ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە مێروولەی ماڵەوە

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-04-22-17:20:00 - کۆدی بابەت: 12636
ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە مێروولەی ماڵەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە مێروولەی ماڵەوە (بە ئینگلیزی: Ways to get rid of home ants، بە عەرەبی: طرق للتخلص من النمل المنزل) لە هەنێک کات و کەش و هەوادا دەکرێت تێبینی بوونی مێروولە و شارە مێروولە بکەیت لە ناو ماڵ و ژوورەکاندا. بۆ ڕزگاربوون لە مێرووەکان چەندین ڕێگا هەن کە بە گرتنەبەریان دەتوانیت ماڵەکەت لە مێروولە ڕزگاربکەیت.

مێروولە

مێروولە مێروویەکی کۆمەڵایەتییە کە بە نهێنی لەناو شارە مێروولەی گەورەدا دەژین و زۆردەبن. هەروەها شاژنێک بە ناوی شاژنی مێروولەکان حوکمڕانییان دەکات، کە ئەرکەکەی سنووردارە بە بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەندامانی شارە مێروولەکە، لە کاتێکدا مێروولە کرێکارە گەنجەکان پێداویستیەکانیان دابین دەکەن و هێلانەکە فراوانتر دەکەن بۆ مێروولەی کرێکاری بەساڵاچوو.

مێروولە کرێکارە گەنجەکان ئەوانەن کە لە هێلانەکەوە دەردەکەون و بەدوای سەرچاوەی خۆراکدا دەگەڕێن، کە بەزۆری لە بەشە جیاوازەکانی ماڵدا دەبینرێن. ئەستەمە مێروولە بۆ هەمیشەیی لەناوببەیت ئەگەر ستراتیژی ڕزگاربوون لێیان سنووردار بێت و تەنها ئەو مێروولانەی کە لە هێلانەکەوە دەردەچن بگرێتەوە. چونکە بوونی شاژنێک، یان زیاتر، لە هێلانەکەدا بە واتای بەرهەمهێنانی مێروولەی نوێی زیاتر دێت، بۆیە پێویستە مێروولەی شاژن و تەواوی هێلانەکە بکرێتە ئامانج بۆ ئەوەی بە تەواوی بوونی مێروولە لە ماڵەکەدا نەمێنێت.

هۆکاری دەرکەوتنی مێروولە لە ماڵدا

هۆکاری چوونە ژوورەوەی مێروولە بۆ ماڵەکان زۆرن لەوانە:

باری کەش و هەوا

توێژینەوەیەک کە لە زانکۆی ستانفۆرد ئەنجامدراوە دەریخستووە چوونی مێروولە بۆ ناو ماڵەکان تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە بارودۆخی کەشوهەواوە هەیە، بەو پێیەی پسپۆڕان بۆیان دەرکەوتووە کە هەندێک جۆری مێروولە لە کاتی کەشوهەوای سارد و شێداردا زیاتر دەچنە ژوورەوە و جۆرەکانی تریش بارودۆخی گەرم و وشکیان پێ باشترە بۆ چوونە ژوورەوە بۆ ناو ماڵەکان، زۆرجار لە ماوەی نێوان مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا.

بوونی پاشماوەی خۆراک لەسەر ڕووکار و زەوی ماڵ

مێروولەکان بۆ گەڕان بەدوای خۆراکدا دەچنە ناو ماڵەوە. لەوێدا بەدوای سەرچاوەیەکی خۆراکدا دەگەڕێن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ هێنانی ژمارەیەکی زیاتر لە مێروولە بۆ ئەوەی بڕێکی زۆرتر لە خۆراک هەڵبگرن بۆ لانەکەیان. لە دەوری وردە وردە ماددە خۆراکییەکان و ڕژانی خۆراک کۆدەبنەوە، جا چ لەسەر بێت زەوی یان ڕووکاری شتەکانی ناو ماڵ.

بوونی سەرچاوەی شێ

هەندێک جۆری مێروولە شوێنی شێداریان پێ باشترە، بەو پێیەش لە دەوروبەری بۆری ئاو و شوێنی ئاوەڕۆ و ژێر دارە شێدارەکان و لە حەمام و ژێر دەستشۆر و پشت شلەمەنی ئاو و یەکەکانی هەواگۆڕکێ و نزیک تانکی ئاو دەبینرێن. بە تایبەت ئەگەر بۆرییەک هەبێت کە ئاوی دزە بکات و ئاوی لێ بێت یان بەلوعەیەکی باش کە بە باشی داخراو نەبێت.

بوونی درز لە دیوارەکاندا

مێروولە توانای داگیرکردنی ماڵەکانی هەیە ئەگەر دەرگای کراو‌ە یان درز لە دیوارەکان، دەرگاکان، یان پەنجەرەکاندا بدۆزێتەوە کە بیانباتەوە ناو ماڵەکە. ئەم درزانە ئاسانکارییان بۆ دەکات بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە سەرچاوەی خۆراک، یان شارە مێروولە لە شوێنی جیاواز لە ماڵەکەدا دروست بکەن.

ڕێگاکانی ڕزگاربوون لە مێروولە

دەتوانرێت مێروولە بە تەواوی لە ماڵەوە لەناوببرێت بە بەکارهێنانی ئەم ڕێگایانە:

بەکارهێنانی ئاوی لیمۆ

لیمۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕزگاربوون لەو مێروولانەی کە لە ماڵدا بڵاوبوونەتەوە. لەبەر ئەوەی مێروولەکان ڕقییان لە بۆنی لیمۆیە و بە بۆنی لیمۆ تێکدەچن و هەر کە بۆنییان کرد ڕادەکەن، دەتوانرێت بۆ ئەم مەبەستە زەویەکان بە ئاوی لیمۆ بشۆردرێت، یان دەتوانیت توێکڵی لیمۆ بەکاربهێنیت و لە شوێنە جیاوازەکانی ماڵدا دایانبنەیت.

بەکارهێنانی بیبەری تیژ

هاڕاوی بیبەری تیژ یان بیبەری ڕەش یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە بوونی مێروولە لەناو ماڵدا، بە ڕشاندنی بڕێکی کەمیان لەو شوێنانەی کە مێروولەی تێدایە، یان دروستکردنی گیراوەیەک لە بیبەری تون و ئاو پاشان بیخەیتە ناو بوتڵی پرژێنەرەوە، دواتر ڕشاندنی بە ڕووکار و زەوی و ڕاڕەو و دەرگاکانی چوونە ژوورەوە لە ماڵەکەدا، ئەم ڕێگایە ڕەنگە مێروولەکان نەکوژێت، بەڵام بە شێوەیەکی کاریگەر کاردەکات بۆ ئەوەی جارێکی تر نەیەنەوە ناو ماڵەکە.

بەکارهێنانی خوێ

دەتوانرێت خوێ بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی مێروولەکان بە تەواوی لە ماڵەوە دوور بخرێنەوە، بەو پێیەی یەکێکە لە ڕێگا سروشتییە ئاسان و هەرزانەکان بۆ ڕزگاربوون لە بوونی مێروولەکان، بە ڕشتنی لەسەر ڕێگاکانی چوونە ژوورەوە و ئەو شوێنانەی کە لە ماڵەکەدا بڵاوبوونەتەوە، یان گیراوەی خوێ دروست دەکرێت بە کوڵاندنی ئاو و دانانی بڕێکی زۆر خوێ تێیدا پاشان تێکدانی تا بە تەواوی دەتوێتەوە، دواتریش بیخە ناو بوتڵێکی پرژێنەر و ڕۆژانە ڕووکار و زەویەکانی پێ بپرژێنە. بەجۆرێکە ئەم ڕێگایە کە بە هەموو شێوەیەک ڕێگری لە مێروولەکان دەکات لەوەی بچنە ناو ماڵەوە.

بەکارهێنانی تۆزی دارچین و مێخەک

هاڕاوەی دارچینی بە دوورخەرێکی سروشتی بۆ مێروولە دادەنرێت، چونکە مێروولەکان ڕقیان لە بۆنەکەیەتی، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ هاڕاوی مێخەک تێکەڵ بکرێت، کە بەهۆی تێکەڵکردنەکەوە بۆنێکی بەهێزیشی دەبێت، بۆیە دەتوانرێت تێکەڵەیەک کە پێکهاتبێت لە هاڕاوی مێخەک و دارچین بەکاربهێنرێت و لە بەشە جیاوازەکاندا بپرژێنرێت هەروەها دەتوانرێت هەندێک زەیتی سروشتی بخرێتە ناو هاڕاوی دارچینەکەوە بۆ دروستکردنی تێکەڵەیەکی نەرم و دەتوانرێت لەسەر ڕووکار و زەویەکان دابنرێت کە مێروولەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

بەکارهێنانی زەیتی نەعنا

نەعنا بە مادەیەکی سروشتی لابەر و دوورخەرەوەی مێرووەکان دادەنرێت، بەمەش دەتوانرێت بۆ ڕزگاربوون لە تووشبوون بە مێروولە لە ماڵەوە بەکاربهێنرێت. ئەمەش بەهۆی بۆنە بۆنخۆشەکەیەوە کە چۆنیەتی بەکارهێنانی بریتییە لە تێکەڵکردنی دە دڵۆپ زەیتی سروشتی نەعنا لەگەڵ یەک کوپ ئاو و پاشان دانانی لە بوتڵێکی پرژێنەر، دواتریش گیراوەکە لەو شوێنانە دەپرژێنرێت کە مێروولەیان تێدایە. باشترە ئەم پرۆسەیە دوو جار لە ڕۆژێکدا دووبارە بکرێتەوە.

بەکارهێنانی زەیتی داری چا

زەیتی درەختی چا مێروولە دەکوژێت و ڕێگری دەکات لە چوونە ناو ماڵەوە بەهۆی بۆنە بەهێزەکەیەوە. چۆنیەتی بەکارهێنانی بریتییە لە تێکەڵکردنی پێنج بۆ دە دڵۆپ زەیتی داری چا لەگەڵ دوو کوپ ئاو، پاشان گیراوەکە بخەیتە ناو بوتڵێکی پرژێنەرەوە و دواتر پرژاندنی لەو شوێنانەی مێروولەی لێیە و بڵاوبوونەتەوە.

هەروەها دەتوانیت پارچە پەتاتە نوقمی ڕۆنەکە بکەیت و لە شوێنە جیاوازەکانی ماڵەکەدا دایانبنەیت، بۆ ئەوەی لە هیچ شوێنێکەوە مێروولە نەچێتە ژوورەوە. ئاگاداربە لەوەی زەیتەکە دوور بخەیتەوە لە ئاژەڵە ماڵیەکانی ناو ماڵەکە، بەتایبەتی پشیلە. چونکە ئەگەر هەڵیبمژێت دەکرێت دەبێتە هۆی نەخۆشی مەترسیدار.

بەکارهێنانی دەنکە گەنمەشامی

دەتوانرێت سوود لە گەنمەشامی وەربگرێت بۆ نەهێشتنی چڕیی زۆری مێروولە لە ماڵەوە، بە ڕشاندنی بڕێکی زۆر لێی ڕاستەوخۆ لەسەر مێروولەکان، پاشان ڕشاندنی ئاو بەسەریدا، بۆ ئەوەی زۆرترین ڕێژەی مێروولە بە یەکجار لەناوبچێت، هەروەها دەتوانرێت بە گسکی کارەبایی پاک بکرێتەوە لەبری بەکارهێنانی ئاو.

ئامۆژگاری بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی مێروولە بۆ ناو ماڵ

چەند ئامۆژگاریەکی پێویست بۆ پاراستنی ماڵێکی بێ مێروولە هەن کە بریتین لە:

  • دڵنیابوونەوە لەوەی کە هەموو درز و کراوەییە بچووکەکانی دەرگا و پەنجەرەکان کە مێروولەکان ڕێگەیان بۆ چوونە ژوورەوە دەدۆزنەوە تیایدا داخراون.
  • پاککردنەوەی پاشماوەی خۆراکی ڕژاو لەسەر زەوی و ڕووی زەوی و ڕووی شتەکان بە زووترین.
  • هەڵگرتنی شەکر و شیرینی و هەنگوین لەناو دەفری هەواگۆڕکێدا، یان پێچاندنەوەی دەفرەکان بە پێچەرەوە و پلاستیک بە توندی.
  • پاککردنەوەی قاپە خواردنەکانی ئاژەڵە ماڵیەکان بە بەردەوامی، هەروەها پاککردنەوەی شوێن و جێگاکانیان.
  • فڕێدانی زبڵ و خاشاک لە چێشتخانەدا بە بەردەوامی و بێ کەمتەرخەمی، لە هەمان کاتدا شۆردنی دەفری زبڵەکە و دڵنیابوونەوە لەوەی کە بە باشی داپۆشراوە.
  • ئەگەر نەتوانیت مێروولە کۆنتڕۆڵ بکەیت، ڕاوێژ بە پسپۆڕانی کۆنترۆڵکردنی ئافاتەکان بکە.


سەرچاوەکان



3970 بینین