پزیشکی پێغەمبەری

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-27-21:26:00 - کۆدی بابەت: 11539
پزیشکی پێغەمبەری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پزیشکی پێغەمبەری (بە ئینگلیزی: Prophetic medicine، بە عەرەبی: الطب النبوي)، دەربڕینێکە بەکاردێت بۆ ئاماژەدان بە کۆمەڵێک ئامۆژگاری کە بە ناوی پێغەمبەرەوە دەوترێت و دەگێڕدرێتەوە، ئەو ئامۆژگارییانە بە پێغەمبەر بەخشراوە و ئەویش گواستویەتییەوە بۆ خەڵکی تر، واتە بە شێوەی فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ گوازراوەتەوە، هەندێکیان چارەسەرن و هەندێکی تریشیان ڕێگریکردنن لە ئەنجامدانی کۆمەڵێک کردار.

دەربڕینی پزیشکی پێغەمبەری لە سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵەکانیدا و تەنانەت لەسەردەمی جێنشینەکانیشدا بەکارنەهێنراوە، بەڵکو دروستبووە کاتێک کە ئیبن قەیمی جەوزی ئەو فەرموودانەی لە چەند کتێبدا کۆکردەوە وەک کتێبەکانی (طب النبوي لەگەڵ زاد المعاد)، جگە لە ئەویش هەریەک لە ئیمامی بوخاری و ئیمامی مالیک بەهەمان شێوە ئەو فەرموودانەیان کۆکردووەتەوە. کتێبی پزیشکی پێغەمبەری لەگەڵ زانستی پزیشکیدا پۆلێنناکرێت، هەروەها نابێتە جێگرەوە بۆ پزیشک و دەرمانەکانیان، چونکە لە فەرموودەی پێغەمبەر ﷺ هاتووە کە داوای لە خەڵکی کردووە خۆیان فێری زانستی پزیشکی بکەن، لەهەمان کاتدا فەرموویەتی کە نابێت کەسێک بەبێ زانیاری پزیشکی خەڵکی چارەسەر بکات یاخود تیماری برین بکات.

ڕەخنەکان

بە تێپەڕبوونی کات چەندین زانا ئەم بیرۆکە و دەستەواژەیان ڕەتکردووەتەوە لەوانەش ئیبن خەلدون، کە باوەڕی وایە ئەو زانیارییانە تەنها لەو ژینگە عەرەبییەدا هەبوون کە پێغەمبەری تێدابووە نەک قسەی ئەو، یاخود هەندێک لە زاناکانی تر دەڵێن کە ئەو زانستە تەنها بۆ خۆپاراستنە نەک چارەسەر و جێگرەوەی دەرمان، یان هەندێک زانای تر باوەڕیان وایە کە شەریعەتی ئیسلامی بابەتەکانی پزیشکی و دیاردەی سروشتی لەخۆ ناگرێت، بەڵکو دەبێت خەڵکی خۆیان ئەو زانستانە بخوێنن و مێشکیان بەکاربهێنن بۆ تێگەیشتن.

بنەچەی دەربڕینەکە

دەستەواژەی پزیشکی پێغەمبەری دروستکراوە و لەلایەن زاناکانی ئیسلامەوە داهێنراوە، بەم ڕیزبەندییەیە کە لە سەرەتای سەدەی چواری کۆچییەوە لە لایەن ئەبو بەکری ئین سینا لە ساڵی ٣٦٤ی کۆچی کتێبێکی نووسی بە ناونیشانی پزیشکی لە فەرموودەکان، دواتر ئەبو عەبیدی ئیبن حەسەنی حەرانی لە ساڵی ٣٦٩ی کۆچی کتێبی پزیشکی پێغەمبەری نووسی.

دواتر ئەم دەستەواژەیە لەلایەن چەندین زانای ترەوە بەکارهێنراوە، وەک ئیبن نەعیمی ئەسفەهانی لە ٤٣٠ی کۆچی، ئەبی عەباسی مستەغفەری لە ٤٣٢ی کۆچی، ئەبی قاسمی نیسابووری لە ٤٠٦ی کۆچی، بەم شێوەیە هەتاکوو سەدەکانی دواتریش بەکاردەهێنرا بۆ نموونە لە سەدەی هەشتەم و نۆیەمی کۆچی ئەم زانایانەی تر بەکاریانهێناوە، ئیبن قەیمی جەوزی لە ٧٥١ی کۆچی، دواتر سەخاوی لە ٩٠٢ی کۆچی و السیوطي لە ٩١١ی کۆچی.

پۆلێنکردنی نەخۆشییەکان

نەخۆشییەکانی جەستە دابەشدەبن بۆ دوو جۆری سەرەکی کە بریتین لە نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییەکانی جەستە، کە ئەمە لە قورئانی پیرۆزدا باسکراوە، هەروەها ئیبن قەیم دەڵێت کە نەخۆشییەکانی دڵیش دوو جۆرن یەکێکیان حەز و ئارەزووە و ئەوی تریشیان نەخۆشی گومانە، بەڵگەکانیشی بە گوێرەی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز ئەمانەن:

  • بۆ نەخۆشی گومانبردن: (في قلوبهم مرض فزادهم الله مرضًا) البقرة (١٠).
  • بۆ نەخۆشی شەهوەت: (يا نساء النبي لستن كأحد من النساء إن اتقيتن فلا تخضعن بالقول فيطمع الذي في قلبه مرض) الاحزاب ٣٢)
  • بۆ نەخۆشی جەستە: (ليس على الأعمى حرج ولا على الأعرج حرج ولا على المريض حرج) النور ٦١.

شێوازەکانی چارەسەر بە گوێرەی پزیشکی پێغەمبەری

  • چارەسەری سروشتی: وەک بەکارهێنانی هەنگوین، کەڵەشاخ، میزی وشتر، خوورما، خەنە یاخود داخکردن.
  • چارەسەری خودایی: ئەمەیان چارەسەرکردنی چاوپیسی و جادووە بە بەکارهێنانی دوعا و ڕووقیە و پاککردنەوە.
  • یاخود چارەسەرەکە بە بەکارهێنانی تێکەڵەی هەردووکیانە.


سەرچاوەکان



410 بینین