کاریگەرییەکانی سوکایەتی کردن بە منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-03-26-22:47:00 - کۆدی بابەت: 12318
کاریگەرییەکانی سوکایەتی کردن بە منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کاریگەرییەکانی سوکایەتیکردن بە منداڵ (بە ئینگلیزی: Effects of child abuse، بە عەرەبی: آثار إساءة معاملة الأطفال)، زۆربەی کات دایک و باوک ڕەفتارەکانی خۆیان بە سوکایەتی نازانن، بەڵام ڕەنگە بە ڕەفتارەکانیان زیان بە منداڵ بگەیەنن. لەو ڕەفتارانەش بەراوردکردنە بە منداڵی تر، سەرزەنشتکردنی منداڵ لە ناو خەڵکدا، بانگکردنی منداڵ بە سوکایەتییەوە، گرنگی نەدان بە منداڵ لەناو کۆمەڵدا و قسە بڕین بە منداڵ.

سوکایەتی کردن بە منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە

سوکایەتی کردن لە سەردەمی منداڵیدا

لەڕاستیدا زۆرێک لەو دایک و باوکانەی کە سەرزەنشتی منداڵەکانیان دەکەن و سوکایەتییان پێ دەکەن، خۆیان لە سەردەمی منداڵییان لە لایەن دایک و باوکیانەوە سوکایەتییانن پێ کراوە. ئەم کەسانە لە ڕابردوودا ڕەفتاری توند و سوکایەتییان پێ کراوە بۆیە بەشێوەیەکی خۆنەویستانە هەمان ڕەوشت و ڕێگا بۆ منداڵەکانی خۆیان بەکاردەهێنن. ئەگەر لەو دایک و باوکانەی کە لە ڕابردوودا سوکایەتیت پێ کراوە، باشترە لەگەڵ دەرونناسێک ڕاوێژ بکەیت تاکوو ڕابردووت بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ و خۆنەویستانە کاریگەری نەخاتە سەرت و دووبارە نەبێتەوە، بتوانن منداڵەکانتان بەباشتی پەروەردە بکەن.

تایبەتمەندی کەسیی

یەکێک لە هۆکارەکانەی کە وادەکات دایک یان باوک سوکایەتی بە منداڵ بکەن، تایبەتمەندی کەسیی دایک و باوکەکەیە. ئەم جۆرە دایک و باوکە زۆر خۆپەرست و لەخۆبایین و خۆیان بە گەورەتر دەزانن لەوانی تر، زۆربەی کات ئەم جۆرە دایک و باوکە دووچاری هەندێک جۆری خەمۆکین و کێشەی زۆر بۆ منداڵەکانیان دەگوازنەوە کە یەکێک لەوانە سوکایەتی کردنە.

نەبوونی هۆشیاری و بێ ئاگایی

زۆرێک لە دایکان و باوکان هۆشیار نین دەربارەی شێوازە جیاوازەکانی پەروەردەکردن و کۆنترۆڵکردنی منداڵ، پێیان وایە کە دەتوانن بە سوکایەتی کردن بە منداڵ ناچاری بکەن باشتر مامەڵە بکات، ئەمە بە شێوازێکی باش دەزانن. بەزۆری ئەم دایک و باوکانە ئاگاداری دەرئەنجامە خراپەکانی سوکایەتی کردن و شکاندنەوەی منداڵ نین و نازانن ڕەنگە لە داهاتوودا چ کێشەیەک بۆ منداڵەکەیان دروست بکات.

کاریگەری و دەرئەنجامەکانی سوکایەتی کردن بە منداڵ

کاریگەرییە جەستەییەکان 

• زۆرخۆری بەهۆی توڕەییەوە
 • نەمانی ئارەزوویی خواردن
 • هەبوونی هەیەجانی نەرێنی
 • ترس و شڵەژانی بەردەوام
 • خۆتەڕکردن لە شەودا
 • کێشەی خەو
 • بینینی کابووس و خەوی ناخۆش

کاریگەرییە مەعنەوییەکان

کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوون 
لەناوچوونی متمانە بەخۆبوون دەتوانێت زۆر کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی مرۆڤ دابنێت. کاتێک سوکایەتی بە منداڵ دەکەن، متمانە بەخۆبوونی لێدەسێنن، ئەو بەو باوەرە دەگات کە ناتوانێت بەباشی کارێک بکا، بەو جۆرە ئەو باوەڕەی لا دروست دەکەن و لەلای دەمێنێتەوە. لە تەمەنی گەورەییدا تەنانەت ئەگەر بگات بە پێگەیەکی بەرز و باشیش هەر هەست بە بێ توانایی و لاوازی دەکات.

خەمۆکی
زۆربەی لێکۆڵینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە سوکایەتی کردنی بەردەوام بە منداڵ، دەتوانێت ببێتە هۆی خەمۆکی لە گەورەییدا، جگە لە خەمۆکی ڕەنگە ببێتە هۆی کێشەی دیکەی دەروونی.

زیابوونی توندوتیژی
ئەو دایک و باوکانەی کە بەردەوام سەرزەنشتی منداڵەکانیان دەکەن، دەبێت بزانن کە توندوتیژی لای منداڵەکانیان زیاد دەکەن. دەبێت بزانن منداڵ شێوازی مامەڵەی دایک و باوکی بەکاردەهێنێتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەورووبەر. 

دابەزینی ئاستی خوێندن
سوکایەتی کردن دەتوانێت ببێتە هۆی زیاد بوونی فشار و شڵەژان، ئەو منداڵەی کە بەردەوام سوکایەتی پێ دەکرێت ناتوانێت بەباشی سەرنج بخاتە سەر وانەکانی. دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی خوێندنی.

شەرمنی
ئەو منداڵەی کە سوکایەتی پێ دەکرێت، دایک و باوکی بێ باکن بەرانبەری و ناتوانێت لەناو کەس و کۆمەڵدا ئامادەبێت، وەکوو هاوتەمەنەکانی لەگەڵ ئەوان یاری بکات و زۆر شتی تر، لەکۆتاییدا بە شەرمن ناوی دەبەن ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە هەمان کاتتدا هەست بە کەمی و هەست بە شەرمیش بکات و بەو هەستانەوە گەورە بێت.

دروستبوونی کەسایەتی دژ بەیەک
سوکایەتی کردن بە منداڵ دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ کەسایەتییەکی ناجێگیری بۆ دروست ببێت. وادەکات ڕووبەڕووی دایک و باوکی ببێتەوە و لە زۆر کاتتدا دژی ئەوان رەفتار بکات. 

هەست بە کەمی کردن و خۆبەکەم زانین
یەکێکی تر لە کاریگەرییە خراپەکانی سوکایەتی کردن بە منداڵ ئەوەیە کە منداڵ خۆی بە کەم دەبینێت و هەست دەکات ناتوانێت هیچ کارێک بەباشی بکات و خۆی پێ کەم دەبێت. ڕەنگە ئەم هەستە تا گەورەییش لەگەڵی بمێنێتەوە.

لەدەستدانی توانای وتنی نەخێر
وەک باسکرا سوکایەتی کردن دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بەخۆبوونی منداڵ، نەبوونی متمانە بەخۆبوونیش وادەکات توانای وتنی نەخێرت نەبێت، بۆیە منداڵ ناتوانێت لەبەرانبەر داواکارییە نادروست و نابەجێکانی کەسانی تر بڵێت نەخیر. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زۆر لە منداڵان ناڵێن نەخێر تاکوو سوکایەتییان پێ نەکرێت. 

هەندێک نموونە لەسەر سوکایەتی کردن بە منداڵ

سوکایەتی کردن شێوازی جۆراوجۆری هەیە و ڕەنگە زۆربەی دایکان و باوکان ئاگاداریان نەبن، لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:
١- بەراوردکردنی منداڵ بە منداڵی دیکە، بەتایبەتی بەراوردکردنی نمرەکانی بە هی هاوتەمەنەکانی.
٢- سەرزەنشتکردنی منداڵ لەناو خەڵک و بەتەنیاش.
٣- سڵاو نەکردن لە منداڵ.
٤- وەڵام نەدانەوەی سڵاوی منداڵ.
٥- پشتگوێخستنی منداڵ لەناو خەڵک و کۆمەڵ یاخود لەتەنیاییشدا.
٦- بانگکردنی منداڵ بە ناو و ناتۆرەی ناشرین.
٧- سەپاندنی ئەنجامدانی کارێک کە منداڵ لە توانای نییە ئەنجامی بدات.
٨- قسە بڕین بە منداڵ و ڕێگا نەدانی بە تەواوکردنی قسەکانی.
٩- پشتگوێخستنی ئەو بەڵێنانەی بە منداڵ دەدرێن و جێبەجێ نەکردنیان.
١٠- گاڵتەکردن بە منداڵ لەماڵەوە یان لە میوانی و لەبەرچاوی خەڵک.


سەرچاوەکان



55 بینین