لۆریس

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-09-26-21:10:00 - کۆدی بابەت: 11376
لۆریس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لۆریس (بە ئینگلیزی: Loris، بە عەرەبی: لوریس)، بوونەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و پەیوەندی و پەیوەستی هەیە لەگەڵ مەیموونەکان، نشینگەکەی دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا و لە دارستانە باراناوییەکاندا دەژی، زۆرینەی کاتەکانی لەسەر دارەکان بەسەر دەبات، نزیکەی ١٠ جۆری ناسراوی هەیە و یەکێک لە جۆرەکانی کە ناوی لۆریسی هێواشە ژەهراوییە، کە ئەگەر مرۆڤ بگەزێت ئەوا دەبێتە هۆی بۆگەنبوون و خراپبوونی جێگەی گەستنەکە.

مەترسییەکی گەورەی لەناوچوون و قڕبوون لەسەر هەموو جۆرەکانی هەیە، هەڕەشەی سەرەکیش بەهۆی مرۆڤەکانەوە دروستبووە، هەرچەندە ڕاوکردن و ماڵیکردنی قەدەغەیە و سزای لەسەرە، بەڵام هێشتا خەڵکی بەڕێگای نایاسایی دەیان گرن و بەکاریاندەهێنن لە چارەسەر و دەرمانە کلتوورییەکانی ئاسیادا، یاخود بازرگانییان پێوەدەکەن لە بواری ئاژەڵە ماڵییە سەیرەکان.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین جیاکەرەوەی هەبوونی دوو چاوی گەورەیە کە بە پەڵەیەکی تاریک دەورەدراوە، جگە لەئەوەش یەکێک لە پەنجەکانی زۆر کورتە، جەستەی بە فەروو داپۆشراوە و بەگشتی ڕەنگەکەی ڕەساسی یان قاوەیییە بەڵام دەکرێت قاوەییەکەی تۆخ یان کاڵ بێت، قەبارەکەی زۆر گەورە نییە و کێشێکی کەمی چەند کیلۆگرامی هەیە، درێژییەکەشی لە نێوان ٢٠-٣٨ سانتیمەترە.

هەستی بینینی زۆر بەهێزە چونکە چاوەکانی هاوشێوەی هاوێنەن، لە دیوی دەرەوەی چاویدا چینێکی نایابی وێنەدانەوە هەیە کە بەهۆیەوە تەنانەت بە شەویشدا دەتوانێت بە ڕوونی ببینێت، جیاواز لە مەیموونەکان لۆریس کلکی درێژی نییە، بەڵام هاوشێوەی مەیموونەکان زۆرینەی کاتەکانی لەسەر دارەکانە، دەتوانێت بەهۆی بەکارهێنانی هەر چوار پەلەکەیەوە بەسەر دارەکاندا وەک مارێک بڕوات و خۆی بگرێت.

خۆراک

لۆریس گیانەوەرێکی هەمووشتخۆرە و شەوانە چالاکییەکانی ئەنجام دەدات بە ڕۆژیشدا دەخەوێت و پشوو دەدات، ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە باڵندەی بچووک، مێرووەکان لەگەڵ خشۆکەکان، هەرچەندە دەتوانێت خواردنی جیاوازتریش بخوات وەک هێلکە، شیلەی گوڵ، میوە، ڕووەکەکان لەگەڵ جەلی بەڵام خۆشی دەبێت بە نێچیری چەندین بوونەوەری بەهێزی تر وەک باز، مار، هەڵۆ، ورچی خۆر و پشیلە کێوییەکان.

لەکاتی هەستکردن بە مەترسی بە خێرایی دەجووڵێن و سوود لە کەڵبە تیژەکانیان وەردەگرن کە دەتوانن تەنانەت دار و ئێسکیش ببڕن، یاخود هەندێک لە لۆریسە هێواش و لوولەییەکان کاتێک ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە لە جێگەی خۆیاندا لەجووڵە دەکەون، چاوەڕێدەکەن هەتاکوو مەترسییەکە نەمێنێت، ئەگەر ئەمەش سوودی نەبوو ئەوا بە شێوازێکی ناشرین سەیری بەرانبەرەکەیان دەکەن و دەنگی هاوشێوەی بێ ڕێزیکردن دەردەکەن، لەگەڵیدا لە ڕێگەی ڕژێنەکانیان بۆنی ناخۆش و بێزارکەر بڵاودەکەنەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتی هەڵهاتن و ڕزگاربوونیان بۆ بڕەخسێت.

یەکگرتن و زۆربوون

گیانەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و ئەندامەکانی خێزانێک پێکەوە و بەشێوەی خێزانی بچووک دەژین، مێینەکان لە تەمەنی دوو ساڵییەوە دەتوانن بێچوویان ببێت، ماوەی یەکگرتنیش بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و جیاوازی تێدایە، دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکان لە نێوان ١٦٦-٢٠٠ ڕۆژە، بەڵام لە هەندێک لە جۆرەکانیدا ماوەکە کەمترە، ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووەکانیش کە لەدایکدەبن ١-٢ بێچووە، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان پەمەیی و بێ فەروون.  

دایکەکە خۆراکیان بۆ دەهێنێت و گرنگیان پێدەدات، کاتێک دایکەکان بێچووەکانیان جێدەهێڵن لەسەر دارەکان بەمەبەستی گەڕان بە دوای خواردندا، ئەوا سەرەتا بێچووەکە دەخەنە جێگەیەک و فەرووەکەی بە لیکی خۆیان تەڕدەکەن، ئەو لیکە وەک ژەهرێکە و بێچووەکە دەپارێزێت لە گیانەوەرە ڕاوکەرەکانی وەک ورچ و پڵنگ، تەمەنی سەربەخۆبوونی بێچووەکان لە سێ ساڵییەوە دەستپێدەکات، جگە لە ئەمانەش سوڕی ژیانی لۆریس لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵە.

جۆرە سەرەکییەکان

  • لۆریسی درێژکۆلەی رەساسی.
  • لۆریسی هێواش
  • لۆریسی هێواشی بەنگالی
  • لۆریسی درێژکۆلەی سوور
  • لۆریسی هێواشی خاڵدار
  • لۆریسی هێواشی بانکا
  • لۆریسی هێواشی فلیپینی
  • لۆریسی هێواشی جاڤا


سەرچاوەکان



381 بینین