چۆن منداڵەکان فێر بکەین قەیتانی پێڵاو ببەستن؟

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-21-22:47:00 - کۆدی بابەت: 12201
چۆن منداڵەکان فێر بکەین قەیتانی پێڵاو ببەستن؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن منداڵەکان فێر بکەین قەیتانی پێڵاو ببەستن؟ (بە عەرەبی: كيف اعلم طفل يربط حذائه؟، بە ئینگلیزی: How to Teach Your Child to Tie Their Shoesکاتێک منداڵەکان دەگەن بە تەمەنی باخچەی منداڵان یان قوتابخانە، پێویستییان بەوەیە هەندێک لە کارەکان خۆیان بیکەن و سەربەخۆ بن، کاری وەکوو داخستنی قۆپچەی کراس، بەستنی قژ بە مەتات و بەستنی قەیتانی پێڵاو. ڕەنگە ئەم کارانە بە باسکردن ئاسان بن بەڵام کاتێک بە کرداری فێری منداڵ بکرێت کارێکی ئەوەندە ئاسان نییە.

ئەو خاڵانەی دەبێت بۆ بەستنی قەیتانی پێڵاو لەبەرچاو بگیرێن

١- دەبێت ئارامگر بن، چونکە فێربوونی بەستنی قەیتانی پێڵاو کارێکە کاتی دەوێت و بۆ منداڵ قورسە.
٢- کاتێک منداڵ پێڵاو یان کالەکەی لەپێ کردووە، دەست مەکە بە فێرکردنی. سەرەتا پێڵاوەکە بخەنە سەر مێزێک و بەو شێوەیە لەسەر مێزەکە ڕاهێنان بکەن.
٣- ئەگەر منداڵ ڕاستە بوو، لەلای خۆتەوە داینیشێنە و ئەگەر چەپە بوو لە بەرانبەرت داینیشێنە.
٤- کاتێک ویستی قەیتانەکام ببەستێت، دەستی بگرە و ڕێنمایی بکە.
٥- بەستنی قەیتانی پێڵاو ڕێگای جیاوازی هەیە، دەتوانن لەگەڵ منداڵ جۆرەکانی داخستنی قەیتانەکان تاقی بکەنەوە تاکوو ئەو ڕێگایەی بەدڵییەتی فێر دەبێت.
٦- لە قۆناغە جیاوازەکاندا قسە بکەن و بۆی ڕوون بکەنەوە کە خەریکن چی دەکەن.
٧- کاتێک بەستنی قەیتانی پێڵاوت فێر کرد، داوای لێ بکە چەند جارێک دووبارەی بکاتەوە.
٨- ئەگەر بەشێوەی یاری و گۆرانیش فێرکاری بەستنی قەیتانی فیر بکەن، کاریگەری باشی هەیە.

لە چ تەمەنێکد منداڵ فێری بەستنی قەیتانی پێڵاو بکەین؟

بەستنی قەیتانی پێڵاو لەو کارامەییانەیە کە دەبێت منداڵ ئامادە بێت بۆ فێربوونی، ئەگەر منداڵ ئامادەباشی نەبێت، فێربوونی بۆی کارێکی زۆر قورس دەبێت، چونکە دەست و پەنجەکان لەگەڵ مێشکی پەیوەست نابن بۆ گرێدانی قەیتانەکان. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی کەسەکان بڕوایان وایە کە منداڵ لە تەمەنی شەش ساڵی بەدواوە دەبێت فێری ئەم کارامییە بێت، بەڵام هەندێک لێکۆڵینەوە دەریدەخەن کە کچەکان بەگشتی زووتر لە شەش ساڵی فێر دەبن، کوڕەکانیش نزیکی هەشت ساڵی دەتوانن قەیتانی پێڵاوەکانیان ببەستن، هەڵبەت ئەمەش گشتگیر نییە و هەموو شتێک پەیوەستە بە توانای منداڵەکەوە.

فێرکردنی بەستنی قەیتانی پێڵاو بۆ منداڵی ئینکار

هەندێک لە منداڵەکان ئینکارن و نایانەوێت فێری کارامەییەکان بن، لەسەر ئەم بابەتانە لە ماڵەوە دەبێتە کێشە بۆ خێزانەکان، هەندێک لە دەروونناسان بڕوایان وایە کە واباشترە پێڵاوی لەزگەیی بۆ ئەم منداڵانە بکڕدرێت، لەسەر بابەتێکی وەکوو بەستنی قەیتانی پێڵاو شەڕ و کێشە دروست نەکەن، چونکە شایەنی ئەوە نییە. هەروەها پێدانی ئەنگیزەی فێربوونیش دەکرێت یارمەتیدەر بێت بۆی، بۆ نموونە کاتێک حەزی لێیە پێڵاوێکی قەیتاندار بکڕێت کە هەموو هاوڕێکانی لەوەیان هەیە، دەتوانن پێی بڵێن سەرەتا دەبێت فێری بەستنی قەیتانەکانی بیت دوای ئەوە پێڵاوەکەت بۆ دەکڕین.


سەرچاوەکان



156 بینین