ئۆزدەمیر عەساف

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ شوان شاگوڵ شوان - به‌روار: 2024-04-14-15:05:00 - کۆدی بابەت: 12499
ئۆزدەمیر عەساف

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆزدەمیر عەساف (بە عەرەبی: أوزدمير عساف، بە ئینگلیزی: Ozdemir Asaf)، شاعیر و نووسەری بەناوبانگی ئەدەبیاتی تورکی یەکێکە لەو شاعیرە کەمانەی کە لە سەرەتاوە تا کۆتایی توانیویەتی هۆنراوەکانی لە چەند دێڕێکی کەمدا واتای تەواوەتی مەبەستی شاعیرانەی خۆی ببەخشێت. لەگەڵ ئەوەی بە زۆر شاعیر و نووسەری کلاسیک کاریگەر بووە بەڵام کۆی هۆنراوەکانی ئەگەر پشکنینیان بۆ بکرێت، دەبینرێت کە تایبەتمەندییەکانی بریتین لەوەی کە ڕەسەنایەتی و مۆرکی نوێخواز و مۆدێرنیان پێوەیە، لەسەر هەمان هێڵ پێگەیشتوون بەبێ ئەوەی تووشی پچڕان یاخود جیاوازی قووڵ بن. زمانی نووسینی هۆنراوەکانی هێندە ساکارن کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە ئاسانی دەتوانن لێیان تێبگەن. لەژیانی پیشەگەریدا ناخۆشی و نەخۆشی زۆری بینیووە، لە منداڵیەوە نەخۆشی سییەکانی هەبووە و لە کۆتا قۆناغەکانی ژیانیدا دەرکەوتووە کە وەرەم لە مێشکیدا هەبووە و تا کۆتا ساتی ژیانی لە جەنگدا بووە لەگەڵ نەخۆشیدا. لەبەر ئەم هۆکارە زۆربەی نووسین و هۆنراوەکانی لە دوای مردنی کۆکراونەتەوە و بڵاو کراونەتەوە.

ژیان

ئۆزدەمیر عەساف، ناوی تەواوی خالید ئۆزدەمیرئارونە. لە ١١ حوزەیرانی ١٩٢٣ لە ئەنقەڕە لە دایک بووە. دایکی ناوی حەمدیە خاتوونە، باوکی ناوی محەمەد عەساف بەگە ئەندامی ئەنجوومەنی دەوڵەت بووە. تا تەمەنی حەوت ساڵان لەو خانووەی کە لە ئەنقەرە تێیدا لە دایک بووە، لە گەڕەکی حاجی بەیرام ژیاوە. کاتێک باوکی لە ساڵی ١٩٣٠ کۆچی دوایی کردووە، لەگەڵ خێزانەکەی ڕوویان لە ئەستەنبوڵ کرد. سەرەتا ناوی خۆی لە قوتابخانەی ئامادەیی کوڕانی فەرەنسی تۆمار کردووە، بەڵام کاتێک قوتابخانەکە داخراوە دوای ماوەیەکی کەم، وەک بەشەناوخۆیی گواستراوەتەوە بۆ ئامادەیی گەلاتەسەرای. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لێرە تەواو کردووە. بەهۆی دووبارەبوونەوەی نەخۆشییەک کە لە منداڵیدا هەیبوو، بۆ ماوەی ساڵێک نەیتوانیووە بچێتە قوتابخانە و مافی خوێندنی بێبەرانبەری لەدەستداوە.

دەرچووی ئامادەیی کاباتاش بووە، کە لە کۆتا ساڵی ئامادەیی (١٩٤٢)دا ناوی خۆی تۆمار کردووە. خوێندنی باڵای لە زانکۆی ئیستەنبوڵ سەرەتا لە فاکەڵتی یاسا دەستپێکردووە بەڵام لە فاکەڵتی ئابووری بەردەوام بووە. هەرچەندە لە ساڵی سێهەمدا ئێرەی جێهێشت و بۆ ماوەی ساڵێک لە پەیمانگای ڕۆژنامەگەری خوێندوویەتی، بەڵام لە هیچ کامیان دەرنەچووە. لە یەکەم بەرهەمی پێنووسیدا واژۆی “ئۆزدەمیر ئۆزدەم، ئۆزدەمیر یاسامان”ی بەکارهێناوە، بەڵام دواتر بڕیاریدا "ئۆزدەمیر عەساف" بەکاربهێنێت، کە پێش یاسای ناوی بنەماڵە لە تۆمارەکانی قوتابخانەدا هاتبوو. لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٨١ لە ماڵەکەی خۆی لە شاری بێبەک کۆچی دوایی کردووە. تەرمەکەی کە لە ٣١ی ڕێبەندان لە مزگەوتی بێبەک دەرهێنرا و لە گۆڕستانی ڕومێلی ئاشیان بە خاک سپێردرا.

ژیانی کارکردن و هاوسەرگیری

لە کورتە ژیاننامەکەیدا کە دوای کۆچی دوایی بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە ژیانی نووسین و کارکردنی لە ساڵانی خوێندکاریدا دەستی پێکردووە: “لەم نێوەندەدا لە ڕۆژنامەکانی زەمەن و تانین کاری کردووە وەک وەرگێڕ. یەکەم وتاری لە ساڵی ١٩٣٩ لە گۆڤاری سێرڤێتیفونون-بەئاگابوونەوەدا نووسیووە. تا ساڵی ١٩٦٢ بابەت و وەرگێڕانەکانی کە زۆربەیان هۆنراوە بوون، لە گۆڤارەکانی هونەری-ئەدەبیاتدا بڵاودەکردۆتەوە”.

جگە لە کاری ڕۆژنامەگەری، وەک بەرهەمهێنەری بیمە کاری کردووە تا پەیوەندی بە سەربازییەوە کردووە و بەم بۆنەیەوە گەشتێکی بۆ شارەکانی وەک ئافیۆن، چانکری و بوردور کردووە. دوای تەواوکردنی خزمەتە سەربازییەکەی لە ئەرزرۆم وەک ئەفسەرێکی یەدەگ، گەڕاوەتەوە بۆ ئیستەنبوڵ. هاوسەرگیری یەکەمی لەگەڵ سەباحەت سەلما تێزاکین ئەنجام داوە کە لە ساڵی ١٩٤٦ لە زانکۆ ناسیویەتی. ئەو دوو هاوسەرە کچێکیان هەیە، لە ساڵی ١٩٦١ جیابوونەتەوە.

لە ساڵی ١٩٦٢ هاوسەرگیری دووەمی لەگەڵ یڵدز مۆران ئەنجامدا لەم هاوسەرگیرییەدا سێ کوڕی هەیە. واژۆی ئۆزدەمیر عەساف بۆ یەکەمجار لە وەرگێڕانێکدا بە ناوی "سەردانی کێڵگەیەک" لە گۆڤاری سێرڤێت فونون ئویانیش لە بەرواری ١٨ی ئایاری ١٩٣٩دا دەردەکەوێت. وەرگێڕان و وتار و هۆنراوەەکانی لە گۆڤارەکانی وەک سێرڤێت فونون ئویانیش، بویوک دۆغو، ڤارلیک، کایناک، جیهانی ئەدەب، ئامانج، سەدەی بیستەم، شادرڤان، یەدیتەپە، گۆڤاری بچووک، چیرۆکە هەڵبژێردراوەکان، داهێنان، ڤاتان، دۆست، تورکی، تورک دیلی، یەدیگون ئۆزدەمیر عەساف، بڵاو کراوەتەوە.

بەرهەمەکانی

هۆنراوە

  • Dünya Kaçtı Gözüme (1955)
  • Sen Sen Sen (1956)
  • Bir Kapı Önünde (1957)
  • Yumuşaklıklar Değil (1962)
  • Nasılsın (1970)
  • Çiçekleri Yemeyin (1975)
  • Ben Değildim (1978)
  • Bugün ve Bugün (1984)
  • Benden Sonra Mutluluk
  • Çiçek Senfonisi (2008)
  • Sen Bana Bakma, Ben Senin Baktığın Yönde Olurum (2012)
  • Yalnızlığa Övgü
  • Lavinia

ئیتیک

  • Yuvarlağın Köşeleri - 1961
  • Yuvarlağın Köşeleri-2 (1988)

چیرۆک

  • Dün Yağmur Yağacak (1987)

ئۆتۆکۆپی-تاقیکردنەوە

  • Özdemir Asaf'ça (1988)


سەرچاوەکان



83 بینین