فرەکاری

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-16-23:13:00 - کۆدی بابەت: 12539
فرەکاری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فرەکاری یان فرەئەرکی (بە عەرەبی: تعدد المهام، بە ئینگلیزی: Multitasking) بریتییە لە ئەنجامدانی چەند کار و ئەرکێک لە یەک کاتدا، یان بریتییە لە کارکردن لەسەر چەند کار و پڕۆژەیەک پێکەوە لە یەک کات و ساتدا.

لە سەردەمی هاوچەرخدا فرەکاری تایبەتمەندی و شارەزاییەکی پێویستە بۆ زۆرێک لە ئەنجامدانی ئەرک و کار و پیشەکان، هەروەها بەهۆی بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆجیا و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان چەمکەکە زیاتر بایەخدار بووە و گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە بە شێوەیەکی نادروست و زیادەڕۆیی کردن تێیدا دەکرێت زیانبەخش بێت و ببێتە هۆی چەندان کێشە نموونەی ماندوویی، کەمبوونەوەی ئاستی پیشەیی و شکست هێنان، تەواونەکردن و بەجێنەگەیاندن و کەڵەکەبوونی ئەرکەکان، هەمیشە سەرقاڵی و نەبوونی کات، بێهێزی و دروستبوونی کێشەی تەندروستی و چەندان کێشەی تر.

مێژووی بەکارهێنانی (Multitasking) لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٥ کاتێک کۆمپانیای IBM کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە تەکنەلۆجیا و پرۆگرامینگ، لەو ساڵەدا توێژینەوەیەکی گرنگی لەسەر سیستمی نێو بەرهەمێکی تایبەتی بڵاوکردەوە بە ناوی (سیستمی IBM 360)، بە جۆرێک ناساندی کە ئەو سیستمە فرەکار و فرەئەرکە ئەتوانێت لەیەک کاتدا چەند ئەرکێک بەڕێوەببات و جێبەجێیان بکات، بۆیە لەو ساڵەوە وشەی (Multitaskng) لە جیهاندا بڵاوبووەوە و ناسرا.

تایبەتمەندی فرەکاری لە مرۆڤدا

فرەکاری تایبەتمەندییەکە کە بە پلەبەندی و ئاستی جیاواز لە مرۆڤەکاندا بوونی هەیە و ئەو پلەیە تاڕادەیەک لە ڕەگەزی ژنان زیاترە بەراورد بە ڕەگەزی پیاوان، چەمکی فرەکاری لە مرۆڤدا واتای ئەوەیە کە کەسەکە دەتوانێت سەرنج و ئاگایی دابەش بکات بە جۆرێکە کە دەتوانێت لەیەک کاتدا زیاتر لە یەک ئەرک و کار و چالاکی بەجێبگەیەنێت و کاریان لەسەر بکات، وەک قسەکردن بە مۆبایل لەکاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، کارکردن لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر بە یەکەوە لەیەک کاتدا، تەماشاکردنی تەلەڤزیۆن لەکاتی خواردنی ژەمەکان یان کردنەوە و بەکارهێنانی چەند ئاپ و پڕۆگرامێک بە یەکەوە لە مۆبایلێک لە یەک کاتدا، ئەمانە چەند نموونەیەکی سادەن لە ڕۆژانەی کەسەکان دەبینرێن، نموونەی دیارتر بریتییە لەوەی کە لە یەک کاتدا کەسەکە دوو کار و پیشەی قورسی هەبێت، یان کار لەسەر دوو پڕۆژە یان چەند پڕۆژەیەک بکات و بەڕێوەیان بەرێت.

بوونی ئەم تایبەتمەندییە لە کەسەکان زۆرجار ئەرێنی و سوودبەخشە، ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست بایەخی پێبدرێت و ژیانی تاک بەرەوپێش دەبات و دەکرێت لە هەبوون و گەیشتن بە چەند ئامانجێک و بۆ بەدەستهێنانی قازانج کردن سوود لەم تایبەتمەندییە ببینرێت، بە پێچەوانەشەوە زیادەڕۆیی کردن تێیدا زیانی هەیە و دەبێتە هۆی شکست.

زیانەکانی فرەکاری 

لە سەرەتای پەرەسەندن و بڵاوبوونەوەی چەمکی فرەکاری و فرەئەرک چەندان توێژینەوەی زانستی و پزیشکی لەسەر بابەتەکە کرا و زۆر کەس و لایەن بە تایبەتمەندییەکی زۆر ئەرێنی و زۆرباش وەسفیان دەکرد و کاریان لەسەر بڵاوکردنەوەی زیاتری چەمکەکە کرد، تەنانەت بە جۆرێکی لێهات کە بۆ پێشکەش کردنی وەرگرتنی زۆرێک لە کار و پیشەکان فرەکاری و ئەنجامدانی چەند ئەرکێک پێکەوە کراوە بە مەرجی سەرەکی.

بەڵام توێژینەوەکانی ساڵانی ڕابردوو دەریانخستووە کە سەرباری بوونی لایەنە ئەرێنییەکانی فرەکاری بەڵام زیان و کاریگەرییە لاوەکییەکانی زیاترە لە لایەنە باشەکانی و گرنگترین زیانەکانی فرەکاری بریتین لە:

  • فرەکاری و کارکردن لەسەر چەند کارێک پێکەوە بە شێوەیەکی سەرەکی دەبێتە هۆی پەرتەوازەیی و شڵەژانی مێشکی مرۆڤ، لەکاتی فرەکاری مێشکی مرۆڤ ناتوانێت سەرنجی بە تەواوی لەسەر ئەنجامدانی ئەرکێک بێت و هەمیشە پەرتەوازەیە، چونکە سەرنجی کامڵی مێشک دابەش کراوەتە سەر چەند ئەرکێک و پێویستی بەوەیە لە یەک کاتدا چەند جارێک کرداری دووبارە سەرنجدان و وردبوونەوە ئەنجام بدات، بۆیە کەسەکە لە ئەنجامدانی کارەکانی ڕێژەی ئەگەری ڕوودانی هەڵەی زۆر دەبێت، هەروەها کاتی زیاتری پیویست دەبێت بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی بەراورد بەو کەسەی کە کار لەسەر یەک کار دەکات و کارەکانی لەدوای یەک دەکات.
  • نەبوونی کات و هەمیشە سەرقاڵی.
  • ئەگەری تووشبوون بە کێشەی تەندروستی و نەخۆشی زیاتر دەبێت.
  • ئەگەری تووشبوون بە کێشەی دەروونی نموونەی توڕەیی، ڕاڕایی، شڵەژانی دەروونی، بێزاری، پەستانی دەروونی، کەمبوونەوەی سەرنجدان و چەندان کێشەی تر زیاتر دەبێت.
  • کەڵەکەبوونی ئەرکەکان و تەواونەکردنیان تاکۆتایی.
  • ڕێژە و ئەگەری دروستبوونی هەڵە لە  ئەنجامدانی کارەکان زیاتر دەبێت و بە ماوە و کاتێکی درێژتر ئەرکەکان تەواو دەکرێت.

چۆنێتی کارکردنی مێشک لە کاتی ئەنجامدانی چەند کارێک بەیەکەوە

توێکڵی بەشی پێشەوەی مێشکی مرۆڤ کە بە (Prefrontal Cortex) ناسراوە، بەرپرسی ئەنجامدان و بەجێگەیاندنی کارەکانی مرۆڤ و سەرنجدانە، ئەم ناوچەیەی مێشک کە دوو بەشن لای چەپ و لای ڕاست لە ڕێگەی ڕێکخستنی پەیامەکان لەگەڵ سیستم و بەشەکانی تری مێشک یارمەتی پاراستنی سەرەنجی مرۆڤ دەدات بۆ بە جێگەیاندنی یەک ئامانج یان ئەنجامدانی یەک ئەرکی تاک،

واتا ئەگەر یەک کار ئەنجام بدرێت و جێبەجێ بکرێت هەردوو بەشەکەی توێکڵی مێشک بە یەکسانی هاوکاری یەکتری دەکەن لە بەجێگەیاندنی ئەرکە تاکەکە.

بەڵام لەکاتی کردن و بەجێگەیاندنی دوو ئەرک یان زیاتر پێکەوە هەردوو بەشی توێکڵی بەشی ڕاست و بەشی چەپی مێشک ناچار دەبن بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار بکەن و تووشی پەرتەوازەیی و شڵەژان دەبن، ئەم تیۆرییە زانستییە لەلایەن چەند زانایەکی پەیمانگای پزیشکی (INSERM) لە شاری پاریس پشتڕاست کراوەتەوە، زاناکانی ئەو پەیمانگایە لە ڕێگەی ئەنجامدانی چەند تاقیکردنەوەیەک گەیشتوون بەو ئەنجامە، بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە دوو ئەرکیان پێ سپێردرا کە لە یەک کاتدا بەیەکەوە ئەنجامی بدەن، لە کاتی ئەنجامدانی دوو ئەرکەکەیش لە ڕێگەی ئامێری وێنەگرتنی موگناتیسی مێشک FMRI مێشکیان چاودێری دەکرا، ئەنجامەکان ئەوەیان خستەڕوو کە لەکاتی جێبەجێکردنی دوو ئەرک بەیەکەوە سەرنجی مێشک بووە بە دوو بەشەوە و هەردوو توێکڵی بەشی پێشەوەی مێشک تووشی پەستان و شڵەژاوی بووە، بەوهۆیەوە ئەگەری ڕوودانی هەڵە و لەبیرچوونی وردەکاری کارەکان سێ هێندە زیاتر بووە بەراورد بەوەی کە ئەگەر مێشک لەیەک کاتدا یەک کارێک ئەنجام بدات و هاوکات بەشداربووان کاتێکی زیاتریشیان خایاندووە لە ئەنجامدانی ئەرکەکە، بەوهۆیەوە بەپێی کات دەکرێت تێکڕای زیرەکی و کارایی مێشک کەم ببێتەوە و زوو بپووکێتەوە و پیر ببێت.

نموونەیەکی سادە لەسەر فرەکاری 

لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە بەشێک لە ئەو خاوەنکار و کارسازانەی کە فرەکارن و چەند کارێک پێکەوە ئەنجام دەدەن، نزیکەی ٢٨٪ـی کاتی کارکردنی ڕۆژکانیان لە گەڕان و بەفیڕۆدانی کات لەنێو ئەرکەکانیان بەسەر دەبەن بێ ئەوەی بگەنە هیچ ئەنجامێک، بە نموونە ئەگەر ئەرکی A وەڵامدانەوەی ئیمێڵی کار بێت و ئەرکی B کارکردن بێت لەسەر ئامادەکردنی سیمینارێک، ئەوا نزیکەی ٢٨٪ـی کاتی کارکردنەکەی ڕۆژەکەیان لە گواستنەوە و گەڕان لەنێوان ئەرکەکان بەسەر دەبەن بەبێ ئەوەی تەواو بکرێن، واتا کاتێک وەڵامی چەند ئیمێڵێک دەدەیتەوە بەبێ ئەوەی تەواویان بکەیت دەچیتە سەر ئەرکی B و کار لەسەر بەشێکی کەمی ئەرکەکە دەکەیت بەبێ ئەوەی تەواوی بکەیت و پاشان دەگەڕێیتەوە سەر ئەرکی پێشوو و بەم شێوەیە بەردەوام دەبیت، بەبێ ئەوەی کە هیچ کام لە ئەرکەکان تەواو بکەیت. بەم جۆرە کاتت بەفیڕۆ دەدەیت و بەبێ ئەوی سەرنجی تەواوت لەسەر کارەکان هەبێت و لەکاتی خۆیان تەواویان ناکەیت.

سوودەکانی فرەکاری

لە سەردەمی هاوچەرخ و بڵاوبوونەوەی تەکنەلەلۆجیا و هاوکات زۆرێک لە پیشە و کارەکان پێویستی بە فرەکاری هەیە ناکرێت فرەکاری و تایبەتمەندی و سوودەکانی بشتگوێ بخرێت، بۆیە ئەنجامدانی ئەرکەکان بە شێویەکی دروست و گونجاو و تەرخانکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هەر کار و ئەرکێک لەدوای یەک نەک بەیەکەوە دەکرێت لە تایبەتمەندی و لایەنە ئەرێنییەکانی فرەکاری سوودمەندت بکات، بۆ نموونە بۆ بەجێگەیاندنی هەر ئەرکێک نزیکەی بیست خولەک تەرخان بکرێت و ئەرکەکان پێکەوە لە یەک ساتدا نەکرێت بەڵکوو لەدوای یەک بکرێن و بەنجام بدرێن، بۆیە دابەشکردنی کات و پەیوەستبوون بە کاتەوە خاڵی سەرەکی و کرۆکی بابەتەکەیە.

هاوکات فرەکاری لە هەندێک جۆری کار و ئەرک دەبێتە هۆی زیادبوونی قازانج و بەرهەمداری و بەدەستهێنانی ئەنجام لە ماوەیەکی کەم، بۆیە جۆری کار و ئەرکەکان ڕۆڵی هەیە و کاریگەرن لە سوودمەند بوون لە کاریگەرییەکانی فرەکاری.


سەرچاوەکان



469 بینین