ناوهڕۆك
ناساندن
مۆنتپێلیێر (بە ئینگلیزی: Montpelier، بە عەرەبی: مونبلييه)، پایتەختی ویلایەتی ڤێرمۆنت و ناوەندی بەڕێوبەرایەتی واشنتن کاونتیە. شوێنی حکوومەتی ویلایەتی ڤێرمۆنت، کەم قەرەباڵغترین پایتەختی ئەمریکایە و دەکەوێتە ناوچەی باکووری ناوەڕاستی ڤێرمۆنت. ژمارەی دانیشتووانی مۆنتپێلیێر لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا 8,074 کەس بوو. ڕۆژانە نزیکەی 21 هەزار کەس دەچێتە سەر ژمارەی دانیشتووانی شارەکە و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زۆری هەلی کار. کۆلێجی هونەرە جوانەکانی ڤێرمۆنت دەکەوێتە شارەوانێتییەکە و ناوی شارەکە بە ناوی شاری مۆنتپێلیێری باشووری فەڕەنساوە ناونراوە.
ڕووبەر و چڕی دانیشتووان
ڕووبەری مۆنتپێلیێر 26.54 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 26.04 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 0.50 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 300 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، مۆنتپێلیێر کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا زستانی درێژ و سارد و بەفراویە، بەهار و پاییزی کورتە و هاوینی گەرم و شێدارە. پلەی گەرمی مامناوەندی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەم تا مانگی تەممووز، لە نێوان 8.7- بۆ 19.6 پلەی سەدیدا دەگۆڕێت. لە وەرزی زستاندا، پلەکانی گەرما لە 24 بەیانیدا بۆ نزمترین ئاست دادەبەزن و دەگەنە خوار سفر یان 17.8- پلەی سەدی، بەرزترین پلەی گەرمی لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا شوبات لە دوانیوەڕواندا لە خوار پلەی بەستنەوە دەمێنێتەوە. هەروەها بەفرێکی زۆر بەدرێژایی زستان دەبارێت و تێکڕای بەفربارینی ساڵانە 2.39 مەترە. وەرزی هاوینیش گەرم و بەزۆری شێدارە، پلەی گەرمی دوو یان سێ ڕۆژ لە سەرووی 32.2 پلەی سەدییەوەیە، بەڵام بەدەگمەن دەگاتە 35 پلەی سەدی. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 36.7- پلەی سەدیە کە لە کانوونی دووەمی 1981ـدا تۆمارکرا و بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 36.1 پلەی سەدیە کە لە تەممووزی 1977ـدا تۆمارکرا.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە ڕاپرسییەکەی ساڵی 2019ـی کۆمەڵگەی ئەمریکیدا ژمارەی دانیشتووانی شاری مۆنتپێلیێر بە 7,852 کەس مەزەندەکرا. لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا، 7,855 کەس و 3,739 خێزان و 1,940 خانەوادە لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون. هەروەها چڕی دانیشتووانی شارەکه 302.7 کەس بووە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و 3,899 یەکەی نیشتەجێبوون هەبوون بە چڕی 146.9 یەکە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. لە ساڵی 2019ـدا 4.1%ـی دانیشتووانی مۆنتپێلیێر لەدایکبووی بیانی بوون. لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 3,739 خێزان لە شارەکەدا نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیەش 26.0%ـیان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو و لەگەڵیان دەژیان، 38.5%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 10.1%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 48.1%ـیان خێزان نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.09 و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 2.84 بوو.
تەمەن
تەمەنی 21.3%ـی دانیشتووانی مۆنتپێلیێر لە خوار 18 ساڵی، تەمەنی 8.6%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 28.2%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 27.1%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 14.9%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی مۆنتپێلیێر 40 ساڵ بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 84.2 نێر هەبوو.
ئایین
35.3%ـی دانیشتووانی شاری مۆنتپێلیێر ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:
- باپتیست: 0.7%
- ئەسقەف: 0.8%
- کاسۆلیک: 21.6%
- لۆسەری: 0.5%
- میتۆدیست: 4.3%
- پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان): 0.3%
- ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری (لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 2.9%
- ئەندامانی کڵێسای عیسا مەسیح: 0.9%
- ئایینێکی مەسیحی تر: 2.3%
- ئایینی جوولەکه: 0.0%
- ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.2%
- ئایینی ئیسلام: 0.0%
داهات
داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لەم شارەکەدا 37,513 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 51,818 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 35,957 دۆلار بوو لە بەرانبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 29,442 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 22,599 دۆلار بوو. نزیکەی 7.2%ـی خانەوادەکان و 9.8%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 12.9%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 5.7%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون.
ڕەگەز و نەتەوە
لە ساڵی 2019ـدا، پێکهاتەی ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی مۆنتپێلیێر بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- سپی پێستی ناهیسپانی: 92.2%
- ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: 1.6%
- ئاسیایی: 1.5%
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 2.4%
- هیسپانی یان لاتینی بوون لە هەر ڕەگەزێکدا: 2.3%
لە کاتێکدا لە ساڵی 2010ـدا، پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی مۆنتپێلیێر بەم شێوەیە بووبوو:
- سپی پێست: 93.7%
- ڕەش پێست: 1.0%
- ئەمریکی ڕەسەن: 0.3%
- ئاسیایی: 2.2%
- دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.01%
- ڕەگەزەکانی تر: 0.39%
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 2.2%
- هیسپانی یان لاتینی بوون لە هەر ڕەگەزێکدا: 2.1%
ئابووری
ئابووری شاری مۆنتپێلیێر پشت بە هەریەک لە حکوومەت، خوێندنی باڵا، بیمە و گەشتیاری دەبەستێت.
پیشەسازی
لە ساڵی 1805ـەوە کە شارەکە وەک پایتەخت دامەزرا، پیشەی سەرەکی لە مۆنتپێلیێردا کەرتە حکوومییەکانە و لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەشەوە بیمەی حکوومەت، بیمەی ژیان و بیمەی ئاگرە. چەند کۆمپانیایەک بنکەیان لە شارەکەدایە لەوانە کۆمپانیای ناشناڵ ڵایف گرووپ، دامەزراوە چێشتخانەییەکانی نیو ئینگلاند و بارەگای چەند کۆمپانیایەکی بیمە. زۆربەی بزنسەکان لە ناوچەی ناوەندی شار کە زۆربەیان بازرگانی وردەن، خاوەندارێتی ناوخۆیییان هەیە. هەروەها فیستیڤاڵی ساڵانەی فیلمی شاخی سەوز لە شاری مۆنتپێلیێر بەڕێوە دەچێت. مۆنتپێلیێر تاکە پایتەختی ویلایەتی ئەمریکایە کە هیچ کۆمپانیایەکی مەکدۆناڵدی لێ نییە. بەڵام لە بەرلینی نزیک لە ویلایەتی ڤێرمۆنت کۆمپانیایەکی مەکدۆناڵدی لێیە.
گەشتیاری
یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە مۆزەخانەی مێژوویی ڤێرمۆنتە کە لەلایەن ڕێکخراوی هیستۆریکاڵ سۆسایەتی ڤێرمۆنتەوە لە شوێنکاری سەرەکی سەرۆکی حکوومەتی ویلایەتەکەوە بەڕێوە دەبرێت.