مردن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-16-20:07:00 - کۆدی بابەت: 12132
مردن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مردن لە ئیسلامدا یان مردن لە ڕوانگەی ئایینی ئیسلامەوە یان فەلسەفەی مردن لە ئیسلامدا (بە عەرەبی: الموت في الٲسلام، بە ئینگلیزی: Death at Islam) لە ئایینی ئیسلامدا ژیانی دونیا تەنها قۆناغێکی کاتییە، مردنیش سەرەتای ژیانێکی نوێیە لە ژیانی دوای مردن. لە ئیسلام ژیانی دونیایی تاقیکردنەوەیە بۆ مرۆڤ و مردن گواستنەوەی مرۆڤە بۆ ژیانی هەتاهەتایی کە تێیدا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت لەسەر کارەکانی کە پاداشت یان سزای لەسەر دەدرێتەوە. 

ئایینی ئیسلام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئامادەکاری بۆ مردن بکرێت، ئەویش لە ڕێگەی ئامادەکاری ڕۆحی و مامەڵەی باش لەگەڵ ئەوانی تر و ڕازیکردنی خوا و ئەنجامدانی پەرستشەکان و خۆگرتنەوە لە تاوان، هەروەها جەخت لەسەر گرنگی تەوبە و گەڕانەوەی پێش مردن کراوەتەوە، بۆ پاککردنەوەی ڕۆح و ئامادەکاری بۆ دیداری خوا.

ماوەی مانەوە لە ناو گۆڕ کە قۆناغی نێوان ژیانی نێو گۆڕ و ڕۆژی دوایی دەگرێتەوە پێی دەوترێت "ژیانی بەرزەخ". هاوکات خۆکووشتن، خۆکوشتنی بێئازار، کووشتنی بەئەنقەست هەموو ئەمانە ڕێگای قەدەغەکراون لە ئیسلام بۆ مردن و کۆتایی هێنان بە ژیان، بە گوناهە گەورەکان هەژمار دەکرێن، چونکە ژیان بەخششی خوایە بۆ بەندەکانی و خوا خۆی خاوەنێتی. کات و ساتی مردن لە زانستی غەیبە و جگە لە خوای گەورە هیچ کەسێک نایزانێت.

کەس هەقیقەتی ڕۆح نازانێت کە چییە و چۆنە، ئەم بابەتە لە قورئان بە دەقی ئاشکرا باسکراوە و خوای گەورە لە سوورەتی (الإسراء) ئایەتی ٨٥ دەفەرموێت: (وَيَسْـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلرُّوحِ ۖ قُلِ ٱلرُّوحُ مِنْ أَمْرِ رَبِّى وَمَآ أُوتِيتُم مِّنَ ٱلْعِلْمِ إِلَّا قَلِيلًا)، واتا ئەی محەمەد له‌ بابه‌تی ڕۆحه‌وه‌ لێت ده‌پرسن و ده‌ڵێن: باشه‌ ئه‌و ڕۆحه‌ی كه‌ هۆی ژین و زیندوێتی ئاده‌میزاده‌ چییه‌؟، ئایا شتێكی كۆنه‌، تازه‌یه‌، هه‌قیقه‌تی هه‌یه‌؟ {قل الروح من أمر ربى} پێیان بڵێ: ڕۆح منیش هیچی لێ نازانم، چونكه‌ له‌ فه‌رمانه‌ نهێنییه‌كانی په‌روه‌ردگارمه‌ و به‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌دیهێناوه‌ و مرۆڤ و گیانله‌به‌رانی پێ ده‌جوڵێ و ده‌ژی، ئه‌و هه‌ر خۆی لێی به‌ئاگایه‌ {وما أوتيتم من العلم إلا قليلا} و ئێوه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بابه‌تی ڕۆحه‌وه‌ به‌شێكی كه‌م زانیاریتان پێدراوه‌. 

پێغەمبەر تەنیا دوو فەرموودەی لەسەر ڕۆح هەیە و لە قورئانی پیرۆزیشدا تەنیا یەک جار بە شێوەیەکی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ  بەو جۆرە باس لە ڕۆح کراوە، بۆیە چەمکی ڕۆح یان گیان چەمکێکی نهێنی‌ئامێز و نامۆیە و لە زانستی غەیبە تەنها خودا خۆی لەبارەیەوە دەزانێت و زانایە.

گرنگی مردن

لە ئایینی ئیسلام و فەلسەفەی ئیسلامیدا بە جۆرێک لە مەرگ ناڕوانێت کە تەنها کۆتایی ژیانی دونیایە، بەڵکو بەردەومدانە بە ژیانی ئەو دونیا بە شێوەیەکی تر، لە عەقیدەی ئیسلامیدا خوای گەورە ژیانی دونیای وەکو تاقیکردنەوە بۆ بەندەکانی داناوە و قۆناغی ئامادەکارییە بۆ ڕۆژی دوایی، لەگەڵ مردن هەموو باوەڕدارێک ژیانی دونیای کۆتایی دێت و دەچێتە ژیانی بەرزەخەوە و چاوەڕێی ڕۆژی دوایی دەبێت، بۆیە ژیانی دونیا تاکە دەرفەتێکی گرنگە بۆ بەرهەمداری قیامەت.

بە دەقی قورئانی ئەم بۆچوونە پشتڕاست کراوەتەوە و خوای گەورە لە سوورەتی (الملك) ئایەتی دووەم دەفەرموێت: (ٱلَّذِى خَلَقَ ٱلْمَوْتَ وَٱلْحَيَوٰةَ لِيَبْلُوَكُمْ أَيُّكُمْ أَحْسَنُ عَمَلًا ۚ وَهُوَ ٱلْعَزِيزُ ٱلْغَفُورُ)، واتا ئه‌و زاته‌ی که‌ مردن و ژیانی داهێناوه‌ تا تاقیتان بکاته‌وه‌ که ‌کرده‌وه‌ی کامتان چاکتره‌، هه‌ر ئەو باڵا ده‌ستە و زاتێکی لێ خۆشبووە. لە فەلسەفەی ئیسلامیدا لەبارەی مردنەوە دوو چەمکی سەرەکی بوونیان هەیە کە بریتین لە

  • (الخلود یان الخلد) واتا هەمیشەیی یان ئەبەدی کە بۆ ژیانی دوای مردن بەکاردێت.
  • (الفناء) واتا کاتی، لەناوچوو، شتێک تا ئەبەد نییە و کۆتایی دێت و لەناو دەچێت، بۆ ژیانی دونیا بەکاردێت.

بۆیە ئەگەر لەم دوو چەمکە تێگەشتیت ئەوە گرنگی و بەهاداری مردنت بۆ دەردەکەوێت. هەموو مرۆڤێک دەمرێت و کەس لێی بێ بەری نییە، خوای گەورە لە سوورەتی  (النساء) لە ئایەتی ٧٦ دەفەرموێت (أَيْنَمَا تَكُونُوا۟ يُدْرِككُّمُ ٱلْمَوْتُ وَلَوْ كُنتُمْ فِى بُرُوجٍ مُّشَيَّدَةٍ ۗ )، واتا كاتی هاتنی ئەجەلتان لە هەر كوێ و لەهەر جێگەیەك بن مردن پێتان ئەگات، ئەگەرچی لەناو قەڵایەكی تۆكمە و پتەوی دوور لە گۆڕەپانی جەنگ و كوشتاریش بن مردن هەر پێتان دەگات. 

نیشانەکانی مردن

نەمان و بڕانی هەناسە، وەستانی ترپەی دڵ، گۆڕانی ڕەنگی پێست بە تایبەتی دەموچاو و گۆڕانی ڕەنگی دەموچاو بۆ سپی یان زەردێکی کاڵ، درێژبوونی قاچەکان، نزمبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، کرانەوە و زەقبوونی چاوەکان، خاوبوونەوەی ماسولکەکان، ڕەقبوونی لاشە هەموو ئەمانە نیشانە و بەڵگەن لە ساتەکانی ڕۆحکێشانی کەسێک دەردەکەون کە تازە کۆچی دوایی کردبێت.

بۆچی کەسی مردوو دوای مردنی چاوەکانی دەکرێنەوە؟

بەپێی دەقی فەرموودەی پێغەمبەبەر چاو کۆتا شوێنە کە ڕۆحی مرۆڤی تێدا دەردەچێت، هۆکاری کرانەوەی چاویشی بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە سێری ڕۆحی خۆی دەکات کە دەردەچێت، پێغەمبەر دەفەرمێت: (إذا حضرتُم موتاكُم فأغمِضُوا البصرَ فإن البصرَ يتبعُ الروحَ)، بۆیە دوای مردنی کەسەکە ڕاستەوخۆ دەکرێت چاوی دابخرێت و لە شەرعدا ڕێگە پێدراوە. لەڕووی زانستییەوە بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەکانی چاوەوە ئەم حاڵەتە ڕوودەدات.

ئایا مردوو لە گۆڕەکەی هەست بە تێپەڕبوونی کات دەکات؟

زۆربەی زانایانی ئیسلام جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە و کۆکن لەسەر ئەوەی کە کەسی مردوو لە گۆڕەکەی هەست بە تێپەڕبوونی کات ناکات و کات لای ئەو دەوەستێت نە گەورە دەبێت نە گەنج دەبێتەوە، هەر وەکوو کەسی خەوتوو وایە کە لە خەو ڕادێت نازانێت چەنێک خەوتووە، بەڵگەش بۆ ئەم وتەیە ڕووداوی (یارانی ئەشکەوتە) کە مانەوەیان لە ئەشکەوتەکە ٣٠٩ ساڵی خایاند، بەڵام ئەوان کە ڕابوون و بەخەبەرهاتن هەستیان پێنەکرد کە چەنێک لەو خەڵوەتە مانەتەوە و لە سوورەتی (الكهف) ڕوونکراوەتەوە، (قَالَ قَائِلٌ مِّنْهُمْ كَمْ لَبِثْتُمْ قَالُوا لَبِثْنَا يَوْمًا أَوْ بَعْضَ يَوْمٍ). واتا کاتێک بەخه‌به‌رهاتن له‌ نێوان خۆیاندا له‌ یه‌كتر پرسیان ئاخۆ چه‌ند له‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا مابینه‌وه‌ و نووستبین لەم ئەشکەوتە؟ زۆر به‌ ئاسایییه‌كه‌وه‌ گوتیان رۆژێك یان به‌شێكی ماوینه‌ته‌وه‌.

ئایا مردوو فریشتەی ڕۆحکێشان دەبینێت؟

لە ئیسلامدا فریشتەی مەرگ کە بە ئیزرائیل ناسراوە بەرپرسە لە وەرگرتنی ڕۆحی کەسەکان. قورئانی پیرۆز لە چەند شوێنێکدا ئاماژەی بۆ بوونی فریشتەی مەرگ و ڕۆڵی کێشانی ڕۆحی مرۆڤ لە کاتی مردندا باس کردووە. لە سوورەتی (السجدة) ئایەتی ١١ خوای گەورە دەفەرموێت (قُلْ يَتَوَفَّاكُم مَّلَكُ ٱلْمَوْتِ ٱلَّذِى وُكِّلَ بِكُمْ ثُمَّ إِلَىٰ رَبِّكُمْ تُرْجَعُونَ)، ئه‌ی محەمەد  پێیان بڵێ: فریشته‌ی گیانكێشان گیانتان ده‌كێشێت كه‌ خوای گه‌وره‌ گیانكێشانی ئێوه‌ی به‌و سپاردووه‌ و پاشانیش له‌ ڕۆژی دوایی بۆ لێپرسینەوە بۆ لای په‌روه‌ردگارتان ده‌گه‌ڕێنه‌وە. واگریمانە دەکرێت کە مردوو لە کاتی مردن و پێش ئەوەی ڕۆحی لە جەستەی دەربچێت فریشتەی مەرگ ببینێت.

ئایا مردووەکان بە یەکتر شاد دەبنەوە و یەکتر دەبینن؟

زانای ئیسلامی ئیبن قەییم لە کتێبی (الروح) ڕوونیکردووەتەوە کە ڕۆحەکان دوای مردن دوو جۆرن، ئەو ڕۆحانەی لە ئازار و ئەشکەنجەدان و شادبوونەوە و هەواڵی تریان بەلاوە گرنگ نییە، دووەم جۆریش ئەو ڕۆحانەن کە لە نیعمەتی خوادان و بەهەشتین، هەر کاتێک کەسێکی نوێیان لێ دەمرێت پێیان شاد دەبنەوە و هەواڵی دونیا و کەسەکانیان لە کەسە نوێیەکە دەپرسن کە تازە مردووە و هاتۆتە ژیانی بەرزەخەوە.

کەی زیندووەکان و مردووەکان بە یەک دەگەن؟

لە خەوندا، واتا کەسی زیندوو کاتێک بە کەسی مردوو دەگات کە خەوی پێوە دەبینێت. خەوبینین بە مردووەوە تەفسیر و شیکار و حاڵەتی زۆر و جیاوازی هەیە، دەرکەوتنی کەسێکی مردوو لە خەودا یان خەوبینین بە مردووەوە ڕەنگە دەرئەنجامی هەستی بیرکردن و تامەزرۆیی زۆری زیندووەکە بێت بۆ مردووەکە، خەوبینینیش تاکە ڕێگای گەیشتنی مردووانە بە زیندووان. تەفسیرکردنی خەوبینین بە مردووەوە چەندان حاڵەتی جیاوازی هەیە دەکرێت لە کەسی شارەزا تەفسیر و واتای خەوەکە وەربگیرێت.

ئایا مردوو ئاگادار دەبێت ئەگەر سەردانی گۆڕەکەی بکرێت؟

زانایانی ئیسلامی لەسەر ئەوە کۆکن کە مردوو هەست بە سەردانیکەرانی دەکات کە کاتێک سەردانی دەکەن لە گۆڕستان و هەندێک دەڵێن گوێی لێیانە، مردووەکان وڵامی سەلامی زیندووەکان دەدەنەوە و بەسەردانیکردنیان دڵخۆش دەبن، بەڵگەش بۆ ڕاستی ئەم بۆچوونە فەرموودەیەکی پێغەمبەر ـە کە کاتی سەردانیکردنی گۆڕستان دوعایەکی خوێندووە و تێیدا سەلامی لە ئەهلی گۆڕستان کردووە، فەرمودە و ویردەکەش بریتییە لە: (السَّلَامُ عَلَيْكُمْ أَهْلَ الدِّيَارِ مِنَ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُسْلِمِينَ، وَإِنَّا إِنْ شَاءَ اللهُ لَلَاحِقُونَ، أَسْأَلُ اللهَ لَنَا وَلَكُمُ الْعَافِيَةَ)، ئەم ویردە وەکوو ویردی سەردانیکردنی گۆڕستانە و تێیدا سڵاو لە مردووەکان دەکرێت، سڵاویش لە هەرکەسێک بکرێت وڵام دەدرێتەوە.

لە فەرموودەیەکی تردا پێغەمبەر فەرموویەتی (السَّلامُ عليكم دارَ قَومٍ مؤمنينَ). ئیمامی ئیبن قەییم فەرموودەیەکی تر دەکاتە بەڵگەو پێغەمبەر فەرموویەتی (ما من رجُلٍ يزورُ قبرَ أخيه ويجلسُ عندَه ، إلا استأنسَ به ورَدَّ عليه حتى يقومَ) واتا هەر کەسێک سەردانی کەسێکی مردووی بکات و لەلای دابنیشێت، ئەوە کەسی مردوو هەستی پێدەکات و وڵامی سەلامەکەی دەداتەوە و دڵخۆش دەبێت.

لە ئیسلام پۆشینی جلی ڕەش بۆ مردوو لە دروستە و ماوەی پرسەگرتنەوە چەنێکە؟

لە ئایینی ئیسلامدا تەعەزێگرتنەوە و پرسەباری تەنها سێ ڕۆژە، ژنانیش ئەگەر هاوسەرەکەیان کۆچی دوایی کرد کات و مەرجی پرسەگرتنەوە و عیدەکەی دیاری کراوە، جگە لەو حاڵەتە پۆشینی جلی ڕەش وەکوو خەم دەربڕین بەپێی وتەی زانایانی ئیسلام بۆ مردوو دروست نییە، چونکە ڕەفتارێکی داهێنراوی کولتوورەکانە و لە شەرعدا بوونی نییە.

لە کاتى مردنى کەسێک چی شتێک لەسەر ئامادەبووان و کەسووکارەکەی پێویستە کە ئەنجامی بدەن؟

  • نوقاندنی چاوەكانی و دوعای خێر بۆ كردنی.
  • بە پۆشاكێك یان پەتوویەک كە هەموو لەشی مردووەکە بگرێتەوە دابپۆشرێت، ئەمە بۆ كەسێك لەكاتی ئیحرام نەبێت و جلی ئیحرامی لەبەر نەبێت، چونکە ئەو كەسەی كە پۆشاكی ئیحرامی لەبەردایە و دەمرێت دەموچاوی داناپۆشرێت.
  • ئەگەر مردنی کەسێک ئاشكرا بوو و لە مردنی دڵنیابوون و کارە کارگێڕییەکان تەواوکران، پێویستە پەلە بكرێت لە شۆردن و كفنکردن و ناشتنی، چونکە لە فەرموودەی پێغەمبەر پشتڕاستکراوەتەوە و فەرمویەتی: (أسرعوا بالجنازة)، واتا پەلە بكەن لە بەڕێكردنی جەنازەدا.
  • گریان بە دەنگی بەرز، لەخۆدان و جل دڕاندن و شیوەنکردن، قیژاندن و هاوارکردن بە دەنگی بەرز، کوفرکردن و ناشوکرانەکردن، هەموو ئەم ڕەفتارانە کە بەشێک لە خەڵکی لە ساتی سەرەتای مردنی کەسەکانیان ئەنجامی دەدەن نەهی لێکراوە و ئەنجامدانی سزای لەسەرە، پێغەمبەر فەرموویەتی (ليس منا من شق الجيوب، ولطم الخدود، ودعا بدعوى الجاهلية)، واتا لە ئێمە نییە ئەو کەسەی کە شیوەن دەکات و لەخۆی دەدات و ڕەفتار و ئەتواری سەردەمی نەزانی ئەنجام دەدات. ئەگەر لە سەرەتای ڕوودانی مردنەکە ئارامگر نەبن لەلایەن خواوە پاداشتی ئارامگرتنیان بۆ نانووسرێت و ئەو ڕەفتارانە ڕەفتاری سەردەمی نەزانییە.
  • پاش پرۆسەی ناشتن، پێویستە کەسووکاری مردووەکە پەلە بكەن لە دانەوەی قەرزەكانی، لە پارە و ماڵی مردووەكە خۆی.


سەرچاوەکان



122 بینین