ئەڵگۆفۆبیا (ترس لە ئازار)

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-09-28-20:58:00 - کۆدی بابەت: 11382
ئەڵگۆفۆبیا (ترس لە ئازار)

ناوه‌ڕۆك



ناساندن

ئەڵگۆفۆبیا یان ترس لە ئازار (بە ئینگلیزی: Algophobia  or Fear، بە عەرەبی: الجوفوبيا او الخوف من الألم). ئەم حاڵەتە دەروونییە لەو کەسانەدا باوە کە نەخۆشی ئازاری درێژخایەنیان هەیە، دەکرێت بترسن لەوەی کە ئازارەکەیان بگەڕێتەوە یان خراپتر ببێت. زۆربەی خەڵک دەتوانن ترسی پەیوەندیدار بە ئازار کۆنترۆڵ بکەن بە تێکەڵەیەک لە چارەسەری دەروونی و وەرزش و چارەسەری بەرکەوتن.

ئەڵگۆفۆبیا چییە؟

ئەڵگۆفۆبیا ترسێکی زۆرە لە ئازاری جەستەیی. لە کاتێکدا کەس نایەوێت ئەزموونی ئازار بکات، ئەو کەسانەی ئەم فۆبیایەیان هەیە هەستێکی توندی نیگەرانی و ترس و خەمۆکییان هەیە لە بیرکردنەوە لە ئازار. هەروەها دڵەڕاوکێی ئەلگۆفۆبیا لەوانەیە کەسەکە زیاتر هەستیار بکات بۆ ئازار. ئەڵگۆفۆبیا زۆر باوە لەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. ناوەکانی دیکەی ئەم نەخۆشییە بریتین لە "ترسی پەیوەندیدار بە ئازار" و "دڵەڕاوکێی ئازار."

ئەڵگۆفۆبیا چەند باوە؟

ترسەکە زیاتر لەو کەسانەی کە ئازاری درێژخایەنیان هەیە باوە. توێژینەوەیەک دەریخستووە نیوەی ئەو کەسانەی کە ئازاری پشتیان هەیە ترسیان لە ئازارەکانیان هەیە. ئازاری درێژخایەن لە نێوان لە سەدا بیست بۆ پەنجای خەڵکی جیهان تووشی دەبن و یەکێکە لە هۆکارە باوەکان بۆ ئەوەی ئەو کەسانە سەردانی چاودێری تەندروستی بکەن. نزیکەی لە %٦٧ی ئەو کەسانەی ئازاری درێژخایەنیان هەیە لەگەڵیدا نەخۆشی دەروونی وەک دڵەڕاوکێ و خەمۆکییان هەیە.

نیشانە و هۆکارەکان

هۆکارەکانی ئەڵگۆفۆبیا چین؟

ترس و دڵەڕاوکێ لە دۆخە مەترسیدارەکان دەمانپارێزن. ئەگەر ئێمە ورچێک ببینین، ئەوە سروشتییە کە هەست بە ترس بکەین و بمانەوێت ڕابکەین. بەڵام ئەو کەسانەی ئازاری درێژخایەنیان هەیە ترس و دڵەڕاوکێی بەردەوامیان بۆ دروست دەبێت. دەکرێت خۆیان بەدوور بگرن لە چالاکی یان بارودۆخێک کە پێیان وایە دەبێتە هۆی ئازار. بەداخەوە، زیادەڕۆیی لە هەڕەشەی ئازار دەتوانێت ئازارەکە خراپتر بکات.

ئەو ماددانەی لە مێشکدا هەن و ترس و دڵەڕاوکێ ڕێکدەخەن هەمان ئەو ماددانە ئەوە ڕێکدەخەن چۆن هەست بە ئازار دەکەین. کەواتە ناهاوسەنگی کیمیایی ماددەکانی مێشک ئەگەر ڕووبدات دەتوانێت ببێتە هۆکاری هەردوو کێشەکە.

کێ لە مەترسیدایە بۆ ئەڵگۆفۆبیا؟

ئەڵگۆفۆبیا دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەموو کەسێک هەبێت، بەڵام زۆر باوە لەو کەسانەی بەتەمەنن و نەخۆشی ئازاری درێژخایەنیان هەیە. جۆرەکانی ئازاری درێژخایەن بریتین لە:

  • ئازاری پەیوەندیدار بە شێرپەنجە
  • سەرئێشە
  • ئازاری هەوکردنی (ئازار بەهۆی هەوکردن یان نەخۆشی بەرگری خۆیی)
  • ئازاری ماسولکە و ئێسک وەک ئازاری پشت یان هەوکردنی جومگە
  • ئازاری دەمار (ئازار بەهۆی تێکچوونی دەمارەکان یان تێکچوونی کۆئەندامی دەمار).
  • ئازاری هەڵخەڵەتێنەر (ئازارێک کە بەهۆی برینێکی شانەییەوە دروست دەبێت وەک برین یان سوتان).
  • ئازاری دەروونی (ئازاری پەیوەندیدار بە فاکتەرە دەروونییەکان).

نیشانەکانی ئەڵگۆفۆبیا چین؟

ئەو کەسانەی کە ئەڵگۆفۆبیایان هەیە لەوانەیە ئەم سووڕەی ئازار و دڵەڕاوکێ نیشان بدەن:

بەکارەساتچواندن: ئەگەر کەسێک ئەلگۆفۆبیا هەبێت، لەوانەیە ئازار وەک هەڕەشەیەک تێبگات. بۆ نموونە، چالاکییەکی سادە وەک وەرگرتنی ئیمەیڵ بە مەترسیدار دەبینێت و دەڵێت ئەگەر کەوتم و قاچەکانم شکان لە ڕێگای سندوقی پۆستەکە، دواتر دەکرێت ئازارەکە ڕێگری لێ بکات لە کارکردن و بژێوی ژیان بەدەست هێنان. واتا لێرەدا ترسی ئازار لە پێشبینیکردنی ئازارەوە دێت نەک ئەزموونکردنی ئازار.

چاودێریکردنی زۆر: کاتێک کەسێک زۆر هەست لەسەر ئازار ڕاگرێت زیاتر هەستی پێدەکات. بۆ نموونە کاتێک دەچیت بۆ ئەنجامدانی پشکنینێکی تاقیگەیی، ئەگەر زۆر ترست هەبێت لەوەی ئازاری هەبێت دەرزییەکە ئەکید هەست بە ئازارەکە دەکەیت. چونکە لێرەدا و لە مێشکی خۆتدا سیناریۆیەکت بۆ ئازارەکە دروستکردووە و بە ئەنجامدانی کردارەکان ئەگەر ئازاریشی نەبێت تۆ هەستی ئازارت بۆ دروست دەبێت. لێرە چالاکی بێ زیان یان هەستی جەستەیی لەگەڵ ئازار پەیوەست دەکەیت.

خۆپاراستن لە ترس: خۆ بەدوور گرتن لە چالاکی یان جووڵە کە پێت وایە دەبنە هۆی ئازار. هەندێک کەس تووشی نەخۆشی کاینسۆفۆبیا kinesophobia دەبن (ترس لە ئازار بەهۆی جووڵە)، کە ڕێگری دەکات لە چاکبوونەوە. خۆدوورگرتن لەوانەیە ببێتە هۆی کەمئەندامی زیاتر، زیادبوونی ئازار و کێشەی تەندروستی تر. هەروەها دەتوانێت کاریگەری لەسەر توانای کارکردن لە قوتابخانە یان لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەو کەسانەی ئەلگۆفۆبیایان هەیە هێرشی کتوپڕی ترسیان بۆ دروستببێت لە کاتی بیرکردنەوە لە ئازار. نیشانەکانی هێرشی ترس (کە لەلایەن دەرمارە کۆئەندامەوە ڕاگەیاندنەکان لێکدەدرێنەوە و نیشانەکان دروستدەبن) لەوانەیە بریتین لە:

  • لەرزوتا
  • سەرسووکبوون، سەرسوڕان و سەرگێژخواردن
  • زیادەڕەوی لە ئارەقکردنەوە (Hyperhidrosis)
  • تێکچوونی گەدە و کێشەی هەرسکردن (Dyspepsia) 
  • ناڕێکی لێدانی دڵ
  • هێڵنجدان
  • لەرزین یان مێروولەکردن
  •  هەناسە کورتی (Dyspnea) 

دەستنیشانکردن و پشکنین

دەستنیشانکردنی ئەلگۆفۆبیا زەحمەتە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە. چاودێری تەندروستی هەوڵ دەدات ترس لە ئازار (ئەڵگۆفۆبیا) جیا بکاتەوە لەو ئازارە ڕاستەقینەی کە ئەزموونی دەکەیت. زۆر گرنگە کە زۆرترین وردەکاری دەربارەی ئازارەکەت بدەیت بە کارمەندانی چاودێری تەندروستی. چاودێرەکە داوای زانیاری دەکات دەربارەی ئەوەی چەند ئازارت هەیە؟ ئازارەکە چەند دەخایەنێت؟ چەند جار ئەزموونی ئازار دەکەیت؟ هەروەها دەربارەی هەست و بیرکردنەوەکانت لەسەر ئازار.

دابینکەری چاودێری تەندروستی لەوانەیە تاقیکردنەوەیەک بەکاربهێنێت بەناوی پێوەری نیشانەکانی دڵەڕاوکێی ئازار (PASS) بۆ هەڵسەنگاندنی توندی ئەلگۆفۆبیا.
تاقیکردنەوەکە داوات لێدەکات کە وەڵامەکانت بۆ لێدوانەکانی وەک "ناتوانم ڕاستەوخۆ بیر بکەمەوە کاتێک ئازارم هەیە" یان "ئازار بێزارم دەکات." بە ڕێژەی پێوانەکردن لە سفر (هەرگیز) ەوە بۆ ٥ (هەمیشە) هەڵبژێریت. پرسیارنامەکانی تر دەتوانن ئاستی خۆدوورگرتنت یان بوونی کاینیسۆفۆبیا هەڵسەنگێنن.
کارمەندی چاودێری تەندروستی دەتوانێت دەستنیشانی ئەڵگۆفۆبیا بکات لە کاتی بوونی:

  • خۆ بەدوورگرتن لەو چالاکییانەی کە پێت وایە دەبێتە هۆی ئازار.
  • ترس و دڵەڕاوکێی زیاد لە پێویست لە کاتی بیرکردنەوە لە ئازار.
  • ترس لە ئازار بۆ ماوەی شەش مانگ یان زیاتر.
  • کەمکردنەوەی ئاستی ژیانکردن بەهۆی ترس لە ئازار.

بەڕێوەبردن و چارەسەر

چۆن ئەڵگۆفۆبیا بەڕێوە دەبرێت یان چارەسەر دەکرێت؟

چاودێری تەندروستی ئەم چارەسەرانەی خوارەوە پێشنیار دەکات بۆ فۆبیا بە گشتی:

چارەسەری هەڵسوکەوتی زانستی (CBT): کە جەخت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی یارمەتیت دەدات شێوازی بیرکردنەوەت بگۆڕیت دەربارەی ئازار. کارمەندانی تەندروستی لەوانەیە فێرت بکەن دەربارەی ئەوەی چی دەبێتە هۆی ئازار و چۆنیەتی پرۆسەکردنی ئازار. ئەم زانیاریە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی هەڕەشەی ترس بکات.

چارەسەری بەرکەوتن: ئەم جۆرە چارەسەرە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو چالاکی یان جووڵەیەک دەتخاتە ڕوو کە پێشتر خۆت بەدوور دەگرت چونکە باوەڕت وابوو دەبێتە هۆی ئازار. بۆ نموونە، بەرزکردنەوەی قاچە سووکەکان لەوانەیە یارمەتیت بدات بۆ زاڵبوون بەسەر ترس لە ئازاری قاچەکانت.

وەرزش و چالاکی جەستەیی: بەرزکردنەوەی ئاستی چالاکی و وەرزشکردن لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی ترس لە ئازار. وەرزش دەتوانێت ماددە کیمیاییەکانی ناو مێشکت زیاد بکات کە دەروونت باشتر دەکات و یارمەتیت دەدات بە شێوەیەکی کاریگەرتر ئازار بەڕێوە ببەیت.

دەرمانەکان: چارەسەرێکی کەمتر باون بۆ فۆبیا، بەڵام دەتوانن یارمەتی هەندێک کەس بدەن کاتێک چارەسەری بەرکەوتن نیشانەکان کەم ناکاتەوە. لە نموونەی دەرمانەکانیش دەرمانەکانی دژە دڵەڕاوکێ و دژە خەمۆکین، یان دەرمانەکانی تر کە کاریگەرییان لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە دەروونییەکان هەیە.

خۆپاراستن

هیچ ڕێگایەک نییە بۆ ڕێگریکردن لە ئەلگۆفۆبیا، بەڵام دەتوانرێت مەترسی دڵەڕاوکێی ئازار و ئازاری درێژخایەن کەم بکرێتەوە بە:

  • دوورکەوتنەوە لەو شتانەی کە دەتوانن دڵەڕاوکێ خراپتر بکەن، وەک کافاین، دەرمان یان کحول.
  • پاراستنی شێوازی ژیانی تەندروست بە نەکێشانی جگەرە، خەوتنێکی باش، وەرزشکردن و خواردنی ژەمی تەندروست و هاوسەنگ.
  • هاوبەشکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەگەڵ کەسانی پاڵپشتی وەک ئەندامانی خێزان، دۆست و هاوڕێکان.

چی کاتێک پێویست بە سەردانی پزیشک دەکات؟

  • کاتێک نیشانەکان کاریگەرییان دروستکرد لەسەر ژیانی ڕۆژانە.
  • لە کاتی بوونی نیشانە لەناکاوەکانی هێرشی ترس.


سەرچاوەکان



472 بینین