ناوهڕۆك
ناساندن
نجامێنا (بە ئینگلیزی: N'Djamena، بە عەرەبی: انجمينا، بە فەڕەنسی: N'Djaména)، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆماری چادە. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە سەرژمێری ساڵی 2009ـدا 807,000 کەس بوو. هەروەها هەرێمێکی یاسایی تایبەتی وڵاتە و بەسەر دە ناوچەدا دابەشکراوە. شارەکە وەک ناوەندی چالاکیی ئابووریی چاد خزمەت دەکات. پرۆسێسکردنی گۆشت، ماسی و لۆکە سەرەکیترین پیشەسازییەکانن، هەروەها بازاڕێکی ناوچەییشە بۆ ئاژەڵ، خوێ، خورما و دانەوێڵە.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری نجامێنا 104 کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی 9,148 کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
مێژوو و گرنگی شارەکە
نجامێنا شارێکی بەندەرییە و دەکەوێتە شوێنی یەکگرتنی ڕووباری لۆگۆن (Logone) لەگەڵ ڕووباری چاری (Chari ). شارەکە لەلایەن فەرماندەی فەڕەنسیی ئێمیل ژۆنتی (Émile Gentil) لە 29ـی ئایاری 1900 بە ناوی فۆرت لامی (Fort-Lamy) دامەزرا. نجامێنا شارێکی گەورەی بازرگانی بوو و بوو بە پایتەختی هەرێم و وڵات. لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا فەڕەنسییەکان بۆ گواستنەوەی سەرباز و شتومەکەکان پشتیان بە فڕۆکەخانەی شارەکە بەستبوو. لە شەشی نیسانی 1973، سەرۆک (فرانسوا تۆمبالبای) ناوەکەی گۆڕی بۆ نجامێنا (N'Djamena)، کە لە ناوی عەرەبی گوندێکی نزیکەوە وەرگیراوە، نجامينا، Niǧāmīnā، بە واتای “شوێنی پشوودان” دێت. بەشێکی شارەکە لە کاتی شەڕی ناوخۆی چاددا، لە ساڵی 1979 و 1980، وێران بوو. لەو کاتەدا نزیکەی تەواوی دانیشتووانەکەی نجامێنایان جێهێشت و تا ساڵی 1981 بۆ 1982 نەگەڕانەوە. لە ململانێی نێوان چاد و لیبیاشدا کە لە ساڵی 1978 دەستی پێکرد سەربازانی لیبیا پایتەختیان گرت و لە ساڵی 1981ـدا شار و چادیان جێهێشت، ئەمەش دەرگای بەڕووی حسێن حەبریدا کردەوە و لەڕێی بەرخۆدانێکەوە پایتەختی داگیرکرد لە ساڵی 1982ـدا بوو بە سەرۆکی نوێی وڵات. ئەمیش لە ساڵی 1990ـدا لەلایەن ژەنەراڵەکەی، بە ناوی (ئیدریس دێبی)، لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە کار دوورخرایەوە.
دانیشتووان
ژمارەی دانیشتوورنی نجامێنا لە ساڵی 1937ـدا تەنیا 9,976 کەس بوو، دوای دە ساڵ و لە ساڵی 1947ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە نزیکەی دوو هێندە زیادیکرد و گەیشتە 18,435 دانیشتوو. لە ساڵی 1968 دوای سەربەخۆیی کۆماری چاد ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەیشتە 126,483 کەس. لە ساڵی 1993ـدا نیو ملیۆن دانیشتووی تێپەڕاند (529,555 کەس). بەشێکی زۆری ئەم گەشەکردنە بەهۆی هەڵاتنی پەنابەرانەوە بوو کە لە پێناو پاراستنی گیانی خۆیان و ئاسایشی نجامێنا هاتبوونە شارەکەوە، ئەمەش جگە لەوەی بەهۆی دۆخی سیاسییەوە خەڵکانێکی زۆر نجامێنایان جێهێشت. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە تا سەرەتای ساڵانی 2010 ملیۆنێک کەسی تێپەڕاند.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، شاری نجامێنا کەشوهەوایەکی نیمچە وشکی گەرمی هەیە، لەگەڵ وەرزێکی باراناوی کورت و وەرزێکی وشکی درێژ. سەرەڕای ئەو ڕاستییەی کە ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی 510 مللیمەتر باران لەم شارەدا دەبارێت، بەڵام بەهۆی بەرزی ڕێژەی هەڵمینی ناوچەکەوە نجامێنا دەکەوێتە پۆلی کەشوهەوای نیمچە وشکەوە. وەرزی باراناوی لە مانگی حوزەیران تا ئەیلول بەردەوام دەبێت و زۆرترین باران لە مانگی ئابدا دەبارێت. وەرزی وشکیش هەشت مانگی باقی دەگرێتەوە. بەپێی پلەی گەرمی ساڵانە، شاری نجامێنا یەکێکە لە گەرمترین شارە گەورەکانی سەر ئەم هەسارەیە. تەنها لە یەک مانگی ساڵدا، مانگی ئاب، تێکڕای پلەی گەرمی بەرزی مانگانە 32 پلەی سەدی تێ ناپەڕێنێت. بەرزترین پلەکانی گەرما بەزۆری لە نێوان مانگەکانی ئازار و ئایاردا تۆمار دەکرێت.
ئابووری شارەکە
سەرچاوەی سەرەکیی ئابووریی نجامێنا کاری کشتوکاڵییە و نزیکەی 80%ـی دانیشتووانی ناوچەکە لە چوارچێوەی پیشەسازییەکانی کشتوکاڵیدا کاردەکەن، لەوانەش چاندنی دانەوێڵە و بەخێوکردنی ئاژەڵ. بۆیە کەشوهەوا کاریگەری لەسەر ئابووریی نجامێنا هەیە، کەم بارانی لە ساڵانی ڕابردوودا کێشەی بۆ ئابووری شارەکە دروست کرد. نجامێنا هاوکاری دارایی لە بانکی نێودەوڵەتی و بانکی گەشەپێدانی ئەفریقی وەردەگرێت. خواستێکی زۆر لەسەر کرێکاری لێهاتوو لە ناو شارەکەدا هەیە بۆ کارکردن لە کەرتەکانی نەوت و گاز، ڕێکخراوە ناحکوومییە بیانییەکان، خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان و فێرکردنی زمانی ئینگلیزی. دانیشتووانی شارەکە باجیان لەسەرە و بەرزترین ڕێژەش 60%ـی داهاتی پوخت.