چاندنی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-02-19-21:33:00 - کۆدی بابەت: 11989
چاندنی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چاندنی گورچیلە (بە ئینگلیزی: kidney transplantation)  بریتیە لە ئەنجامدانی نەشتەرکارییەک کە تیایدا گورچیلەی نەخۆش بە گورچیلەی تەندروست لە بەخشەرەوە شوێنی دەگیرێتەوە. دەکرێت بەخشەرەکە کەسێکی مردوو بێت یان چاندنەکە لە کەسێکی زیندووەوە ئەنجام بدرێت. ئەندامانی خێزان یان کەسانی تر کە گونجاون لەگەڵ کەسی وەرگردا دەکرێت لەم جۆرە نەشتەرکارییەدا ببنە بەخشەر، ئەو کەسانەی گورچیلەییان دەبەخشن دەتوانن ژیانێکی تەندروست بژین. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کاتێک کەسێک چاندنی گورچیلەی بۆ ئەنجام دەدرێت تەنها یەک گورچیلەی بۆ دەگوازرێتەوە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا لەوانەیە دوو گورچیلە بۆ کەسێک بگوازرێتەوە ئەمەش لە حاڵەتێکدا کاتێک بەخشەرەکە کەسێکی مردوو بێت.

لە چ کاتێکدا کەسێک چاندنی گورچیلەی بۆ دەکرێت

کەسێک چاندنی گورچیلەی بۆ ئەنجام دەدرێت، کاتێک دەگاتە کۆتا قۆناغی نەخۆشیی گورچیلەکان. زۆر کات لەم قۆناغەدا پێویستە پاککردنەوەی خوێن (Dialysis) بۆ نەخۆشەکە ئەنجام بدرێت ئەویش بە لابردنی پاشەڕۆکان لە خوێندا دەبێت.

فرمانی گورچیلەکان

  • یوریا، پاشەڕۆ و شلەکان لە لەش لە شێوەی میز لادەبەن. یوریا دروست دەبێت کاتێک ئەو ماددانەی پڕۆتینیان تێدایە وەک گۆشت و هەندێک سەوزە لە لەشدا تێک دەشکێن دواتر یوریا لە ڕێگەی خوێنەوە بۆ گورچیلەکان دەگوازرێتەوە.
  • باڵانسی خوێییەکان، ماددە ئەلیکترۆلیتەکان وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و ماددەکانی تر لە جەستەدا دەکات.
  • هۆڕمۆنی ئێریسرۆپۆیتن (erythropoietin) دروست دەکات، ئەم هۆڕمۆنە یارمەتی دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەدات.
  • پەستانی خوێن ڕێک دەخەن
  • شلەکان و باڵانسی ترش و تفت ڕێک دەخات تاکوو بتوانێت لەش لە حاڵەتێکی هاوکێشدا بمێنێتەوە.

مەترسییەکانی گورچیلەی دەستکرد

وەک هەر نەشتەرکارییەکی تر دانانی گورچیلەی دەستکرد بۆ کەسێک ڕەنگە دووچاری ئەم کێشانەی بکاتەوە:

  • خوێنبەربوون
  • هەوکردن
  • مانەوەی میز لە بۆری نێوان گورچیلە و میزەڵداندا.
  • گورچیلە نوێیەکە نەتوانێت فرمانەکانی خۆی لە سەرەتادا بەجێ بگەیەنێت.

دەکرێت گورچیلە نوێیەکە لەلایەن جەستەی کەسی وەرگرەوە ڕەت بکرێتەوە. کاتێک تەنێکی نامۆ دەچێتە ناو جەستەوە جەستە ئەم تەنە نوێیە دەناسێتەوە و ڕەتکردنەوە ڕوودەدات. کاتێک گورچیلەیەکی نوێش بۆ لەشی وەرگرەکە دەگوازرێتەوە، کۆئەندامی بەرگری وەک تەنێکی نامۆ گورچیلەکە دەناسێتەوە و بەم جۆرە ڕەتکردنەوە ڕوودەدات. بەهۆی ئەم حاڵەتە پێویستە لە کاتی گواستنەوەی گورچیلە بۆ نەخۆش، دەرمانی تایبەتی پێ بدرێت تاکوو ڕێگری لە کۆئەندامی بەرگری بکرێت کە ئەم ئەندامە نوێیە بناسێتەوە و ڕەتی بکاتەوە.

پێش ئەنجامدانی چاندنی گورچیلە

پێش گواستنەوەی ئەم ئەندامە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر چەندین پشکنین ئەنجام دەدرێت، تاکوو لە گونجاوی ئەندامەکە دڵنیا ببنەوە. پشکنینەکان بریتین لە:

  • پشکنینی گرووپی خوێن: پێشنیار دەکرێت گرووپی خوێنی کەسی وەرگر و بەخشەر هەمان گرووپی خوێن بێت یان لەگەڵ یەکتری گونجاو بێت لەکاتی چاندنی گورچیلەدا. گواستنەوە لەنێوان دوو کەسدا کە گرووپی خوێنیان جیاوازە دەکرێت ئەنجام بدرێت، بەڵام لەم کاتەدا پێویستە دەرمانی زیاتر پێش نەشتەرکاری و دوای نەشتەرکاری بە کەسی وەرگر بدرێت، تاکوو لە مەترسی ڕەتکردنەوەی ئەندامەکە بەدوور بێت.
  • هەڵسەنگاندنی دەروونی وەک فشار و پاڵپشتی خێزانی ڕۆڵی گرنگیان لە ئەنجامدانی ئەم گواستنەوەدا هەیە، هەمان هەڵسەنگاندنیش بۆ کەسی بەخشەریش ئەنجام دەدرێت.

دوای گواستنەوەی ئەندام لە ماڵەوە پێویستە چۆن چاودێری نەخۆش بکرێت؟

زۆر گرنگە کە شوێنی نەشتەرکارییەکە پاک و وشک ڕابگیرێت. بەشێوەیەکی گشتی باشترە کە شوێنی برینەکە زۆر تەڕ نەکرێت، تاکوو بەباشی چاک دەبێتەوە  چونکە ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن.

  • پێویستە لەو چالاکی و شوێنانە بەدوور بیت کە ڕەنگە پەستان لەسەر نەشتەرکارییەکە دروست بکات.
  • ڕۆژانە چاودێری پەستانی خوێن و کێش بکرێت، چونکە زیادبوونی کێش و پەستانی خوێن واتای ئەوەیە کە گورچیلە نوێیەکە ناتوانێت بەباشی شلەکانی لەش بپاڵێوێت و فرمانەکانی بەجێ بگەیەنێت.


سەرچاوەکان



273 بینین