بۆستن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-04-22-14:57:00 - کۆدی بابەت: 12629
بۆستن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بۆستن (بە ئینگلیزی: Boston، بە عەرەبی: بوسطن)، بە فەرمی شاری بۆستن، پایتەخت و گەورەترین شاری کۆمۆنوێڵتی ماسەشوستس، 24ـەم گەورەترین شاری ئەمریکا و ناوەندی ڕۆشنبیری و دارایی ناوچەی نیو ئینگلاندە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. سنووری شارەکە ڕووبەرێکی نزیکەی 125 کیلۆمەتر دووجا دەگرێتەوە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 675,647 کەس بوو. شارەکە لەنگەری ئابووری و کولتووریی گەورەناوچەیەکی زۆر گەورەترە کە بە بۆستنی گەورە ناسراوە، کە ئەویش گەورەناوچەیەکی ئامارییە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2016ـدا به 4.8 ملیۆن کەس خەمڵێندرا، بەمەش دەبێت بە دەیەم گەورەترین گەورەناوچەی ئەمریکا. شاری جیهانیی بۆستن لەو 30 شارە پێشەنگانەی جیهانە کە ئابوورییەکی بەهێزیان هەیە و گەورەناوچەی بۆستنی گەورە بە 363 ملیار دۆلارەوە خاوەنی شەشەم گەورەترین ئابووریی وڵات و 12ـەیەم گەورەترین ئابووریی جیهانە.

مێژوو و گرنگی شارەکە

بۆستن یەکێکە لە کۆنترین شارەوانییەکانی ئەمریکا و لە ساڵی 1630 لەلایەن دانیشتووانە پیوریتانییەکانەوە دامەزراوە. شارەکە شوێنی چەندین ڕووداوی گرنگی شۆڕشی ئەمریکا و ئەندامی دەستەی بناغەدانەرانی قانوونی بنچینەیی ئەمریکا بوو، وەک کۆمەڵکوژی بۆستن، ئاهەنگی چای بۆستن، جەنگی گردی بەنکەر و گەمارۆدانی بۆستن. لە سەربەخۆیی ئەمریکاشدا، جگە لەوەی ناوەندێکی پەروەردەیی و کولتوور بوو، بەردەوام بەندەر و ناوەندێکی بەرهەمهێنان بوو. وردەوردە شارەکە فراوان بوو و لە ئێستادا مێژووە دەوڵەمەندەکەی گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆی ڕادەکێشێت، ساڵانە بە تەنیا فانۆیل هۆڵ زیاتر لە 20 ملیۆن سەردانیکەری بۆ خۆی ڕادەکێشێت. ئەمڕۆ، بۆستن ناوەندێکی توێژینەوەی زانستییە؛ زۆرێک لە کۆلێج و زانکۆکانی ناوچەکە، بەتایبەتی هارڤارد و ئێم ئای تی (MIT)، شارەکە دەکەنە پێشەنگی جیهان. هەروەها، شارەکە لە داهێنان و کارسازی و نزیکەی 5,000 پڕۆژەی دەستپێکدا بە پێشەنگێکی جیهانی دادەنرێت. سەرەڕای ئەوانەش، بنکەی ئابووری بۆستن دارایی، خزمەتگوزارییە پیشەیی و بازرگانییەکان، زیندەتەکنەلۆجی، تەکنەلۆجیای زانیاری و چالاکییەکانی حکوومەت لەخۆ دەگرێت. بزنس و دامەزراوەکانی بۆستن بۆ بەردەوامیی ژینگەیی و وەبەرهێنانی نوێ لە پلەی یەکەمی وڵاتدان.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری گشتی بۆستنی پایتەخت 232.10 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 125.20 کیلۆمەتری وشکانی و 106.90 کیلۆمەتری ئاوییە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 5,396.51 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

لە ساڵی 2020ـدا، ژمارەی دانیشتووانی شاری بۆستن 691,531 کەس بوو کە لە 266,724 خێزان پێکهاتبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە بەراورد بە ساڵی 2010 بە ڕێژەی 12% زیادیکردووە. شارەکە سێیەم چڕترین شاری گەورەی ئەمریکایە و زیاتر لە نیو ملیۆن دانیشتووی تێدا نیشتەجێیە و هەروەها چڕترین پایتەختی وڵاتە. ڕەنگە لە کاتی کارکردندا نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس لە سنووری بۆستن و لە کاتی بۆنە تایبەتەکاندا دوو ملیۆن کەس لە شارەکەدا بن. هۆکاری کۆبوونەوەی ئەم ژمارەی زۆرەی خەڵک لە شارەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە سەدان هەزار دانیشتووی قەراغی شار بۆ کارکردن، خوێندن، چاودێری تەندروستی، و بۆنە تایبەتەکان ڕوو لە شارەکە دەکەن.

ڕەگەز و نەتەوە

لە ساڵی 1950ـدا، دانیشتووە سپی پێستەکان 94.7%ـی دانیشتووانی بۆستنیان پێکهێنا، لە ساڵانی 1950 تا کۆتایی سەدەی بیستەم، ڕێژەی دانیشتووە سپی پێستە ناهیسپانییەکان لە شارەکەدا دابەزی. لە ساڵی 2000ـدا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان 49.5%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا و بۆ یەکەمجار سپی پێستە ناهیسپانییەکان کەمتر لە 50%ـی شارەکەیان پێکهێنا. بەڵام لە سەدەی بیست و یەکەمدا، سپی پێستە دەوڵەمەندەکان ڕوویان لەو ناوچانە کرد کە پێشتر دانیشتووی سپی پێستی لێ نیشتەجێ نەبوو. لە ساڵی 2006ـدا، نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا جارێکی دیکە ڕێژەی سپی پێستە ناهیسپانییەکانی بە کەمتر لە 50% خەمڵاندەوە، بەڵام لە ساڵی 2010، کە بەشێکی بەهۆی دابەزینی بەهای خانووبەرەوە بوو ژمارەی دانیشتووە غەیرە سپی پێستەکان زیادیکرد. هەروەها ڕەنگە ئەمە پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکاییە لاتینەکان و ئاسیاییەکانەوە هەبێت، کە ئاماژە بەوە دەکات ڕێژەی دانیشتووانی سپی پێستی ناهیسپانی 47%ـە. لە ساڵی 2020ـدا پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی شارەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • سپی پێستی ناهیسپانی: 44.7%
  • ڕەش پێست: 22.0%
  • هیسپانی یان لاتینی (لە هەر ڕەگەزێکدا): 19.5%
  • ئاسیایی: 9.7%
  • ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەیە: 3.2%
  • ئەمریکی ڕەسەن: 0.2%

دانیشتووە بە ڕەچەڵەک ئێرلەندیەکان گەورەترین گرووپی نەتەوەیین و 15.8%ـی دانیشتووانی بۆستن پێک دەهێنن، بە دوای ئێرلەندیەکاندا ئیتالیەکان دێت کە 8.3%ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها ئەو دانیشتووانانەی کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی هیندی ڕۆژئاوا و کاریبین زیاتر لە 15%ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن. ڕۆژهەڵاتی بۆستن خاوەنی ژمارەیەکی جۆراوجۆر دانیشتووی هیسپانی/لاتینیی سەلڤادۆری، کۆڵۆمبی، گواتیمالای، مەکسیکی، دۆمینیکانی، پۆرتۆ ڕیکۆی و تەنانەت پرتوگالییە زمانەکانی پورتوگال و بەرازیلییە. دانیشتووە هیسپانییەکانی گەڕەکەکانی باشووری ڕۆژئاوای بۆستن بە شێوەیەکی سەرەکی لە دۆمینیکانی و پۆرتۆ ڕیکۆیەکان پێکهاتوون، کە بەگشتی دراوسێی ئەمریکییە ئەفریقییەکان و ڕەش پێستەکان. جگە لەوەش، لە ساڵی 2013ـدا زیاتر لە 27,000 هاوڵاتی ئەمریکی چینی لە شاری بۆستندا جێگیربوون.

تەمەنی دانیشتووانی شارەکە

تەمەنی 21.9%ـی دانیشتووانی بۆستن لە تەمەنی 19 ساڵی خوار 19 ساڵین، تەمە‌نی 14.3%ـی دانیشتووان لە 20 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 33.2%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 20.4%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 10.1%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوون. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی شارەکە 30.8 ساڵ بوو و لە بەرامبەر هەر 100 مێیەکدا 92.0 نێر هەبوو. هەروەها 252,699 خێزان لە شارەکەدا نیشتەجێبوون، لەو ژمارەیەش 20.4%ـیان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو، 25.5%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 16.3%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 54.0%ـیان لە هەمان خانەوادە نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.26 کەس و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 3.08 بوو.

ڕێژەی گەشەی دانیشتووان

لە ساڵی 2023ـدا ژمارەی دانیشتووانی بۆستن بە 617,459 کەس خەمڵێندرا، بەمەش دەبێتە گەورەترین شاری ویلایەتەکەی و 29ـەیەم گەورەترین شاری وڵاتەکەی. لە ئێستادا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی شارەکە بە %2.89- ەوە لە نزمبوونەوەدایە و لە سەرژمێری ساڵی 2020ـەوە کە ژمارەی دانیشتووان 674,272 کەس بوو بە ڕێژەی %8.43- دابەزیووە.

شوێنی لەدایکبوون

73.38%ـی دانیشتووانی شاری بۆستن لە ئەمریکا لەدایکبوون، لەو ڕێژەیەش 44.29%ـیان لە ویلایەتی ماسەشوستسدا لەدایکبوون. هەروەها 14.42%ـی دانیشتووان هاوڵاتی ئەمریکی نین، ڕێژەیەکی بەرزی ئەوانەی لە ئەمریکا لەدایک نەبوون خەڵکی ئەمریکای لاتینن.

زمان

62.89%ـی دانیشتووانی بۆستن تەنها بە زمانی ئینگلیزی قسە دەکەن، لە کاتێکدا 37.11%ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر دەدوێن. ئەو زمانە نائینگلیزییەی کە لەلایەن گەورەترین گرووپەوە قسەی پێ دەکرێت ئیسپانییە و لەلایەن 16.3%ـی دانیشتووانەوە قسەی پێ دەکرێت.

ئایین

لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2014ـی سەنتەری توێژینەوەی پیوودا، 57%ـی دانیشتووانی شاری بۆستن خۆیان بە مەسیحی ناساند، لەو ڕێژەیەش 25%ـیان پرۆتستانتین و 29%ـیان کاسۆلیکی ڕۆمانین. هەروەها ئەو دانیشتووانەشی کە هیچ ئایینێکیان پەیڕەو نەدەکرد 33%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنا، لە کاتێکدا ئەو 10%ـەی کە دەمێنیتەوە پەیڕەوکەرانی ئایینی جوولەکە، بوودی، ئیسلام، هیندۆسی، بەهایی و ئایینەکانی دیکە بوون. جگە لەوەش، لە ساڵی 2010ـدا، کڵێسای کاسۆلیکی زۆرترین ژمارەی لایەنگرانی لە ناوچەی بۆستنی گەورەدا هەبووە، کە زیاتر لە دوو ملیۆن ئەندام بوو لە 339 کڵێسادا ڕێوڕەسمە ئایینییەکانیان ئەنجام دەدا، پاشان کڵێسای کاسۆلیکی کڵێسای ئەسقەفەکان هات کە 58,000 لایەنگری هەبوو لە 160 کڵێسادا. کڵێسای یەکگرتووی مەسیحیش بە 55,000 ئەندامەوە و 213 کڵێساوە بە پلەی سێیەم هات.

داهات

لە ساڵی 2010ـدا، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لە بۆستن 51,739 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 61,035 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی ئەو نێرانەی کە بە فوڵ تایم کاریان دەکرد 52,544 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی ناوەندی ئەو مێیانەی کە بە فوڵ تایم  کاریان دەکرد 46,540 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 33,158 دۆلار بوو. نزیکەی 16.0%ـی خانەوادەکان و 21.4%ـی دانیشتووانی شارەکە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 28.8%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 20.4%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون. لە شاری بۆستندا جیاوازی سامان لەنێو گرووپە ڕەگەزییە جیاوازەکاندا هەیە، سامانی گشتیی مامناوەندی دانیشتووانی سپی پێستی شارەکە 247,500 دۆلارە بە بەراورد بە سامانی گشتیی مامناوەندی دانیشتووانی ڕەش پێستی ناکۆچبەر کە 8 دۆلارە و سامانی گشتیی مامناوەندی دانیشتووە کۆچبەرە دۆمینیکانییەکانی شارەکە 0 دۆلارە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، بەپێی ئەو هێڵە هاوگەرمییەی کە بەکارهاتووە، بۆستن کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە و هاوگەرمییەکەی لە خوار 3- پلەی سەدییەوەیە یان کەشوهەوایەکی کیشوەری شێداری هەیە کە هاوگەرمییەکەی 0 پلەی سەدیە. شارەکە لە ناوچەیەکی گواستنەوەییدایە کە لە نێوان دوو کەشوهەوادایە. هاوینی بۆستن گەرم و شێدارە، لە کاتێکدا زستانی سارد و زریاناوییە، لەگەڵ ئەوەشدا جاروبار بەفرێکی زۆری لێ دەبارێت. کەشی شارەکە لە وەرزەکانی بەهار و پاییزدا بەزۆری سارد تا مامناوەندە، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت دۆخ بەپێی ئاراستەی با و جێت ستریم بگۆڕێت. ئەو بایەش کە لە دەریاوە دێت و بەسەر شارەکەدا هەڵ دەکات کاریگەری زەریای ئەتڵەسی کەم دەکاتەوە. ساڵانە بە تێکڕایی 1,110 مللیمەتر باران و وەرزانە 125 سانتیمەتر بەفر لە بۆستندا دەبارێت. بارینی بەفر بەزۆری لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم تا سەرەتای مانگی نیسان دەبارێت، و لە مانگەکانی ئایار و تشرینی یەکەمدا بە دەگمەن دەبارێت. هەروەها ساڵانە بە تێکڕایی زیاتر لە 2,600 کاتژمێر تیشکی خۆر بە ئاسمانی شارەوە دەدرەوشێتەوە.

پلەی گەرمی

گەرمترین مانگی ساڵ لەم شارەدا مانگی تەممووزە و پلەی گەرمیی مامناوەند 23.4 پلەی سەدیە. لە کاتێکدا، ساردترین مانگ مانگی کانوونی دووەمە و پلەی گەرمیی مامناوەند 1.2- پلەی سەدیە. بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ 32 پلەی سەدی لە هاویندا و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ خوار پلەی بەستن لە زستاندا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام بەزۆری کورتخایەنن، ساڵانە نزیکەی 13 ڕۆژ پلەکانی گەرما بۆ 32 پلەی سەدی بەرز دەبنەوە و 25 ڕۆژیش پلەکانی گەرما بۆ خوار پلەی بەستن دادەبەزن. بەزۆری سێ بۆ پێنج ساڵێک جارێک پلەی گەرمی بۆ خوار 18- پلەی سەدی دادەبەزێت، نوێترینیش لە 4ـی شوباتی 2023ـدا تۆمارکرا، کاتێک پلەی گەرمی بۆ 23- پلەی سەدی دابەزی، کە نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو بوو لە ساڵی 1957ـەوە. سەرەڕای ئەوەش، ڕەنگە چەند دەیەیەک بخایەنێت تا پلەی گەرمی 38 پلەی سەدی تێپەڕێنێت، نوێترینیش لە 24ـی تەممووزی 2022ـدا تۆمارکرا، کاتێک پلەی گەرمی گەیشتە 38 پلەی سەدی.

باشترین کات

بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەردوو ساردی زستان و گەرمای هاوین، باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری بۆستن وەرزەکانی بەهار و پاییزە، بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئایارەوە تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران و لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم. زۆرجار مانگی حوزەیران مانگێکی خۆشە، بەڵام هەندێک جار لەوانەیە کەش گەرم بێت. لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، زۆرجار کەشوهەوا گەرم و شێدارە، بەڵام هێندەی ناوەڕاستی هاوین گەرم نییە. لە مانگی ئایاردا هەندێک جار دەشێت کەشوهەوا سارد و ناجێگیر بێت، بەتایبەتی لە سەرەتای مانگدا، لە کاتێکدا نیوەی دووەمی مانگەکە بەزۆری مامناوەندە. لە پاییزدا، بەزۆری لە دەوروبەری کۆتایی تشرینی یەکەم بە ڕەنگە جوانەکانی ئەو درەختانە سەرسام دەبیت کە خەریکە گەڵاکانیان هەڵ دەوەرێن.


سەرچاوەکان



21 بینین