سڵاوی نازی

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-03-23-16:36:00 - کۆدی بابەت: 12259
سڵاوی نازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سڵاوی نازییەکان یان سڵاوی هیتلەر (بە ئینگلیزی: Nazi salute یان Hitler salute، بە عەرەبی: التحية النازية یان التحية هتلر) ئاماژەیەکی دەستە کە لە ئەڵمانیای نازیدا وەکوو سڵاوێک بەکاردەهێنرا، لە ساڵانی ١٩٣٠ وەکوو ڕێگەیەک بۆ ڕێزگرتن لە ئەدۆڵف هیتلەر دەرکەوت و بەکارهێنرا. بریتییە لە بەرزکردنەوەی قۆڵی ڕاستی درێژکراو و لەپی دەست بۆ خوارەوە.

لە ئەڵمانیای نازیدا زۆرجار دروشم یان هاوارکردنی "هایل هیتلەر" بە واتای “سڵاو لە هیتلەر” یان "سیگ هایل" بە واتای “سڵاو سەرکەوتن” یان “هایل مەین فیورەر” بە واتای “سڵاو سەرکردەم”ـی لەگەڵدا بوو. لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە، نازییە نوێکان و سپی پێستەکانی تر بەردەوام بوون لە بەکارهێنانی سڵاوەکە، بەمەش بووە باوترین نیشانەی دەستی سپی پێستەکان لە جیهاندا.

لە ساڵانی ١٩٣٠ لەلایەن پارتی نازییەوە پەسەندکرا بۆ ئاماژەدان بە گوێڕایەڵی بۆ سەرۆکی پارتەکە کە ئەدۆلف هیتلەر بوو، هەروەها بۆ شکۆمەندکردنی نەتەوەی ئەڵمانیا و دواتر هەوڵی جەنگی ئەڵمانیا. سڵاوکردنەکە بۆ هاوڵاتییانی مەدەنی بە زۆرەملێ بوو، بەڵام زۆربەی کات بۆ سەربازانی هێزی بەرگری یان ڤێرماخت (لە ساڵی ١٩٣٥ تا ١٩٤٥ هێزە چەکدارە یەکگرتووەکانی ئەڵمانیای نازی بوون) ئارەزوومەندانە بوو.

دەربارەی سڵاوەکە

سڵاوەکە بە درێژکردنەوەی قۆڵی ڕاستە و بە ڕەقبوونەوە و بە گۆشەی ٤٥ پلە بەرەو سەرەوە ئەنجام دەدرێت، پاشان ڕاستکردنەوەی دەست بەجۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ قۆڵەکە.

زۆرجار دروشم یان هاوارکردنی "سیگ هایل"، "هایل هیتلەر"، "هایل" و “هایل مەین فیورەر”ـی لەگەڵدا بوو. ئەگەر کەسێک لە دوورەوە ناسیاوێکی بینیبێت، تەنها بە سادەیی دەستی ڕاستی بەرز بکردایەتەوە بەس بوو. ئەگەر کەسێک ڕووبەڕووی کەسێکی باڵاتر بووبێتەوە، ئەوا دەیگوت "هایل هیتلەر". ئەگەر کەمئەندامی جەستەیی ڕێگری لە بەرزکردنەوەی قۆڵی ڕاست کرد، ئەوە پەسەندکراو بوو کە قۆڵی چەپ بەرز بکرێتەوە.

لە ساڵی ١٩٣٣ تا ١٩٤٥

بەپێی فەرمانێک کە لەلایەن ویلهێلم فریک وەزیری ناوخۆی ڕایخەوە لە ١٣ـی تەممووزی ١٩٣٣ دەرچووە، هەموو کارمەندانی گشتی ئەڵمانیا پێویست بوو سڵاوەکە بەکاربهێنن. هەروەها لە فەرمانەکەدا داوای سڵاوکردن لە کاتی وتنەوەی سروودی نیشتمانی و "Horst-Wessel-Lied" (سروودی پارتی نازی بوو)ـی تێدابوو.

هەر کەسێک نەی ویستبێت بە شێوەیەکی گوماناوی و نەرێنی ڕەفتاربکات سڵاوی هیتلەری دەکرد ئەگەر نەیکردایە بەرپەرچی دەدرایەوە، بەکارهێنانی بەخێرایی بڵاوبوویەوە، چونکە خەڵکی دەیان ویست خۆیان لە ئەنجامی سڵاو نەکردنەکە بپارێزن و بە شێوەیەکی نەرێنی ڕەفتار نەکەن.

پاشکۆیەک بۆ فەرمانەکە پاش دوو هەفتە زیادکرا، ئەوە بوو کە کە ئەگەر کەمئەندامی جەستەیی ڕێگری لە بەرزکردنەوەی قۆڵی ڕاست بکات، ئەوە دروستە سڵاوکردنەکە بە قۆڵی چەپ ئەنجام بدرێت. لە ٢٧ـی ئەیلوولدا لە زیندانیان سڵاوەکە ڕێپێنەدراو بوو هەر وەک بۆ جوولەکەکانیش تا ساڵی ١٩٣٧ بە هەمان شێوە بوو.  

تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٤ دادگای تایبەت بۆ سزادانی ئەو کەسانەی کە ڕەتیانکردەوە سڵاو بکەن دامەزران. هەروەها بیانییەکانیش لە هەڕەشەی سڵاونەکردنەکە بێبەری نەدەکران. هەر زوو سڵاوەکە بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە، دیاردەیەکی ناوازە بوو لە ڕووی مێژووییەوە کە بۆ ماوەی دوانزە ساڵ هەموو پەیوەندییەکانی ئەڵمانیای بە سیاسی کرد، جێگەی هەموو جۆرەکانی پێشووی سڵاوی گرتەوە.

پۆستەچیەکان ئەو سڵاوەیان بەکاردەهێنا کاتێک لە دەرگای خەڵکیان دەدا بۆ گەیاندنی پاکەت یان نامەکان. تابلۆی بچووکی کانزایی لە شوێنە گشتییەکان و لەسەر ستوونەکان و گڵۆپی سەر شەقامەکان بۆ بەبیرهێنانەوەی خەڵکی لە سڵاوەکە لە سەرانسەری ئەڵمانیادا دانرابوون. کارمەندانی فرۆشگا گەورەکان بە "هایل هیتلەر، چۆن یارمەتیت بدەم" سڵاویان لە کڕیارەکان کرد.

منداڵان لە تەمەنێکی بچووکەوە فێردەکران و لەسەر سڵاوەکە ڕادەهێنران، هەروەها لە چیرۆکی منداڵەکانیشدا باس دەکران، خوێندکار و مامۆستایان لە سەرەتا و کۆتایی ڕۆژی خوێندن، لە نێوان پۆلەکاندا، یان هەر کاتێک کەسێکی گەورەتر دەچووە ناو پۆلەوە سڵاویان لە یەکتر دەکرد، هەروەها چەندین دیاردەی تر دەربارەی سڵاوەکە هەبوون.

بەکارهێنانی لە سەربازیدا

ڤێرماخت ڕەتیکردەوە سڵاوی هیتلەر بە فەرمی وەربگرێت و توانی بۆ ماوەیەک داب و نەریتی خۆی بپارێزێت. فەرمانێک وەزارەتی بەرگری ڕایخەوە کە لە ١٩ـی ئەیلوولی ١٩٣٣ دەرچوو، پێویستی بە سڵاوکردنی هیتلەر بوو بۆ سەربازان و فەرمانبەرە حکومییە یەکپۆشەکان لەکاتی سروودی نازی و سروودی نیشتمانی، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ناسەربازیدا بۆ نموونە لە کاتی سڵاوکردن لە ئەندامانی حکوومەتی مەدەنی دەبوایە سڵاوەکە بکرێت. لە هەموو کاتەکانی تردا ڕێگەیان پێدەدرا سڵاوە تەقلیدییەکانیان بەکاربهێنن.

پەسەندکردنی تەواوی سڵاوی هیتلەر لەلایەن سەربازییەوە لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٤ لە کۆنفرانسێکدا سەبارەت بە نەریتەکانی ناو سەربازی لە بارەگای هیتلەر باسکرا. فیڵد مارشال ویلهێلم کایتێل، سەرۆکی هێزە چەکدارەکان، خواستی خۆیان بۆ ستانداردکردنی سڵاوکردنەکە لە سەرانسەری هەموو ڕێکخراوەکانی ئەڵمانیادا دەربڕیبوو.

لە ٢٣ـی تەممووزی ١٩٤٤، چەند ڕۆژێک پاش هەوڵە شکستخواردووەکەی تیرۆرکردنی ئەدۆڵف هیتلەر، جۆسیف گۆبڵس پێشنیاری بۆ هیتلەر کرد فەرمان بە سەربازەکان بدرێت کە بە تەواوی سڵاوی هیتلەر وەک نیشاندانی دڵسۆزی وەربگرن، بەو پێیەی ئەفسەرانی سوپا بەرپرسیار بوون لە هەوڵی تیرۆرکردنەکە. هیتلەر پێشنیارەکەی پەسەند کرد و فەرمانەکە لە ٢٤ـی تەممووزی ١٩٤٤ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دوای ساڵی ١٩٤٥

ئەمڕۆ لە ئەڵمانیا سڵاوکردنی نازییەکان بە شێوەی نووسراو، بە دەنگی و تەنانەت درێژکردنەوەی قۆڵی ڕاست وەک ئاماژەیەکی سڵاوکردن بە دەستەواژەکە یان بەبێ دەستەواژەکە نایاساییە، دەرەنجامەکەی سێ ساڵ زیندانیکردنە، هەروەها وەشانە دەستکاریکراوەکانی سڵاوەکەش هەر تاوانە.

هەروەها بەکارهێنانی سڵاوەکە، یان هەر دەستەواژەیەکی پەیوەست بە سڵاوەکە، لە نەمسا لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە نایاسایی بووە. هەروەها لە پۆڵەندا و سلۆڤاکیای مۆدێرن بە تاوانی تاوانکاری دادەنرێت.

لە زۆر شوێنی تر بەکارهێنانی هەر دەستەواژەیەکی نازی کە پەیوەندی بە سڵاوەکەوە هەبێت ڕێگەپێنەدراوە. لە ئیتاڵیا، تەنیا لەو کاتەدا تاوانێکی تاوانکارییە کە بە مەبەستی "گەڕاندنەوەی پارتی فاشیستی نیشتمانی لەکارکەوتوو"، یان بەرزکردنەوە یان بەرەوپێشبردنی ئایدۆلۆجیا یان ئەندامەکانی بەکاربهێنرێت.

لە کەنەدا و زۆربەی ئەورووپا لەوانەش کۆماری چیک، فەڕەنسا، هۆڵەندا، سوید، سویسرا، بەریتانیا، ئۆکرانیا و ڕووسیا، سڵاوەکە خۆی تاوانکاری نییە، بەڵکوو بە لێدوان و قسەی ڕقاوی دادەنرێت ئەگەر بۆ پڕوپاگەندەکردنی ئایدیۆلۆجیای نازی بەکاربهێنرێت.


سەرچاوەکان



78 بینین