بۆچی فەڵەستینییەکان ناوی خۆیان لەسەر دەست و قاچییان دەنووسن؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2023-10-25-15:06:00 - کۆدی بابەت: 11529
بۆچی فەڵەستینییەکان ناوی خۆیان لەسەر دەست و قاچییان دەنووسن؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆچی فەڵەستینییەکان ناوی خۆیان لەسەر دەست و قاچییان دەنووسن؟ (بە عەرەبی: لماذا يكتب الفلسطينيون أسمائهم على أيديهم وأرجلهم؟، بە ئینگلیزی: ?Why do Palestinians write their names on their hands and feet)، زۆرێک لە فەڵەستینییەکانی کەرتی غەززە پەنایان بردۆتە بەر نووسینی ناوی خۆیان لەسەر دەست قاچیان بۆ ئەوەی لە کاتی بۆردومانی دڕندانەی ئیسرائیل کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە دژیان ئەنجام دەدرێت، بە ئاسانی بناسرێنەوە لە ئەگەری شەهیدبوون یان بریندار بوونیان. خەڵکی غەززە کە لە هەر ساتێکدا چاوەڕێی مردنن، هەر بۆیە لەم ڕێگایە زیاتر هیچ ڕێگایەکی باشتریان شک نەبرد بۆ ناسینەوەیان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتن و هاوڵاتیەکانیان لە کاتی بۆردوومانەکان، بەتایبەتی منداڵان.

دانیشتووانی غەززە چی دەکەن بۆ ئەوەی لە پاش شەهیدبوونیان بناسرێنەوە؟

لە یەکێک لە ڤیدیۆکاندا لە ناو کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا کە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززەیە، دەرکەوتووە کە منداڵێکی فەڵەستینی بە قەڵەمی شین ناوی خۆی لەسەر قۆڵی چەپی دەنوسێت "نیهاد فادی". لە دیمەنێکی تردا کەسێکی تر هەڵدەستێت بە نوسینی ناوی "ئەحمەد" لەسەر قۆڵی ڕاستی گەنجێکی فەڵەستینی. ئەحمەد دەڵێت "هەموو ڕۆژێک کەسانێک هەن شەهید دەبن و ناسنامەیان بە نادیاری دەمێنێتەوە، بۆیە ئێمە ناوی خۆمان دەنووسین، چونکە ئەگەر هەیە سبەی شەهید ببین و هیچ کەسێک نەمانناسێت، هەر بۆیە ناوم لەسەر دەستەکانم نووسیوە".

چی وای لە فەڵەستینییەکان کرد ناوی خۆیان لەسەر دەست و قاچیان بنوسن؟

فەڵەستینییەکان چەند ڕۆژێک دوای کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل کە لە نەخۆشخانەی مەعەمەدانی شاری غەززە ڕوویدا، هەستان بە نوسینی ناوی خۆیان لەسەر دەست و قاچیان، لەو ماوەیەدا نزیکەی ٥٠٠ کەسیان شەهیدبوون و هەندێکیان ناسنامەکەیان بە نادیاری مایەوە. دکتۆر ئەشرەف قودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند زۆربەی قوربانیانی کۆمەڵکوژی نەخۆشخانەی مەعەمەدانی غەززە پێکهاتبوون لە ئافرەت و منداڵ کە ڕووخساریان شێوابوو، قوربانییەکان هەندێکیان بەبێ سەر و هەندێکیان پارچە پارچە ببوون. لە ٢١ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ نەخۆشخانەی شیفا دووەم گۆڕی به کۆمەڵیان هەڵکەند، لە پاش ناشتنی تەڕمی ٦٣ شەهید لە یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ کە ناسنامەیان بە نەزانراوی مایەوە، هەستان بە هەڵکەندنی دووەم گۆری بە کۆمەڵ بۆ تەرمە ناسراوەکان کە ژمارەیان گەیشتە نزیکەی ٣٥ شەهید.

کۆی گشتی قوربانییەکان 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دکتۆر ئەشرەف قودرە پشتڕاستی کردەوە کە کۆی گشتی قوربانیەکانی دەستدرێژیی ئیسرائیل لە سەرەتای دەستدرێژیەکەوە هەتا ئێستا (٢٠٢٣/١٠/٢٤) بۆ سەر غەززە ٥٧٩١ شەهید بووە کە ٢٣٦٠ کەسیان منداڵ، ١٢٩٢ ئافرەت و ٢٩٥ کەسیان بەساڵاچوو بوون، لەگەڵ برینداربوونی ١٦،٢٩٧ هاوڵاتی. دکتۆر ئەشرەف قودرە ڕوونیشیکردەوە، کە ئەو کۆمەڵکوژییانەی داگیرکەری ئیسرائیل دژی خێزانەکان ئەنجامیانداوە، ٦٤٤ کۆمەڵکوژی بووە، کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٤٢٩٢ شەهید، کە ژمارەییەکی زۆریان تا ئێستا لەژێر داروپەردوودا ماون، ئاماژەی بەوەشکرد کە داگیرکاریی ئیسرائیل بۆ سەر خێزانەکان لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا گەشتە ٣٠٥ منداڵ، ١٧٣ ئافرەت و ٧٨ کەسی بەساڵاچوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ٪٧٠ی قوربانییەکان منداڵ، ئافرەت و بەساڵاچووان بوون و ١٥٥٠ ڕاپۆرتی بێسەروشوێنانمان پێگەیشتووە کە هێشتا لەژێر داروپەردوودا ماون، لەنێویاندا ٨٧٠ منداڵ، ڕوونیشی کردەوە کە پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی تەندروستی بوو بەهۆی شەهیدبوونی ٦٥ کارمەندی تەندروستی و لەناوبردنی ٢٥ ئۆتۆمبێلی فریا کەوتن و لەکارخستنیان، دووپاتی کردەوە کە ١٢ نەخۆشخانە و ٣٢ بنکەی تەندروستی خزمەتگوزریان نەماوە، ترسیشمان هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕوو لە زیاد بوون بکەن بەهۆی بە ئامانجگرتن و تەواوبوونی سووتەمەنی لەگەڵ داڕمانی تەواوەتی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە.


سەرچاوەکان



182 بینین