باجڵار

له‌لایه‌ن: - شانۆ محمد شانۆ محمد - به‌روار: 2024-03-27-23:55:00 - کۆدی بابەت: 12355
باجڵار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باجڵار (بە عەرەبی: باجلار، بە تورکی: Bağcılar، بە ئینگلیزی: Bagcilar). باجڵار قەزایەکە سەر بە پارێزگای ئیستەنبوڵ لە تورکیا، بە ناوچە پڕ شوێنەوار و تا ڕاددەیەک هەژارنشینەکە ناسراوە. ژمارەی دانیشتووانی ٧٤٠،٠٦٩ کەس بوو بە پێی سەرژمێرییەکەی ساڵی (٢٠٢٢). دەکەوێتە لای ئەورووپی ئیستەنبوڵ نزیک ناوەندی شار لە باکووری باخچەلیڤلەر لە نێوان دوو ڕێگای گەورەی بازنەیی. ئەم قەزایە چوارەم ناوچەی شارەوانی ئیستەنبوڵە. باجڵار لە نێوان ساڵانی حەفتاکان و نەوەدەکاندا بە خێرایی گەشەی کردووە و بە پلەی یەکەم لە سروشتی نیشتەجێبووندایە. گەڕەکەکە لەلایەن میترۆی ئەستەنبوڵ و هێڵی T1 ی ترامی ئەستەنبوڵەوە خزمەت دەکرێت. سەرۆکی شارەوانی عەبدوڵڵا ئۆزدەمیرە لە پارتی داد و گەشەپێدان کە لە نیسانی ٢٠٢٢ هەڵبژێردرا.

ناوی قەزاکە

ناوچەکە لە سەردەمی بیزەنتین لە ژێر ناوی دریپیادا بوو وەک گەڕەکێکی گوندنشینی قوستەنتینیە. ناوی باجڵار بەهۆی زۆری باخەکانی ترێیەوە هاتووە. ناوەکە بە زمانی تورکی بە واتای "ڕێکچێنەران" دێت. قەزاکە پێشتر بە یەشیلباغ ناسرابوو، واتا "باخی ترێی سەوز" دواتر گۆڕدرا بۆ باغجلار کاتێکیش بوو بە شارۆچکە ناوی باجڵار درا پێی. ناوی کۆنی باگچیلار بوو، لە سەردەمی عوسمانیدا زۆرینەی خەڵکی غەیرە موسڵمان بوون.

مێژووی باجڵار

سەردەمی عوسمانی

ناوچەی باجڵار لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی تا سەردەمی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، لادێیەکی بچووک بوو بە دانیشتووانێکی کەمەوە. لەو سەردەمەدا کە دەکاتە نزیکەی ٤٠٠ ساڵ لەمەوبەر مزگەوتێکی لێ دروستکراوە کە ئەمڕۆ ناوەندی قەزاکەیە. مزگەوتێکی تریشی هەیە کە تەمەنی ٤٠٠ ساڵە و لەلایەن سوڵتان عوسمانەوە دروستکراوە کە دەکەوێتە سنووری گونگۆرێنی دراوسێ.

تیمە شوێنەوارییەکان و بیناکارانی سەر بە باجڵار ناوبانگێکی زۆریان هەیە چونکە بە بەردەوامی شوێنەواری دێرین دەدۆزنەوە لەو قەزایەدا. لە ناوچەی سەربازی قەزای باجڵاردا کانیاوی ئاو هەیە کە سەردەمانێک بەرپرسی دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوی ئەستەنبوڵ بووە. یەکێک لە کۆنترین پێکهاتە مێژووییەکانی باجڵار ئەو نافورە مێژووییە کە دەکەوێتە گەڕەکی مەحمودبەی، ئەم نافورانە لەلایەن سوڵتانەکانی عوسمانییەوە لە ناوچە جیاجیاکانی ئەستەنبوڵ لەو سەردەمەدا دروستکراون. لە ساڵی ٢٠٢٣دا کڵێسایەک دۆزرایەوە کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەلایەن یۆنانیەکان لە ماوەی ساڵی ١٨٠٠دا دروستکرابێت.

سەردەمی کۆمارییەکان

نزیک لە شەڕی سەربەخۆیی تورکیا، باجڵار یەکێک بوو لەو گوندانەی مەحمودبەی کە دانیشتوانی یۆنانی لە سەردەمی عوسمانیدا تێیدا ژیاون. ئەم دانیشتووانە لە ناوچەکانی باخی ترێی گەشاوە کاریان دەکرد. مەحمودبەی یەکێک بوو لە کۆنترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەستەنبوڵ کە ١١ گوندی بچووکی پێ گرێدرابوون. شەش لەو گوندانە لە پڕۆژەیەکدا بە ناوی "ساڵانەی ئاماری شاری ئەستەنبوڵ ١٩٣٠ " لەلایەن شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵەوە دەردەکەون. گوندەکان ناویان لێنرا ئاڤاز، ئایاپا، ئایاۆرگی، چیفیتبورگاز، ڤیدۆز و یەنیبۆسنا. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوچەی مەحمودبەی کۆشکێکی لێبوو کە وێستگەی جەندرمە و بنکەی تەندروستی و دەرمانخانە و پۆستەخانە و سینەما و میوانخانە و نووسینگەیەکی بچووکی شارەوانی تێدابوو. 

یەکەم قۆناغی شارنشینی باجڵار لە نزیک ئەو شوێنەی کە ئەمڕۆ ناوی گۆڕەپانی باجڵارە دەستی پێکرد. شەپۆلی یەکەمی شارنشینەکە لە گەڕەکی مێرکێز و یەنیگونی باجڵار کە لە ناوەندی شاری ئیستانبوڵ و قەزای باکرکۆی نزیکترین بوون ئەزموون کرا. بەهۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە نزیکە لە ناوەندی شار و ناوچەی باکرکۆی ئەستەنبوڵ، بۆیە بە تەواوی لەلایەن بیناکارانی فەرمی و نافەرمیەوە دابەشکرا و لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ناوی پارسێلەر گۆڕدرا. گەڕەکی یەنیگون کە لە سەردەمی هاوچەرخدا  چڕترین گەڕەکی باجڵارە، بە یەکەم و کۆنترین گەڕەکی شارستانی لە قەزاکە دادەنرێت.

شارنشینەکە بە خێرایی بۆ ناوچەکانی دیکەی باجڵار بڵاوبووەوە و بووە هۆی دووبارە کێشانەوەی نەخشەکان کە قەزای شارستانی جیاوازی باکرکۆی دروستکرد. باجڵار بەردەوامە لە ناساندنی وەک قەزایەک کە بە گەشەی خێرای دانیشتوان و پلاندانانی شارستانی خراپ یان نافەرمی ناسراوە. بوونی بلۆکی شوقەی دروستکراوی نافەرمی تا ئێستاش نیگەرانییەکی گەورەی بەرپرسانی پلاندانان بەهۆی مەترسی زۆری بوومەلەرزە لە ئەستەنبوڵ ماوەتەوە. لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی مەترسی ڕووداوێکی قوربانیی بەکۆمەڵ لە ئەنجامی بوومەلەرزەیەکی گەورەدا، شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ چەندین دەستپێشخەری گەورەی پەرەپێدانی خانووبەرەی ئەنجامداوە. لە ساڵی ١٩٨٩ هێڵی M1 ی میترۆی ئەستەنبوڵ درێژکرایەوە بۆ باجیڵار و لەوێ کۆتایی دێت. دواتر لە ساڵی ١٩٩٢ هێڵی شەمەندەفەری ئەستەنبوڵ درێژکرایەوە بۆ گۆڕەپانی باجڵار. هەروەها ناوچەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن سیستەمی پاسەکانی ئەستەنبوڵەوە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکرێت.

جوگرافیای ناوچەکە

باجڵار دەکەوێتە دیوی ئەوروپی شاری ئەستەنبوڵ، لە سنووری خزمەتگوزاری شارەوانی گەورەی ئەستەنبوڵ. ڕووبەرەکەی ٣٢ کیلۆمەتر دووجایە (٨.٥ میل چوارگۆشە). لە سەردەمی هاوچەرخدا قەزاکە بە گەڕەکی کۆچبەران ناسراوە. لە نێوان هێڵی میترۆکانی E-5 و TEM دایە. باخچەلیڤلەر لە باشوور، لە ڕۆژاوا کوچوکچەکمێجە، لە باکووری ڕۆژئاوای باشاکشاهیر، لە ڕۆژهەڵاتی گونگۆرێن، لە باکووری ئێزنلەر دەوریان داوە. هیچ هێڵێکی کەنار دەریایی نییە. باجڵار لەسەر زەوییەکی تەخت و شەپۆلاوی هەڵکەوتووە کە بەرزییەکەی لە نێوان ٥٠ بۆ ١٣٠ مەتردا دەگۆڕێت.

باجڵار قەزایەکی نیشتەجێبوونە بە پلەی یەکەم کە پێکهاتووە لە پێکهاتەی چوارچێوەی کۆنکرێتی ٥-٦ نهۆمی کە باڵکۆن و سەقفی کاشی سووری هەیە. قەزاکە بە شێوەیەکی بەرچاو بە ڕێگا قیرتاو کراوە نافەرمییەکانی پێناسە دەکرێت کە لەگەڵ پرسەکانی وەک قەرەباڵغی هاتوچۆ و لافاودا کێشەیان هەیە. هەروەها ناوچەکە بەشێکی زۆر پیشەسازی تێدایە، بەتایبەتی ئەندازیاری، قوماش، چاپکردن، بازاڕێکی جوملە بۆ کاڵای وشک، بازاڕێکی گەورەی ئۆتۆمبێلی دەستی دوو و زۆرێک لە کۆمپانیاکانی بارهەڵگر. زۆربەی بەکارهێنانی زەوییە پیشەسازییەکان لە قەزاکەدا بەدرێژایی ڕێگای لینکی گونسلی لە ڕێگای ئۆتۆمبێلی TEM بۆ فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ هەڵکەوتوون.

هاتووچۆی قەزاکە

باجڵار یەکێکە لە قەزا پێشکەوتووەکانی ئەستەنبوڵ لە ڕووی گواستنەوەی گشتییەوە. بە هێڵی میترۆی M1B بە یەنیکاپیەوە بەستراوەتەوە. بە هێڵی میترۆی M3 بە باشاکشاهیرەوە بەستراوەتەوە، بە هێڵی میترۆی M7 بە Mecidiyeköy بەستراوەتەوە. جگە لەوەش هێڵی ترامی T1 لە باجڵارەوە بەرەو کاباتاش دەڕوات. هەروەها زۆرێک لە هێڵەکانی میترۆ لە پڕۆژەکەدا بە قەزاکەدا تێدەپەڕن. جگە لەوانە، قەزاکە چەندین بژاردەی پاسی هەیە.

کولتوور:

خەڵکی باجڵار کە تەمەنیان لە خوار ٢٢ ساڵەوەیە، ٣٣%ی دانیشتوانی باجڵار پێکدەهێنن. سەرەڕای ئەوەی ڕێژەیەکی بەرزی وەرگرتنی خوێندکاران لە قۆناغی سەرەتاییدا هەیە، بەڵام کەمیی بەردەوامی توانای قوتابخانەکان هەیە چونکە زۆرێک لە خێزانە کۆچبەرەکان ناویان تۆمار نەکراوە بۆ ژیان لە تورکیا. لە باجڵار ١١٨ هەزار و ٢٥٠ قوتابی لە قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی هەن. زانکۆی ئاڵتینباش دەکەوێتە باجڵار. لە نزیک وێستگەی مەحمودبەی (میترۆی ئەستەنبوڵ) کتێبخانەیەکی گشتی هەیە. جگە لەم ئاسانکارییە، کتێبخانەی بچووکتر لە ٢٢ گەڕەکی قەزاکەدا دامەزراون. بەگشتی ١٦ ماڵی زانیاری هەیە کە یەکەمیان لە ساڵی ٢٠٠٨ کراوەتەوە و دەتوانن پشتگیری لە پەروەردەی منداڵانی نێوان ٨ بۆ ١٤ ساڵان بکەن.

ناوەندی ڕۆشنبیری باجڵار بۆ یارمەتی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان لە قەزاکەدا کراوەتەوە، هەروەها کتێبخانەیەک بە ٢٠ هەزار کتێب و هۆڵی وەرزش و هۆڵی سینەما-کۆنفڕانسەوە بوونی هەیە لەو ناوچەیە. نەبوونی شوێنی سەوزایی و کات بەسەربردنی پێویست لە قەزاکەدا وەک پرسێکی سەرەکی کوالیتی ژیان دەمێنێتەوە. لە قەزاکەدا ٠،٣٥ کیلۆمەتر دووجا (٠،١٤ میل چوارگۆشە) بۆ هەر کەسێک لە ڕووی پارک و گۆڕەپانی یاری منداڵانەوە هەیە.

بەپێی ئاماری شارەوانی ئەستەنبوڵ، ٢٧٩٦ شەقام، ٨٨ مزگەوت، ١٢ ئامادەیی هەیە لەگەڵ ١٠١ قوتابخانەی سەرەتایی و ١٧ قوتابخانە ئەهلی لەگەڵ ٢٢ گەڕەک، یەک نەخۆشخانەی توێژینەوە، ٤١ بنکەی تەندروستی خێزان،

یەک بنکەی تەندروستی شارە گەورەکان، حەوت بنکەی تایبەتی نەخۆشخانەکان لەگەڵ ٢٣ سەنتەری کلینیکی تایبەت، دوو ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردنی سیل، ١ ناوەندی تەندروستی دایک و منداڵ لەگەڵ سەنتەری ڕاوێژکاری تەندروستی و چوار سەنتەری ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی شارەوانییەکان بوونی هەیە.


سەرچاوەکان



76 بینین