دە ڕۆژی سەرەتای مانگی حەج

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-20-16:39:00 - کۆدی بابەت: 12592
دە ڕۆژی سەرەتای مانگی حەج

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دە ڕۆژی سەرەتای مانگی حەج، دە ڕۆژی سەرەتای مانگی ذو لحیجە، دە ڕۆژی عارفات، دە ڕۆژی سەرەتای مانگی قوربان یاخود ڕۆژانی عەرەفە یان نۆمینەی حاجیان (بە عەرەبی: العشر الأوائل من ذي الحجة، بە ئینگلیزی: The first ten days of Dhul-Hijjah) ئەم دە ڕۆژە لە یەکەمین ڕۆژی مانگی ذو لحیجەی لە ڕۆژژمێری کۆچیدا دەست پێ دەکات تا ڕۆژی نۆی ذولحیجە کە بە ڕۆژی وەستانی حاجیان ناسراوە لەسەر کێوی عەرەفە بەردەوام دەبێت.

پیرۆزی دە ڕۆژە سەرەتای مانگی حەجکردن

خوای گەورە لە سەرەتای سوورەتی (الفجر) دەفەرموێت: (وَٱلْفَجْرِ) (وَلَيَالٍ عَشْرٍ)، واتا: سوێند به‌ به‌ره‌به‌یان، سوێند بە دە شەوی سەرەتای مانگی قوربان. ڕاڤەکارانی قورئان پێیان وایە کە بەهۆی ئەوەی ئەم دە ڕۆژە پیرۆز و گەورەن بۆیە خوای گەورە لە قورئاندا سوێندی پێ خواردووە و لەم ئایەتەدا مەبەست لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی ذو لحیجەیە.

پێغەمبەر دەفەرموێت: (ما من أيام العمل فيها أحب إلى الله من هذه العشر، قيل: ولا الجهاد فى سبيل الله، قال: ولا الجهاد إلا رجلًا خرج بنفسه وماله ولم يعد بشىء من هذا كله.) واتا: واتا هیچ ڕۆژێک نییە هاوشێوەی ده ڕۆژی سەرەتای مانگی قوربان ئەنجامدانی کارە باشەکان لەلای خوا خۆشەویست بێت، هاوەڵان لێیان پرسی تەنانەت جیهادکردنیش لە پێناو خوادا؟ فەرمووی مەگەر ئەو پیاوەی کە خۆی و سامانەکەی دەکاتە قوربانی جیهاد کردن. هاوکات لە فەرموودەیەکی تردا پێغەمبەر فرموویەتی: (إِنَّ أَعْظَمَ الأَيَّامِ عِنْدَ اللَّهِ يَوْمُ النَّحْرِ ثُمَّ يَوْمُ الْقَرِّ)، لەم فەرموودەیە مەبەست لەوەیە کە مەزنترین ڕۆژەکان لای خوای گەورە ڕۆژی عەرەفەی مانگی ذو لحیجەیە.

ئەو کارانەی پەسەندن کە لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێت

بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج 

حەجکردن یەکێکە لە پایەکانی ئایینی ئیسلام و بەجێگەیاندنی لە مانگی ذو لحیجە فەرز و ئەرکە، بۆیە موسڵمانان لە سەرەتای ئەم مانگەوە پرۆسە و مەراسیمی حەجکردنیان دەست پێدەکات و ئەنجامدانی بەپێی توانا ئەرکە لەسەر هەموو موسڵمانێک.

بەڕۆژووبوون

بەڕۆژووبوون لە دە ڕۆژی سەرەتای مانگی قوربان خێر و چاکەی زۆری هەیە، بە تایبەتی ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە کە لە فەرموودەی پێغەمبەر هاتووە و دەفەرموێت: (صِيَامُ يَومِ عَرَفَةَ، أَحْتَسِبُ علَى اللهِ أَنْ يُكَفِّرَ السَّنَةَ الَّتي قَبْلَهُ، وَالسَّنَةَ الَّتي بَعْدَهُ)، واتا: ڕۆژووگرتنی ڕۆژی عەرەفە دەبێتە هۆی سڕینەوەی گوناهی ساڵێک پێشتر و ساڵێک دواتری موسڵمان.

چاکەکردن و بەخشین

لە ڕۆژانی نۆمینەی حاجیان چاکەکردن و سەدەقە و بەخشین بە کەسانی هەژار و نەدار لە کارە پەسەندەکانن.

قورئان خوێندن

خەتمکردنی قورئان، خوێندنەوە و ڕامان و تێگەشتن لە ڕاڤە و واتا و تەفسیری قورئان لەگەڵ خوێندنەوەی قورئان هەموو ئەمانە بە کاری چاکە هەژمار دەکرێن و لەم دە ڕۆژەدا ئەگەر ئەنجام بدرێت خێر و چاکەی زۆری هەیە.

نوێژکردن

نوێژکردن لە کاتەکانی خۆیدا و ئەنجامدانی نوێژەکان بە کۆمەڵ لە مزگەوتەکان، ئەنجامدانی نوێژە سوننەتەکان نموونەی شەونوێژکردن لە گرنگرتین پەرستشەکانن کە لەم دە ڕۆژەدا ئەنجام بدرێن.

دوورکەوتنەوە لە ئەنجامدانی گوناهـ

دوورکەوتنەوە و خۆگرتنەوە لە تاوان و گوناهەکان لەم دە ڕۆژە یارمەتی ئارام بوونەوەی دەروون و ڕاهاتنت دەدات کە ببیت بە کەسێکی پارێزکار لە تاوان و گوناهەکان.

پاڕانەوە و ویردکردن

خوێندنەوەی چەن ویردێک و پەیوەست بوون بە دووعاکردن و پاڕانەوە و ویردە تایبەتییەکانی وەک ویردەکانی بەیانیان و ئێواران و خەوتنان و سەڵاوات دان لە کارە پەسەندەکانی ئەم دە ڕۆژەی مانگی قوربانن. هەروەها باشترین ویردێک کە لەم دە ڕۆژەدا بکرێت بریتییە لە: (الله أكبر، الله أكبر، لا إله إلا الله، والله أكبر، الله أكبر، ولله الحمد). دەرفەتی گیرابوونی دووعا و پاڕانەوەکان بە تایبەتی لە ڕۆژی عەرەفەدا زۆرە بۆیە پاڕانەوەکردن و دوعاکاکردن لەم ڕۆژانەدا بە پەسەندترین پەرستش دادەنرێت.


سەرچاوەکان



52 بینین