ئیمامی غەزالی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-04-21-14:55:00 - کۆدی بابەت: 12597
ئیمامی غەزالی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەبووحامد غەزالی یان ئیمامی غەزالی (بە عەرەبی: أبو حامد الغزالي، بە ئینگلیزی: Al-Ghazali) زانایەکی ئیسلامی ناودارە لە بوارەکانی یاسا، شەریعەتی ئیسلامی، بنەماکانی ئایین، فەلسەفە، تەسەوف، بەرهەمی زۆری هەیە و بە ڕەچەڵەک فارسی بووە، لە سەدەی پێنجەمی کۆچی وەکوو زانایەکی ئایینی لە سەردەمی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان ناسراوە و ناوی بڵاوبووەتەوە.

زانیاری گشتی

ناو  ئەبووحامد محەمەدی کوڕی ئەحمەدی غەزالی
ساڵی لەدایکبوون ساڵی ١٠٥٨
شوێنی لەدایکبوون ناوچەی تووس لە ئێرانی سەر بە دەوڵەتی سەلجووقی
نازناو ئیمامی غەزالی، حجة الإسلام، زەین عابدین
ئایین  پەیڕەوی ئیسلامی سوننەی ڕێبازی شافعی
ڕەچەڵەک فارسی
پیشە فەیلەسووف، زانای ئایینی، نووسەر، فەتوادەر، شاعیر، سۆفی
کۆچی دوایی ساڵی ١١١١

ژیاننامەی سەرەتا

ناوی تەواوی شێخ ئەبووحامد محەمەدی کوڕی ئەحمەدی  غەزالی تووسی شافعییە، لە ناوچەی تووسی سەر بە دەوڵەتی سەلجقووقی لە خاکی فارس لە ساڵی ١٠٥٨ـی زایینی لەدایکبووە، خێزانەکەی زۆر هەژار بوونە و باوکی لە پیشەی ڕستن وچنین کاری کردووە، بەڵام زۆر گرنگی بەوە داوە کە هەردوو کوڕەکەی محەمەد و ئەحمەد خوێندنی ئایینی بخوێنن. هەر لە تەمەنی منداڵییەوە باوکی کوچی دوایی دەکات و ئەحمەد برا گەورەکەی پەردوەردەکردنی ئەبوحامدی بچووکی لە ئەستۆ گرتووە.

ناو و نازناوەکانی

شێخ ئەبووحامد غەزالی چەندان نازناوی هەیە نموونەی ئیمامی بەحر، سەرسوڕهێنەری زەمانی خۆی، زەین عابدین، هاوکات بە نازناوی (حجة الإسلام) زیاتر ناسراوە کە واتای (بەڵگەی ئیسلام) دەبەخشێت، بەپێی سەرچاوەکان نازناوی غەزالی لەو ناوچەیە وەرگرتووە کە لێی لەدایکبووە، هەندێکی تر دەڵێن کە لە پیشەی باوکییەوە نازناوی غەزالی وەرگرتووە چونکە باوکی کاری ڕستن و چنینی کردووە و لە زمانی عەرەبیشدا وشەی (غزل) واتای چنین دەبەخشێت.

ئەزموونی خوێندن و وەرگرتنی زانست

ئیمامی غەزالی لە تەمەنی منداڵییەوە خراوەتە بەر خوێندنی ئایینی و لەسەر دەستی چەند زانایەکی ناوچەکەی خۆیان زاستی شەرعی وەرگرتووە و لەسەر ڕێبازی سۆفییەت پەروەردە کراوە، ئەحمەدی کوڕی ڕازکانی لە ناوچەکەی خۆیان دیارترین مامۆستاکانی بووە.

لە تەمەنی لاوی گەشتی ناوچەی نیسابووری پایتەختی سەلجووقییەکانی کردووە، لەوێ لەسەر دەستی چەند زانایەکی ناوداری نموونەی ئەبوومەعالی جوەینی زانستی شەرعی وەرگرتووە و بۆ ماوەیەکی زۆر لەلای ئەو زانایە ماوەتەوە تاکوو لە ساڵی ٤٧٨ کۆچی ئیمامی جوەینی کۆچی دوایی کردووە، بۆیە ئیمامی غەزالی نیسابوور بەجێدەهێڵێت و کۆچی شاری بەغداد دەکات، لە بەغداد بۆ ماوەی چوار ساڵ بنەماکانی ئایینی ئیسلام و فیقهـ و شەریعەی ئیسلامی خوێندووە، پاشان لەناو خەڵکی بەغداد وەکوو زانایەکی ئایینی ناسرا و لەو سەردەمەدا ناوی بە جیهانی ئیسلامیدا بڵاوبووەوە.

لە بەغداد دوای ناوداربوون غەزالی سەرنجی دەسەڵاتدارانی بەغدادی ڕاکێشاوە و بە تایبەی قەوامەدینی ئەبووعەلی ناسراو بە وەزیر نیزام مەلیک کە یەکێک بووە لە وەزیرە ناودارەکانی سەلجووقییەکان، ئەم وەزیرە بەوە ناسراو بووە دیبەیت و گفتوگۆی لەنێوان زاناکان ئەنجام داوە و لەسەر پرسە ئایینییەکان گفتوگۆیان کردووە، کاتێ ئیمامی غەزالی تەمەنی ٢٨ ساڵ بووە لەو گفتوگۆیانە بەشداری کردووە و هەمیشە بەڵگەی بەهێزی لەسەر پرسە ئایینییەکان خستۆتەڕوو.

بۆیە وەزیر نیزامی مەلیک بە فەرمی لە خوێندنگەی نیزامیەی بەغداد وەکوو زانا و مامۆستای ئایینی ئیمامی غەزالی لە خوێندنگەکە دامەزراندووە، خوێندنگەی نیزامییە لە بەغداد سەلجووقییەکان دایانمەزراندبوو تاکوو ڕێبازی سوننە و ئیسلام بڵاوبکرێتەوە و کارکردنی غەزالی لەو خوێندنگەیە بووە هۆی ناوداربوونی.

چوونە خەڵوەت و گەڕان بۆ وەرگرتنی زانست

ئیمامی غەزالی لە ساڵی ٤٨٨ـی کۆچی لە پلە و پۆستەکانی کە لەشاری بەغداد هەیبوو دەستی لەکارکێشایەوە و پاشان بە نهێنی شاری بەغدادی بەجێهێشت، بۆ ماوەی ١١ ساڵ گەشتی چەندان ناوچەی کرد بۆ وەرگرتنی زانستی شەرعی قولبوونەوە لە ئایین، بۆ وەرگرتنی سەرچاوەی ئایینی کۆچ و گەشتی بۆ ناوچەکانی شام نموونەی شارەکانی قودس و خەلیل و دیمەشق کردووە، هەروەها کۆچی ناوچەکانی حیجازی کردووە نموونەی ناوچەکانی شاری مەککه و مەدینه، هەر لەو گەشتەیدا چەندان بەرهەمی نووسیوە و دیارترینیان کتێبە ناودارەکەی بووە بە ناوی (إحياء علوم الدين) کە دەسکەوت و کڕۆکی هەموو گەشتەکەی لەو کتێبەدا کۆ کردووەتەوە.

بەرهەمەکانی ئیمامی غەزالی

ئیمامی غەزالی لە ماوەی ٥٥ ساڵی تەمەنیدا چەندان بەرهەمی کتێبی نووسیوە، لیستی کتێب و بەرهەمەکانی ٢٢٨ نووسراویان تێپەڕاندووە، بەشێک لە بەرهەمەکانی لەناوچوون یان بزربوون و پارێزگاریان لێنەکراوە، بەهۆی ناوداریی و بەناوبانگی غەزالی نووسینی چەندان بەرهەم و کتێبی دراوەتەپاڵ و نازانرێت کە ئایا نووسینی ئەون یاخود نا.

لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەمی زایینی، ڕۆژهەڵاتناسەکان لە بارەی نووسراو و کتێبەکانی غەزالییەوە دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە، ڕیچارد گۆشە کە بە ڕەچەڵەک ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەڵمانییە لە ساڵی ١٨٥٨ لیستێکی بڵاوکردەوە کە چل بەرهەمی نووسراوی پشتڕاست کردەوە کە نووسینی ئیمامی غەزالین.

لە ساڵی ١٩٦٠ فەیلەسووف و بیرمەندی میسری عەبدولڕەحمانی بەدەوی ناوی ٤٥٧ نووسراو و بەرهەمی کۆکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە نووسراوی ئیمامی غەزالین. ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی ئیمامی غەزالی ئایینین و پەیوەستن بە ئایینەوە، لەڕووی بنەماکانی ئایینی ئیسلامەوە تاوتوێی بابەتەکانی کردووە، لە بواری تەسەوف و سۆفیگەری قووڵ بووەتەوە بەرهەمەکانی بەشێکیان لەو بوارەن و هەر بەو هۆیەوە چەند زانایەکی سەلەف ڕەخنەیان لەسەر ئەو بابەتە لێ گرتووە، هەروەها لە بوارەکانی فەلسەفە و زانستی کەلام و فیقهی ئیسلامی بەرهەمی هەیە، گرنگرتین و ناودارترین بەرهەمەکانی بریتین لە:

  • إحياء علوم الدين
  • الاقتصاد في الاعتقاد
  • بغية المريد في مسائل التوحيد
  • إلجام العوام عن علم الكلام
  • المقصد الأسنى شرح أسماء الله الحسنى
  • المعارف العقلية ولباب الحكمة الإلهية
  • القانون الكلي في التأويل
  • فيصل التفرقة بين الإسلام والزندقة
  • فضائح الباطنية
  • حجّة الحق، في الرد على الباطنية
  • قواصم الباطنية.

کۆچی دوایی

لە ساڵی ٤٩٩ـی کۆچی ئیمامی غەزالی گەڕایەوە بۆ تووس کە نیشتمانی خۆی بوو و خۆی تەرخان کرد بۆ خواپەرستی و چووە خەڵوەتەوە، خانوویەکی سادەی بنیاتنا تێیدا پەرستشی ئەنجام دەدا، شوێنێکی تایبەتیشی تەرخان کردبوو بۆ وانەوتنەوەی شەرعی، لە ساڵی ٥٠٥ـی کۆچی بەرانبەری ساڵی ١١١١ زایینی ئیمامی غەزالی کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



74 بینین