بەرخی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-05-10:49:00 - کۆدی بابەت: 11401
بەرخی دەریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەرخی دەریا (بە ئینگلیزی: Manatee، بە عەرەبی: خروف البحر)، یاخود بە مانگای دەریاش ناودەبرێت و لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندا پۆلێنکراوە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و زیاتر لە ناوچە ئاوییە گەرمەکاندا دەژی لەگەڵ ڕووبارە هێواشڕەوەکان، بە درێژایی مێژوو جێگەی ژیانکردن و جۆرایەتی خواردنیان گۆڕاوە بەمەبەستی بەردەوامبوون لە ژیان، بەگوێرەی بەڵگەکان لە ڕابردوودا بەرخی دەریا تەنها لە ئاوی سازگاردا ژیاوە و گژوگیای ئاوە سازگارەکانی خواردووە، بەڵام دواتر پەرەیسەندووە و لە ئاوە سوێرەکانیشدا نیشتەجێبووە.

سێ جۆری سەرەکی هەیە و هەموویان مەترسی و هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە، هەڕەشەکان بە گشتی بەهۆی مرۆڤەکانەوەیە، بۆ نموونە زۆرینەی بەرخە دەریاییەکان دەمرن بەهۆی ئەو بەلەم و کەشتییانەی کە پیایاندا دەکێشن، زاناکان دەڵێن بەرخی دەریا گوێبیستی ئەو لەرەلەرە نزمانە نابێت کە لە بەلەم و کەشتییەکانەوە دەردەچێت، بەهۆیەوە یان بریندار دەبێت و دواتر دەمرێت یان ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەریەککەوتنەکەدا دەمرێت.

مەترسییەکی تر بەهۆی بەرخی دەریا خۆیەوە ڕوودەدات، بۆ نموونە جۆرێک قەوزە دەخۆن کە ژەهراوییە و دەیانکوژێت، یاخود بەرخە دەریاییە بچووک و گەنجەکان کە شارەزا نین کۆچ دەکەن بۆ ئاوی سارد و لەوێدا جەستەیان بەرگە ناگرێت و دەمرن، بەڵام ڕاوکەریان کەمە لە ئاودا و بەگشتی تەنها قرشەکان هەندێکجار ڕاویان دەکەن و دەیانخۆن.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە پێستێکی ساف داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی دەکرێت قاوەیی یان ڕەساسی بێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بوونەوەری بچووکتری وەک قەوزە خۆیان دەنوسێنن بە پێستەکەیەوە و لەسەری دەژین ئەوا دەکرێت هەندێک جار ڕەنگەکەی سەوز دەربکەوێت، قەبارەیەکی گەورەی هەیە کە درێژی هەندێکیان دەگاتە نزیکەی چوار مەتر و کێشی لە نێوان ٤٠٠-٥٥٠ کیلۆگرامە، هەروەها مێینەکان گەورەترن بە بەراورد بە نێرینەکان.  

ئەم بوونەوەرە ئاوییە کەوانەی ڕیشەداری نییە، لەبەر ئەوە کاتێک دەخەوێت دەچێتە نزیک سەر ڕووی ئاو بۆ ئەوەی لەکاتی خەوتنیدا بتوانێت هەناسە بدات، شێوەی ڕووخساری زۆر جیاوازە کە لێوی سەرەوەی بەئاسانی دەجووڵێت و شێوە وەردەگرێت، ئەمەش هاوکاری دەکات لە کۆکردنەوەی خواردنی زۆر و پەیوەندیکردن بە بەرخی دەریایی ترەوە، تەنها شەش ددانی هەیە لە هەموو ژیانیدا، بەڵام لە سەرەتاکانی تەمەنیدا ددانەکان نەرمن و دەکەون پاشان بە ددانی تر پڕدەبنەوە، بە بەراورد بە گەورەیی سەری چاوەکانی بچووکن و لە نزیک یەکترییەوە جێگیربوون، کلکێکی گەورەی شێوە سەوڵی هەیە کە یارمەتیدەدات لەوەی بە ئاسانی مەلەبکات، بە هێواشی دەجووڵێت و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ٢١ کیلۆمەتر ببڕێت.

خۆراک

گیانەوەرێکی ڕووەکخۆرە و ژەمە سەرەکییەکانی بریتین لە قەوزە لەگەڵ گوڵ و گژوگیای ئاوی، لەناویشیاندا گژوگیا ئاوییەکان خۆراکی دڵخواز و پەسەندییەتی، زۆرینەی کاتەکانی لە خواردندا بەسەردەبات کە لە قوڵایی ئاوەکاندا ڕووەکە ئاوییەکان دەخوات، نیوەی ڕۆژەکە دەخەوێت و نیوەکەی تریشی خواردن دەخوات، هەموو ڕۆژێک بە ئەندازەی ١٠-١٥%ـی کێشی جەستەی خۆراک دەخوات، بەڵام بەرخی دەریا خۆشی دەبێت بە نێچیری گیانەوەری تری وەک قرشەکان یاخود بەهۆی مرۆڤەکانەوە دەمرن و ڕاودەکرێن.

یەکگرتن و زۆربوون

شێوازی ژیانکردنی هەر تاکێک بەتەنهایە واتە پێکەوە کۆمەڵە دروست ناکەن، تەنها لە دوو کاتدا نەبێت یەکەمیان دوو هاوبەشە کە یەکگرتن بکەن دووەمیشیان دایکێکە لەگەڵ بێچووەکانی، بەرخی دەریایی هەموو ٢-٥ ساڵێک تەنها یەکجار یەکدەگرن، کاتی یەکگرتنیش کۆمەڵەیەکی گەورەی یەکگرتن دروستدەکەن و تێیدا چەندین نێرینە هەوڵ بۆ بەدەست هێنانی مێینەیەک دەدەن.

دوای یەکگرتن ماوەی سکپڕی مێینەکە نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، بەگشتی لەهەر جارێکدا تەنها یەک بێچووی دەبێت و هەندێک جاریش بە دەگمەن دووانەی دەبێت، دوای لەدایکبوونی بێچووەکە ڕاستەوخۆ توانای مەلەکردنی هەیە، دایکەکە دەبێت ئاگاداری بێچووەکەبێت، هەرچەندە بێچووەکانیش لە دوای تەنها چەند هەفتەیەک دەتوانن ڕووەکە ئاوییەکان بخۆن، بەڵام هەندێک لە دایکەکان هەتاکوو بێچووەکانیان دەگەنە سەرو دوو ساڵیش گرنگییان پێدەدەن، دواتر لە تەمەنی پێنج ساڵیدا دەگەنە تەمەنی توخمە پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، جگە لە ئەمانەش بەرخی دەریا گیانەوەرێکی تەمەن درێژە و سوڕی ژیانی لە نێوان ٥٠-٧٠ ساڵە.

جۆرە سەرەکییەکان

  • بەرخی دەریایی ڕۆژئاوای هیندستان: ئەم جۆرەیان دوو جۆری جیاوازتر لە خۆ دەگرێت، کە بریتین لە بەرخی دەریای فلۆریدا لەگەڵ بەرخی دەریای ئەنتیل.
  • بەرخی دەریایی ڕۆژئاوای ئەفریقا: ئەم جۆرە لە ڕووبارە سازگارەکانی ئەفریقادا دەژی.
  • بەرخی دەریایی ئەمازۆنی: ئەم جۆرەیان تەنها لە ئاوی سازگاردا دەژی و قەبارەی لە دوو جۆرەکەی تر بچووکترە.

بەرخە دەریاییەکان تەنها سێ جۆرن و هەریەکێکیان ناوەکانیان بە گوێرەی نشینگەکانیان وەرگرتووە.


سەرچاوەکان



1097 بینین