کۆمەڵێک خواردنی سادە بۆ پێش خەوتن

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-27-15:31:00 - کۆدی بابەت: 13010
کۆمەڵێک خواردنی سادە بۆ پێش خەوتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کۆمەڵێک خواردنی سادە بۆ پێش خەوتن (بە ئینگلیزی: Some simple bedtime snacks، بە عەرەبی: بعض الوجبات الخفيفة قبل النوم). هەبوونی خەوێکی ئاسوودە خواستی هەموو کەسێکە. ئەگەر بەگشتی لە ژیانتدا خەوێکی ئاسوودەت نەبێت تەواوی ڕۆژ ماندوو و بێهێز دەبیت و ناتوانیت کارەکانی ڕۆژانەت بەباشی ئەنجام بدەیت. خەڵکی ڕێگای زۆر تاقیدەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن خەوێکی ئاسودەیان هەبێت، بەڵام زۆر گرنگە بزانیت دەبێت پێش خەو چی بخۆیت تاکوو خەوێکی ئاسوودەت هەبێت. چونکە خواردنیش بەباشی کاردەکاتە سەر خەوت. ئەمەش وایکردووە زۆرینە دەپرسن پێویستە شەوان کۆتا ژەم چی بخۆن و چی نەخۆن. خواردنی خۆراکی چەور و پڕ کالۆری پێش خەوتن وادەکات هەست بە قورسێتی گەدە بکەیت، خەو تێکدەدات، واباشە کۆمەڵێک خواردن بخۆیت کە کار نەکاتە سەر تێکچوونی خەوت.

ئەو خواردنانە چین کە پێش خەو بخورێن، خەوێکی ئاسوودەت پێ دەبەخشێت؟

چای بەیبوون

بەیبوون یەکێکە لەو گوڵانەی کە بۆ مەبەستی دەرمانیش بەکاردێت و سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ. ئەم گوڵە دژەئۆکسانێکی بەهێزە و تایبەتمەندە بە دژەهەوکردنی جەستەش. هەروا ئارامی دەدات بە جەستە و دژی دڵەڕاوکێیە. خواردنەوەی ئەم چایه وادەکات ١٥ خولەک پێش کاتی ئاسایی خۆی خەوت لێ بکەوێت. 

مۆز

مۆز دەوڵەمەندە بە ڤیتامینی بەسوود وەک مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم، کە باشترین ڕۆڵیان هەیە بۆ خەولێخستنی کەسێک. مۆز جەستە خاو دەکاتەوە و گرژبوون و کەشەنگبوونی ماسولکەکان ناهێڵێت. هەروەها مۆز دەوڵەمەندە بە میلاتۆنین، کە میلاتۆنین سەرەکیترین ماددەیە بۆ ڕێکخستی خەو، دەبێتە هۆی دەردانی هۆڕمونی خەو. کەواتە زۆر گرنگە مۆز لە لیستی ئەو خواردنانەدا دابنێیت کە پێش خەو و کاتی برسییەتی دەتەوێت بیخۆیت.

سێو و گێلاس

سێو دژەهەوکردنە و بەو تایبەتەمەندییە گرنگە دەناسرێتەوه. زۆر گرنگە شەو پێش خەوتن بخورێت، ئەم میوەیە بە زیادکردنی هەستی دڵخۆشی و دوورخستنەوەی بیرکردنەوەی نەرێنی دەتوانێت ئارامییەکی زیاترت پێ بدات و یارمەتیت دەدات خەوێکی ئاسوودەترت هەبێت. گێلاسیش دەوڵەمەندە بە میلاتۆنین، ئەنجامی تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە خواردنی ئەم میوە وایکردووە کەسەکان زووتر و ئارامتر بخەون.

هەنگوین

کەم کەس هەیە کە سوودە زۆر گرنگەکانی هەنگوین نەرانێت، هەنگوین ڕێگری دەکات لە زۆر نەخۆشی و یارمەتی بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری لەش دەکات. هەروەها کار و چالاکییەکانی جەستە ڕێکدەخات و یارمەتی ڕێکخستنی کۆئەندامی هەرس دەدات، هەروەها هەستی دڵەڕاوکێ و لادەبات و یارمەتیدەرە بۆ خەوێکی ئارام. 

گوڵە دەمەشێر

دەتوانیت گوڵە دەمەشێر بکوڵێنیت و ئاوەکەی بخۆیتەوە، سوودێکی زۆری هەیە و دژی دڵەڕاوکێیە.

شیر و ماستی کەم چەوری

خواردنی شیر و ماست پێش خەو وادەکات هەست بە ئارامی زیاتر بکەیت، بەڵام زۆر گرنگە کە ماست و شیری پڕ چەوری بەکارنەهێنیت و دڵنیابیت ڕێژەی چەورییەکەی کەمە لەبەرئەوەی چەوری زۆر هەرسکردنی کاتێکی زۆری دەوێت و پێش خەوتن قورسە.

گوێز و بادەم

گوێز و بادەم دوو لەو چەرەساتە زۆر گرنگن و بەسوودانەن کە دەکرێت پێش خەو بخورێن. ئەم دوو ماددەیە بڕێکی زۆر لە میلاتۆنینیان تێدایە و زووتر خەو ڕێکدەخەن.

سڵق

شلەی سڵق یەکێکی ترە لەو خواردنانەی کە دەکرێت پێش خەو بخورێن، سڵق دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و مەگنسیۆم و ئاسن، هەربۆیەش بە تەواوی بێخەوی کەم دەکەنەوە.

کێوی

خواردنی کێوی کاتژمێرێک پێش خەوتن دەتوانێ دەردانی هۆڕمۆنی سیرۆتۆنین زیاد بکات، کە یەکێکە لە هۆڕمۆنەکانی دڵخۆشی. هەروەها ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە ئاسن و دەتوانێت بێخەوی کەم بکاتەوە، هەربۆیە دەتوانیت کاتژمێرێک پێش خەوتن یەک یان دوو کێوی بخۆیت.

ئەو خواردنانەی کە نابێت پێش خەو بخورێن چین؟

وەک چۆن دەبێت بزانرێت پێش خەو چی بخورێت تاکوو خەوێکی ئارامت دەست کەوێت، بەهەمان شێوە کۆمەڵێک خواردنیش هەن کە بە خواردنیان خەوت تێکدەچێت، دەبێت دووربکەویتەوه لێیان.

خواردنەوەی ئەو ماددانەی کە کافایینیان تێدایە

کافایین سەرەکیترین ماددەیە کە دەتوانێت خەو بزڕێنێت و بێخەوی دروست بکات. هەربۆیە بەهیچ شێوەیەک نابێت پێش خەوتن چا یاخود قاوە و هەر ماددەیەکی تر کە کافایینی تێدایە بخورێتەوه وەک شوکولاتەش.

خواردنەوەی کهول

هەندێک لە خەڵکی پێیان وایە خواردنەوەی کهول وادەکات زووتر خەوت لێ بکەوێت. بەڵام ئەمە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نییە و کهول بەهۆی ئەو زیانانەی کە هەیەتی بۆ جەستە وادەکات کەسەکە خەوی لێ نەکەوێت و یاخود خەوێکی ناخۆش و نائارامی هەبێت.

خواردنی خێرا

خواردنی خێرا یاخود فاست فود وەک هەمبەرگر و پیتزا وادەکات خەوت تێکبچێت، چونکە ئەم خواردنانە پڕ کالۆرین و چەورییەکی زۆریان تێدایە، ئەم خۆراکانە زۆر درەنگ هەرس دەکرێن و خواردنیان پێش خەوتن وادەکات کەسەکە هەست بە قورسی بکات و خەوی لێ نەکەوێت.

خواردنی تیژ

هەرچەندە بیبەری تیژ سوودێکی زۆری هەیە بۆ جەستە و یارمەتی سووتاندنی ماددەی زیانبەخش دەدات. بەڵام نابێت بەهیچ شێوەیەک پێش خەوتن خواردنی تیژ بخورێت، خواردنی تیژ لێدانی دڵ خێرا دەکات و وادەکات لەخەو ڕابپەریت.

میوەی وشک

خواردنی میوەی وشک زۆر زیانی هەیە پێش خەوتن، چونکە ئەم میوانە بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵیان تێدایە دەکرێت ببێتە هۆی ئازاری گەدە و گرژبوونی ماسولکەکان. هەندێک لە زانیان پێیان وایە کە تەنانەت نابێت لە ڕۆژیشدا زۆر بخورێن.


سەرچاوەکان



619 بینین