محەمەد ناسڕ ئەلعەزاوی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-11-01-23:12:00 - کۆدی بابەت: 11579
محەمەد ناسڕ ئەلعەزاوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

محەمەد ناسڕ ئەلعەزاوی (بە عەرەبی: محمد العزاوي، بە ئینگلیزی: Mohammad Naser Al Ezzawy) قورئانخوێن و سروودبێژی ئیسلامی عەرەبی عێراقییە. بە مامۆستای مەقاماتی عێراقی و مامۆستای سروودبێژانی ئیسلامی ناسراو بوو.

زانیاری گشتی

ناو  محەمەد ناسڕ ئەلعەزاوی.
ساڵی لەدایکبوون   ساڵی ١٩٧٠.
شوێنی لەدایکبوون پارێزگای دیالە، عێراق.
نازناو ئەلعەزاوی، سروودبێژی ڕافیدەین، مامۆستای مەقاماتی عێراقی، مامۆستای سروودبێژان.
ئایین  ئیسلامی پەیڕەوی ڕێبازی سوننە.
نەتەوە  عەرەب.
پیشە قورئانخوێن، پێشنوێژ، سروودبێژ، پێشکەشکار.
کۆچی دوایی ٢٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بەغداد.

ژیاننامەی

محەمەد ناسڕ ئەلعەزاوی لە پارێزگای دیالە لە عێراق لە ساڵی ١٩٧٠ لەدایکبووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە بە باوکی کاریگەر بووە چونکە ئیمامی مزگەوتی گەڕەکەکەی خۆیان بووە، بۆیە حەزی لە خوێندنەوەی قورئان و سروودبێژی کردووە.

قۆناغی زانکۆی لە بەغدادی پایتەخت خوێندووە و لە کۆلێجی شەریعە و زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی بەغداد ساڵی ١٩٩٧ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە، هەروەها پلەی ماستەری لە هەمان بوار بەدەست هێناوە. کاری پێشنوژی بۆ چەند مزگەوتێکی عێراق و ئیمارات کردووە و لە ساڵی ١٩٩٨ـەوە نیشتەجێی وڵاتی ئیمارات بووە.

ئەزموونی پیشەیی وەک پێشکەشکار

محەمەد عەزاوی لە کەناڵی ئاسمانی ئەلمەجد کاری پێشکەشکاری و ئامادەکاری بەرنامەی کردووە، لەو کەناڵە پێشکەشکاری بەرنامەکانی تایبەت بە سروودی ئیسلامی بووە، هەروەها یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی کەناڵی "شەدا"ـی تایبەت بە سروودی ئیسلامی بووە.

ئەزموونی سروودبێژی 

محەمەد عەزاوی لە ساڵی ٢٠٠٣ـوە گرنگی بە وتنەوەی سروودی ئیسلامی داوە، سروودەکانی تایبەتمەندن بەوەی کە پابەندن بە بەها ئیسلامییەکان و چەند سروودێکی بەبێ مۆسیقایشی هەیە.

سروودی "مع اللە" سروودێکی ناودارێتی و لەکاتی بڵاوکردنەوەی دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو. هاوکات سروودی "دمانا فداك وأبناؤنا" کە بۆ پێغەمبەر وتوویەتی لە دوای ڕووداوی سووکایەتی کردن و دروستکردنی کاریکاتێر بۆ پێغەمبەر بڵاویکردەوە.

محەمەد عەزاوی لە بواری هونەری مەقاماتی عێراقی زانیاری زۆری هەبووە و گرنگی بەو جۆرە هونەرە داوە و لە بەشێک لە سروودەکانی مەقاماتی عێراقی تێدا بەکارهێناوە، بۆیە نازناوی مامۆستای مەقامبێژانی هەبووە.

دیارترین سروودەکانی

محەمەد عەزاوی سروودبێژێکی ئیسلامی بوو کە خاوەن سێ ئەڵبوومی سروود بوو بە ناوەکانی "أمنية العمر"، "الارتقاء"، "مع الله"، دیارترین سروودەکانی بریتین لە:

  • مطار المدينة
  • يا قارئ القرآن
  • مع الله
  • دفء القلب
  • حار فكري
  • دمانا فداك وأبناؤنا

کۆچی دوایی

لە ڕۆژی هەینی ٢٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ لە بەغدای پایتەختی عێراق محەممەد عەزاوی لە تەمەنی لە ٥٣ ساڵی بەهۆی جەڵتەی دڵی کتوپڕەوە کۆچی دوایی کرد، لەلایەن موستەفا عەزاوی برای هەواڵی کۆچی دوایی بڵاوکراویە و ڕاگەیاندرا.


سەرچاوەکان



269 بینین