ناوهڕۆك
سەرەتا
هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆن (بە ئینگلیزی: Aldosterone hormone) هۆڕمۆنێکە لەلایەن ڕژێنی ئەدریناڵ دەردەدرێت و یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات. ئەم هۆڕمۆنە ڕێژەی خوێ و پۆتاسیۆم لە خوێندا ڕێک دەخات. خوێ و پۆتاسیۆم بەشێکن لەو ماددانەی یارمەتی ڕێکخستنی شلەکان لەناو لەشدا دەدەن. هەروەها یارمەتی دەمارەکان و ماسولکەکان دەدەن بەباشی فرمانەکانیان جێ بەجێ بکەن. هەروەها ئەم هۆڕمۆنە کۆنتڕۆڵی بڕی ئەو ئاوە دەکات کە لەلایەن گورچیلەکانەوە هەڵدەمژرێت. کەمی یان زۆری ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی تەندروستی.
- هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆن نیشانە بۆ ئەندامەکانی وەک گورچیلە و کۆڵۆن دەنێرێت، بۆ زیادکردنی ڕێژەی ئەو خوێیەی بۆ لوولەکانی خوێن دەنێردرێت. یان زیادکردنی بڕی ئەو پۆتاسیۆمەی لە ڕێگەی میزەوە دەردەدرێت.
- کاریگەری ئەڵدۆستیرۆن لەسەر زیادبوونی سۆدیۆم دەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئاو لە خوێنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی قەبارەی خوێن. هەروەها بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی ڕێکخستنی ترشێتی خوێن دەدات.
چۆن ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن کۆنتڕۆل دەکرێت؟
کاتێک پەستانی خوێن دادەبەزێت، گورچیلەکان ئەنزیمی ڕێنین (Renin enzyme) بۆ ناو خوێن دەردەدەن. ئەنزیمی ڕێنین دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی ئەنجیۆتێنسینۆجین (angiotensinogen) بۆ دوو بەش بەشێکی بریتییە لە ئەنجیۆتێنسنی یەک کە ناچالاکە و هیچ کاریگەرییەکی نییە ئەمەش بۆ دوو بەشی تر دابەش دەبێت، کە یەکێکیان ئەنجیۆتێنسنی دووە و چالاکە دەبێتە هۆی گرژبوونی دیوارە ماسولکەی خوێنبەرە بچووکەکان. بەمەش پەستانی خوێن بەرزدەبێتەوە.
ئەو پشکنینەی ڕێژەی هۆڕمۆنەکە دەپێوێت
باوترین پشکنینەکان کە پزیشکەکان ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنەی پێ دەپێوین بریتییە لە پشکنینی ڕێژەی ئەلدۆستیرۆن/ ڕێنین. لە کاتێکدا ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن و ڕێنین تا ڕادەیەک پەیوەندییان بە یەکترییەوە هەیە. ئەم پشکنینە دەتوانێت دەستنیشانی بکات ئایا تەنها کێشە لە دروستبوونی ئەڵدۆستیرۆن و فرمانەکانیدا هەیە یان کێشە لە سیستمی ڕێنین – ئەنجیۆتێنسین ( Renin-angiotensin system)دا هەیە. بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە بەزۆری خوێنی خوێنهێنەری قۆڵ پێویستە. هەروەها دەکرێت تەنها ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن لە خوێن و میزدا بپێورێت. لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینێک بکات کە پێویست بە خوێنی خوێنهێنەرەکانی گورچیلە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ڕێنین یان خوێنهینەری ئەدریناڵ بۆ پێوانی ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن دەبێت. ئەم جۆرەی وەرگرتنی خوێن لەلایەن کەسی شارەزاوە ئەنجام دەدرێت.
چی ڕوودەدات کاتێک ڕێژەی هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆن زیاد دەکات؟
زیادبوونی ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن دەبێتە هۆی ڕوودانی کۆنیشانەی کۆن Conn’s syndrome ئەم حاڵەتە بەهۆی دروستبوونی لووی بێ زیان لەسەر یەکێک لە ڕژێنەکانی ئەدریناڵ دروست دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژێنی ئەدریناڵ بڕێکی زۆر هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆن بەرهەم بهێنێت. ڕێژەی بەرزی ئەڵدۆستیرۆن دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی سۆدیۆم و کەمی ڕێژەی پۆتاسیۆم.
نیشانەکانی بەرزی ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن
- بەرزبوونەوەی ڕێژەی پەستانی خوێن
- سەرئێشە
- لاوازی ماسولکەکان، بەتایبەتی ئەگەر ڕێژەی پۆتاسیۆم زۆر کەم بێت.
- هەستکردنی بە تینوێتی و میزکردنی زۆر.
گرنگە لە کاتی هەستکردن بەم نیشانانە سەردانی پزیشک بکرێت.
کەمی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئەڵدۆستیرۆن
کەمی ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە دەبێتە هۆی کەمی ڕێژەی سۆدیۆم، بەرزی ڕێژەی پۆتاسیۆم و حاڵەتێک کە جەستە بڕێکی زۆر ترش بەرهەم دەهێنێت.
نیشانەکانی کەمی ڕێژەی ئەڵدۆستیرۆن
- دابەزینی پەستانی خوێن
- لاوازی ماسولکەکان
- دڵتێکەڵهاتن
- زیادبوونی لێدانی دڵ
- تێکچوونی لێدانی دڵ