جۆرج رەمزی، جۆن هێلی هاچینسۆن، ویلیام بێرسفۆرد، سیدنی سمێز، هۆراتیۆ نێلسۆن، ئەنتوان دی.

ژمارەی ئەو سەربازانەی بەشداربوون: فەرەنسا بە ٤٠٠٠٠ سەرباز و ١٠٠٠٠ کەشتیوان بەشداری کردبوو. ژمارەی هێزەکانی عوسمانییەکان و بەریتانییەکان نەزاندراوە.

دەستپێکی هێرشی فەڕەنسا

هێرشی فەڕەنسا بۆ سەر وڵاتانی میسڕ و سووریا بە سەرکردایەتی ناپلیۆن بۆناپارت بوو، لە ماوەی ساڵانی (١٧٩٨ بۆ ١٨٠١) تاوەکو لە ژێر دەستی عوسمانییەکان دەریان بێنێت. لە کەتواردا ماوەیەکی زۆر لەمەوپێش فەرەنسا پلانی بۆ ئەم هێرشە دانابوو، بەڵام جێبەجێ نەکرابوو، بەڵام ناپلیۆن هەموو هەوڵی خۆی دا و توانی هێرشەکە بکاتە ڕاستەقینە و لە پلانێک دەریبێنێت. فەڕەنسا لەو هێرشەدا دوو ئامانجی سەرەکی هەبوو. یەکەمیان بریتی بوو لەوەی پارێزگاری لەو سوودە بازرگانییە بکات کە فەڕانسا لەو ناوچەیە هەیبوو. دووەمیان بریتی بوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی زانستی کە فەڕەنسا پلانی بۆ دانابوو لە ناوچەکە. سەرەتای جەنگەکە بە زنجیرە شەڕێکی دەریایی دەستی پێکرد کە ناوی (مێدەتەرێنیان)ە، دوای ئەم جەنگە فەڕەنسا توانی دورگەی ماڵتە، دواتر دوورگەی کریتی یۆنان و پاشان بەندەری ئەسکەندەریا لە میسڕ داگیربکات. لە کۆتاییدا جەنگەکە بە شکستی فەڕەنسا و کشانەوەی سوپاکەی لە ناوچەکە کۆتایی هات. هەرچەندە ناپلیۆن و سوپاکەی توانیان سەرکەوتنی زۆر لە سەرەتای هێرشەکە بەدەست بێنن و نەک میسر بگرە سووریاشیان داگیرکرد، بەڵام دواتر هێرشەکە پێچەوانە بووەوە و ناچاربوون بە کشانەوە لە ناوچەکە. هۆکاری سەرەکی گۆڕانی ئاڕاستەی جەنگەکەش، دۆڕانی فەرەنسییەکان بوو لە شەڕی دەریای (نیل) لە دژی بەریتانییەکان. کە بەهۆیەوە ڕێگای گەیاندنی هاوکاری لە فەڕەنساوە بۆ سوپای فەڕەنسا لە میسر داخست.

ئەم جەنگە سوودی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی و مرۆڤایەتی بە گشتی هەبوو. هەر لە دوای ئەم هێرشە (بەردی رۆزیتا) لە میسر دۆزرایەوە، کە بووە سەرەتایەک بۆ زانستی (میسڕناسی) و لێکۆڵینەوە لە مێژوو و شوێنەواری میسڕییە کۆنەکان، پڕۆژەی دروستکردنی گەرووی سوێس کە میسڕ تا ئەم سەردەمەش سوودی لێ دەبینێت.

ئەگەر چی خەڵکی میسڕی ئەوکات دژی فەرەنسییەکان وەستانەوە لە هێرش بۆ سەر وڵاتەکەیان بەڵام دواتر هەستیان بە سوودی ئەم داگیرکارییە کرد، جگە لەوە خانەی چاپ و پەخش لە قاهیرە کرایەوە کە میسڕ بووە سەنتەری چاپی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب لە وڵاتانی عەرەبی زمان. 

هێرشی فەڕەنسا بۆ سەر میسڕ و سووریا خۆی لە چەند قۆناغێکدا دەبینێتەوە هەر لە پلاندانان و ئامادەکاری تا کشانەوە زنجیرەیەک قۆناغن کە ئەمانەن. 

  • ئامادەکاری و بەڕێکەوتن بۆ هێرشەکە: ناپلیۆن و هەوڵەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکە،  پلانی درێژخایەنی فەڕەنسا سەبارەت بە ناوچەی هێرشەکە.
  • داگیرکردنی ماڵتا: داگیرکردنی دوورگەی ماڵتا بە ناچاری. 
  • دابەزین لە ئەسکەندەریە و داگیرکردنی میسڕ: داگیرکردنی میسڕ دوای چەند ململانێیەکی زۆر لەگەڵ هێزەکانی عوسمانییەکان و بەریتانییەکان. 
  • داگیرکردنی سووریا: دوای داگیرکردنی میسڕ ناپلیۆن چاوی بڕییە ناوچەکانی تری خاکی عەرەب و بە تایبەت سووریا. 
  • شەڕەکانی بەشی سەرەوەی وڵاتی میسڕ: ئەمەش خۆی لە چەند زنجیرە شەڕێکی جیاواز دەبینێتەوە لەگەڵ ماملوکەکان. 
  • کشانەوە لە میسڕ: دوای ئەوەی بارودۆخەکە لەسەر فەڕەنسا قورس بوو، وڵاتانی ئەورووپا کەوتنە گەلەکۆمەکی لێی تا بە یەکەوە داگیری بکەن ناپلیۆنیان ناچار کرد بگەڕێتەوە میسڕ و پاشان هێزەکانی تری فەڕەنساش بەدوایەوە کشانەوە و بە بەدەستەوەدانی بە مەرج. 
  • کاریگەرییەکانی جەنگەکە لەلایەنی زانستی: دوای هێرشەکە گۆڕانکارییەکی زۆر بەسەر وڵاتی میسڕ داهات و زیاتر بەرەوپێش چوو، ئەم هێرشە بە خاڵی گۆڕانکاری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەندرێت. 
  • پوختەیەک لەسەر جەنگەکە: پوختەیەک لە بارەی لێکەوتەکانی هێرشەکەی فەڕەنسا بۆ سەر میسڕ و سووریا.


سەرچاوەکان



1862 بینین