هەوکردنی پێست

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-05-07-23:00:00 - کۆدی بابەت: 12804
هەوکردنی پێست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەوکردنی پێست (بە عەرەبی: التهاب الجلد، بە ئینگلیزی:  dermatitis) هەوکردنی پێست زاراوەیەکی گشتییە کە باس لە سووربوونەوە و ڕووشاندنی پێست دەکات. چەندین هۆکار و شێوەی هەیە و بە زۆری خوران و وشکبوونی پێست یان لیر دەگرێتەوە. لەوانەیە بلۆق، برین، توێخ هەڵدانی پێست یاخود قڵیشانی لەگەڵدا بێت. سێ جۆری باوی ئەم حاڵەتە بریتین لە ئەکزیما، seborrheic dermatitis (هەوکردنی ناوچە چەورەکانی پێست) و هەوکردنی پێست بە بەرکەوتن (contact dermatitis).

هەوکردنی پێست ناگوازرێتەوە، بەڵام لەوانەیە هەستی نا ئاسوودەیی و شەرمەزاریت لا دروست بکات. بەکارهێنانی شێدارکەرەوە بە ڕێکی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی نیشانەکان دەدات. هەروەها چارەسەرەکان ئەمانەش لە خۆدەگرێت لەوانەیە دەرمان و کرێم و شامپۆ.

هەر جۆرە هەوکردنێکی پێست لە بەشێکی جیاوازی جەستەدا ڕوودەدات. نیشانەکانی ئەمانە دەگرێتەوە:

  • خوران
  • وشکبوونی پێست
  • بوونی پەڵە لەسەر پێست کە ڕەنگەکەی بەپێی ڕەنگی پێستی کەسەکە دەگۆڕێت
  • بلۆق کە دەکرێت دەردراو یاخود توێخی لەگەڵدا بێت
  • کڕێش
  • ئەستووربوونی پێست
  • بوونی بلۆق لە ڕەگی قژدا

پێویستە کەی سەردانی پزیشک بکرێت؟

سەردانی پزیشک بکە ئەگەر:

  • بوو بەهۆی نائاسوودەیت بە رادەیەک واز لە خەوتن بهێنیت و سەرقاڵی ڕۆتینی ڕۆژانەت بیت
  • ئازاری پێست
  • گومانت هەبوو لە توشبوونی پێستت 
  • هەنگاوی گرنگیدان بە خۆتت جێبەجێکرد بەڵام نیشانەکان هەر بەردەوام بوون

هۆکارەکانی توشبوون

یەکێک لە هۆکارە باوەکانی هەوکردنی پێست بریتییە لە بەرکەوتن لەگەڵ شتێک کە ببێتە هۆی ڕووشاندنی پێست یان کاردانەوەیەکی هەستیاری دروست دەکات - بۆ نموونە گیراوەی پێست یان قژ، بۆن و زێڕ کە نیکڵی تێدایە. هۆکارەکانی تری هەوکردنی پێست بریتین لە وشکبوونی پێست، هەوکردنی ڤایرۆسی، بەکتریا، فشاری دەروونی، بۆماوەیی و کێشەی سیستەمی بەرگری.

هۆکارەکانی مەترسی توشبوون

هۆکارە باوەکانی مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی پێست بریتین لە:

تەمەن: هەوکردنی پێست ئەگەری هەیە لە هەموو تەمەنێکدا ڕووبدات، بەڵام ئەکزیما لە منداڵاندا باوترە وەک لە گەورەکان و بە زۆری لە منداڵیدا دەست پێدەکات.

هەستیاری و ڕەبۆ: ئەو کەسانەی کە مێژووی خێزانییان هەیە بە ئەکزیما، هەستیاری یان ڕەبۆ ئەگەری تووشبوونیان زیاترە.

پیشە: ئەو ئیشانەی کە  بەرکەوتن لەگەڵ هەندێک کانزای دیاریکراو وەک توێنەرەکان یان کەلوپەلی پاککردنەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی پێست بە بەرکەوتن (contact dermatitis) زیاد دەکات. بوون بە کارمەندی تەندروستی ئەگەری تووشبوون بە ئەکزیمای دەست زیاتر دەکات

مەرجە تەندروستییەکان: ئەو حاڵەتە تەندروستییانەی کە مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی پێست لە جۆری seborrheic dermatitis  زیاد دەکەن بریتین لە شکستی دڵ و نەخۆشی پارکینسۆن و ئایدز.

ئاڵۆزییەکان

ڕووشاندنی لیری هەوکردوو لە کاتی خووران دەکرێت ببێتە هۆی برینی کراوە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی تووشبوونەوە. هەروەها ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەیە بەڵام زۆر بە دەگمەن ئەگەری هەیە ببێتە هۆی هەرەشە بۆ سەر ژیانی نەخۆشەکە.

ئەو کەسانەی کە ڕەنگی پێستیان تێڕە یان ڕەشە، هەوکردنەکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی ناوچە تووشبووەکە تاریکتر یان کاڵتر دەربکەوێت. لەوانەیە چەند مانگێک یان چەند ساڵێکی پێ بچێت تا دەگەڕێیتەوە بۆ ڕەنگی ئاسایی خۆی.

خۆپاراستن

  • جلوبەرگی پاراستن لەبەر بکە ئەگەر کارێک ئەنجام دەدەیت کە ماددەی کیمیایی ڕووشێنەر یان سوتێنەری تێدایە.

دووربکەوەرەوە لە پێستی وشک بە جێبەجێکردنی ئەم خووانە لە کاتی خۆشوشتندا:

  • ماوەی خۆشۆردنەکەت کورتتر بکە، کاتەکەی سنوردار بکە.
  • بۆ نزیکەی ٥ بۆ ١٠ خولەک. بەکارهێنانی ئاوی شلەتێن لە بری ئاوی گەرم. هەروەها بەکارهێنانی  زەیتی تایبەت یارمەتیدەر دەبێت.
  • خاوێنکەرەوەیەکی نەرم بەکاربهێنە کە سابوون و بۆنی تێدا نەبێت. چونکە هەندێک سابوون دەبنە هۆی وشککردنی پێست.
  • بە هێمنی خۆت وشک بکە دوای خۆشۆردن، هەروەها خاولییەکی نەرم بەکار بهێنە.
  • پێستت شێدار بکە پێش ئەوەی پێستت بە تەواوی وشک بێتەوە، پارێزگاری لە شێدارییەکەی بکە بە بەکارهێنانی زەیت، کرێم یان گیراوەی تایبەت بە پێست. چەند بەرهەمێکی جیاواز تاقی بکەرەوە بۆ ئەوەی یەکێک بدۆزیتەوە کە گونجاو بێت بۆت. گونجاوترین بەرهەم ئەوەیە کە  سەلامەت و کاریگەر و هەرزان و بێ بۆن بێت. دوو توێژینەوە دەریانخستووە کە بەکارهێنانی شێدارکەرەوەی پارێزەر بۆ پێستی ئەو منداڵانەی کە مەترسی تووشبوونیان بە ئەکزیما هەیە ڕێژەی تووشبوون  بە ڕێژەی ٥٠٪ کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



53 بینین