نیشانەکانی تووشبوونی منداڵ بە کرمی دەزوولەیی و چارەسەرکردنی

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-22-20:28:00 - کۆدی بابەت: 11508
نیشانەکانی تووشبوونی منداڵ بە کرمی دەزوولەیی و چارەسەرکردنی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نیشانەکانی تووشبوونی منداڵ بە کرمی دەزوولەیی و چارەسەرکردنی (بە ئینگلیزی: Symptoms of pinworm in a child and it's treatment، بە عەرەبی: أعراض الدودة الدبوسية عند الطفل والعلاجها) کرمی دەزوولەیی کرمێکی سپی یان خۆڵەمێشی سووکە و دەبێتە هۆی هەوکردنێکی باو کە پێی دەوترێت ئینتەرۆبیاسیس (enterobiasis). زۆرجار کرمی دەزوولەیی لە منداڵاندا دەدۆزرێتەوە، کرمی دەزوولەیی دەتوانرێت چارەسەر بکرێت بە دەرمانی دژە مشەخۆر و ئەم چارەسەرییە پێویستی بە ڕەچەتە نییە.

کرمی دەزوولەیی چییە؟

کرمی دەزوولەیی (Pinworms or threadworms) کرمێکی مشەخۆرە کە لە ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورەی کەسانی تووشبوودا دەژیت. کرمە دەزوولەییەکان بچووک و تەنکن (نزیکەی ١/٤ ئینج بۆ ١/٢ ئینج درێژە) و ڕەنگیان سپی یان خۆڵەمێشی کاڵە.

هەوکردنی کرمی دەزوولەیی چییە؟

هەوکردنی کرمی دەزوولەیی پێی دەوترێت ئینتەرۆبیاسیس. بە باوترین جۆری تووشبوون بە کرم دادەنرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. هەرچەندە هەوکردنی کرمی دەزوولەیی پێویستە چارەسەر بکرێت، بەڵام بە گشتی هیچ کێشەیەکی پزیشکی گەورە دروست ناکات.

هەوکردنی کرمی دەزوولەیی زۆر باوە و نزیکەی یەک ملیار کەس لە جیهاندا تووشی دەبن. خەڵک لە هەموو تەمەنێکدا لەوانەیە تووشی هەوکرنی کرمی دەزوولەیی ببن، بەڵام زۆربەی کات هەوکردنەکان لە منداڵاندا دەدۆزرێنەوە. ئەو کەسانەی کە چاودێری دەکەن و ئەندامانی خێزانی منداڵانی تووشبوو مەترسی تووشبوونیان زیاترە.

سەنتەرەکانی چاودێری ڕۆژانە، دایەنگەکان و باخچەی ساوایان و قوتابخانەکان زۆرجار سەرچاوەی هەوکردنی کرمی دەزوولەیین. هەروەها ئەو کەسانەی کە لە دامەزراوەکاندا دەژین بە شێوەیەکی گشتی تووشی کرمی دەزوولەیی دەبن.

نیشانە و هۆکارەکان

نیشانەکانی هەوکردنی کرمی دەزوولەیی (enterobiasis) بریتین لە:

خورانی کۆم و دەوروبەری بە تایبەتی لە شەودا: کرمە دەزوولەییەکان هێلکەکانیان لە دەوری کۆم دادەنێن لە شەودا، کە ئەمەش دەبێتە هۆی خوران و هەستیاربوونی ناوچەکە. لە کاتێکدا نیشانەکان بە زۆری سووکن، بەڵام لەوانەیە خورانی کۆم توند بێت.

بێخەوی: لەبەر ئەوەی خورانی کۆم لە شەوان خراپتر دەبێت، ئەو کەسانەی کە تووشی هەوکردنی کرمی دەزوولەیی دەبن لەوانەیە کێشەی خەوتنیان بۆ دروستببێت، کە ئەمەش دەکرێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی سەرنج و ماندووبوون و دابەزینی کێش.

هەوکردنی زێ: لە مێینەکاندا نیشانەکان دەکرێت ئەمانەشیان لەگەڵ بێت، دەرچوونی دەردراوێک لە زێوە (seepage) لەگەڵ خوران لە ناوچەی زێ.

چۆن تووشی کرمی دەزوولەیی دەبیت؟

هەوکردنی کرمی دەزوولەیی کاتێک ڕوودەدات کە کەسێک هێلکەی کرمەکە قوتبدات، بە گشتی بەم شێوەیە:

کرمی دەزوولەیی هێلکەکان لەسەر پێستی نزیک و دەوروبەری کۆمی کەسی تووشبوو دادەنێت. کاتێک ئەو کەسە دەست لە کۆمی دەدات یاخود دەیخورێنێت، هێلکەکان بە پەنجە و نینۆکی کەسەکەوە دەنووسێن.

پاشان هێلکەکان دەگوازرێنەوە بۆ ڕووەکان و بۆ کەسانی دیکە، کە کاتێک ئەو کەسانە دەستیان لە دەمیان دەدەن دەیانخۆن و قوتیاندەدەن بۆ ڕێڕەوی هەرس. هێلکەکان بە سیستمی هەرسکردنی کەسی تووشبوودا تێدەپەڕن و لە ڕیخۆڵەکاندا هێلکەکان هەراش دەبن و دەبنە کرمی پێگەشتوو. کاتێک کە هێلکەکان دەبنە کرمی پێگەشتوو، مێینەی کرمەکان ڕێگای خۆیان بەرەو کۆم دەدۆزنەوە و لەوێ هێلکەکە دادەنێن. هێلکەی کرمی دەزوولەیی دەتوانێت بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە لەسەر پەنجەکان بمێنێتەوە، لە ژێر نینۆکی پەنجەکان، و لەسەر ڕووی وەک کەنتۆری جلوبەرگ یان تاخمی تەوالێت. هێلکە بچووکەکان بەڕادەیەک بچووکن کە تەنها لە ژێر مایکرۆسکۆپدا دەبینرێن.

ئەکرێت بەبێ ئەوەی لە دەوری کەسی تووشبوو بیت تووشی کرنی دەزوولەیی ببیت؟

بەڵێ هەروەها هەوکردنی کرمی دەزوولەتی دەتوانرێت بڵاوبکرێتەوە لە ڕێگەی:

بالیفی نووستن و جلی ژێرەوە: هێلکەکان دەتوانن لە ڕێگەی بەرکەوتن بە بالیفی پیسبوو، خاولی یان جلی ژێرەوەی کەسانی تووشبوو بڵاوببنەوە.

هەڵمژین: لەبەر ئەوەی هێلکەکان زۆر بچووکن، دەتوانن بەناو هەوادا بڵاوببنەوە. لە کاتی هەناسەندا دەکرێت هەڵبمژرێن و بە ڕێڕەوی هەرسکردندا گەشت بکەن دواتر ببنە کرمی پێگەشتوو پاشان هێلکەی خۆیان دابنێن.

سەگ و پشیلە: لە کاتێکدا کە بە شێوەیەکی ئاسایی هەوکردنی کرمی دەزوولەیی لە مرۆڤەوە دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەگ و پشیلە دەتوانن هێلکەکان لەسەر پێستیان هەڵبگرن و بیانگوازنەوە بۆ مرۆڤ.

دەستنیشانکردن و پشکنین

هەوکردنی کرمی دەزوولەیی چۆن دەستنیشان دەکرێن؟

ئەگەر منداڵەکەت لە شەودا ئازارێکی زۆری کۆمی هەبوو، گرنگە سەردانی پزیشک بکەیت. پزیشک دەربارەی نیشانەکان پرسیار دەکات، بەتایبەتی نیشانەکان لە شەودا. هەروەها، پزیشک لەوانەیە داوات لێ بکات کە هێلکەی کرمی دەزوولەیی کۆبکەیتەوە بە بەکارهێنانی تاقیکردنەوەی شریت. بۆ ئەنجامدانی ئەمە:

پارچە شریتێکی ڕوون لەسەر ناوچەی کۆم دادەنێیت هەر کە منداڵە تووشبووەکە بەیانی لەخەو هەڵدەستێت. هێلکەکان لەسەر شریتەکە دەمێننەوە. شریتەکە دەبەیت بۆ لای دکتۆر، بەدوای ڕێنماییەکانی پزیشک جێبەجێدەکەیت. پاشان هێلکەکان لەژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنینیان بۆ دەکرێت.

باشتر وایە تاقیکردنەوەی شریتەکە ئەنجام بدەیت هەر کە منداڵەکە لەخەو هەڵدەستێت، پێش ئەوەی حەمام بکات یان گەرماو بەکاربهێنێت. پێویستە چەند جارێک تاقیکردنەوەی شریتەکە ئەنجام بدەیت بۆ ئەوەی بە وردی ئەنجامەکان بەدەست بهێنیت.

ڕێگایەکی دیکە بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەوەیە کە کرمی دەزوولەیی ببینیت. لە کاتێکدا کەسی تووشبوو خەوتووە، کرمە پێگەیشتووەکان لە ڕیخۆڵە ئەستوورە دەردەچن بۆ ئەوەی هێلکەکانیان لە دەوروبەری کۆم دابنێن.

کرمێکی بچووک و تەنک و خۆڵەمێشی سپی لەوانەیە لە دەوروبەری کۆم ببینرێت دوای دوو بۆ سێ کاتژمێر لە خەوتن. کرمەکان وەک پارچەیەکی بچووک دەردەکەون، بۆیە هەندێک جار پێیان دەوترێت دەزوو. دەتوانیت کرمەکان بە بەکارهێنانی شریتی ڕوون تۆمار بکەیت یان پزیشک ئاگادار بکەیتەوە کە تۆ ئەوانت بینیوە.

بەڕێوەبردن و چارەسەر

چۆن هەوکردنی کرمی دەزوولەیی چارەسەر دەکرێت؟

هەوکردنەکەن بە دەرمانی دژە مشەخۆر چارەسەر دەکرێت، کە لە دەمەوە وەردەگیرێت و کرمەکان دەکوژێت. پێویستە یەکسەر ژەمێک و پاش دوو هەفەش ژەمێکی دیکە وەربگریت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کرمەکان نەماون. بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دووبارە هەوکردنەوە، پزیشکانی منداڵان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە ئەندامانی خێزان و چاودێری منداڵی تووشبوو بە هەمان شێوە چارەسەر وەربگرن.

ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی کرمی دەزوولەیی بەکاردێن بریتین لە:

  • پایرانتێل پامۆیت
  • مێبێندازۆل
  • ئەلبێندازۆل

 پایرانتێل پامۆیت ئەو دەرمانەیە کە زۆربەی کات بۆ چارەسەرکردنی کرمی دەزوولەیی بەکاردێت. هەروەها بەبێ هیچ ڕێنماییەک بەردەستە (Over-counter).

کاریگەرییە لاوەکییەکانی چارەسەرکردنی کرمی دەزوولەیی

پێش بەکارهێنانی پایرێنتیل پامۆیت، پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت ئەگەر منداڵە تووشبووەکە تەمەنی لە دوو ساڵ کەمترە. کاریگەرییە لاوەکییەکانی پایرێنتیل پامۆیت بریتین لە:

بۆ هەر سێ دەرمانەکەی باسکران، کاریگەرییە لاوەکییەکان بریتین لە تێکچوونی ڕیخۆڵە و گەدە.

ئاڵۆزییەکانی پەیوەندیدار بە کرمی دەزوولەیی چین؟

لە کاتێکدا کە ئاڵۆزییە جدییەکان دەگمەنن، کرمی دەزوولەیی دەتوانێت ببێتە هۆی:

هەوکردنی بەکتریایی: کاتێک کەسی تووشبوو ناوچەی کۆمی دەخورێنێت، لەوانەیە برین لە پێستەکەی دروستبکات و خوێنیشی لێ بێت ئەمەش ڕێ بۆ هەوکردنی بەکتریایی خۆش دەکات.

هەوکردنی ڕێڕەوی میز (UTIs): لە مێینەکاندا، کرمەکان دەتوانن بڕۆن بەرەو زێی ئافرەت و ببنە هۆی هەوکردن.

کێشەکانی گەدە و ڕیخۆڵە: لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا، کرمی دەزوولەیی پەیوەست بووە بە هەوکردنی دوانزەگرێ و هەوکردنی ڕیخۆڵە (گەشەکردنی پۆچەکان لە ڕیخۆڵەی ئەستوورەدا).

دەتوانیت چی بکەیت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکانی هەوکردنی  کرمی دەزوولەیی؟

بۆ کەمکردنەوەی خوران، دەتوانیت:

  • شۆردنی ناوچەی خورانەکە بە ئاوی گەرم و سابوون.
  • بەکارهێنانی کرێمی لەسەدا یەکی هایدرۆکۆرتیزۆن لەسەر پێست لە دەوروبەری کۆم.
  • دوورکەوتنەوە لە خورانی ناوچەی دەوری کۆم.

خۆپاراستن

چۆن دەتوانم ڕێگری لە هەوکردنی کرمی دەزوولەیی بکەم؟

باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لە تووشبوون بە کرمی دەزوولەیی بریتییە لە پاک و خاوێنی ڕاگرتن بەم ڕێگایانەی خوارەوە:

دەستەکانت زۆر زوو بشۆ: بە بەکارهێنانی سابوون و ئاوی گەرم، دەستەکانت بشۆ دوای بەکارهێنانی تەوالێت، گۆڕینی دایبی منداڵ، پێش ئەوەی خواردن ئامادە بکەیت یان بیخۆیت پێش ئەوەی دەست لە دەم و لووتت بدەیت، هەروەها دوای ئەوەی دەست سەگێک یان پشیلەیەک دەدەیت. هەروەها دڵنیابە لەوەی کە منداڵەکان دەستیان بە باشی بشۆن.

ڕووەکان بە خاوێنی بهێڵەوە: یارییەکان، کاوانتەر، تەوالێت، کەلوپەل، قاپی خواردن و ڕووەکانی تر بە سابوون و ئاو بشۆ بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونەوەی هەوکردنەکە.

زوو خۆ شۆردن: ئەو کەسانەی کە کرمی دەزوولەییان هەیە پێویستە هەموو ڕۆژێک خۆیان بشۆن بۆ لابردنی هەندێک لە هێلکەکان لەسەر پێست. شۆردن کاریگەرترە لە خۆتەڕکردن چونکە ئاوی حەمام دەتوانێت بە هێلکە پیس بێت. ئەو کەسانەی کە کرمی دەزوولەییان هەیە نابێت لەگەڵ کەسانی دیکە خۆیان بشۆن هەتا ئەو کاتەی هەوکردنەکەیان نەمێنێت.

نینۆکەکانت ببڕە: بۆ ئەوەی هێلکەکان نەگوازنەوە، نینۆکەکانت پاک و کورتبکەوە.

خۆت بەدووربگرە لە دەستدان لە ناوچەی کۆم: دڵنیابە لەوەی کە منداڵەکان دەست لە ناوچەی کۆم نادەن یان نایخورێنن.

زوو زوو بالیف و خاولییەکان بشۆ: هەموو ڕۆژێک بالیفەکان بشۆ تا ماوەی چارەسەری تەواو دەبێت. ئاگاداربە لەوەی کە پێش شۆردنی پارچەکان ڕانەوەشێنیت، چونکە هێلکە دەتوانێت بڵاوببێتەوە و بەدوای خۆیدا هەوکردن بڵاو بکاتەوە.

پێشبینییەکان

پێشبینییەکان بۆ ئەو نەخۆشانە چین کە کرمی دەزوولەییان هەیە؟

لەگەڵ چارەسەری گونجاودا، کرمە دەزوولەییەکان کێشەی تەندروستی درێژخایەن دروست ناکەن. منداڵان یان خێزانەکان لەوانەیە چەند جارێک تووشی هەوکردنی کرمی دەزوولەیی ببن. ئەگەر نیشانەکان دوای چارەسەر گەڕانەوە، پێویستە بگەڕێیتەوە لای پزیشک و دووبارە چارەسەر وەربگریتەوە.


سەرچاوەکان



638 بینین