ئایا لە نێو حەشاشییەکان کورد هەبوون؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-23-00:26:00 - کۆدی بابەت: 12234
ئایا لە نێو حەشاشییەکان کورد هەبوون؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

حەشاشییەکان (بە عەرەبی: اساسیون یان حشاشیون، بە ئینگلیزی: Assassins) دەستیەکی ئایینی و سەربازی شیعەی نیزاری ئیسماعیلی بوون کە بنکەی دەسەڵاتیان ئێران و شام و خاکی پیرۆز بووە و هەردوو قەڵای ئەلموت (هێلانەی هەڵۆ) لە ئێران و قەڵای مەسیاف لە سووریا پایتەختیان بوون. 

ئایا لە نێو حەشاشییەکان کورد هەبوون؟ 

بۆ ئەم پرسە چەند بۆچوونێک هەن، بەشێک پێیان وایە بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتداربوون تێیدا کە بەشێکی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دەگرتەوە لە نێو زانا و ڕاوێژکار و پلەدارە سەربازییەکانیان کورد هەبوون. بەشێکی تر پێیان وایە ئەستەمە کورد هەبووبێت لەناویان چونکە حەشاشییەکان تەنها خزمەتیان بە ئایینی باتنی و مەزهەبی ئیسماعیلی کردووە بەڵام ئەم بۆچوونە تاڕادەیەک لاوازە و پشتی نەبەستووە بە بەڵگەی بەهێز. بە گوێرەی کتێبی "ئیسماعیلییەکان" کە لە دوو توێی چەند بەرگێکدا نووسراوە و زۆربەی زانیارییەکان لەسەر حەشاشییەکان لەم کتێبە وەرگیراون دەڵێت "لەنێو حەشاشییەکان کورد هەبووە و پلەی بەرزی زانستی و سەربازییان هەبووە لە نێویاندا"، لە دێرێکی تردا دەڵێت "پیشەوەرە کوردەکانی ئێران ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردن و نەخشەسازی بۆ چەک و جلوبەرگ و پێداویستییە سەربازییەکانیان".

پیشەوەرە کوردەکانی نێو حەشاشیەکان

دیارترین نموونە بنەماڵەی محەمەدی کرمانییە، ئەم بنەماڵەیە بەپێی نووسراوی کتێبی (ئیسماعیلییەکان) کورد بوون و لە گوندی ئەلموت نیشتەجێ بوون و ئاسنگەر و دارتاش بوون. زۆربەی خانووەکانی گوندەکە لە نەخشەسازی بنەماڵەی محەمەدی کرمانی بووە. نەخشەسازی عەمبارەکانی قەڵاکەش هەر لە نەخشەسازی کۆمەڵێک پیشەوەری کورد بووە کە خەڵکی کرماشان بوون. عەمبارەکە بە جۆرێک نەخشەی بۆ کێشرا کە هەر چوار وەرزی ساڵ ئاوی خواردنەوە هەبوو بۆ دانیشتووانی قەڵاکە. ئەمەش لەسەر نەخشەسازی چەند قەڵایەکی بچووکی ناوچەکانی دەوروبەری کرماشان کێشرابوون. لە شام و خاکی پیرۆزیش ژمارەیەکی زۆر پیشەوەری کورد هەبوون بەتایبەتی لە حەلەب و باکووری ڕۆژاوای سووریا کە هەندێکیان پیشەی ئاسنگەر بوون. حەشاشییەکان هەمیشە پشت قایم بوون بە پیشەوەرە کوردەکان لە نەخشەسازی و دروستکردنی چەکدا چونکە لە بنەڕەتدا ئەو خەنجەرەی بەکاریان هێناوە پێی ئەڵێن "جامبیای کوردی" هەر لە نەخشەسازی کوردەکان بوو. 

دەرمانساز و بیمارگەکانی حەشاشییەکان

عەلی کرمانی، ئەحمەد لوڕی، موسا شەیپوری، حەسەنی حەمدانی و چەندانی تر لە بیمارگەکانی حەشاشییەکان کاریان کردووە وەک دەرمانساز و ئامادەکردنی دەرمانی سڕکردن بۆ نەشتەرکاری بە گوێرەی کتێبی "نهێنی نهێنیەکان" کورد بوون. ئەمانە دۆستی نزیکی حەسەن سەباح بوون و لە حەسەنەوە فێری دروستکردنی دەرمانی سڕکردن بوون و دواتر بوونە پێشەنگ لە بوارەکە، بەتایبەت عەلی کرمانی کە حەسەن سەباح ناردوویەتی بۆ ئەورووپا تا لە بیمارگەکانی موسوڵمانان لە ئەندەلووس کاربکات و وانە بڵێتەوە بە پزیشکەکان کە چۆن ئەم دەرمانەی لە ئەلموت دروستدەکرا بەکاری بهێنن. 

عەلی کرمانی خۆی خاوەنی کتێبێکی ڕێبەری بووە کە بەشێوەیەک گشت دەرمانە سڕکەرەکان بۆ کاری نەشتەرکاری تێدا ڕوونکردبووەوە بە شێوەی (ناو، چۆنیەتی ئامادەکردن، ڕێژەی بەکارهێنان) کتێبەکەی لە ئەندەلووس کاری پێ دەکرا بەناونیشانی "ڕێبەری دەرمانە سڕکەرەکان" لە ڕێبەرەکەدا بە شێوەی هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێگەی وێنەوە ڕوونکرابوونەوە. 

ئەحمەد لوڕی، سەرپەرشتیاری ئامادەکردنی دەرمان بوو لە زانینگەی "نیزامیە" دەرچووی بەشی پزیشکی دەرمانسازی بوو لە زانینگەی "ماڵی دانایی" لە بەغداد. کەسێکی زمان پاراو و دانا بوو، لە پاڵ دەرمانسازی ڕۆژانی هەینی گوتاری دەدا لە مزگەوت. پاش تەواوبوونی نوێژی هەینی ڕاستەوخۆ دەگەڕایەوە بۆ بیمارگە و چارەسەری نەخۆشەکانی دەکرد. ماوەیەک بۆ ئەو زانستەی لە هەگبەیدا بوو بڕیاریدابوو بە شێوەی گەڕۆک لە وڵاتی فارس و عێراقی عەجەم کاربکات و پزیشکانی ئەو ناوچەیە فێربکات چۆن بە دروستی دەرمان بەکاربێنن و زیادەڕەوی نەکەن. 

لە شام پزیشکێک هەبوو ناوی "مالیکی کوڕی بیلال" بوو ئەم پزیشکە ڕاوێژکاری پزیشکانی قەڵای حەلەب و دواتریش هی مەسیاف بوو. ئەحمەد سۆفیان کە نەخۆشی گرژبوونی ماسولکەی هەبوو، مالیک بە تێکەڵەیەکی سروشتی لە ماوەی چەند خولەکێکدا گرژبوونی ماسولکەکانی چارەسەر دەکرد. مالیک لە میسڕ خوێندبووی پلەی باڵای هەبوو لە چارەسەری سروشتی و دروستکردنی دەرمان. ئەم پزیشکە لە ڕوانگەی چەندین سەرچاوەی مێژووییەوە کورد بووە و پلەی تایبەتی هەبووە لای حەشاشییەکانی شام.

زانا ئایینیە کوردەکانی نێو حەشاشییەکان

دانەری کتێبی دانایی "سادقی کوردی" کە نۆ بەرگ بوو باسی لەوە دەکرد چۆن ببین بە کەسێکی باڵا و زمان پاراو و شارەزا لە ئایین. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کتێبی تری نووسیوە بەتایبەتی لەسەر ئیسماعیلییەکان، بەهۆی ئەوەی شارەزای تەواو بوو لە مەزهەبەکان و قوتابخانەکان بە "زانای گەورە" ناوی دەهێنرا. یەکێک لە کتێبەکانی بەناوی "تێڕامان لە قورئانی پیرۆز" ئەمیش زیاتر لە دە بەرگە و لە بارەی ئەو بابەتانەی قورئان نووسراوە کە پێویستیان بە تێڕامانی ورد و خوێندنەوەی زیاتر هەیە تا بەتەواوی گەورەیی قورئانمان بۆ دەرکەوێت لە کتێبەکەیدا دەڵێت "قورئان کتێبی خوایە، خوێندنەوەی قورئان جیاوازی هەیە لە خوێندنەوەی کتێبێکی ئاسایی و نووسراوی مرۆڤ.

بۆیە ئەستەمە کەسێک کە عەرەبی زان بێت و قورئان بخوێنێتەوە لە هەموو وشەیەک تەواو تێبگات یان تێشبگات بتوانێت شیبکاتەوە. من بەو ئەزموونەی لە خزمەت ئایینی ئیسلام هەمە لەم کتێبەدا باسی ئەو شتانە دەکەم کە شیکردنەوەیان دەوێت و تێڕامانیان پێویستە." تاهیر کوڕی مەحموود، زانایەکی کورد بوو لە هەڵگەڕاوەکان هەژماردەکرێت و لەزانینگەی نیزامیە مامۆستا بوو. ئەم زانایە زۆر جار دیبەیتی دەکرد لەگەڵ مەسیحییەکان و بێباوەڕەکان لە نێو زانینگەکەدا. زۆر جار وەڵامەکانی بەهێز بووە بەم شێوەیە براوەی دیبەیتەکان بوو. 

کەسایەتییە سەربازییە کوردەکانی نێو حەشاشییەکان

تەنها سەرکردەکانی حەشاشییەکان و خۆبەختکارانی ڕەها ئاشکرابوون و زانراون کێن و ڕابردوویان چییە. واتا تەنها ناوی سەرکردە سەربازییەکان ناسراون نەوەک سەربازەکان. چونکە سەربازەکان ناوی خوازراویان بەکارهێناوە بە پێی مێژووی ئیسماعیلی بەشی هەشتەم خۆبەختکارانی ڕەها، دەڵێت: هەر خۆبەختکارێک ناوێکی خوازراوی هەبووە و ناسنامەی ڕاستەقینەی شاراوە بووە. لێرەدا ناوی چەند کەسایەتییەک دەخەینە ڕوو کە پیشەیان ڕاهێنەر و سەرکردەی سەربازی بووە لە قەڵا جیاوازەکان. 

یەکەم: شێرزاد شەیپووری، باوکی شێرزاد لەدایکبووی گوندێکی خۆرهەڵاتی کوردستان بووە، بەڵام خۆی لە ئەلەموت لەدایکبووە، لە ڕاهێنانی سەربازیدا بێوێنە بووە بۆیە هەر زوو بووەتە سەرۆکی ڕاهێنەران و هونەرەکانی بەرگری بۆ هەموو دۆخێک لە ڕێبەریەکدا نووسیوە. 

دووەم: یوسفی دوینی، خەڵکی گوندی دوین بووە و بە زۆر وڵاتدا گەڕاوە تا فێری هونەری بەرگری و هێرشبردن ببێت و ماوەی ١٥ ساڵ لە میسڕ ژیاوە پاشان چووە بۆ ئەورووپا و لە ئیتاڵیا فێری چەند شێوازێک بووە لە ڕێگەی ڕێبەرییەکی چینییەوە. دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ ژیانکردن لە دەرەوە لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا هاتە مەسیاف و لە زانینگەی مەسیاف هونەری بەرگری فێری فێرخوازان دەکرد. لای ئەحمەد سینان نازناوی "تارمایی سپی" لێنرابوو. 

سێیەم: مەسعودی کوڕی حەمدان، ڕاهێنەری قەڵای لەمسەر بوو لە ژێر سەرپەرشتی بۆزوورگ ئۆمید کاری کردووە و نازناوی "شێری کوردان"ـی لێ نابوو. 


سەرچاوەکان



90 بینین