باشترین دیاری بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-29-21:08:00 - کۆدی بابەت: 13047
باشترین دیاری بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باشترین دیاری بۆ ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن (بە عەرەبی: أفضل ما هو هدية للأشخاص الذين يتزوجون، و بە ئینگلیزی: Best gift for people getting married)، لەکاتێکدا کە بانگهێشت دەکرێیت بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری کەسێک پێویستە بیرت لە بردنی دیارییەک کردبێتەوە، هەمیشە کۆمەڵێک دیاری ناوازە هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت پێشکەشی دووانەیکی جوانی بکەیت، پێدانی دیارییەک ڕەنگە لەلای تۆ شتێکی تەقلیدی (دووبارە) و ئاسان بێت بەڵام لەلای ئەوان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە تۆ ئەوانت بە گرنگ زانیووە و لە بیرت نەکردوون.

کۆمەڵێک دیاری گرنگ بۆ تازە هاوسەرداران

١- کڕینی ئامێرە کارەباییەکان
ئەگەر تۆ کەسێکی نزیکت هاوسەرگیری کردووە هەوڵبدە یارمەتی بدەیت لە بنیاتنانی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ناوماڵەکەی، ئەویش بە کڕینی یەکێک لە ئامێرە کارەباییەکانی وەک (ساردکەر، بەفرگر، جلشۆر، قابشۆر، تەلەڤیزیۆن، سپلێت، تێکەڵکەری کارەبایی... چەندانی تر). 

٢- پێدانی بڕێک پارە
کاتێک سەردانی دوو هاوسەری تازە دەکەیت لەوە تێدەگەیت کە لە دەستپێکی ژیانێکی نوێیاندا تێچوویەکی زۆریان هەبووە و هەر یەکێکیان بەرپرسیارێتی قورستر کەوتۆتە سەر شانیان، باشتر وایە ئەگەر بتوانیت یەکەم دیاریت وەک دیاری هاوسەردارێتییان بریتی بێت لە بەخشینی بڕێک پارە پێیان. چونکە لەوانەیە تۆ دیارییەکیان بۆ بکڕیت ئەوان پێشتر خۆیان کڕیبێتیان یاخود پێویستیان پێی نەبێت یان حەزیان لێی نەبێت و زیاتر پێویستیان بە بڕە پارەکە بێت.

٣- بردنی ئامڕازە دووانەییەکان
لە سەردەمی هاوچەرخدا ئامڕازە دووانەییەکان زۆر بووە و ئێستە بۆتە مۆدێرترین کاڵا لەنێوان هاوژینەکان و خۆشەویستەکاندا، ئەو ئامڕازە دووانییانە بە چەندەها شێووە و جۆری جیاواز هەیە بۆ نموونە دەستەوانە (بازن) بە ناوی هەردوو هاوسەرەکە، ملوانکە بە پیتی یەکەمی هەردوو هاوسەرەکە، کڕینی کوپە تەواوکەرەکان واتا ئەو کوپانەی کە دەبنە تەواوکەری یەکتر و دەتوانیت ناوی هەریەکە لە هاوسەراکانی لەسەر بنوسیت. لە پێشتردا ئەمانە تەنها شتانێکی لاوەکی بوون و بگرە هەر نەشبوون بەڵام لە سەردەمی هاوچەرخدا هاوسەرەکان زۆر گرنگی بەم جۆرە ئامڕاز و کاڵایانە دەدەن.

٤- کڕینی ئەلبوومی یادەوەری یاخود ئەلبوومی وێنە
دوو جۆر ئەلبوومی جیاواز هەیە کە یەکەمیان بریتییە لە (ئەلبوومی یادەوەری کە هاوسەردارەکان بەکاری دەهێنن بۆ نووسینەوەی ئەو یادەوەرییانەی کە پێکەوە هەیان بووە)، دووەمیشیان بریتییە لە (ئەلبوومی وێنە کە زۆر باوە و زۆربەی خەڵک لە پێشتر و لە سەردەمی هاوچەرخیشدا بەکاریهێناوە، ئەم ئەلبوومە بەکاردەهێنرێت بۆ دانانی وێنەکانیان بە حەز و خواستی خۆیان). ڕەنگە کڕینی ئەم جۆرە ئەلبوومانە زۆر پارەی نەوێت و لەلای زۆر کەس بە شتێکی ئاسای ناو بنرێت بەڵام دڵنیابە تازە هاوسەرداران ئەم جۆرە دیارییە بەرز دەنرخێنن.

٥- کڕینی سەبەتەی خۆراک
ئەگەر هیچت دەست نەکەوت و هیچ بیرۆکەیەکت نەبوو بۆ کڕینی دیارییەکی شایستەی گونجاو بۆ دوو هاوسەری تازە، ئەوە بێ دوودڵی دەست بکە بە کڕینی ئەو خۆراکانەی کە ماڵێکی ئاسایی لە ماوەی مانگێکدا بەکاریدەهێنن و دەیخۆن کە بەمە دەوترێت سەبەتەی خۆراک چونکە پێک هاتووە لە خواردن و خواردنەوەی یەک مانگ، هەوڵبدە هەموو خواردنە سەرەتاییەکانی وەک (برنج، شەکر، ڕۆن، دۆشاو، خوێ،... چەندانی تر) لە ناو سەبەتەی خۆراکەکە دابنێیت، پاشان خواردنە لاوەکی و خواردنەوەکانی وەک (ماست، پەنیر، تەبەقەی هێلکە، جۆرە جیاوازەکانی شەربەت، سەوزەواتەکان،... چەندانی تر).

٦- کڕینی ئەو شیرینییەی کە دوو هاوسەرەکە حەزیان لێیە
ئەمە بیرۆکەیەکی کەمێک قورسە چونکە دەبێت لەوە دڵنیا بیت و بزانیت کە هەردوو هاوسەرەکە حەزیان لە چی جۆرە شیرینییەکە، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە شیریینە بکەیتە دیاری هاوسەرگیرییان و بەیەک گەشتنیان شیرینتر بکەیت.

٧- ئامێری مۆسیقا
ئەمە دیارییەکی تەواو کەشخە و جیاواز و تایبەتە چونکە ئەمە کەم بەکاردەهێندرێت و دەکرێت بەدیاری، ئەگەر تۆ دڵنیایت لەوەی کە ئەو دوو هاوسەرەی کە دیارییەکەیان بۆ دەکڕیت ئاشقی مۆسیقا و گۆڕانین و حەزیان پێی هەیە ئەوا بە کڕینی ئەم دیارییە هەتا کۆتای پەیوەندییەکەیان تۆ لە بیر ناکەن و هەمیشە لەکاتی گوێگرتن لە مۆسیقا تۆیان بیر دەکەوێتەوە کە خاوەنی دیارییەکەیانی.

٨- کڕینی مۆم
هەبوونی مۆم لە ناو ماڵی دوو هاوسەری تازەدا زۆر سەرنج ڕاکێش و جوانە چونکە لای زۆربەی کەس وایە کە داگیرساندنی مۆم ئارامییەکی ڕۆحی و دەروونیت پێدەبەخشێت، لەبەرئەوە دەتوانیت کڕینی مۆم بەس بێت بۆ ئەوەی دیارییەکی جوانی لە بیرنەکراو پێشکەشی دوو هاوژینی تازە بکەیت.

٩- کڕینی جانتای سەفەر

لە کاتی هاوسەرگیری دوو کەسدا ٩٠٪ ئەگەری سەفەر کردنیان هەیە ئیتر بۆ هەر وڵاتێکی جیهان بێت یاخود بە هەر مەبەستێک بێت، تۆش بۆ ئاسان کردنی کارەکەیان هەوڵبدە جانتای سەفەر بکە بە دیاری بۆ هاوسەرگیرییەکەیان هەتا لە کاتی سەفەرەکانیاندا بتوانن بەکاری بهێنن و سوودی لێ وەربگرن.

١٠- چوارجێوەی وێنە
هەرچەندە ئەمە زۆر تەقلیدی (دووبارەیە) بەڵام دیارییەکی سەرنجڕاکێشە، بۆ کڕینی ئەم دیارییە دەبێت چەند زانیارییەکەت دەست بکەوێت هەتا ئیشیان لەسەر بکەیت ئەوانیش (دەبێت وێنەی دوو هاوژینەکەت دەست بکەوێت، ئەو ڕەنگەی کە حەزیان لێیە بۆ ئەوەی چوارچێوەی وێنەکە ئەو ڕەنگەی بۆ هەڵببژێریت، دەبێت بزانیت بۆ شێوازی چوارچێوە زیاتر حەز لە چی شێوەیەک دەکەن، لە هەمووشی گرنگتر دەبێت ئەو وێنەی کە دەستت کەوتووە ئەو وێنەیە بێت کە هەردوو هاوسەرەکە بەلایانەوە جوانە چونکە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە دیاریەکەتییان زۆر زیاتر بە دڵ بێت).


سەرچاوەکان



81 بینین