چۆن دەزانی مۆبایلەکەت هاک کراوە؟

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-04-17-13:53:00 - کۆدی بابەت: 12548
چۆن دەزانی مۆبایلەکەت هاک کراوە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن دەزانی مۆبایلەکەت هاک کراوە؟ (بە عەرەبی: كيف تعرف إذا كان هاتفك قد تم اختراقه، بە ئینگلیزی: How do you know if your phone has been hacked)، لە سەردەمی هاوچەرخدا زۆربەی خەڵکی دەناڵێنن بەهۆی هاککردنی ئامێرە ئەلیکترۆنی و ئەکاوتنەکانیانەوە.

ئەو نیشانانەی کە ڕەنگە ئاماژە بەوە بکەن کە مۆبایلەکەت هاک کراوە

ڕێژەی بارگاویکردنەوەی پاتری کەم

کەمبوونەوەی لەناکاو و خێرای ڕێژەی شەحن لە پاتریدا بە یەکێک لەو نیشانانە دادەنرێت کە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی مۆبایلی بەکارهێنەر هاک کراوە، چونکە هاککردنی مۆبایلەکە ڕەنگە ببێتە هۆی تۆمارکردنی هەندێک چالاکیی کە لەسەر مۆبایلە ڕوودەدەن. شایەنی باسە کاتێک مۆبایلێک هاک دەکرێت زۆرجار هەندێک سیخوڕی (چاودێریکردن) لەسەر مۆبایلەکە بە بەردەوامی کاردەکات. هەروەها دەتوانیت بزانیت ڕێژەی بارگاویکردنەوەی پاتری مۆبایلەکەت کەم و نائاساییە یان نا، ئەمەش بە بەراوردکردنی تەمەنی پاتری مۆبایلەکەتە لەگەڵ کەسێکی تر کە هەمان مۆبایل و هەمان مۆدێلی مۆبایلەکەی تۆ بەکاردەهێنێت، بێگومان ئەمەش بۆ ئەوەیە کە دڵنیا بیت لەوەی کە ڕێژەی بارگاویکردنەوە ئاساییە یان نا.  

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی پاتری  

گەرمبوونی پاتری مۆبایل زیاتر لە ئاستی ئاسایی یەکێکە لەو نیشانانەی کە ڕەنگە ئاماژە بەوە بکات کە مۆبایلی بەکارهێنەر هاک کراوە بە تایبەت کاتێک مۆبایلەکە شەحن نابێتەوە یان بە شێوەیەکی ئاسایی کاری خۆی ناکات. پلەی گەرمی بەرزی پاتری لەوانەیە ئاماژە بێت کە بە شێوەیەکی بەرچاو لەلایەن هەندێک بەرنامەوە چاودێری مۆبایلەکەت دەکرێت. کەواتە هەر لەبەر ئەمەشە وا باشە بچیتە ناو لیستی ئەو بەرنامانەی کە بەکارت هێناون و بزانین ئایا هیچ بەرنامەیەکت بە چالاککراوی جێهێشتووە یاخود نا، یان بزانە کە هیچ بەرنامەیەک لە ناو مۆبایلەکەت هەیە کە بە شێوەیەکی بەرچاو و نائاسایی ڕێژەی شەحنی پاترییەکەت تەواو بکات.  

دامەزراندنی هەڕەمەکی بەرنامەکان

وەک تێبینی دەکرێت بەرنامەی هەڕەمەکی و نەناسراو لە ڕێگەی ئامێری بەکارهێنەرەوە بەبێ ئاگاداری خۆی دابەزێنرێن، ئەوانە ئەو ئامرازە هاککردنەن کە لە ڕێگەیەوە مۆبایلی بەکارهێنەر سیخوڕی لەسەر دەکرێت و داتا و زانیارییەکانی دەدزرێت و دەنێردرێت بۆ کەسانی دیکە. لەبەر ئەوە پێویستە هەمیشە ئاگاداری بەرنامەکانی ناو مۆبایلەکەت بیت و هەر بەرنامەیەکی ناپێویست کە لە مۆبایلەکەتدا هەیە لاببەیت، بۆ ئەوەی سکویریتی (ئاسایشی) مۆبایلەکەت زیاد بکات و دڵنیابێت لە پاراستنی.  

داوای ڕێستکردنی وشەی نهێنی دەکات

هاککردنی مۆبایلی بەکارهێنەر دەبێتە هۆی ئەوەی داوای لێبکرێت وشەی نهێنی هەریەکێک لە ئەکاونتە ئەلیکترۆنییەکانی بگۆڕێت، وەک ئەکاونتی سۆشیال میدیا و ئیمەیڵ، کە ئامانجی ئەم هەنگاوانەش ڕەنگە ئاشکرا کردنی وشەی نهێنی ئەو ئەکاونتانە بێت بۆ هاکەرەکان بە مەبەستی دزین و دەستبەسەرداگرتنی. چارەسەری ئەم گرفتەش دەکرێت دوورکەوتنەوە بێت لە هەڵگرتنی ئەو وشە نهێنیانەی کە لە مۆبایلدا بەکاردەهێنرێن، بۆ ئەوەی هاکەرەکان نەتوانن دەستیان پێ بگات.

زیادبوونی بەکارهێنانی پاکێجی داتا و خولەکی پەیوەندیکردن

نیشانەیەکی بەرزی ڕێژەی بەکارهێنانی پاکێجی داتاکانی ئینتەرنێت یەکێکە لەو نیشانانەی کە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەگەری هاککردنی مۆبایلی بەکارهێنەر، بەو پێیەی ئەگەر مۆبایلەکە هاک بکرێت، ڕەنگە پاکێجەکان بەکاربهێنرێن بۆ گواستنەوەی داتا و زانیاری بەکارهێنەر لە مۆبایلەکەوە بۆ لایەنی سێیەم (کەسانی هاککەر).  بۆیە پێویستە بەکارهێنەری مۆبایل بەردەوام بێت لە چاودێریکردنی لیستی پەیوەندییەکان و ڕێژەی بەکارهێنانی پاکێجی ئینتەرنێت، بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ نیشانەیەکی نائاسایی نییە و ئەگەر هەستی بە هەر کێشەیەک کرد بە خێرایی هەوڵی چارەسەر کردنی بدات. گۆڕانی ڕێکخستنەکانی مۆبایل بوونی گۆڕانکاری لە ڕێکخستنەکانی بەکارهێنەردا ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەگەری ئەوەی مۆبایلەکە پێشتر هاک کراوە، نموونەی گۆڕینی ڕێکخستنەکان بریتین لە داگیرساندنی بلوتوس هەرچەندە بەکارنەهێنرێت یان لەلایەن بەکارهێنەرەوە داگیرساوە.

هەرووها دەرکەوتنی دەقی نامە و ئیمەیڵەکان کە لەلایەن بەکارهێنەرەوە نەنێردراوە، هەڵکردنی فلاشی کامێرا و وێنە و ڤیدیۆ تۆمار کردن بەبێ ئەوەی بەکارهێنەر بزانێت. ئاگاداربە هەمیشە وا باشترە کە مۆبایلەکەت لای کەسی تر بەجێ نەهێڵیت و بە سەلامەتی بیهێڵیتەوە.  ئەو نیشانانەی کە مانای وایە مۆبایلەکە هاککراوە ئەگەری هاککردنی ئامێرەکانی ئایفۆن یان ئەندرۆید لە ڕێگەی هەندێک خاڵی لاوازەوە دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر ئامێرەکان ئەسڵی نەبن، لێرەدا چەند نیشانەیەکی تر دەخەینەڕوو کە ڕەنگە ئاماژە بن بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت هاککراوە:

  • بیستنی دەنگێکی نامۆ لەکاتی پەیوەندیکردندا، بەو پێیەی ئەم دەنگە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ ئەوەی مۆبایلەکەت هاک بکرێت، هەروەها ئەو پەیوەندیانەی لەڕێگەیەوە دەکرێت سیخوڕییان لەسەر دەکرێت.
  • ئیشکردنی مۆبایل بەبێ هۆکار یان نەتوانینیت بەتەواوی مۆبایلەکەت بیکوژێنیتەوە.
  • نەکرانەوە و کارنەکردنی هەندێک بەرنامەی سەر مۆبایلەکە.
  • خاوبوونەوەی لە ڕادەبەدەری مۆبایلەکەت.
  • دابەزاندنی لاپەڕە و ماڵپەڕەکانی ئینتەرنێت بە شێوەیەکی هەڕەمەکی لە ڕێگەی ئامێرەکەوە.
  • وەرگرتن یان ناردنی نامەی کورتی سەیر.
  • شێوازی پیشاندانی هەندێک ماڵپەڕ دەگۆڕێت.
  • بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی کرانەوەی ئەو ماڵپەڕانە کە ناوەڕۆکیان خراپە.
  • ئەزموونکردنی پچڕانی نائاسایی لە هەندێک خزمەتگوزاریدا، وەک لەدەستدانی سیگناڵی پەخش لە مۆبایلدا.

ئامۆژگاری: بۆ پاراستنی مۆبایلەکە لە هاککردن باشترە بەکارهێنەر بەردەوام چاودێری مۆبایلەکەی بکات ئەگەر هەستی بەم نیشانانە یان هەندێکیان کرد، واباشە هەوڵبدات سەرچاوەکەیان بزانێت، کە لەوانەیە لە ئەنجامی هاککردنی مۆبایلەکەی بێت یان هۆکارێکی تر وەک بوونی ڤایرۆسێک لە مۆبایلەکەتدا.

ئامۆژگاری گشتی بۆ پاراستنی مۆبایلەکەت لە هاککردن

ڕەنگە مۆبایلەکان لەلایەن هاکەرەکانەوە بە چەندین شێوە هاک بکرێت، بەڵام ئەم ڕێگایانە سەرکەوتوو نابن بەبێ ئەوەی بەکارهێنەری مۆبایل هەندێک کردار ئەنجام بدات کە ڕێگە بە هاکەرەکە دەدات بچێتە ناو مۆبایلەکەیەوە، بۆیە ئامۆژگاری بەکارهێنەر دەکرێت ئەم کارانەی خوارەوە بکات:

  • بەرنامە زیانبەخشەکان دامەبەزێنە: دابەزاندنی بەرنامە زیانبەخشەکان دەبێتە هۆی هاککردنی ئامێری مۆبایلەکە، بۆیە هەمیشە باشترە بەرنامەکان لە ڕێگەی فرۆشگای فەرمی بەرنامەکانی مۆبایلەکەوە دابەزێنیت. 
  • کلیک لەسەر لینکی باوەڕپێنەکراو مەکە: پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لە کلیککردن لەسەر هەر لینکێک کە لە ئیمەیڵەکانی کەسانی نەناسراودا هاتووە، چونکە لەوانەیە ئەم لینکانە بەرنامەی زیانبەخشیان تێدابێت کە لە ڕێگەیەوە مۆبایلی بەکارهێنەرەکە هاک بکرێت.
  • دوور بکەوەرەوە لە بەکارهێنانی تۆڕەکانی وای فای نەپارێزراو: بەکارهێنانی تۆڕەکانی وای فای گشتی و بێ پارێزراو لە ڕێگەی مۆبایلەوە دەتوانێت ئەگەری هاککردن لەلایەن کەسانی دیکەوە زیاد بکات.


سەرچاوەکان



51 بینین