ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-04-16-16:16:00 - کۆدی بابەت: 12533
ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین (بە عەرەبی: الادب امریکا الجنوبیة، بە ئینگلیزی: Literature of latin america) یەکێک لە لقە هەرە گرنگەکان و دەوڵەمەندەکانی ئەدەبیاتی جیهانی لە پاڵ ئەدەبیاتی چینی، هیندی، ئەورووپی و ئەفریقیدا، ئەدەبیاتی باشووری ئەمریکا یاخود ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتینە، کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە.

ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین خاوەن باکگراوندێکی مێژوویی و ئاڵۆزە هەر لە سەردەمی کۆچی ئەورووپییەکان بۆ ئەو بەشەی ئەمریکا و سەردەمی جەنگ و کوشتار و دروست بوونی شارستانییەت و ئاوێتەبوونی کولتووری ئیسپانی و پۆرتوگالی بە دابونەریتی ئەمریکییە ڕەسەنەکان. هەروەها، بەرکەوتنی ئایینی و میسۆلۆجی نێوان ئەورووپی، ئەفریقی، دانیشتووانی ڕەسەنی باشووری ئەمریکا.

گرنگترین ناوەڕۆکەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین

بە هۆی فرە کولتووری و دابونەریتی جیاواز لە ناوچەکەدا، چەند بابەتێک بوونەتە سیمبولی دیاری ئەدەبیاتەکە کە هەر ئەمەشە وای کردووە ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین ببێتە ئەدەبیاتێکی دیار و گرنگ. ناوەڕۆکەکانیش ئەمانەن:

پەرجوو و جادووی ڕیالیزمی 

ئەم بابەتە گەر زیاتر ڕوونبکرێتەوە بریتییە لەوەی کاتی پارچە نووسینەکە دابەش دەبێت بۆ دوو ماوە، ماوەیەکیان ژیانێکی پڕ لە نەهامەتییە و هەژاری و برسیەتی باڵ دەکێشێت بەسەر گێڕانەوەکەدا بەڵام دواتر پەرجوو ڕوودەدات لەلایەن خوداوە کە کۆتایی بە نەهامەتییەکان دێت و سەردەمی خۆشگوزەرانی دەستپێدەکات، بەڵام هەموو ئەم شتانە لە چاوی خوێنەردا کە نوقمی ئەندێشە بووە وەک چاو تروکانێک وایە، ئەم دیاردەیە پێی دەگوترێت Magical realism کە وا دەردەکەوێت لە شەو و ڕۆژێکدا هەموو شتێک گۆڕابێت بەڵام لە ڕاستیدا قوربانی زۆر بۆ دراوە و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی لە پێناو ئەم ژیانەدا. بۆیە نووسەرەکانی ئەم ڕەهەندە زۆر جار خوێنەرانی بیانی لێیان تێناگەن بەهۆی ئەوەی گێڕانەوەکە زۆر تەلیسماوی دەردەکەوێت و خوێنەر ناتوانێت ڕووداوەکان بە یەکتر ببەستێتەوە. ئەم ڕەهەندە پڕیەتی لە وێناکردن هەر وشەیەک دەبێتە سیمبولێک و واتایەکی نهێنی هەیە. 

دیارترین نووسەری ئەم ڕەهەندەی ئەدەبیاتەکە گابرێل گارسیا مارکێزە. کە نووسینەکانی ئاڵۆز و خەیاڵ ئامێزن کە خوێنەری تایبەت بە خۆی پێویستە و هەموو کەسێک ناتوانێت درک بە کۆدەکانی بکات.

ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و سیاسی

بەشێکی زۆری نووسەرەکانی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین سەر بەم ڕێبازەن و لەم بارەیەوە ڕۆمان و بەرهەمی تری ئەدەبیان نووسیوە. کە بە گشتی ڕەخنە لە دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە و گەندەڵی و چەوساندنەوە دواون. وەکو نووسەران (ماریۆ ڤارگاس لیۆسا، کارلۆس فوێنتۆس، کلاریس لیسپێکتۆر) خوێنەر ڕادەکێشنە ناو جیهانێکی ئاڵۆز کە باس لە چارەنووسی دیکتاتۆر و کەسانی گەندەڵ دەکەن. 

ناسنامە و یادەوەری 

کەسانێک هەن بارودۆخی ژیان وای لێکردوون بێناسنامە بن، جا لە ژێر فشار و بە کۆیلە کردن یاخود هەژاری بێت، ئەم بەرهەمە ئەدەبیانە خوێنەر دەخاتە ناو ئەندێشەی ئەوەی ئەگەر بێت و مرۆڤ بێناسنامە بێت، چۆن دەتوانێت بە دوای بنەچەی خۆیدا بگەڕێت و شەرەف بۆ خۆی بگێڕێتەوە، ئەم ڕۆمانانە بە گشتی وەکو فیلمێکی سینەمایی دەردەکەون پاڵەوانی سەرەکی لە پێناو ناسنامە و شوناس دەگەڕێن یاخود گێڕانەوەی یادەوەری خامناکی خۆیانە کە لە سەردەمێکی دژواردا ژیاون و ئێستاش لە کاتێکی خۆشگوزەرانیدان. ئەم ڕەهەندە لە نووسینەکانی (یۆرگی لویس بۆرگێس، یولیۆ کۆرتازار، ئێلینا پۆنیاتۆوسکا دێلفی) ڕەنگ دەدەنەوە کە هەڵگری پەیامی فەلسەفی ئاڵۆزن.

بەشێوەیەکی گشتی ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین ئەدەبیاتێکی زۆر ئاڵۆزە جگە لەم بوارانە لایەنی ئایینی و میسۆلۆجی و دابونەریتیش دەگرنەوە. ئەستەمە خوێنەرێک کە تەنها بە چاو بخوێنێتەوە لە پەیامی کورتە چیرۆکێکی ئەمریکای لاتین تێبگات بەڵکو دەبێت بە سەرنجدانی ورد بخوێنرێنەوە.

دیارترین بەرهەمە ئەدەبییەکانی ئەم ڕێبازە ئەدەبییە

سەد ساڵ تەنهایی

لە نووسینی گابرێل گارسیا مارکێزە، یەکێکە لە دیارترین و بەبایەخترین ڕۆمانەکانی جیهان و ئەدەبیاتی ئەمریکای لاتین. کە لە خانەی Magical realismدایە. ڕۆمانەکە باس لە خێزانی بوێندیا دەکات کە لە گوندێکی خەیاڵیدا بەناوی ماکۆندۆ ژیان بەسەردەبەن کە ڕێڕەوی کاتی ڕۆمانەکە وەکو چاو تروکانێک وایە و نووسەر بە جۆرێک نووسیویەتی خوێنەر نوقمی ئەندێشە دەکات و لە ماوەی خوێندنەوەدا بەرکەوتنی نێوان خوێنەر بە گۆڕانی سروشت و یادەوەری و کات و سیمای فەلسەفی هەیە.

ئەلیف 

لە نووسینی نووسەری ئەرجەنتینی یۆرگی لویس بۆرگێسە. دەستەیەک کورتە چیرۆکە، لە پێداچوونەوەکانی ئەم پارچە نووسینەدا هاتووە "خوێنەر ناتوانێت جیاکاری نێوان ڕاستی و خەیاڵ بکات بەشێوازی هێندە هونەرییانە نووسراوە کە خوێنەر دەستی لێ هەڵناگرێت و هۆگری دەبێت".

مردنی ئارتیمۆ کروز

لە نووسینی کارلۆس فوێنتێسە، ڕۆمانێکی مەکسیکی ناوبانگە، کە خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی دەقەکاندا گەشت دەکات بۆ جیهانێکی پڕ لە گەندەڵی و دیکتاتۆری و شۆڕش و سەردەمی دوای شۆڕش، بە هەمان شێوە ئەم ڕۆمانەش گێڕانەوەیەکی ئاڵۆز و قورسی هەیە. 

کۆشکی تارماییەکان

ڕۆمانێکی وڵاتی چیلی و نووسەر ئیزابێل ئالاندێیە. ڕۆمانەکە گوزارشت لە خۆشەویستی و لەدەستدان و هێز و دەسەڵات لە کۆمەڵگەی چیلی دەکات، ئەم ڕۆمانەش هاوشێوەی سەد ساڵ تەنهایی Magical realismـە.


سەرچاوەکان



48 بینین