چۆن کەسێک لەبیر بکەم کە ئازاری داوم؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-17-23:56:00 - کۆدی بابەت: 12563
چۆن کەسێک لەبیر بکەم کە ئازاری داوم؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن کەسێک لەبیر بکەم کە ئازاری داوم؟ (بە ئینگلیزی: How can I forget someone who hurt me، بە عەرەبی: کیف انسی شخصاً جرحني) زۆرجار مرۆڤ لە ماوەی ژیانیدا ئەزموونی بارودۆخێک دەکات کە بەهۆی کەسێک یان کەسانی چواردەوری ئازار دەبینێت، ڕەنگە ئەم ئەزموونە دواتر کاریگەری وەک تووڕەیی و تێکچوونی باری دەروونی بەجێ بهێڵێت، هەندێک کات دەکرێت ڕق بەجێ بهێڵێت. بەڵام لێبووردەیی و لەبیرکردن دەکرێت هیوا و ئاشتی بۆ کەسی ئازاردراو بگێڕێتەوە و بەرەو ڕێگای تەندروستی جەستەیی، سۆزداری و ڕوحی ببات.

لەبیرکردن

لەبیرچوونەوە بە واتای وەستاندنی وەرگرتنەوەی هەندێک زانیاری لە مێشکەوە دێت، بە ئارەزووی خۆی یان بێ ئیرادە، یان نەبوونی لە یادەوەری و ئامادەنەبوونی بەردەوامی تیایدا، لەبیرکردنی کەسێک بەشێوەیەکی تایبەتتر مانای ئەوەیە مرۆڤ دەوەستێت لەوەی بەردەوام بیر لە کەسێک بکاتەوە، زۆربەی یادەوەرییەکانی لە مێشکی خۆیدا دەسڕێتەوە و خۆی لە بیرهێنانەوەی ئەم یادەوەرییانە و هەستکردن بە ئازار بەسەریاندا دەپارێزێت، ئەمەش ڕێگەی پێ دەدات بەسەر ئازارەکەدا زاڵ ببێت.

چۆن ئەو کەسە لەبیر بکەین کە بۆتە هۆی ئازاردانمان؟

زۆر ڕێگە هەیە کە دەبێت پەیڕەو بکرێت بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت ئازارەکەی و ئەو کەسەی کە هۆکاری ئازاردانی بووە لەبیر بکات، ئەمانە چەند ڕێگایەکن:

کاتێکی پێویستی پێ بدە

ڕەنگە هەندێک کەس لە لەبیرکردنی  ئازارەکانیان و  ئەو کەسەش کە هۆکاری ئازاردانیان بووە پەلە بکەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە لەبیرکردن لەم جۆرە حاڵەتانەدا پێویستی بە کات هەیە. ئەوە زانراوە کە کات بۆ چاکبوونەوە و توانای زاڵبوونیان بەسەر بارودۆخەکەدا یارمەتیدەرە. دەبێت ئەو کاتەی کە پێویستە بە خۆیانی بدەن، پێویستە باوەڕیان بەوە هەبێت کە دەتوانن بە سەرکەوتوویی بەسەریدا زاڵ ببن.

قبوڵی بکە

ڕەنگە هەندێک کەس تووشی ئازار ببن کاتێک کەسێک سووکایەتیان پێدەکات یان  ئازاریان دەدات، بەتایبەتی ئەگەر کەسێکی گرنگ بێت لە ژیانیاندا و سۆز و خۆشەویستییان بۆی هەبێت. ئەمە لە سەرەتاوە شتێکی سروشتییە، بەڵام پێویستە ئەو کەسە ڕوداوەکە قبوڵ بکات بۆ ئەوەی دواتر بتوانێت بەسەریدا زاڵ ببێت. ئەو ڕەتکردنەوەیە کە لە مێشکیدا دروست دەبێت ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی لە حاڵەتێکی شۆک و نکۆڵیکردندا بمێنێتەوە، لەم بارودۆخەدا دەبێت متمانە و هێزی پێویستی هەبێت کە یارمەتی بدات بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ ببێت. قبوڵکردنی بابەتەکە واتە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخەی کە بەسەریدا هاتووە بەبێ ئەوەی بچێتە حاڵەتێکی خەیاڵی و ناڕاستەقینەی قبوڵنەکردن، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستی گرنگترین هەنگاوە بۆ گۆڕانکاری بەرەو باشتر و هەوڵدان بۆ لەبیرکردن.

گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی

لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕەنگە هەندێک کەس پەنا بۆ پشتگوێخستنی تەندروستی خۆیان و ماندووکردنی مێشکیان بە بیرکردنەوە ببەن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە مێشک پێویستی بە پشوودان هەیە بۆ ئەوەی ئەرکی خۆی لە مامەڵەکردن لەگەڵ بابەتەکەدا و زاڵبوون بەسەر ئازارەکەدا جێبەجێ بکات، هەروەها کاتێک مرۆڤ خودی خۆی و تەندروستی خۆی دەکاتە یەکەم شتی گرنگی ژیانی ئەویش بە وەرزشکردن و گرنگیدان بە تەندروستی خۆی، لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ئازارەکانی لەبیر دەکات و هەست بە  بوونی گرنگی خۆی دەکات.

کات بەسەربردن لەگەڵ خێزان و هاوڕێیان

کاتێک مرۆڤ لە چواردەوری ئەو کەسانە دەبینێت کە خۆشیی دەوێن کەمتر هەست بە ئازار دەکات، بەتایبەتی ئەگەر کەسانی چواردەوری کەسانی ئەرێنی بن کە حەزیان لە پێکەنین و بەسەربردنی کاتی خۆشە، لەبەر ئەم هۆکارانە نابێت خۆی لە کۆبوونەوە لەگەڵیان بەدوور بگرێت و بە تەنیا بمێنێتەوە  و دووچاری بیرکردنەوەی زۆر ببێت. بەڵکو پێویستە بچێتە دەرەوە و لەگەڵیان کات بەسەر ببات، کاتێک  گرنگی و خۆشەویستی کەسانی چواردەوری دەبینێت، دەست دەکات بە بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەو کەسەی کە ئازاری پێگەیاندووە، ئەمەش وا دەکات بە تێپەڕبوونی کات واز لە گرنگیدان بەو کەسە بهێنێت تاوەکوو بە تەواوی لەبیری دەکات.

دەربڕینی ئازار

دەربڕینی ئازار یەکێکە لە گرنگترین شتەکان کە یارمەتی مرۆڤ دەدات لە بارودۆخەکە ڕزگاری ببێت. ئەویش بە قسەکردنە لەگەڵ هاوڕێکان و دەربڕینی ئەو شتانەی کە دەروونی تووشی کێشە کردووە، یان بە نووسینی ئەم هەستە نەرێنیانە. نووسین و باسکردنی ئەم هەستانە هۆکارێکە بۆ بەتاڵبوونەوەیان لە مێشک و باشترکردنی بارودۆخی دەروونی کەسەکە هەروەها هۆکارێکە بۆ ئەوەی زیاتر لە هەستەکانی خۆی تێبگات و درکیان پێ بکات.

لێبوردن

لێبوردن بەشێکی گرنگی لەبیرکردنە ئەگەر کەسێک بیەوێت کەسێک لەبیر بکات، سەرەتا دەبێت لێی خۆش ببێت. ئەمەش لەبەر ئەوەی هێشتنەوەی توڕەیی دەربارەی کەسێک وا دەکات هەمیشە شوێنێک لە بیرکردنەوە و مێشکی تۆدا داگیر بکات، بەڵام کاتێک ئەم هەستە توڕەییەت بۆ کەسی بەرامبەر نامێنێت دەبێتە هۆی ئەوەی کە چیتر لە بیرکردنەوەکانتدا نەمێنێت و ژیانی ئاسایی پێشووی خۆت بژیت بەبێ بوونی هەستی نەرێنی و توڕەیی.

لە هەستکردن بە تەنیایی دووربکەوەرەوە

کاتێک مرۆڤ سەرقاڵ دەبێت و ژیانی بە ئەرک و سەرکێشییەکانی پڕ دەکاتەوە، باشتر دەتوانێت بەسەر ئازارەکانیدا زاڵ ببێت، بەڵام کاتێک ژیانی لە کۆمەڵێک کاری بەسوود کە سەرقاڵی دەکەن و کاتەکانی پڕ دەکەنەوە بەتاڵ دەبێت، ئەوا وادەکات هەست بە تەنیایییەکی زۆر بکات، ئەمەش وای لێدەکات لە بیرهاتنەوە و بیرکردنەوە لە ڕووداوەکان بەردەوام بێت و ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە بێزار بێت و هەست بە تەنیای بکات، بۆیە دەبێت کاتەکانی بەو شتانەی کە خۆشی دەوێن و ئارەزوویان دەکات پڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە بیرکردنەوەی زۆر بوەستێت و بەخێرایی بەسەر بارودۆخەکەدا زاڵ ببێت.

بەدواداچوون مەکە

به دواداچوون بە یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگەکان دادەنرێت کە ڕێگری لە لەبیرکردنی کەسێک دەکات. ئەویش بەهۆی بەبەردەوامی بەدواداچوون و ئاگاداربوون لە کەسی بەرامبەر، هەوڵدان بۆ ئەوەی زانیاری نوێ دەربارەی کەسەکە بزانێت و ئاگاداری بێت، ئەمەش ڕێگری دەکات لەوەی مێشکی بتوانێت بۆشاییەک دروست بکات، بەکاری تر خەریک ببێت و بەرەبەرە ئەو زانیاریانە لە مێشکیدا بسڕێتەوە. چونکە بەبەردەوامی لە هەوڵی چاودێریکردن و زانینی زانیارییە  دەربارەی کەسی بەرامبەر بەم جۆرەش لەلەبیرکردنی کەسەکە سەرکەوتوو نابێت بەڵکوو دەبێت بەبەشێک لە ژیانی.

بەراورد نەکردن

ڕەنگە هەندێک کەس پەنا بۆ بەراوردکردنی ژیانی ئێستایان لەگەڵ ژیانی خۆیان لەگەڵ ئەو کەسانە ببەن کە لەگەڵیان بوون و لە پێشووتردا ئازاریان داون، ئەمەش ڕێگری دەکات لە پرۆسەی لەبیرچوونەوە و هەنگاونان بۆ باشتر بوون. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کاتێک کەسێک دووردەکەوێتەوە ڕەنگە مرۆڤ وێنەیەکی جوانتر و باشتر لە مێشکیدا بۆ ئەو کەسە دروست بکات، دەکرێت ئاواتی گەڕانەوەی بخوازێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پەشیمان بوونەوە لە بڕیاری جیابوونەوە و زیاتر هەست بە ئازار کردن.

پەیوەندییەکان ببڕن

تاکێک کە دەیەوێت کەسێک لەبیر بکات، دەبێت بەتەواوی پەیوەندی لەگەڵیدا بپچڕێنێت و نابێت بەهەر هۆکارێک بێت هەوڵی قسەکردن لەگەڵ کەسەکەدا بدات، ئەمەش ڕەنگە سەرەتا  قورس بێت، بەڵام دواتر کاریگەری ئەرێنی دەبێت بەجۆرێک کەسەکە لە پەیوەندی نەکردن و ژیانکردن بەبێ ئەو کەسەی ئازاری داوە ڕادێت.


سەرچاوەکان



313 بینین