نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-13-19:53:00 - کۆدی بابەت: 13174
نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە (بە عەرەبی: علامات الشيخوخة المبكرة، و بە ئینگلیزی: signs of premature aging)، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە هەموومان پیر دەبین، بەڵام پیربوونی پێشوەختە کاتێکە کە خێراترە لەوەی کە پێویستە ڕووبدات، هۆکاری پیربوونی پێشوەختە بەزۆری هۆکاری ژینگەیی و شێوازی ژیانە، باوترین نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە لە پێستتدا دەردەکەون لەگەڵ چرچبوون، پەڵەی تەمەن، وشکبوونەوە یان لەدەستدانی ڕەنگی پێست. هەوڵدان بۆ بردنە سەری ژیانێکی تەندروست و گرنگیدان بە پێستت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە وەستان و ڕێگریکردن لە پیربوونی پێشوەختەی زیاتر.

نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە چین؟

بە تێپەڕبوونی کات جەستەمان بە شێوەیەکی سروشتی پیر دەبێت پیربوونی پێشوەختە کاتێکە کە کاریگەرییە ئاساییەکانی پیربوون زوو ڕوودەدەن، ئەوە کاتێکە کە جەستەت لە تەمەنی ڕاستەقینەی خۆت گەورەتر دەردەکەوێت. باوترین نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە بریتین لە:

  • گۆڕانی پێست وەک چرچ و لۆچی، پەڵەی تەمەن، وشکبوونەوە، لەدەستدانی ڕەنگی پێست، گۆڕینی ڕەنگی سنگ و شلبوونەوە.
  • هەڵوەرینی قژ یان گۆڕانی ڕەنگی قژ بۆ ڕەنگی خۆڵەمێشی.
  • دەموچاوی لاواز (ڕوومەتە نوقمبووەکان)

هۆکاری پیربوونی پێشوەختە چییە؟

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هۆکارە کۆنتڕۆڵکراوەکان و ڕێگریکراوەکان دەبنە هۆی پیربوونی پێشوەختە ئەمەش پێی دەوترێت پیربوونی دەرەکی. زۆربەی نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە لە پێستتدا دەردەکەون و گۆڕانی پێست لەگەڵ تەمەنمان ڕوودەدات. کاتێک زووتر لە ژیاندا دەردەکەون و بەزۆری هۆکارەکان لە هۆکارەکانی ژینگە یان شێوازی ژیانەوەیە.
بەرکەوتن بە ڕووناکی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ پیربوونی پێشوەختە:

  • بەرکەوتنی خۆر دەبێتە هۆی زۆرێک لە کێشەکانی پێست: ڕووناکی سەروو بنەوشەیی (UV) و بەرکەوتن بە تیشکی خۆر پێستت خێراتر پیر دەکات لەوەی کە بە شێوەیەکی سروشتی پیر دەبێت. تیشکی سەروو بنەوشەیی زیان بە خانەکانی پێست دەگەیەنێت، بەشدارە لە گۆڕانکاری پێشوەختە وەک پەڵەی تەمەن. هەروەها ئەم بەرکەوتنە خۆر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات.
  • ڕووناکی وزەی بەرزی بینراو (HEV) و تیشکی ژێر سوور: ئەمان بەرپرسن لە ١٠٪ی گۆڕانکارییەکانی تری پێست. ڕووناکی HEV (کە پێی دەوترێت ڕووناکی شین) لە خۆر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی وەک مۆبایلە زیرەکەکانەوە دێت. ڕووناکی ژێر سوور نابینرێت بەڵام زۆرجار وەک گەرما هەستی پێدەکەین. ئەم جۆرە ڕووناکییانە مەترسی شێرپەنجەی پێست زیاد ناکەن بەڵام کاریگەرییان لەسەر کۆلاجین و لاستیکی پێست هەیە.

هۆکارەکانی تری ژینگەیی یان شێوازی ژیان کە دەبنە هۆی پیربوونی پێشوەختە 

  • جگەرەکێشان
  • خۆراکی ناتەندروست
  • کحول
  • خەوی خراپ
  • دوودڵی (سترێس)

چی بکەم بۆ وەستاندنی یان ڕێگریکردن لە پیربوونی پێشوەختە؟

بەو پێیەی زۆرجار هۆکارەکانی ژینگە و شێوازی ژیان دەبنە هۆی پیربوونی پێشوەختە، خووەکانی ڕۆژانەی تەندروست دەتوانن باشتری بکەن. ئەگەر پێشتر نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختەت هەیە، لێرەدا چۆنێتی وەستاندنی و ڕێگریکردن لە خراپتربوونی:

  • دوور بکەوەرەوە لە بەرکەوتنی خۆر: هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی خۆت لە زیانەکانی خۆر بپارێزیت. بە درێژایی ساڵ دژەخۆر بەکاربهێنە، تەنانەت ئەگەر لە سێبەریشدا بیت. هەروەها هەمیشە هەوڵبدە جل و بەرگی خۆپارێزی لەبەر بکەی لەوانە کڵاو و چاویلکەی خۆر
  • وازهێنان لە جگەرەکێشان: ئەگەر جگەرە دەکێشیت، بە زووترین کات واز لە جگەرەکێشان بهێنە. 
  • زیاتر خواردنی سەوزە و میوە: خۆراکی هاوسەنگ دەتوانێت پیربوونی پێشوەختە بوەستێنێت. دوور بکەوەرەوە لە زۆر خواردنی شەکر یان کاربۆهیدراتی پاڵاوتە.
  • کەمکردنەوەی خواردنەوە کحولیەکان: بەو پێیەی کە کحول دەبێتە هۆی پیربوونی پێشوەختەی پێستت، کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە زیانەکانی زیاتر.
  • وەرزشکردن: چالاکی جەستەیی بەردەوام سوڕی خوێن باشتر دەکات و سیستەمی بەرگری لەشت بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی پیربوونێکی تەندروست.
  • ئاگاداری پێستت بە: ڕۆژانە پێستت پاک بکەرەوە بۆ لابردنی پیسی، ماکیاژ، ئارەقە یان ئەو مادانەی تر کە دەبنە هۆی خوران. دوور بکەوەرەوە لە بەرهەمە توندەکانی پێست کە بۆن یان pH بەرزیان تێدایە. ڕۆژانە پێستت شێدار بکەرەوە بۆ ئەوەی وشکبوونەوە و خوران نەبێت.
  • ئاستی فشاری دەروونیت دابەزێنە: هەوڵبدە زۆرترین فشاری دەروونی لە ژیانتدا نەهێڵیت. تەکنیکە تەندروستەکانی بەڕێوەبردنی فشار بدۆزەرەوە وەک (وەرزشکردن) بۆ ئەو سترێسانەی کە ناتوانیت لێیان دوور بکەویتەوە.
  • کاتی خەوت دیاری بکە و باشتری بکە: کەمتر لە حەوت کاتژمێر خەوتن دەتوانێت خانەکانی جەستەت خێراتر پیر بکات.

چۆن بتوانم پیربوونی پێشوەختە پێچەوانە بکەمەوە؟

بۆ ئەوەی پێشوەختە پیر نەبێت، خۆپاراستن کلیلی ژیانێکی تەندروستە. بەڵام ئەگەر نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختەتان بێزارکەر بن، ئەم چارەسەرانە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە پێچەوانەکردنەوەی نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە:

  • پڕکەرەوەی پێست
  • بەرزکردنەوەی دەموچاو
  • دووبارە سەرهەڵدانەوەی دەموچاو و گەنجکردنەوەی.
  • دووبارە سەرهەڵدانەوەی پێست بە لەیزەر.

تێبینی بکە کە ئەم ڕێکارانە ڕەنگە دەرکەوتنی پیربوونی پێشوەختە چاک بکەنەوە، بەڵام هۆکاری پیربوونی پێشوەختە ڕاست ناکەنەوە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشکی چاودێری تەندروستی بکەم بۆ نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە؟

ئەگەر نیشانەکانی پیربوونی پێشوەختە لەناکاو دەرکەوتن، ئازاربەخش یان بێزارکەر بوون یان خراپتر بوون لەگەڵ دابینکەری چاودێری تەندروستی خۆت قسە بکە.


سەرچاوەکان



69 بینین