ئەو دوعا و نزایانەی کە گرنگن لە ناو نوێژدا بیانخوێنین

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2023-12-06-18:25:00 - کۆدی بابەت: 11690
ئەو دوعا و نزایانەی کە گرنگن لە ناو نوێژدا بیانخوێنین

ناوه‌ڕۆك

ئەو دوعا و نزایانەی کە گرنگن لە ناو نوێژدا بیانخوێنین

لە شەش کاتدا لەناو نوێژدا پێغەمبەر () نزای کردووە و فەرمانی بە ئومەتەکەشی کردووە لەو کاتانەدا بەپێی توانا نزا بکەن کە لە چوار کاتدا نزاکانمان بۆ دیاریکراوە کە چی بڵێین و داوای چی بکەین لە خودای گەورە هەروەها لە دوو کاتیشدا بە ئارەزووی خۆمانە کە چی دوعا و نزایەک بکەین.

ئەم نزایانە دەتوانین لە نوێژە فەڕز و سونەتەکاندا بیانخوێنین

لەکاتی دەستپێکردنی نوێژ

لەکاتی دەستپێکردنی نوێژدا دەتوانین دوعا بکەین بەڵام بە سەربەخۆیی و دڵی خۆمان نا، واتا کاتێک دەڵێیت اللە اکبر و پێش ئەوەی دەست بکەیت بە خوێندنی سورەتی الفاتیحە ئەوا ئەم نزایە بخوێنە کە هەندێک لە زانایان ئەم نزایەیان پێ واجبە و پێغەمبەرمان () فەرموویەتی (کە من لەو کاتەی کە بە گەورەیی ئەم نزایەم زانیووە لە هەموو نوێژێکمدا خوێندوومە) واتا گەر نزاکانی تریش ناخوێنیت لەناو نوێژدا هەوڵبدە ئەم نزایە بخوێنە و فەرامۆشی مەکە کە نزاکە  زیاترە لە ٧ جۆر نزای جیاواز بەڵام ئاسانترینیان لەسەر زمان بریتییە لە (آلله اكبر كبيرا والحمد لله كثيرا وسبحان الله بكرة واصيلا). کە لە فەرموودەیەکی تری پێغەمبەریشدا هاتووە کە کاتێک کەسێک پێش نزا کردن ئەم نزایەی خوێندووە و پێغەمبەر () بینیوویەتی دوای تەواو بوونی لە دوعاکانی پێغەمبەر () بانگی کردووە و بەو کەسەی فەرمووە (کە لەکاتی خوێندنی ئەو نزایە هەموو دەرگاکانی ئاسمان کراونەتەوە بۆ گیرا بوونی دوعاکانت).

لەکاتی ڕکوعدا

دەتوانین نزا بکەین بەڵام بە دڵی خۆمان و سەربەخۆیی نا واتا نزاکە دیاریکراوە و دوو نزا بووە کە پێغەمبەری خودا () خوێندوویەتی واتا لە دوای ئەوەی کە دەڵێین (سبحانه ربي العظيم) دوعای یەکەمیان (سبُّوح، قدُّوس، ربُّ الملائكة والرُّوح)، هەروەها دوعای دووەمیان (سبحانك اللَّهُمَّ رَبَّنا وبحَمْدِك، اللَّهُمَّ اغفِرْ لي).

لە دوای وتنی (سمع الله لمن حمده)

واتا کاتێک لە ڕکوعد بەرزدەبینەوە و دەڵێین (سمع الله لمن حمده، ربنا ولك الحمد) ئەوا چەند نزایەک هەیە کە پێغەمبەرمان () خوێندویەتی و ئێمەش دەبێت بیخوێنین کە بە ئارەزوی خۆمان نییە و دیاریکراوە کە چی نزایەکن، هەروەها یەکێک لە ئاسانترین ئەو نزایانەی کە دەتوانین بیخوێنین لەم کاتەدا بریتییە لە (حمداً كثيراً طيباً مباركاً فيه)، کە لە فەرموودەیەکی سەحیحدا هاتووە کاتێک کە پێغەمبەر () گوێی لەو سەحابەیە بوو کە ئەم نزایەی خوێند فەرمووی بینیم کە زیاتر لە ٣٠ فریشتە هەوڵیان داوە کە ئەجرو پاداشت بۆ ئەو کەسە بنووسن.

لە نێوان دوو سوجدەکەدا

دەتوانیت نزا بکەیت بەڵام لەم سوجدانەدا تەنها بۆت هەیە یەک نزا بکەیت کە ئەویش دیاریکراوە لە لایەن پێغەمبەرمانەوە () کە نزاکە بریتییە لە (رَبِّ اغفِرْ ليِ، رَبِّ اغفِرْ ليِ)، هەروەها ئەگەر ویستت نزاکەت زیاتر بکەیت ئەوا دەبێت بڵێیت (رَبِّ اغفِرْ ليِ، وَارْحَمْنِي، وَاهْدِنيِ، وَاجْبرٌني، وَعَافِنِي، وَارْزُقْنِي، وَارْفَعْنِي).

لەکاتی سوجدەبردن

لەم کاتەدا نزیکترینین لە خودای پەروەردگارەوە هەروەها پێغەمبەری خودا () فەرموویەتی لەکاتی سوجدەدا نزیکترینین لە خوداوە لەبەرئەوە هەوڵبدەن زۆرترین دوعا و نزا و پاڕانەوە بکەن چونکە ئەگەری قوبوڵبوونی دوعا و نزاکان لە سوجدەدا زۆر زۆرە لەبەر ئەوە لەم کاتەدا ئازادین و دەتوانین بە دڵی خۆمان نزا بکەین و هەر جۆرە نزایەکمان دەوێت دەتوانین بیکەین بەڵام ئەگەر توانات هەبوو ئەوا بە عەرەبی دوعاکەت بکە و با دەنگیشت دەر بچێت کێشە نییە بەڵام ئەگەر بە عەرەبی ناتوانی ئەوا بە کوردی دوعا بکە ئەویش کە لە ناخی خۆتەوە دوعا بە کوردی بکە بە بێ دەربڕین تاکوو نوێژەکەت لێ تێکنەچێت و وشەی کوردی تێکەڵ بە نوێژەکە نەبێت.

لەکاتی تەحیاتی کۆتایی 

کاتێک کە نوێژ تەواو دەکەیت و لە کۆتایی تەحیاتی کۆتایشدا پێش ئەوەی سەلام بدەیتەوە دەتوانیت بە دوو جۆر نزا بکەیت:

  • ڕێگەت پێدراوە بە ئازادی و بە دڵی خۆت دوعا و نزاکانت بکەیت و داوا لە خودا بکەیت بۆ هەموو ئەوانەی دەتەوێت بەڵام بەو مەرجەی گەر بە کوردی دوعا دەکەیت دەبێت لە ناخی خۆتەوە دوعا بە کوردی بکەیت بە بێ دەربڕین تاکوو نوێژەکەت لێ تێکنەچێت و وشەی کوردی تێکەڵ بە نوێژەکە نەبێ.
  • جۆری دووەم نزاکە کە لە تەحیاتی کۆتایدا دەخوێنرێت بریتییە لە (اللهم إني أعوذ بك من عذاب القبر، ومن عذاب جهنم، ومن فتنة المحيا والممات، ومن شر فتنة المسيح الدجال)، واتا (خودایە پەنات پێدەگرم لە سزای دۆزەخ، و پەنات پێدەگرم لە سزای گۆڕ، و پەنات پێدەگرم لە فیتنە و ئاشوبی ژیان و مردن، و پەنات پێدەگرم لە خراپەی فیتنەی مەسیحی دەجال)، هەروەها ئەگەر کەسێک نەیتوانی و فێر نەبوو دەتوانێت هەر بە کوردی ئەم نزایە بخوێنێت بەو مەرجەی وشە کوردییەکانی تێکەڵی نوێژەکەی نەبێت.

ئەو نزایەی لە نوێژی شەونوێژدا دەکرێت

کۆمەڵێک نزامان هەیە کە لە نوێژی شەونوێژدا دەکرێت بۆ گیرابوونی دوعاکانمان و بۆ هاتنەدی ئاواتەکانمان، کە لە نوێژی شەونوێژدا لە سوجدەی کۆتایدا پێش هەستانەو بۆ تەحیاتی کۆتایی ٤١ جار بڵێ (لَا إِلَهَ إِلَّا أَنْتَ سُبْحَانَكَ إِنِّي كُنْتُ مِنَ الظَّالِمِينَ)، دواتر لە سوجدەکە هەستەرەوە و تەحیاتی کۆتایی بخوێنەو و سەلام بدەرەوە و هەر داوایەک و نزا و دوعایەکت هەیە لە خودای باڵادەست داوا بکە و بە زووترین کات وەڵامت دەداتەوە.


سەرچاوەکان



686 بینین