گرووپی خوێنی ئاڵتوونی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-22:49:00 - کۆدی بابەت: 13059
گرووپی خوێنی ئاڵتوونی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گرووپی خوێنی ئاڵتوونی (بە ئینگلیزی: Golden blood group، بە عەرەبی: الدم الذهبي) پێشی دەوترێت گرووپی خوێنی زێڕین یان RH null جۆرێکی دەگمەنی گرووپی خوێنە، ئەم جۆرەی گرووپی خوێن هیچ جۆرە دژەپەیداکەرێک لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان نییە. نزیکەی تەنها ٥٠ کەس ئەم جۆرە گرووپە خوێنەیان هەیە. بۆ یەکەم جار لە ئوستراڵیا دەستنیشانکراوە. ئەوەی جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە بەخشەرانی خوێنی ئەم گرووپە زۆر کەمە و بەدەستهێنانی قورسە. ئەو کەسانەی ئەم گرووپە خوێنەیان هەیە، پێویستە پشت بە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵک بۆ بەدەستهێنانی خوێن لە جیهاندا ببەستن. لە سەرانسەری جیهاندا تەنها نۆ بەخشەری چالاکی ئەم گرووپی خوێنە هەن، ئەمەش وای کردووە ببێتە گرووپێکی خوێنی بەهادار لە جیهاندا و ناوی لێ نراوە گرووپی خوێنی زێڕین یان ئاڵتوونی. لەسەر ڕووی خڕکە سوورەکان پڕۆتینەکان هەن کە پێیان دەوترێت دژەپەیداکەرەکان. بەپێی ئەو دژەپەیداکەرانەی لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان هەن گرووپەکانی خوێن بۆ گرووپی خوێنی A، B، O، AB دابەش دەبن، هەروەها بەهۆی بوونی هۆکاری Rh-D  گرووپەکانی خوێن بۆ گرووپی خوێنی Rh-positive و Rh-negative دابەش دەبن. ئەو کەسانەی گرووپی خوێنیان Rh-negative تەنها دژەپەیداکەری RhD لەسەر خڕۆکە سوورەکانیان نییە، بەڵام ئەو کەسانەی گرووپی خوێنیان لە جۆری گرووپی خوێنی ئاڵتوونیە هیچ جۆرە دژەپەیداکەرێکی Rh لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانیان نییە.

باوەڕ دەکرێت دروستبوونی ئەم گرووپی خوێنە بەهۆی گۆڕانی لەخۆوەی جینەکانەوە بێت. بەزۆری لە جینی RHAG دەبینرێت. ئەو کەسانەش کە گرووپی خوێنیان گرووپی خوێنی ئاڵتوونیە، بەزۆری تووشبووی نەخۆشیی کەمخوێنی و تێکشکانی خڕۆکە سوورەکانن.

ئایا ئەم جۆرەی گرووپی خوێن دەتوانن خوێن بە کەسانی تر ببەخشن؟

 ئەو کەسانەی ئەم جۆرە گرووپە خوێنەیان هەیە بەهۆی نەبوونی دژەپەیداکەری سەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانیان بە بەخشەری گشتی دادەنرێن. بەهۆی نەبوونی دژەپەیداکەرەکانی سەر ڕووی خڕۆکە سوورەکان بۆ گواستنەوە خوێنێکی زۆر باشە، بەڵام بەهۆی کەمی ئەم گرووپی خوێنە دۆزینەوەی گرووپی خوێنی ئەم جۆرە قورسە. بەڵام بۆ ئەو کەسانەی کە گرووپی خوێنیان ئەم جۆرەیە مەترسیدارە، چونکە هەر کات پێویستیان بە خوێن هەبێت گواستنەوەی هەر گرووپێکی خوێن کە دژەپەیداکەری Rh  یان هەبێت ناگونجێت و دەبێتە هۆی دروستبوونی کارلێک.

ئەو کەموکوڕیانەی بەهۆی ئەم گرووپی خوێنەوە دروست دەبن

  • کەمخوێنی لە لەدایکبوونەوە کە دەبێتە هۆی خێراتر تێکشکانی خڕۆکە سوورەکان، دەبێتە هۆی کەمی ڕێژەی هیمۆگلۆبین و زەردبوونی ڕەنگی پێست.
  • مەترسیی خوێن گواستنەوە.

 ئەو کەسانەی ئەم جۆرە گرووپە خوێنەیان هەیە، لە کاتی بەرکەوتنیان بە دژەپەیداکەری Rh لە هەر گرووپێکی خوێنی ترەوە، دژەتەن لە لەشیاندا دروست دەبێت و کارلێک ڕوودەدات کە مەترسیی بۆ سەر ژیانی کەسەکە دروست دەکات.

  • کێشە لە کاتی دووگیانیدا

ئەگەر دایک گرووپی خوێنی لە جۆری Rh null بێت، بەڵام کۆرپەلەکەی Rh-positive بێت، لە کاتی بەرکەوتنی خوێنی دایک بە خوێنی کۆرپەلەکە لەشی دایک دژەتەن دروست دەکات کە ڕەنگە لە دووگیانی داهاتوودا، ببێتە هۆی لەبارچوون یان مردنی کۆرپەلە.

کەسانی هەڵگری ئەم جۆرە خوێنە ئاگادار دەکرێنەوە، کە خوێنی خۆیان ببەخشن ئەم خوێنە هەڵدەگیرێت و دەپارێزرێت تاکوو لە کاتی ڕوودانی هەر بارودۆخێکی لە ناکا و پێویستبوون بە خوێن، خوێنی هەڵگیراوی خۆیان دووبارە بۆ بگوازنەوە. واتە بەجۆرێک کەسانی هەڵگری گرووپی خوێنی ئاڵتوونی یان زێڕین خوێن بە خۆیان دەبەخشن. دوو هۆکار بۆ دروستبوونی ئەم گرووپی خوێنە هەیە:

  • یەکەم بەهۆی گۆڕانکاری لە جین دا، لە دایک و باوک بۆ منداڵ ئەم گرووپی خوێنە دەمێنێتەوە.
  • دووەم هاوسەرگیریکردن لەنێوان خزماندا، بەتایبەت ئامۆزاکان ئەگەری دروستبوونی ئەم گرووپی خوێنە زیاد دەکەن.

چۆنیەتی دەستنیشانکردنی گرووپی خوێنی ئاڵتوونی

بۆ دەستنیشانکردن دەتوانرێت سوود لە پشکنینی Rh typing ببیننرێت، ئەوەی دوودڵی و سەرلێشێوان دروست دەکات بریتییە لە جیاوازی کردن لەنێوان گرووپی خوێنی O- و گرووپی خوێنی Rh null ئەمەش بۆ نەبوونی دژەپەیداکەری Rh-D دەگەڕێتەوە کە بۆ دیاریکردنی گرووپی خوێن پشتی پێ دەبەسترێت. بەڵام لە ڕێگەی پشکنینی Rh typing بۆ دژەپەیداکەرەکانی تر کە لەسەر ڕووی خڕۆکە سوورەکانی گرووپی خوێنی O- هەیە و لە گرووپی خوێنی ئاڵتوونیدا نییە پشکنین دەکرێت.


سەرچاوەکان



190 بینین