وازهێنان لە جگەرەکێشان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-03-20-16:52:00 - کۆدی بابەت: 12168
وازهێنان لە جگەرەکێشان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

وازهێنان لە جگەرەکێشان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز یان تەرککردنی جگەرە لە مانگی ڕەمەزان (بە عەرەبی: ترك التدخين في شهر رمضان، الإقلاع عن التدخين في رمضان، بە ئینگلیزی: quit smoking in Ramadan) ڕەمەزان مانگێکە دەرفەتە بۆ نوێبوونەوە و وازهێنان لە خووە زیانبەخشەکان، جگەرەکێشانیش یەکێکە لەو خووانەی کە مرۆڤ ئالوودە دەکات و زیانی تەندروستی زۆری هەیە و وازهێنان لێی کارێکی قورس و ئاڵۆزە. بۆیە دەکرێت مانگی ڕەمەزان وەکوو دەرفەت و هەلێک بێت بۆ کەسانی جگەرەکێش تاکوو بەکاریبێنن بۆ ڕزگاربوون لە جگەرەکێشان، چونکە بەهۆی ڕۆژووەوە خۆیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکی دیاریکراو نایکێشن و بەسەر خۆیان زاڵ دەبن.

دەکرێت وازهێنان لە جگەرەکێشان لە مانگی ڕەمەزاندا هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ باشترکردنی تەندروستی گشتی، هەندێک ئامۆژگاری سەرەتایی بۆ یارمەتیدان لەم کارەدا بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی حەزی جگەرەکێشان بە دیاریکردنی هۆکارەکانی جگەرەکێشان و گەڕان بەدوای جێگرەوەیەکی تەندروستدا. هەروەها دەتوانیت سوود لە پشتیوانی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت و خێزانەکەت وەربگریت.  

چەند هەنگاوێکی گرنگ بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا

نییەتهێنان و بڕیاردان لە ناخەوە

هەموو کارێک یەکەم هەنگاوی بریتییە لە بڕیاردان لە ناخی خۆتەوە، واتا خۆت قەناعەتی تەواوت هەبێت کە ئەم کارەی تۆ ئەنجامی دەدەیت گرنگە بۆ ژیانت بە گشتی بۆ تەندورستیت بە تایبەتی.

دیاریکردنی ئامانجی وازهێنان لە جگەرەکێشان

هەوڵبدە کە هۆکاری وازهێنانت لە جگەرەکێشان دیاری بکەیت، واتا لە خۆت بپرسە کە بۆچی دەتەوێت واز لە جگەرەکێشان بهێنیت؟ هۆکاری تەندروستی یان ئایینی یان کۆمەڵایەتی هەر کامێکیان بێت پێویستە بیزانیت و لەلات ڕوون بێت.

هەوڵدان بۆ بڕیاردانی یەکجارەکی 

توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بڕیاردانی یەکجارەکی بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان بە بەراورد بە کەمکردنەوەی جگەرەکێشان بە شێوەی پلەبەندی ئەگەری بە دەستهێنانی ئەنجامی زیاتر و باشترە و زیاتر پابەند دەبیت.

گرنگیدان بە هۆکاری ئایینی 

لە مانگی ڕەمەزان لایەنی ڕۆحی گرنگی زۆری پێدەدرێت، زۆرێک لە زانایانی ئیسلام واگریمانەیان کردووە کە جگەرە بەهۆی زیانە تەندروستییەکانییەوە حەرامە و خوویەکی ناپەسەندە، بۆیە دەکرێت ئەو خاڵە وەکوو پاڵنەرێک لە ڕەمەزاندا بەکاربهێندرێت.

کاتێک دیاری بکە

کاتێکی نزیک دیاری بکە و پەیوەست بە پێوەی، چەند زووتر بڕیار بدەیت کاریگەری ئەرێنی زیاتر بەدەست دەهێنیت، چونکە خۆدواخستن گەیشتن بە ئامانجەکەت ئەستەم دەکات.

بەکارهێنانی جێگرەوە

دەکرێت لە سەرەتا و قۆناغی وازهێنانەکە چەند جێگرەوەیەک بەکاربهێنرێت، دەتوانرێت بنێشتی خاڵێ لە نیکۆتین یان جگەرەی ئەلیکترۆنی تامدار وەکوو جێگرەوەی کاتی بەکاربهێنرێت، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە حەز و خوولیایەکی زۆرت بۆ کێشانی جگەرە هەیە.

کۆنتڕۆڵکردنی حەز و ویستت

هەندێک کات هەیە کە کەسی جگەرەکێش حەزی زۆری بۆ کێشانی جگەرە هەیە، نموونەی کاتی دوای بەربانگ، یان لەگەڵ چای و قاوە، یان لەگەڵ خواردنێکی دیاریکراو، یان کە ڕاستەوخۆ لەخەو هەڵدەستیت، لەوکاتانەدا پێویستە کەسەکە خۆڕاگر بێت و بتوانێت جێگرەوە بەکاربێنێت. لەم کاتانەدا ئەنجامدانی وەرزش و پیادەڕەوی و وەرزشە ئارامکەرەوەکان نموونەی یۆگا و تێڕامانی قووڵ یارمەتیدەرێکی ترن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دۆخەکە.

داوای پاڵپشتیکردن و هاوکاریکردن لە کەسانی تر بکە

کەسانی نزیکت نموونەی خێزان و هاوڕێ و کەسە نزیکەکان زۆر کاریگەر یارمەتیدەرن لە ئەزموونی وازهێنانت لە جگەرەکێشان، دەکرێت لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نموونەی گرووپەکانی فەیسبووک ئەزموونی خۆت لەگەڵ کەسانی تر کە بە هەمان ئەزموونی تۆدا تێپەڕ دەبن هاوبەش بکەیت و گفتوگۆ بکەیت لەبارەی خاڵە لاوازەکانت لەگەڵ ئەو کەسانەی کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە، دەکرێت کە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر و کاریگەر سەردانی پزیشکی پسپۆڕ یان چارەسەرکارێکی دەروونی بکەیت و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی زانستیانە جێبەجێ بکەیت.


سەرچاوەکان



61 بینین