چۆن لە چیرۆکەوە فێری زمان ببین؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-03-28-20:13:00 - کۆدی بابەت: 12359
چۆن لە چیرۆکەوە فێری زمان ببین؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن لە چیرۆکەوە فێری زمان ببین؟ (بە ئینگلیزی: How to learn a language through stories، بە عەرەبی: كيف تتعلم اللغة من القصة) چەندین ڕێگا هەیە بۆ فێربوونی زمانێکی نوێ، یەکێک لەو ڕێگایانە خوێندنەوە یاخود گوێگرتن لە چیرۆکە، کە ڕێگایەکی ئاسانە و بێزارکەر نییە، ئەم ڕێگایە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانە باشە کە چێژ لە خوێندنەوە دەبینن و پێی بێزار نابن. چیرۆک بەسەهاتێکی ئەدەبیی خەیاڵی یاخود ڕاستییە کە بۆ کات بەسەربردن دروست دەکرێت یان دووبارە گێڕانەوەی شتێک کە روویداوە یان پارچە قسە و باسێک کە بڵاودەکرێتەوە.

بۆچی چیرۆک بەسوودە بۆ فێربوونی زمان؟

خوێندنەوە یەکێکە لە باشترین و کاریگەرترین ڕێگاکان بۆ فێربوونی وشەی نوێ، کاتێک چیرۆکێک دەخوێنێتەوە و وشەیەکی نوێ دەبینیت بۆ ئەوەی لە چیرۆکەکە تێبگەیت دەتەوێت بزانیت واتاکەی چییە، ئەمەش زیاتر واتلێدەکات بەدوای واتاکەی بگەڕێیت، فێری شێوازی نووسینی وشەکان دەبیت، هەروەها وشەکان زۆر دووبارە دەبنەوە ئەمەش واتلێدەکات بەتەواوی فێریان ببیت و لەبیرت نەچنەوە. لەجیاتی لەبەرکردنی یاسا بۆ فێربوونی ڕێزمان، دەتوانیت بەشێوەیەکی سرووشتی لە خوێندنەوەی چیرۆکەوە فێری ببیت و بەسادەیی مێشکت دەست دەکات بە تێگەیشتن لە چۆنیەتی کارکردنی ڕێزمان. یەکێکی تر لە سوودەکانی ئەوەیە وادەکات بە ئاسانی لە خەڵک تێبگەن، شێوازی فێربوونی چیرۆک لە هەمان کاتدا گوێگرتن و خوێندنەوە لەخۆ دەگرێت کە بە خێرایی یارمەتیت دەدات لە زمانی قسەکراو تێبگەیت. لە چیرۆکەکاندا، هەموو وشەیەک لە ڕستە و دەقدا دەردەکەوێت، بەمەش نەک تەنها فێری وشەکە دەبیت بەڵکو دەزانیت لە چی کاتێک و چۆن بەکاریبهێنیت. کاتێک کە فێری زمانێک دەبیت، فێربوونی کلتووری ئەو نەتەوەیە هێندەی زمانەکەی گرنگە، کاتێک چیرۆک دەخوێنێتەوە ڕووداوەکانی چیرۆکەکە ڕەنگدانەوەی کلتووری ئەو نەتەوەیەیە. خوێندنەوە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کە وات لێبکات بەو زمانەی کە فێری دەبیت بیربکەیتەوە، کاتێک کە دەخوێنیتەوە بیردەکەیتەوە لەگەڵیدا و زۆر کات واتلێدێت بەشێوەیەکی سرووشتی بەو زمانە بیردەکەیتەوە کە دەیخوێنیتەوە کە ئەمیش پڕۆسەیەکی  گرنگی فێربوونی زمانە.

چۆن لە چیرۆکەوە فێری زمان ببین؟

کە دەست دەکەیت بە فێربوونی زمان لەڕێگەی خوێندنەوە یاخود بڵێین خوێندنەوەی چیرۆک، بەشێکی گرنگی پڕۆسەکە هەڵبژاردنی ئەوەیە دەیخوێنێتەوە، هەمیشە لە هەر بوارێکدا بێت بابەتێک هەڵبژێرە کە چێژی لێدەبینیت، بەمشێوەیە لێی بێزار نابیت و زیاتر هانت دەدات بۆ خوێندنەوەی چیرۆکەکە. شتێکی تر کە گرنگە ڕەچاوی بکەیت لەکاتی هەڵبژاردنی چیرۆکێک بۆ خوێندنەوە، ئاستی زمانەکەتە لەگەڵ ئاستی ئەو کتێبەی دەیخوێنیتەوە، ئەگەر لە ئاستی سەرەتایدایت لەوانەیە چیرۆکە زانستی و کلاسیکی و فەلسەفییەکان قورستر بن بۆ تێگەیشتن، زۆربەی کتێبەکان بەتایبەتی ئەو کورتە چیرۆکانەی کە بۆ مەبەستی فێربوونی زمان دەنووسرێن ئاماژەیان پێدراوە بۆ چی ئاستێکی زمان دەبن و وێنەیان لەگەڵدایە کە وا دەکات زیاتر لە واتای چیرۆکەکە تێبگەیت، ئەم جۆرە چیرۆکانە پێشنیارێکی باشن بۆ دەستپێک. لەدوای هەڵبژاردنی کتێبێک یان چیرۆکێکی گونجاو، پلان دابنێ بۆ خوێندنەوە، چیرۆکەکە بکە بە چەند بەشێکەوە و ڕۆژانە یاخود هەفتانە بیخوێنەوە بەپێی کاتی خۆت.

لەکاتی خوێندنەوە با هەمیشە فەرهەنگێکت لابێت یاخود ئەپڵیکەیشنێکی فەرهەنگ بەکاربهێنە بۆ ئەوەی کە وشەیەکت نەزانی بەدوایدا بگەڕێیت، مەرجیش نییە واتای هەموو وشەکانی ناو چیرۆکەکە فێرببیت، بەڵکو ئەو وشانەی کە زۆر دووبارە دەبنەوە یان بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکە گرنگن.

دەفتەرێکی تێبینی دابنێ بۆ ئەوەی لەکاتی خوێندنەوە کە وشەیەک یان دەستەواژەیەیک زۆر دووبارە دەبێتەوە و نایزانیت بینووسیت و چەند جارێک پێداچوونەوەی پێدا بکەرەوە تا بەتەواوی فێری دەبیت یان لەسەر لاپەڕەیەک بینووسە و هەڵیبواسە تا لەبەرچاودا بێت. بەمشێوەیە کاتێک ڕادێیت لە خوێندنەوە لەسەر ئەو زمانە، بە سرووشتی فێری ڕێزمان و چۆنییەتی بەکارهێنانی وشە و دەستەواژەکانیش دەبیت. 

ئەگەر ئاستێکی زۆر سەرەتایت لە زمانەکەدا چیرۆکێک بخوێنەوە پێشتر بە زمانی خۆت خوێندبێتتەوە یان چیرۆکێک کە بە زمانی خۆت ژێرنووس کرابێت. هەروەها زۆربەی چیرۆکەکان بەشێوەی دەنگیش هەن، کە دەتوانیت لەگەڵ خوێندنەوەکەدا گوێی لێبگریت بۆ ئەوەی فێری دەربڕینی وشەکانیش ببیت.


سەرچاوەکان



83 بینین