مێژووی کۆمپانیای BMW

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-22-07:06:00 - کۆدی بابەت: 12212
مێژووی کۆمپانیای BMW

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی کۆمپانیای BMW (بە عەرەبی: تاریخ شرکة بی ام دبلیو، بە ئینگلیزی: History of BMW company) گرووپێکی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل و بزوێنەری فڕۆکە و ماتۆڕسکیلی ئەڵمانییە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە دەکەوێتە هەرێمی باڤاریا و شاری میونخ، کۆمپانیاکە لە ساڵی ١٩١٦ دامەزراوە و تا ئێستا بەردەوامە لە کارکردن. 

مێژووی دامەزراندن

کۆمپانیای BMW بە چەند قۆناغێکدا ڕۆیشتووە. دامەزرێنەی بیرۆکەی کۆمپانیای BMW دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیایەکی تر بە ناوی Otto Flugmaschinenfabrik کە لە ساڵی ١٩١٠ لە باڤاریا دامەزراوە. ئەم کۆمپانیایەش لە بەرواری ٧-٣-١٩١٦ لقێکی تری کردەوە بە ناوی Bayerische Flugzeugwerke AG. کە دواتر لە ساڵی ١٩٢٢ ناوی گۆڕدرا بۆ Bayerische Motoren Werke یان بە کورتکراوەی BMW

دامەزرێنەری بیرۆکەی ئەم کۆمپانیایە دوو سەرمایەدار و پسپۆڕێکی میکانیک بوو بە ناوەکانی (Camillo Castiglioni، Franz Josef Popp، Karl Rapp) کارڵ ڕاپ بەڕێوەبەری جێبەجێکار و دانەری بیرۆکەی کۆمپانیاکە بوو. 

کۆمپانیای بایەریش لە سەرەتای دامەزراندنیدا ماتۆڕسکیلی دروست دەکرد، بەڵام بە بیرۆکەی نوێ نەوەک لاساییکردنەوە، کۆمپانیاکە ئەو جۆرە ماتۆڕانەی دروستیان دەکرد سەرنشینی دووەم لە تەنیشت سەردەکەوت نەوەک لە پشت شۆفێری ماتۆڕەکە، ئەمەش بیرۆکەیەک بوو کە هەرگیز لەوەو پێش نەبوو یان دەتوانرا جێگەی سەرنشینەکە وەک شوێنی هەڵگرتنی کەلوپەل دابنرێت. ئەم ماتۆڕانە زۆر بەربڵاوبوون تەنانەت ئێستاش لە هەندێک شار و شارۆچکەی کوردستان لای هەندێک کەس ماون. 

لەگەڵ بەرهەمی تایبەت بەخۆی (کاڕڵ ڕاپ) بەشێکی کۆمپانیاکەی تەرخان کردبوو بە دروستکردنی بزوێنەری ماتۆڕسکیل بۆ کۆمپانیاکانی تری دروستکردنی ماتۆڕسکیل کە تا کۆتایی ١٩٢٢ بەم شێوەیە کاری دەکرد. 

کۆمپانیای BMW وەک بەرهەمهێنەری ئۆتۆمبیل

تا ساڵی ١٩٢٨ کۆمپانیاکە تەنها ماتۆڕسکیل و بزوێنەری ماتۆڕی دروست دەکرد، بەڵام دواتر کۆمپانیای Fahrzeugfabrik Eisenachـیان کڕیەوە. کە ئۆتۆمبیلی Austin sevenـیان دروست دەکرد لەم ساتەوە گرووپی "بایەریش" دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل، هەر زوو توانی ڕکابەری ئۆتۆمبیلەکانی هاوسەردەمی خۆی بێت وەک Ford T کە لە ئەمریکا دروست دەکرا لەلایەن کۆمپانیای فۆردەوە. 

دواتر BMW ئۆتۆمبیلێکی لە ساڵانی ١٩٣٠ خستە بازاڕەوە بە ناوی Dixi کە قەبارە گەورەتر بوو، کە تا ١٩٣٩ بەردەوام بوو لە دروستکردنی ئۆتۆمبیل. ئامانجی کۆمپانیای بایەریش یان باڤاریا ئەوەبوو ئۆتۆمبیلی کەشخە و وەرزشی دروست بکات وەک لە ئۆتۆمبیلی سادە و لاساییکردنەوەی پێوە دیاربێت. 

جەنگی دووەمی جیهانی و سەردەمێکی نوێ

جەنگی دووەمی جیهانی لە ١٩٣٩ دەستی پێکرد و لە ١٩٤٥ کۆتایی هات. لەو ماوەیەدا کۆمپانیاکانی ناوخۆی ئەڵمانیا ڕێڕەوی کارەکانیان گۆڕی لە بەرهەمی گشتی بۆ بەرهەمی سەربازی. لێرەدا BMW و Opel دوو کۆمپانیا بوون کە پشکی یەکەمیان بەرکەوت لە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیلی سەربازی و هۆکاری گواستنەوەی سەربازی. ئۆپڵ بارهەڵگری دروست دەکرد کە تۆکمە و بەهێزبوون، BMWـیش بزوێنەر و فڕۆکەی جەنگی جۆری B و A و Fـی دروست دەکرد کە بە واتای (بۆمب هاوێژ، هێرشبەر، شەڕکەر) دێن بە بزوێنەرێکی بەهێز. کە دەیانتوانی تا بەرزییەکی زۆر بفڕن کە لەو سەردەمەدا هیچ فڕۆکەیەک نەبوو بچێتە سەروو هەورەکانەوە. لەگەڵ بوونی سیستمی Auto repair کە لەکاتی زیانکەوتن بە بەشەکانی ناوەوەی فڕۆکەکە تا کاتی نیشتنەوە بتوانێت بەرگە بگرێت و لە ئاسماندا بمێنێتەوە، ئەم تایبەتمەندییە لە دوای فڕۆکەکانی BMW لە هیچ فڕۆکەیەکدا بەکارنەهاتووەتەوە و مافی BMWـە. 

لە ڕۆژگاری جەنگدا ٤٠ هەزار کارمەند لە کۆمپانیای باڤاریا کاریان دەکرد کە ئەمەش ڕێژەیەکی بەرز بوو لەو سەردەمەدا. ئەڵمانیای نازی لەبەر یارمەتییەکانی BMW داوای کردبوو لۆگۆی کۆمپانیاکە لەسەر دروشمی نازییەکان بێت، ئەمانیش لۆگۆیەکیان کێشا کە تێکەڵەی لۆگۆ سەرەکییەکە و خاچی چەماوەی نازییەکان بوو. زۆرێک دەڵێن لەو ساتەدا ڕۆڵی BMW بەدیارکەوت لە پیشەسازیدا کە ئەم لۆگۆیەیان کردە لۆگۆی سەرەکی بەرهەمەکانیان. 

دیزاینکردنی ئۆتۆمبیلێکی نوێ

دوای جەنگ و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ BMW گەڕایەوە بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبیل لەمەشدا هەر داهێنانی کرد، کاتێک ڕووداوەکانی گڕگرتنی ئۆتۆمبیل لە ئارادا بوو بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆ، بیریان لەوە کردەوە کە بزوێنەری ئۆتۆمبیلەکان بەرنە دواوە بۆ ئەوەی ئەگەر پێکدادان لە پێشەوە ڕوویدا نەبێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبیلەکە، بەشی پێشەوە بە جۆرێک دیزاین کرا کە بەرگەی پێکدادانی قورس بگرێت ئەم جۆرە ئۆتۆمبیلە ناوی BMW 700 بوو.

لە ساڵی ١٩٧٢-١٩٧٨ زنجیرەکانی سێ و پێنج و شەش و حەوتی دروستکرد و خستییە بازاڕەکانەوە کە بە نایابترین ئۆتۆمبیلە وەرزشییەکان دادەنرێت لە چەشنی (سیدان).

لقی BMW M

لقێکی تری بەشی ئۆتۆمبیلی لە ژێرناوی M کردەوە کە قەبارەی بزوێنەرەکەی مامناوەند بوو، وەرزشی و کەشخە بوو. BMW یەکەم کۆمپانیا بوو کە ئۆتۆمبیلی ١٢ پستۆن بخاتە بازاڕەوە، ئەمیش لە ساڵی ١٩٨٦ بوو لە جۆری 750i سیدان بوو. 

خاوەندارێتییەکانی گرووپی BMW

کۆمپانیای باڤاریا، لە مێژوویدا خاوەندارێتی چەندین کۆمپانیای کردووە یان هاوبەشی کردووە، لە ساڵانی ١٩٥٠ خاوەندارێتی کۆمپانیای (لامبۆرگینی) ئیتاڵی کردووە و مۆدێلی ئۆتۆمبیلە پێشبڕکێکانی لەو سەردەمەدا دیزاین کرد کە تا ئێستاش لامبۆرگینی لەسەر هەمان دیزاین بەردەوامە. 

لە ساڵی ١٩٩٤ کۆمپانیای Roverـی بەڕیتانی کڕیەوە لەگەڵ کۆمپانیای جاگوار، کۆمپانیای ڕۆڤەر بە هەردوو ئۆتۆمبیلی لاند ڕۆڤەر و ڕەنج ڕۆڤەر ناسراوە بەڵام لە خاوەندارێتی ئەم کۆمپانیایەدا سەرکەوتوو نەبوون و لە ساڵی ٢٠٠٠ فرۆشتیانەوە.  لە ساڵی ١٩٩٨ کۆمپانیای ڕۆڵس ڕۆیزی بەڕیتانیان کڕیەوە کە تا ئێستا خاوەندارێتی دەکەن.  لەم ساڵانەی دواییشدا بڕاندی Mini کڕیەوە کە ئۆتۆمبیلی بچووک و خانمانە دروست دەکات. کە لە ئێستادا گرووپەکە سێ براند لەخۆدەگرێت ئەوانیش بی ئێم خۆی و ڕۆڵس ڕۆیز و مینی. 

دروشمەکانی کۆمپانیای BMW بۆ ڕیکلامەکانی

لە زانستی بازاڕگەریدا هەموو بەرهەم و خزمەتگوزارییەک Sloganـی هەیە یان mission statement کە ڕستەیەکی بازرگانییە بۆ ڕیکلام کردن و سەرنجڕاکێشانی کڕیاران بەکاردێت. گرووپەکە خاوەنی ژمارەیەک دروشمە کە ئەمانەن: 

  • sheer driving pleasure 
  • ultimate driving machine 
  • the best machine in the world 

گرانترین ئۆتۆمبیل لە مێژووی کۆمپانیاکەدا

دیارە BMW کۆمپانیایەکی High class range ــە کە بۆ چینی دەوڵەمەند و خانەدانەکانە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نرخەکانیان زۆر بەرز نین. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی گرانترین ئۆتۆمبیلن ئەویش BMW NAZKA 1993 کە نرخی ٣ ملیۆن دۆلار بوو و ڕێژەیەکی کەمی لێ دروستکرا.  لە هەمان کاتیشدا خاوەنی خاوترین ئۆتۆمبیلی جیهانن کە خاوەنی ١ پستۆن بووە Isetta کە لە پەنجاکان خرایە بازاڕەوە کە تەنها شوێنی یەک سەرنشینی هەبوو. 

ئایا BMW کۆمپانیایەکی جیهانییە یان نێودەوڵەتی؟ 

لە زاراوەکانی International business بۆ هەر یەکەیەکی کار چەند ناوێک هەیە بۆ نموونە ئەو بزنسەی کە تەنها لە ناوخۆدایە پێی دەوترێت domestic واتا ناوخۆیی، ئەو بزنسەی لە نێو کیشوەرێک یان یەکێتییەکدایە بە نموونە یەکێتی ئەورووپا یان دەوڵەتە عەرەبییەکان پێی دەوترێت national کە هێشتا تێنەپەڕیوەتە ناوچەی جیاواز ئەمەیان پێی دەوترێت نەتەوەیی، دوو جۆر بزنسی تر هەن ئەوانیش international واتا نێودەوڵەتی کە زیاتر لە کیشوەرێک و نەتەوەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کۆتا پلەش Globalization واتا بە جیهان بوون کە هیچ شوێنێک نامێنێت ئەم بەرهەمەی لێ نەبێت. BMW لە ئێستادا لە قۆناغی Internationalـدایە گەرچی بەرهەمەکانی هەموو سنوورەکانیان تێپەڕداوە بەڵام بنکەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبیل لە دەرەوەی ئەڵمانیا بە پەنجەکانی دەست دەژمێردرێن واتا هێشتا لە هەموو وڵاتێک بنکەی دروستکردنی نییە. 

واتای لۆگۆی BMW چییە؟ 

لێکدانەوەی جیاواز دەکرێت بۆ لۆگۆی کۆمپانیاکە لە هەڵبژاردنی ڕەنگی شین و سپی هۆکار چییە؟ وەڵامی پرسیارەکەش بریتییە لەوەی ڕەنگی شین و سپی ئاڵای هەرێمی باڤاریایە لە سەرەتای مێژوودا هەر بەم شێوەیە بووە کە بە شێوەی زەخرەفەیە، هۆکاری ئەوەی کە  بە شێوەی بازنەیی دیزاین کراوە دەگەڕێتەوە بۆ پەروانەی فڕۆکەکانیان کاتێک بزوێنەرەکە بەکار دەخرا لۆگۆکەی دەردەچوو بە هەمان شێوەی ڕەنگ بۆیە ئەمە کرا بە لۆگۆی فەرمی کۆمپانیاکە. و کاتێک باسی براندی BMW دەکرێت بە لۆگۆکەی دەناسرێتەوە 

هەروەها خاڵێکی تری ناسینەوەی براندەکە لە بەشی پێشەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا لە نێوان لایتەکان دوو پارچە هەیە کە لێک جیابوونەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی هەوا بۆ ناو بزوێنەر کە لە شێوەی سمێڵدایە، ئەمەش ڕاستە لەسەر شێوەی سمێڵی (ئەدۆڵف هیتلەر) ڕابەری ئەڵمانیا دیزاین کراوە و تا ئێستا لە ئۆتۆمبیلەکاندا ماوە 

داهاتی کۆمپانیای BMW

لە ساڵی ٢٠١٨ داهاتی کۆمپانیاکە گەیشتە ٥٥٫٣ ملیار دۆلار. بەهای هەر پشکێک ٧٧ یۆرۆیە بەپێی ستانداردی کۆمپانیاکە. بۆ چەند ساڵێک لە ٢٠١١ـەوە پڕ فرۆشترین ئۆتۆمبیل بووە لە جۆری luxury - کەشخە و وەرزشی. 


سەرچاوەکان



88 بینین