جیاوازیەکانی نێوان کەسایەتی نەگۆڕ و گۆڕاو لە ئەدەبدا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-07-17:24:00 - کۆدی بابەت: 12797
جیاوازیەکانی نێوان کەسایەتی نەگۆڕ و گۆڕاو لە ئەدەبدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازیەکانی نێوان کەسایەتی نەگۆڕ و گۆڕاو لە ئەدەبدا (بە عەرەبی: الاختلافات بين الشخصيات الثابتة والديناميكية في الأدب، بە ئینگلیزی: the differences between static and dynamic characters in literature) کاتێک کەسێک چیرۆکێک یاخود ڕۆمانێک دەخوێنێتەوە لە زۆر بارودۆخدا ڕووبەڕووی ئەم دوو شێوازەی کەسایەتی دەبێتەوە Static و Dynamic.

کەسایەتی (ستاتیک) یاخود (نەگۆڕ). ئەم جۆرە کەسایەتییە لە سەرەتای چیرۆکەکە تا کۆتایی هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە واتە هیچ گۆڕانکارییەک لە کەسایەتییەکە ڕوونادات. وەک بۆ نموونە بەرەوپێش ناچێت یان زمانێکی نوێ فێرنابێت، یان خوڕەوشتی ناگۆڕێت. خۆی چۆن بووە هەر وا دەمێنێتەوە تا کۆتایی چیرۆکەکە. زۆربەی جار ئەمە کەسایەتی کەسە ئاکار خراپەکانە لە چیرۆکدا، بەڵام هەموو کات نا.

کەسایەتی (داینەمیک) یان بە کوردی (گۆڕاو) پێچەوانەی ئەمەی پێشوە. ئەم جۆرە کەسایەتییە گۆڕان تێیدا ڕوودەدات بە درێژای چیرۆکەکە. بۆ نموونە تەمەنی گەورە دەبێت، ئاستی ڕۆشنبیری بەرەوپێش دەچێت. دەکرێت کەسەکە لە باشەوە بۆ خراپ بچێت، نەک تەنها لە خراپ بۆ باش بچێت لە چیرۆکدا، ئەمە تەنها لە خۆڕەوشت نییە بەڵکو لە تەمەن و شێوەشدا بوونی هەیە بۆ نموونە کەسایەتییەکە لە سەرەتای چیرۆک بچووکە، بەڵام لە کۆتاییدا گەورە دەبێت. زۆربەی جار پاڵەوانی چیرۆکەکان و کەسە باشەکان ئەم شێوازەیان هەیە، بەڵام هەموو جاریش نا. یەکێکە لەو ئامرازانەی لە ڕووی ئەکادیمی کەسایەتی نێو چیرۆکەکانی پێ هەڵدەسەنگێنرێت، بۆیە ئاشنابوونی سوودێکی زۆرت پێ دەبەخشێت و تێڕوانینت بۆ تێگەیشتن لە چیرۆکەکان و کەسایەتی نێویان بەتەواوی دەگۆڕێت. 

نموونەی هەندێک لە کەسایەتی نەگۆڕ لە فیلم و زنجیرە و ئەنیمەیشن و ئەدەبدا

  • ئیندیانە جۆنز، لە فیلمەکان هەر وەک خۆی ماوەتەوە.
  • ڕۆمانی شێرلوک هۆڵمس، ئەمەش بە هەمان شێوە هیچ گۆڕانکارییەك لە کەسایەتیدا ڕوونادات.
  • کاپتن ئەمەریکا، کە لە ڕووی تەمەن پیر نابێت.
  • رۆبن هوود، بە تایبەت لەو ئەنیمەیشنەی ساڵی ١٩٧٣ بڵاوکرایەوە.

نموونەی کەسایەتی گۆڕاو لە فیلم و ئەنیمەیشن و زنجیرە و ئەدەبدا

  • شرێک، ئەمە کەسایەتییەکی زۆر دیارە، چونکە لە سەرەتادا کەسێکی خۆپەرست بوو، بەڵام وردە وردە بە درێژای چیرۆکەکە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی باش و دڵنەرم کە یارمەتی هاوڕێکانی دەدات و خۆی دەکردە قوربانی بۆیان.
  • لە فیلمی دڕندە و جوانکیلکە، دڕندەکە بە هەمان شێوە خۆشەویستی وای لێدەکات بە تەواوی بگۆڕێت لە کۆتایی چیرۆکەکەدا.
  • هاری پۆتەر، لە زنجیرە فیلمی هاری پۆتەر دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە زیاتر باوەڕی بە خۆیەتی و بەهێز دەبێت تا ڕووبەڕووی خراپەکارەکە دەبێتەوە. 
  • ماکبێس لە شانۆی ماکبێسی شکسپیر/ سەرەتا کەسێکی دڵسۆزە، بەڵام دواتر خیانەت لە پاشاکەی خۆی دەکات و دەیکوژێت. ئەمەش نموونەیەکە لە بەرەو خراپ رۆیشتن.
  • ئێستێلا لە ڕۆمانی چاوەڕوانییە مەزنەکانی چارلز دیکنس، ئێستێلا کچێکی دڵڕەق بوو بەرانبەر فیلیپ پیریپ بەڵام بە تێپەڕبوونی کات گۆڕانی بەسەردا دێت و لە کۆتاییشدا هاوسەرگیری لەگەڵ فیلیپ پیریپ دەکات.


سەرچاوەکان



57 بینین