پەنەما

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2024-05-06-17:55:00 - کۆدی بابەت: 12784
پەنەما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەنەما (بە ئینگلیزی: Panama، بە عەرەبی: بنما، بە ئیسپانی: Panamá)، بە فەرمی کۆماری پەنەما، وڵاتێکی کیشوەربڕە و بە بەشی باشووری ئەمریکای باکوور و بەشی باکووری ئەمریکای باشووردا درێژ دەبێتەوە. ئەم وڵاتە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ کۆستاریکا، لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ کۆڵۆمبیا، لە باکوورەوە لەگەڵ دەریای کاریبی و لە باشوورەوە لەگەڵ زەریای هێمندا هاوسنوورە. هەروەها پایتەخت و گەورەترین شاری وڵاتەکە پەنەما سیتییە، کە گەورەناوچەکەی نزیکەی نیوەی دانیشتووانی وڵاتی لێ نیشتەجێیە.

زانیاری گشتی

ناو پەنەما، بە فەرمی کۆماری پەنەما
پایتەخت و گەورەترین شار پەنەما سیتی
سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی ئیسپانیا 28ـی تشرینی دووەمی 1821
سەرۆکی وڵات لۆرینتۆ کۆرتیزۆ
زمانی فەرمی ئیسپانی
ڕووبەری گشتی 75,417 كم2
ژمارەی دانیشتووان بەپێی خەمڵاندنی ساڵی 2022 4,337,768
چڕیی دانیشتووان 56/كم2
ڕێڕەوی لێخوڕین ڕاست
ژمارەی تەلەفۆن +507
ئایینی فەرمی مەسیحی
یەکەی دراو بالبۆوا
تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە ساڵی 2023 178.900 ملیار دۆلار

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری پەنەما 75,417 کیلۆمەتر دووجایە، 2.9%ـی ئاوییە و لەڕووی ڕووبەرەوە 116ـەیەم گەورەترین وڵاتی جیهانە. هەروەها چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2022ـدا 56 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و 122ـەم چڕترین وڵاتی جیهانە.

مێژوو و ئابووری وڵاتەکە

پەنەما باشووریترین وڵاتە لە ئەمریکای ناوەڕاست و پێش ئەوەی کۆلۆنیالیستە ئیسپانییەکان لە سەدەی 16ـدا بگەنە ناوچەکە هۆزە ڕەسەنەکانی لێ نیشتەجێ بوو. لە ساڵی 1821 لە ئیسپانیا دابڕا و پەیوەندی بە کۆماری گران کۆڵۆمبیا کرد و بوو بە بەشێک لێی. دوای ئەوەی گران کۆڵۆمبیا لە ساڵی 1831ـدا هەڵوەشایەوە، پەنەما و نویڤا گرانادا بوون بە کۆماری کۆڵۆمبیا. پاشان و بە پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، پەنەما لە ساڵی 1903 لە کۆڵۆمبیا جیابووەوە و نۆکەندی پەنەما لەلایەن ئەندازیارانی سووپای ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 1904 و 1914 تەواوکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەی دەوروبەری نۆکەندەکە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1979 گەڕێنرایەوە. هەروەها، وڵاتەکە خاوەنی سێیەم گەورەترین ئابووریی ئەمریکای ناوەڕاستە و داهاتی دەوڵەت لە باجی نۆکەندەکەیەوە سەرچاوە دەگرێت کە‌ ڕێژەیەکی زۆری بەرهەمی ناوخۆیی دابین دەکات. سەرەڕای ئەوەش، بازرگانی، بانک‌ و گەشتیاری کەرتە سەرەکی و گەشەسەندووەکانی پەنەمان. وڵاتەکە بە خاوەنی ئابوورییەکی داهات بەرز دادەنرێت. لە ساڵی 2019 و لە پێوەرەکانی گەشەپێدانی مرۆیی (HDI)ـدا بە 57ـەم وڵاتی جیهان پلەبەندکرا. کۆماری پەنەما ئەندامی دامەزرێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی وەک OAS، LAIA، G77، WHO و NAMـە. بەپێی خەمڵاندنێکی ساڵی 2012ـی فاکتبوکی جیهانی سی ئای ئەی ڕێژەی بێکاری لە وڵاتەکەدا لە سەدا 2.7ـە.

لەڕووی وشەزانییەوە

بەڕوونی دیار نییە وشەی پەنەما (Panama) لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام چەند تیۆرێک هەن کە باس لە ناوی وڵاتەکە دەکەن. یەکێک لەو تیۆرانە باس لەوە دەکات کە پەنەما بە ناوی دار پەنەما (Sterculia apetala) وە ناونراوە. لە کاتێکدا، تیۆرێکی تر ئاماژە بەوە دەکات کە گوایە سەرەتاییترین نیشتەجێبووانی ناوچەکە لە مانگی ئابدا گەشتن، لەو مانگەی کە ژمارەی پەپوولەکان زۆرن و ناوی پەنەما‌، بە زمانێک یان چەند زمانێکی ڕەسەنی ئەمریکی کە پێش کۆلۆنیالیزمی ئیسپانیا لە ناوچەکەدا قسەیان پێ دەکرا، بە واتای "ژمارەیەکی زۆر پەپوولە" دێت. تیۆرێکی دیکە باس لەوە دەکات کە لەژێر کاریگەری کولتووری هیسپانیدا وشەی پەنەما لە وشەی زمانی کونا "bannaba" وە وەرگراوە کە بە واتای "دوور" یان "دوورەدەست" دێت. سەرەڕای ئەوانەش، بەپێی ئەفسانەیەک ناوی وڵاتەکە لە ناوی گوندێكی ماسیگرتنەوە سەرچاوەی گرتووە كە ناوی "Panamá" بووە و بە سامانی ماسی دەوڵەمەند بووە. پێناسە و سەرچاوەی فەرمی ناوی وڵاتەکە بە "زۆری ماسی و دار و پەپوولە" وەسف دەکرێت.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

بەپێی خەمڵاندنەکانی ساڵی 2022، ژمارەی دانیشتووانی پەنەما 4,337,768 کەسە و لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە 127ـەم قەرەباڵغترین وڵاتی جیهان بوو و ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ئێستادا (2023) 4,462,297 کەسە. هەروەها پێکهاتە ڕەگەزییەکانی پەنەما بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

  • مێستیزۆ: 70%
  • هیندی ئەمریکی و ڕەگەزی تێکەڵ: 14%
  • سپی پێست: 10%
  • هیندی ئەمریکی: 6%

زیاتر لە 50%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە لە گەورەناوچەی پەنەما سیتی-کۆلۆن دەژین کە چەندین شار لەخۆ دەگرێت. دانیشتووانی شارەکان زیاتر لە 70%ـی دانیشتووانی وڵات پێک دەهێنن و ئەم ڕێژەیەش بەرزترینی نێو هەموو ئەمریکای ناوەڕاستە. بەپێی سەرژمێری ساڵی 2010، کەمێک زیاتر لە 12%ـی دانیشتووانی پەنەما هاوڵاتی ڕەسەنی ناوچەکەن.

گەشەی دانیشتووانی پەنەما

ماوەیەکی زۆرە ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵات زۆر جێگیرە و لە هەمان ئاستی ڕێژەی وڵاتانی گەورەتری وەک بەڕازیلدایە. ڕێژەی گەشەی ساڵانەی دانیشتووانی پەنەما لە ساڵی 2019ـدا 1.53% بوو. لە ساڵی 1995ـەوە کۆچی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە و هەروەها ڕێژەی لەدایکبوونیش زۆر نزیکە لە تێکڕای جیهانییەوە، هەر ژنێکی ئاسایی لە پەنەما 2.51 منداڵ دەخاتەوە. پێشبینی دەکرێت ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی وڵاتەکە لە ساڵانی داهاتوودا خاوبێتەوە، بەڵام ژمارەی دانیشتووان بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئێستا ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی پەنەما لە ساڵی 2020ـدا دەگاتە لووتکە و به 1.56% مەزندە دەکرێت، پاشان ڕوو لە نزمی دەکات و لە ساڵی 2050ـدا بەرەو 0.71% دابەزێت، ئەگەر ئەم ژمارانە بە ڕاست دابنرێن، ئەوا ژمارەی دانیشتووانی پەنەما لە ساڵی 2020ـدا نزیک دەبێتەوە لە 4,299,330 کەس، لە ساڵی 2030ـدا نزیک دەبێتەوە لە 4,884,311 کەس، لە ساڵی 2040ـدا نزیک دەبێتەوە لە 5,399,082 دانیشتوو و تا ساڵی 2050 نزیک دەبێتەوە لە 5,827,106 کەس.

تەمەن

تەمەنی ناوەندی دانیشتووانی پەنەما 30.1 ساڵە، نێرەکان 29.6 ساڵی و مێیەکان 30.5 ساڵی. هەروەها 3,038,384 دانیشتووی وڵاتەکە لەسەرووی 18 ساڵییەوەن.‌

ئایین

وڵاتی پەنەما لەڕووی ئاینییەوە تا ڕادەیەک هەمەچەشنە، بەڵام زۆرینەی دانیشتووانەکەی هەندێک جۆری ئایینی مەسیحی پەیڕەو دەکەن. بەپێی راپرسییەک کە لە ساڵی 2015ـدا ئەنجامدرا، 63.2%ـی خەڵکی وڵاتەکە کاسۆلیکن، 25% پرۆتستانتن، 1.3%ـی دانیشتووان ئەدڤێنتیستن (هاتنەوەباوەڕەکان)، 1.4% گەواهی یهوا، 0.6% مۆرمون، 0.4% بوودی، 0.1%ی جوولەکەن و ئەو 8%ـەشی کە دەمێنێتەوە پەیڕەوی هیچ ئایینێک ناکەن.

زمان

چەند زمانێکی زۆر، لەنێویاندا حەوت زمانی ڕەسەن، لە پەنەما قسەیان پێ دەکرێت، بەڵام زمانی ئیسپانی زمانی فەرمی و سەرەکی دانیشتووانی وڵاتە. لەگەڵ ئەوەشدا، زمانی ئینگلیزی هەندێک جار لەلایەن زۆرێک لە پیشەگەران و ئەوانەی لە کەرتە بازرگانییەکان یان حکوومییەکانی کۆمەڵگادا کار دەکەن قسەی پێ دەکرێت.

کەشوهەوا

کەشوهەوای وڵاتی پەنەما خولگەییە، کەشی شارەکە گەرمە و گۆڕانکارییەکی کەمی وەرزی هەیە. پلەی گەرمی ڕۆژانە نزمە؛ لە ڕۆژێکی ئاسایی وەرزی وشکدا، نزمترین پلەی گەرمی لە پایتەختی وڵات و لە بەیانی زوودا 24 پلەی سەدیە و بەرزترین پلەی گەرمی لە پاشنیوەڕۆدا 30 پلەی سەدیە. بەدەگمەن پلەی گەرمی 32 پلەی سەدی تێ دەپەڕێت. پلەکانی گەرما لە ناوچە تەنگەڵانیەکانی لای زەریای هێمن تا ڕادەیەک نزمترە لە ناوچە کەنارییەکانی کاریبی و شنەبا لە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەدا لای ئێواراندا هەڵ دەکات. پلەکانی گەرما لە بەشە بەرزەکانی زنجیرە شاخەکاندا بە شێوەیەکی بەرچاو نزمترن و لە ڕۆژئاوای وڵاتیشدا شەختە دروست دەبێت. هەروەها کەشوهەوای پەنەما زیاتر بەپێی ڕێژەی دابارینی باران دیاری دەکرێت وەک لە پلەکانی گەرما، ڕێژەی دابارینی باران لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت، لە هەندێک ناوچەی پەنەمادا کەمتر لە 1,300 مللیمەتر باران و لە هەندێک ناوچەی وڵاتدا زیاتر لە 3,000  مللیمەتر باران دەبارێت.

نزیکەی تەواوی ئەم ڕێژەیەش لە وەرزی بارانباریندا دەبارێت، کە بەزۆری لە مانگی نیسانەوە دەست پێ دەکات و‌ تا مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت، بەڵام ماوەکەی لە حەوت مانگەوە بۆ نۆ مانگ دەگۆڕێت. بە شێوەیەکی گشتی، ڕێژەی دابارینی باران لە ناوچە کەنارییەکانی کاریبی بەرزترە لە لووتكەی زنجيرە شاخی كيشوەریی دیوی زەریای هێمن كە ئاوی ڕووباری كيشوەرەکە دەكات بە دوو بەشەوە. سەرەڕای ئەوەی ڕەشەبای بروسکاوی لە وەرزی بارانباریندا شتێکی ‌باو و ئاساییە، بەڵام وڵاتەکە دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە لە دەرەوەی ڕێڕەی یان کۆڵانی زریانە. جگە لەوانەش، پەنەما یەکێکە لەو سێ وڵاتەی جیهان کە کاربۆن نێگەتیڤە، واتە بڕی دەردانی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ کەش نەرێنییە.

باشترین کات

بە شێوەیەکی گشتی باشترین کات بۆ سەردانکردنی پەنەما لە مانگی شوباتەوە تا مانگی نیسان، بە تایبەتی مانگەکانی شوبات و ئازار: چونکە لەم ماوەیەدا کەشی وڵات بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکدا گەرمە، خۆر دەدرەوشێتەوە و بارانێکی کەمیش دەبارێت، تەنها لە باکووری ڕۆژئاوا و ناوەوەی پارێزگای دارین نەبێت، کە بارانبارین تەنانەت لەم ماوەیەشدا زۆر باوە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچێت بۆ بەشی باشووری وڵات، کە دەڕوانێتە سەر زەریای هێمن، دەتوانیت لە مەودای نێوان مانگی کانوونی یەکەم تا نیسان بچیت، ڕەنگە زیاتر ئارەزووی ئەوەش بکەیت کە لە مانگی کانوونی یەکەم و دووەم سەردانی پەنەما بکەیت چونکە لە مانگی شوبات تا نیسان زۆر گەرمە، بەتایبەتی لە ناوچە ناوخۆییەکان.


سەرچاوەکان



38 بینین