ئێدی کۆهین

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-10-30-19:56:00 - کۆدی بابەت: 11559
ئێدی کۆهین

ناوه‌ڕۆك


ناساندن

ئێدی کۆهین یان ئیدی کۆهین (بە عەرەبی: إيدي كوهين، بە ئینگلیزی: Edy Cohen، بە عیبری: אדי כהן‏) چالاکوان و قسەکەرێکی جوولەکەی ئیسرائیلییە کە لە جەنگ و پشێوی و کێشەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لایەنگری ئیسرائیلە، هەروەها لە جیهانی عەرەبیدا بە یەکێک لە دیارترین و بەناوبانگترین ئیسرائیلییەکان دادەنرێت و پشتگیری لە مافی بوونی ئیسرائیل دەکات و عەرەبەکان بە "زایۆنیستی توندڕەو" ناوزەدی دەکەن.

لە زۆرێک لە کەناڵ و پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا بە تایبەتی لە تویتەرەوە دەردەکەوێت و ڕەخنە و تێڕوانینەکانی وەکوو پاڵپشتی ئیسرائیل دەخاتەڕوو و دژی فەڵەستینە و ڕاستی ڕووداوەکان بەلاڕێدا دەبات.

ناوبانگی ئێدی کۆهین لە ڕووداوەکانی تۆفانی ئەقسای ساڵی ٢٠٢٣ زیادی کرد بە تایبەت دوای ئەو پۆستانەی کە لە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا بە تایبەتی لە تویتەر بڵاوی دەکردەوە، لە ڕێگەی پۆست و تویتەکانیەوە جیهانی عەرەبی دەکردە ئامانج و بۆچوونەکانی مشتومڕ و ڕاجیایی و بەلاڕێدابردنی ڕووداوەکانی بە ڕوونی تێدا دەبینرێت.

لەکاتی ڕووداو و پشێوییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە زۆرێک لە کەناڵە جیهانی و عەرەبییەکانی نموونەی BBC عەرەبی، DW، فڕانس 24، ئەلعەرەبییە، ئەلجەزیرە و چەندانی تر چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە.

زانیاری گشتی

ناو ئێدوارد حاییم کۆهین
نازناو  ئێدی کۆهین
ساڵی لەدایکبوون  ١٨ـی شووباتی ساڵی ١٩٧٢
شوێنی لەدایکبوون  بەیرووتی پایتەختی لوبنان
پیشە  چالاکوانی میدیایی ئیسرائیلی
ئایین جوولەکە
ڕەگەزنامه ئیسرائیلی

ژیاننامە

ئێدوارد حاییم کۆهین ناسراو بە ئێدی کۆهین لە  ١٨ـی شوباتی ساڵی ١٩٧٢ لە بەیرووتی پایتەختی وڵاتی لوبنان لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٨٥ حیزبوڵڵای لوبنانی ١١ جوولەکەی بە ڕەچەڵەک لوبنانی وەکوو شدیل دەستگیر کرد، هەوڵیاندا بیانگۆڕنەوە بە دیلەکانیان کە لەلای ئیسرائیل دەستبەسەر بوون، بەڵام کاتێک ئەم پشنیاره لەلایەن ئیسرائیلەوه ڕەتکرایەوە حیزبووڵڵای لوبنانی دیلەکانی جوولەکەی کوشت، لەنێویاندا باوکی کۆهین بەناوی (حاییم کۆهین حەلالە) کە تەمەنی ٣٩ ساڵ بوو هەبوو و ئەویش کوژرا. لەو کاتەوە خێزانی ئیدی بڕیاریان دا وڵاتی لوبنان بەجێبهێڵن و ئێدی لەگەڵ دایکی کۆچی کرد بۆ شاری تەلئەبیب (یافا) و لەوێ نیشتەجێ بووە.

ئەزموونی پیشەیی

ئێدی کۆهین قۆناغەکانی خوێندنی لە ئیسرائیل خوێندووە و لە زانکۆی (باڕ ئایلان) لە ئیسرائیل پلەی دکتۆرای وەرگرترووە، پاشان هەر لەو زانکۆیە پۆستی توێژەر و ڕاوێژکاری حکوومی و شیکەرەوەی میدیایی لە بارودۆخی عەرەبی ناوچەکە وەرگرتووە.

دەرکەوتنی لە میدیاکانەوە

لە ساڵی ٢٠١٢ـەوە وەکوو چالاکوانێکی جوولەکە لە تۆڕی تویتەرەوە دەستی پێکرد، لە سەرەتادا تەنها بە زمانی عیبری و ئینگلیزی بابەتەکانی تایبەت به هەواڵی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاودەکردەوە.

بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ناودار بوو و دوای دەرکەوتنی لە چەند کەناڵێکی عەرەبییەوە چالاکییە میدیاییەکانی زیاتر فراوان بوو و بە زمانی عەرەبیش بابەتەکانی بڵاوکردەوە.


سەرچاوەکان



294 بینین