دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-31-19:34:00 - کۆدی بابەت: 11568
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەوکردنی جومگە (ئینگلیزی: Diagnosis of arthritis and  it's treatment، بە عەرەبی: تشخيص التهاب المفاصل وعلاجه هەوکردنی جومگەکان زاراوەیەکە کە زۆرجار بەکاردێت بۆ هەر نەخۆشییەک کە کاریگەری لەسەر جومگەکان هەبێت. نیشانەکان بە گشتی بریتین لە ئازار و ڕەقبوونی جومگەکان. نیشانەکانی تر لەوانەیە سووربوونەوە، گەرمی، هەوکردن، و کەمبوونەوەی مەودای جووڵەی جومگە تووشبووەکان بگرێتەوە.

زۆربەی جۆرەکانی نەخۆشی جومگەکان بەهۆی هەڵەیەکەوە لە کۆئەندامی بەرگریدا دروست دەبن کە دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە هێرش بکاتە سەر شانەکانی خۆی لە جومگەکاندا. ئەمە دەکرێت بۆماوەیی بێت. شێوەکانی تری هەوکردنی جومگەکان لەوانەیە بەهۆی کێشەی کۆئەندامی بەرگری یان بەهۆی نەخۆشی میتابۆلیزمەوە بێت، وەک دەردە پاشا.

دەستنیشانکردن

لەکاتی تاقیکردنەوەی جەستەییدا، پزیشکەکان پشکنینی جومگەکان دەکەن بۆ دیاریکردنی هەوکردن و سووربوونەوە و گەرمی. هەروەها پشکنین دەکەن تا بزانن چەند بە باشی دەتوانن جومگەکان بجوڵێنن.

پشکنینی تاقیگەیی

پشکنینی جۆرە جیاوازەکانی شلەی لەش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی جۆری نەخۆشی جومگەکان کە لەوانەیە هەتبێت. ئەو شلانەی کە بە شێوەیەکی گشتی پشکنینیان بۆ کراوە بریتین لە خوێن، میز و شلەی جومگەکان.

بۆ بەدەستهێنانی نموونەیەک لە شلەی جومگەکان، پزیشکەکان ناوچەکە پاک دەکەنەوە و بێهۆشی دەکەن پێش ئەوەی دەرزییەک لە بۆشایی جومگەکەدا بدەن بۆ ڕاکێشان و وەرگرتنی بەشێک لە شلەکە.

وێنەگرتنی جومگەکان

ئەم جۆرە پشکنینانە دەتوانن کێشەکانی ناو جومگە بدۆزنەوە کە لەوانەیە بووبێت بە هۆی نیشانەکان. نموونەکان بریتین لە:

تیشکی ئێکس (X-rays): بە بەکارهێنانی ئاستێکی کەمی تیشکدانەوە بۆ بینینی ئێسک، تیشکی ئێکس دەتوانێت لەدەستدانی کرکراگە و و تێکشکان و برینداربوونی ئێسک نیشان بدات. تیشکی ئێکس لەوانەیە زیانی زووی جومگەکان ئاشکرا نەکات، بەڵام زۆرجار بەکاردێت بۆ شوێنکەوتنی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە. واتا دوای دەستنیشانکردن زیاتر بەکاردێت بۆئەوەی چاودێری هەوکردنی جومگەکەی پێ بکرێت.

تۆمۆگرافیای کۆمپیوتەری (Computerized tomography or CT): سکانەرەکانی سی تی تیشکی ئێکس لە چەندین گۆشەی جیاواز وەردەگرن و زانیاریەکان تێکەڵ دەکەن بۆ دروستکردنی دیمەنی بەشەکانی پێکهاتە ناوخۆییەکان. سی تی ئێس دەتوانێت هەردوو ئێسک و شانە نەرمەکانی دەوروبەری جومگە وێنا بکات.

وێنەگرتنی زرنگانەوەی موگناتیسی (Magnetic resonance imaging or MRI): بە تێکەڵکردنی شەپۆلە ڕادیۆییەکان لەگەڵ بواری موگناتیسی بەهێز، ئێم ئاڕ ئای دەتوانێت وێنەی بەشەکانی شانە نەرمەکان بەرهەم بهێنێت وەک کرکراگە و ژێ و بەستەرەکان.

ئەلتراسۆند (Ultrasound): ئەم تەکنەلۆژیایە شەپۆلی دەنگی لەرەلەری بەرز بەکاردەهێنێت بۆ وێنەگرتنی شانە نەرمەکان و کرکراگە و ئەو پێکهاتانەی شلەی تێدایە لە نزیک جومگەکان (bursae). هەروەها ئەلتراسۆند بەکاردێت بۆ ڕێنماییکردنی دانانی دەرزی بۆ لابردنی شلەی جومگەکان یان دەرزی دەرمان بۆ ناو جومگە.

چارەسەرکردن

چارەسەری هەوکردنی جومگەکان تیشک دەخاتە سەر کەمکردنەوەی نیشانەکان و باشترکردنی کرداری جومگەکان. لەوانەیە پێویست بکات چەند چارەسەرێکی جیاواز تاقی بکرێتەوە، یان تێکەڵەیەک لە چارەسەر بەکاربهێنرێت، بۆ ئەوەی ئەوە دیاری بکەیت کە چی بە باشترین شێوە کار دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنەکەی تۆ.

دەرمان

ئەو دەرمانانەی بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی جومگەکان دەگۆڕێن بەپێی جۆری هەوکردنی جومگەکان. دەرمانە باوەکانی هەوکردنی جومگەکان بریتین لە:

دەرمانی دژە هەوکردنی ناستیرۆیدی (NSAIDs): دەرمانی دژە هەوکردنی ناسترۆید دەتوانێت ئازار لابدات و هەوکردنەکە کەم بکاتەوە. نموونەکان بریتین لە ibuprofen (Advil، Motrin IB، ئەوانی تر) و ناپرۆکسین سۆدیۆم (Aleve). دەرمانە بەهێزترەکانی NSAID دەبێتە هۆی هەستیاربوونی گەدە و لەوانەیە مەترسی جەڵتەی دڵ یان مێشک زیاد بکات. هەروەها دەرمانەکانی NSAID بەردەستن وەک کرێم یان جێڵ، کە دەتوانرێت لەسەر جومگەکان دابنرێن.

دەرمانی هەستیارکردڽی پێچەوانە (Counterirritants): ئەم دەرمانە بەکاردێت بۆ هەستیارکردنی بەشێکی تری جەستە تا ناوچە هەستیارەکە هەستیارییەکەی کەم ببێتەوە یان نەمێنێت. هەندێک لە جۆرەکانی کرێم و مەڵحەم مێنتۆل یان کاپسایسینیان تێدایە، ئەو پێکهاتەیەیە کە تامی تیژی بیبەر دیاری دەکات. بەکارهێنانی ئەم دەرمانە لەسەر پێست و لەسەر ئەو جومگەیەی ئازاری هەیە لەوانەیە ببێتە هۆی گواستنەوەی نیشانەکانی ئازار لە خودی جومگەکەوە.

ستیرۆیدەکان (Steroids): دەرمانەکانی کۆرتیکۆسترۆید وەک پرێدنیسۆن هەوکردن و ئازار و زیانی هێواشی جومگەکان کەم دەکاتەوە. کۆرتیکۆستیرۆیدەکان لەوانەیە وەک حەبێک یان وەک دەرزیەک بدرێن بۆ جومگە ئازاربەخشەکە. کاریگەرییە لاوەکییەکان لەوانەیە تەنکبوونی ئێسکەکان، زیادبوونی کێش و شەکرە بگرێتەوە.

دەرمانەکانی دژە نەخۆشی ڕۆماتیدی گۆڕاو (DMARDs): ئەم دەرمانانە دەتوانن پێشکەوتنی نەخۆشی جومگەی ڕۆماتیدی خاو بکەن و جومگەکان و شانەکانی تر لە زیانی هەمیشەیی ڕزگار بکەن. جگە لە DMARD ئاساییەکان، هەروەها بریکاری بایۆلۆجی و DMARDی دەستکردی ئامانجکراو هەن. کاریگەرییە لاوەکییەکان دەگۆڕێن بەڵام زۆربەی DMARD مەترسی تووشبوون بە هەوکردن زیاد دەکات.

چارەسەری سروشتی

چارەسەری جەستەیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هەندێک جۆری نەخۆشی جومگە. ڕاهێنانەکان دەتوانن مەودای جووڵە باشتر بکەن و ماسولکەکانی دەوروبەری جومگەکان بەهێز بکەن. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە گۆچان یان دارشەق بەکاردەهێنرێن.

نەشتەرکاری

ئەگەر ڕێوشوێنە پارێزەرەکان یارمەتیدەر نەبن، پزیشکەکان لەوانەیە پێشنیاری نەشتەرکاری بکەن، وەک:

چاککردنەوەی جومگە: لە هەندێک حاڵەتدا، ڕووی جومگەکان دەتوانرێت نەرم بکرێنەوە یان ڕێک بکرێنەوە بۆ کەمکردنەوەی ئازار و باشترکردنی کردار. ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە زۆرجار دەتوانرێت بە شێوەیەکی ناوبینی جومگە (Arthroscopically) ئەنجام بدرێن، لە ڕێگەی بڕینی بچووک لەسەر جومگەکە.

جێگرەوەی جومگە: ئەم پرۆسەیە جومگە زیانلێکەوتووەکە لادەبات و بە یەکێکی دەستکرد جێی دەگرێتەوە. زۆربەی ئەو جومگانەی دەگۆڕدرێن بریتین لە جومگەی ئەژنۆ و ڕان.

تێکەڵکردنی جومگە: ئەم پرۆسەیە زۆرتر بەکاردێت بۆ جومگە بچووکەکان، وەک ئەوانەی لە مل و پەنجەکاندان. کۆتایی دوو ئێسکەکە لە جومگەکە لادەبات و پاشان کۆتاییەکان بەیەکەوە قوفڵ دەکات هەتا چاک دەبنەوە بۆ یەکەیەکی توند و پتەو.

شێوازی ژیان و چارەسەری ماڵەوە

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، نیشانەکانی هەوکردنی جومگەکان دەتوانرێت کەم بکرێنەوە بە ئەم ڕێوشوێنانەی خوارەوە:

  • کەمکردنەوەی کێش: زیادبوونی کێش فشار دەخاتە سەر جومگەکان. کەمکردنەوەی کێش لەوانەیە جووڵە زیاد بکات و برینی جومگەکان سنووردار بکات.
  • ڕاهێنان: ڕاهێنانی ئاسایی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هێشتنەوەی جومگەکان. مەلەکردن و ئاو لەوانەیە هەڵبژاردەیەکی باش بن چونکە بەرزبوونەوەی ئاو فشار لەسەر جومگەکانی کێش کەم دەکاتەوە.
  • گەرم و سارد: پارچەی گەرم یان سەهۆڵ لەوانەیە یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان بدات.
  • ئامێری یارمەتیدەر. بەکارهێنانی گۆچان، دانانی پێڵاو، کوشنی تەوالێتی بەرزکراو، و ئامێرە یارمەتیدەرەکانی تر دەتوانن یارمەتی پاراستنی جومگەکان بدەن و توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانە باشتر بکەن.

دەرمانی جێگرەوە

زۆربەی خەڵک چارەسەری جێگرەوە بەکاردەهێنن بۆ نەخۆشی جومگەکان، بەڵام بەڵگەی باوەڕپێکراوی کەم هەیە بۆ پشتگیریکردنی بەکارهێنانی زۆرێک لەم بەرهەمانە. باشترین چارەسەرەکان بۆ نەخۆشی جومگەکان بریتین لە:

دەرزی ئاژنین (Acupuncture): ئەم چارەسەرە دەرزی بەکاردەهێنێت کە لە خاڵە دیاریکراوەکانی سەر پێست دانراوە بۆ کەمکردنەوەی زۆرێک لە جۆرەکانی ئازار، لەوانە ئەو ئازارەی بەهۆی جۆرەکانی هەوکردنی جومگەوە دروست بووە.

گلوکۆساماین (Glucosamine): هەرچەندە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە تێکەڵ بوون، بەڵام هەندێک لێکۆڵینەوە ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە گلوکۆساماین باشتر کار ناکات بەراورد بە پلاسیبۆ. لەگەڵ ئەوەشدا، گلوکۆسامین و پلەسیبۆ هەردووکیان ئازاری سەوەفان باشتر دەکەن بەتایبەتی لەو کەسانەی کە ئازاری مامناوەند بۆ سەختیان هەیە و هیچ چارەسەرێکی پزیشکان وەرنەگرتووە.

ڕۆنی ماسی: هەندێک لێکۆڵینەوەی سەرەتایی ئەوەیان دەرخستووە کە تەواوکەری ڕۆنی ماسی لەوانەیە نیشانەکانی هەندێک جۆری نەخۆشی جومگە کەم بکاتەوە. ڕۆنی ماسی دەتوانێت دەستێوەردان لە دەرمانەکان بکات، بۆیە پێش بەکارهێنانی لەگەڵ پزیشک گفتوگۆ بکە.

یۆگا و تای چی: هێواشی جووڵە درێژکراوەکانی یۆگا و تای چی لەوانەیە یارمەتی باشترکردنی نەرمی جومگەکان و مەودای جووڵە بدەن.

مەساج کردن: لێدانی سووک و شێلانی ماسولکەکان لەوانەیە لێشاوی خوێن زیاد بکات، جومگەکان گەرم بکات و بە شێوەیەکی کاتی ئازار کەم بکاتەوە.

ئامادەکاری بۆ چاوپێکەوتنی پزیشکی

لە کاتێکدا یەکەم جار نیشانەکان لەگەڵ پزیشک باسدەکەیت، پێویستە پێش چاوپێکەوتنەکە لیستێک دابنێیت، کە پێکبێت لە وردەکاری نیشانەکان، چەند زانیارییەک دەربارەی کێشە پزیشکییەکان کە لە ڕابردوودا هەتبووە، زانیاری دەربارەی کێشە پزیشکیەکانی دایک و باوک یان خوشک و براکان، هەموو ئەو دەرمان  و تەواوکەرە خۆراکییانەی بەکاریاندەهێنیت هەروەها ئەو پرسیارانەش دابنێ کە دەتەوێت لە پزیشکەکەی بپرسیت.

هەروەها پزیشکەکەش کۆمەڵێک پرسیار دەکات لەوانە:

  • کەی نیشانەکان دەستیان پێکرد؟
  • ئایا چالاکی ئازارەکە باشتر دەکات یان خراپتر؟
  • کام جومگە ئازاری هەیە؟
  • ئایا مێژووی خێزانی ئازاری جومگەت هەیە یاخود نا؟


سەرچاوەکان



295 بینین